کۆمەڵگەی قەیران

لەلایەن ستاندار Posted on 127 جار بینراوە 0 سەرنج
shwana hasan

شوانە حسن ابوبکر

لەدونیای سیاسی ئێمەدا ئەوەی بەشێوازێکی ڕون خۆی مانفێست دەکات غیابی «فیکری سیاسی»یە. ئەگەر بەشێوەیەکی قوڵتر لەدۆخی خۆمان ڕامێنین دەبینین فەزای سیاسی ئێمە فەزایەکی پەرشوبڵاوەو کەمترین سەنتەریبوونی تێدایە. ئەمە وایکردوە کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو دابەشبون‌و پەرتبونێکی مەترسیدار بڕوات. ئەم دابەشبونە بەتەنھا نمایشی کایەی سیاسی نییە، بەڵکو لەھەمانکاتدا دابەشبونێکی کۆمەڵایەتی‌و کولتووری‌و ئاینی گەورەشە، بەجۆرێک وەکئەوەی دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە لەدەرەوەی ھەر سیستەم و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و یاسایی ژیان بکات.

ئەمە وایکردووە ئاسەوار و لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تادێت بەرەو دیاردەی مەترسیدارتر و لێکھەڵوەشانەوەی زیاتر بڕوات، تا ئەو ئەندازەیەی دابڕانێکی قوڵ لەنێوان ھاوڵاتی و دەسەڵاتدا دروست بووە. بەم پێیەش ناکۆکیی ناڕەزایی گەورەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تابڕوات خەڵک لە دەسەڵات دوور دەکەوێتەوە، ھاوکات دەبێتە تاکێکی بەرەنگار و بەرھەڵستکار.

شکستی پڕۆژەی سیاسی لەدونیای ئێمەدا بەگشتی و حیزبە حاکمەکان بەتایبەتی بەشێوەیەکی ڕوون خۆی نمایش دەکات. ئێستا خەڵک بەتوندی بەر ئەو واقیعە زبرە دەکەوێت کە ھێزە سیایەکانی دونیای ئێمە ناتوانن ھیچ ھەنگاوێک بەرەو پێش بنێن و ھیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی «ڕادیکاڵی» لە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵکدا بکەن. بەڵکو ئەمە دواین وزەو تاقەیانە و ناتوانن ھیچ مۆدێلێکی نوێ بخوڵقێنن کە جیاواز بێ لەئەزموونی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو.

دەسەڵاتی کوردی لەبەتاڵیەکی گەورەی فیکری و سیاسی و ئاکاری دایە. بەڵام حیزبی سیاسی کورد بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی خۆی بەردەوام پەنا بۆ «جوڵاندنی سایکۆلۆژیای جەماوەر و بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سیاسی ساختە» دەبات. بۆ ئەو مەبەستەش ئامرازەکانی وەکو «ڕاگەیاندن، ئابووری، دەسەڵات..ھتد» وەگەڕدەخەن.

کۆمەڵگەی ئێمە لەپاڵ ڕەخنەی ئەقڵی سیاسی پێویستی بەھەوڵێکی جدیشە بۆ ڕەخنەکردنی (بەشداری سیاسی تاک، ھزری کۆمەڵایەتی، کولتووری سیاسی) کەخۆڵقێنەری ئەم مۆدێلەی حوکمڕانین و ئەم شکڵەیان بە دەسەڵات داوە. بەمانایەکی دی بۆ گۆڕینی فۆڕم و ناوەڕۆکی کولتووی سیاسی «بەتایبەتی ئەو کولتوورە سیاسیەی یەکێتی و پارتی وەکو مۆدێلی ناعەقڵانی و نائەخلاقی بەرھەمیان ھێناوە» ئینسانی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە ھۆشیاریەکی سیاسی بڵند و بە ویقارە.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم نەریتەی «نا ئەقڵانی سیاسی، گەندەڵی ئابووری، دواکەوتویی ھزری». ئەوەی پیویستە پراکتیکە نەک دروشم، مارکس گوتەنی: «تیۆر بەتەنھا بەس نییە، شتێک بکە. تیۆر تەنھا ئەو کاتە دەتوانێ کاریگەر بێت کە بگۆردرێت بۆ ھێزێگی ماددی و پڕاکتیک بکرێ».

لەدواجاردا بۆ ھێنابەدی ھەمو ئەمانە، پێویستە کاراکتەری جدی و پڕۆژەی سیاسی و فیکری نوێ بێتە ناو دونیای ئێمەوە لەپێناو خوڵقاندنی دونیایەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری کەبتوانێت دابڕانێکی گەورە دروستبکات لەو نەریتە سیاسیەی ئێستا زاڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. ھەروەھا لەپێناو بەرەنگاری باشتر و ڕونتر تێگەشتن لەوەی لەدونیای ئێمەدا ڕوودەدات پێویستە دونیای سیاسی ئێمە سوودێکی زۆر لە کایەی ڕۆشنبیری و فەلسەفە و زانستی سیاسی وەربگرێ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *