شەڕ لەگەڵ ئێرانە تۆز لەبەردەرگای عیراق!!

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

رێبین شەمامکی

ئەوەی خوێندنەوەیەکی قووڵی سیاسیانەشی بۆ ئەو دۆخە نەبێ ، هەست بە مەترسی لێکەوتەکانی ئەو شەڕە دەکا، لەوەی ئاخۆ عیراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و بەریەک کەوتن و هەڵشاخانی دوو زلهێزی جیهان؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە لە گریمانەی یەکەم دا چەندین فاکتەری بەهێز ئامادەییان هەیە بۆ روو دانی . بەڵام لەگریمانەی دووەمدا پێ دەچێ کەمترین قسەی لەسەر کرابێ ئەگەر شەڕ نەبوو چی دەگوزەرێ و عیراق بۆچی ئەو باجە دەدات؟ کاتێ دەڵێین عیراق واتە دەولەتی مەحکوم بە باندۆری شیعە، کە هێزی خۆی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبینێتەوە . بۆیە روو نەدانی شەڕ واتە رازی بوونی ئێرانە بەمەرجەکانی ئەمریکا کەراستەوخۆ بۆ لێدانی هەژموونی شیعەیە لە رۆژهەلاتی ناوەراست کە بەهیلالی شیعی ناوزەد کراوە، کە درێژکراوی شۆرشی ئیسلامی ئێرانە بۆ فراوانکردنی قەوارەی دەسەلاتەکانی بە سەر ناوچەکە، کە عیراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی هەژموونی ئێرانی لەسەر بۆ تە دیفاکتۆ چ لە رووی سیاسی و ئابووری چ لە رووی مەزهەبی بۆ حوکمی شیعەیی. دەبێ ئەوەش بزانین ئەگەری شەڕ بەکراوەیی دەمێنیتەوە تا ئێران ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا نەبێت ، کە لێرەدا تەنیا سێ مەرج باس دەکەین:

1_ دەبێ ئێران بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عیراقی بکات و رێگری نەکات لە داماڵینی چەک لە گروپە چەکدارەکانی شیعە.

2_کێشانەوەی گشت ئەو هێزانەی لە ژێر فەرماندەی ئێران دان لە سوریا.

3_ راگرتنی هەموو پاڵپشتیەکانی بۆ رێکخراوە تیرۆریستە چاڵاکەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست لەناویاندا حیزبولای لوبنانی بزووتنەوەی حەماس ، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی راگرتنی پالپشتی سەربازی حوسیەکانی یەمەن و تاڵیبانی ئەفغانستان و پەنادانی چەکدارانی قاعیدە تە نیا بەو سێ مەرجە هەرچی پەڕوباڵی گروپی شیعەیە بەرابەرایەتی ئێران هەڵدەوەرێ، رەنگە لە گریمانەی یەکەمدا شیعەی عیراق گەورەترین زەرەر مەندی ئەو شەڕە بن دوای ئێران، نەک لەبەر ئەوەی عیراق دەببێتە گۆڕەپانی شەڕەکە ، بەڵکو راستەوخۆ لێدانی قووڵایی مەزهەبی شیعەیە کە حکومەتی عیراقی لەسەر بیناکراوە، راستتر بڵێین کە حکومڕانیەکەی بەشێکە لە درێژکراوەی ئەجێندای ئێرانی لە فۆرمی شۆرشی ئیسلامی، تەنانەت کارەکتەرەکانی حکومەتی عیراقیش لە جومگە هەستیارەکانی دا بێ رەزامەندی و ئۆکەی ئێران تێناپەڕێ و دەست بەکار نابن .

کاتێ شۆرشی ئیسلامی ئێران هەڕەشەی لەناوچوونی دەکەوێتە سەر، هەموو ئەو وڵاتانەی هەژموونی شیعەیان بەسەردا زاڵە راستەوخۆ بەر ئەو گورزە دەکەون و هەڵدەوەشێنەوە ، وەک چۆن دەستی ئێران لەناو عیراق سپێردراوە بە چەندین گروپی دروستکراوی خۆی ، سەیر نیە کاتێ سەرۆک وەزیران عیراق باسی نێوەند گیری دەکات لە نێوان ئێران و ئەمریکا گروپە توند هاژۆکانی عەسائیبی ئەهلی هەق و گروپی نوجەبا و گروپی حیزبوڵای عیراق هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا دەکەن لە عیراق ، کەوابوو هێزگەلێک لە سەرووی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران و دەولەتی عیراقەوە هەیە کە رژێمی ئاخوند دەیانجووڵێنێ نەک سەرۆک وەزیران. بۆیە لە ئەگەری روو دانی شەریش ئەو گروپانەی ئامادەکراون بۆ لێدانی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، بێ باج بە سەریان تێناپەڕێ واتە پڕیشکی شەڕەکە ئەگەر عیراقیش نەکاتە گۆڕەپانی جەنگ دواجار گۆبەندێک دەخولقێنێ ببێتە پاساو بۆ رووخانی حوکمی شیعەو سەپاندنی حاکمێکی تری وەک پۆل بریمەر ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ مەلەکیش ، هەرێم لە کوێوەی هاوکێشەکە دەبێت؟ دەسەڵاتدارانی هەرێم لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداریان دراوەتێ خاکەکەیان بۆ بەرژەوەندی ئێران بەکارنەهێنرێت، وەک چۆن ئێرانیش هۆشداری بە هەرێم داوە تا ئاستی هەڕەشە ئەگەر خاکی هەرێم وەک پێگەیەک واڵا بکات بۆ لێدانی ئێران .

کەوابوو هەرێم لە دووڕیانێکدا گیری خواردووە هاوسنوورو هاو بەرژەوەندی و هاوبەشی بازرگانی تا ئاستی حکومرانی بەتایبەتی زۆنی یەکێتی کە هەموو هێلکەکانی خۆی لەسەبەتەی ئێران داناوە ،رەنگە قوڕس بکەوێ لەسەریان بەهەردوو دیوی ئەوەی شەڕەکە ببێ یان نا ئیدی بۆی نیە کۆماری ئێران چی دیکە ببێتە فریاد رەس و سیاسەتی کارلێکراوی قاسمیەکان و دەست تێوەردان تا ئەندازی کێشەی ناوخۆو راگرتنی بڵانسی هێز . لەولاش باسی بنکەی هەریر دەکرێت کە سەربازی ئەمریکای لێ جێگیرە ئەوە قسەی من نیە و چەندین راپۆرتی عەرەبی و بیانیش باسیان لێوە کردوە. کە نە ئەمریکا بە هەرێم رادەوەستێ لە بەکارهێنانی و نە هەرێمهش ئەوەندە پەڕوبالی هەیە بەشی خۆ گیڤ کردنەوەیەکی ئەوان بێت! بۆیە لەو نێوەندەدا خۆیان داوەتە دەست قەدەر!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.