بۆچی گەلی کورد ئازاترە لە گەلی جولەکە ؟؟

لەلایەن ستاندار Posted on 517 جار بینراوە

گەیلان شێخ عومەر

لەو نوسینەدا دەمەوێت تۆزێک ئەو بۆچونە هەڵەیە ڕاستبکەمەوە کە تاکو ئێستا لە زهنیەتی زۆرێک لە تاکی کوردا بونی هەیە ، ئەویش ئەوەیە کەسانێک زۆرجار گەلی کورد بە گەلی جولەکە دەشکێنەوە و دەڵێن ئەوەتا گەلی جولەکە خاوەن دەوڵەتە و گەلێکی گەورەی وەک کوردیش بێ دەوڵەت . ئەگەر سەیری مێژوو بکەین زۆرن ئەو گەل و نەتەوانەی وەک گەلی کورد بە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ناوخۆیدا تێپەریون و قوربانی مەزنیان داوە تا گەیشتونەتە کەناری ئارامی .

نکۆڵی لەوە ناکرێت گەلی جولەکە ئەمرۆ خاوەن پێشکەوتن و شیانێکی گەورەیە ، بەتایبەت لە بوارەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و رامیاری و سەربازی و ئەمنی و دارایی و تەکنۆلۆجیا ، بۆ ئەم سێکتەرانە لە ناوچەکەدا قسەی یەکەم دەکات و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پێشبڕکێدایە لەگەل وڵاتانی پێشكەوتوو. باڵا دەستبوون لەو بوارانەدا بۆ ئەم سەردەمە ئێجگار گرینگ و کاریگەرە ، زۆرێک لەو پێشکەوتنانەش لە دوای دروستبونی قەوارەی سیاسی بۆ جولەکە هاتنە بوون . کەواتە هەبونی قەوارەی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ هەرگەلێک دەبێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی توانای فکری و گەشەپێدان و داهێنانەکانی ئەگەر سەرکردەی بەتوانا و لێهاتووی هەبێت . بۆچی گەلی کورد سەرەڕای نەبونی دەوڵەتی سەربەخۆ هێشتا ئازاترە لە گەلی جولەکە ؟؟

سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە دۆزی کورد بە شێوەیێکی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو زیاتر دەرکەوت . بە تایبەت و وردتریش دەتوانم بڵێن دەرکەوتنی ناوبانگی دۆزی گەلی کورد زۆرتر لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو لە ساڵی ۱۹۹۱، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە مەزنەی کە لە بوارەکانی جوگرافیای سیاسی و تێکچوونی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و جیهانیدا روویدا . تا ئەم مێژووە تەنانەت زۆربەی زۆری تاکەکانی گەلانی دراوسێش وەک عەرەب و تورک و فارس گەلی کوردیان نە دەناسی یان ئەوانەی دەشیان ناسین زیاتر بە بەشێک لە گەلانی خۆیان یان نامۆ دەیانخوێندنەوە نەک وەک گەلێکی جیاواز و رەسەنی ناوچەکە .

هۆکارەکەشی ئەوە بوو بەر لەو مێژوە بە چەند سەدەیێک گەلی کورد بە دۆخێکی ئێجگار سەخت و دژواردا تێدەپەری کە نەک تەنها نەیدەتوانی خۆی بە گەلانی دورو نزیک بناسێنێت بەڵکو رۆژبەرۆژ لە زۆر ناوچەی زێدی خۆی رووبەڕووی توانەوە و سڕینەوە دەبویەوە . کەچی زۆر پێش لەو مێژوەی باسمانکرد گەلی جولەکە بواری بۆ ڕەخسابوو نزیک ببێتەوە لەو ناوەندانەی خاوەن بڕیاری سیاسین لەسەر ئاستی جیهان . زۆرێک لە رۆشەنبیران دەڵێن ئازایەتی گەلی جولەکە بەوە دیارە کە لەسەردەمی خەبات و تێکۆشانیاندا بۆ دەستخستنی مافەکانیان و دروستبونی دەوڵەت بە تەنها روو بەرووی سەرجەم وڵاتانی عەرەب و جیهانی ئیسلامی بونەتەوە تاکو ئەمرۆ. ئەمە ڕاستە بەڵام ، ئەم رۆشەنبیرانە دەبێ لە بیریان بێت کە لە هەمان کات و ساتدا کۆمەڵێک وڵاتی گەورەی جیهان وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنساو ئەڵمانیا و روسیا و دەیان وڵاتی تری ئەوروپا هەر هەموویان لە سەردەمی بەڵێنی بلفۆرەوە تاکو ئەمرۆ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پشگیری پرۆژەی دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیلیان کردوە و دەیکەن .

کەچی ئەوە گەلی کورد بوو لە پێناو پاراستنی خاک و کەرامەت و مانەوەی خۆیدا جگە لە تێکڕای وڵاتانی ناوچەکەو جیهانی ئیسلامی تەنانەت وڵاتە زلهێزە گەورەکانی جیهانیش راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەژدار بون و هەوڵیانداوە بۆ سڕینەوەی کورد لە خاکی خۆی کە کوردستانە . لە حەفتا ساڵی ڕابردوو تاکو ئێستا وڵاتانی زلهێزی جیهان پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاو چەکیان داوە بە گەلی جولەکە بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل ، لە هەمان مێژوو بگرە زۆر دورتریش هەمان ئەو زلهێزانەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیا و چەکیان تەنانەت بە قەرزیش داوە بە وڵاتانی ناوچەکە کە بەشێکی گەورەن لە جیهانی ئیسلامی بۆ قڕ کردنی گەلی کورد و نەهێشتنی شارستانیەتی ئەو گەلە لەسەرزەمینی میزۆپۆتامیا ، ئەلێرەدا دەردەکەوێت کە خۆڕاگری گەلی کورد چەندە گەورە و بەهێزە .

خاڵێکیتر کە ئازایەتی گەلی کورد دەردەخات ئەوەیە ، گەلی جولەکە سەرەڕای هەبونی نوێترین چەکی سەردەم و ناوکی و پشتیوانی بەهێزی وڵاتانی گەورە و پێشکەوتوی جیهان کەچی جوەکان پارێزگاری لە خاکێک دەکەن کە رووبەرەکەی تەنها (20,770 كم٢ )ە. کەچی گەلی کورد سەرەڕای نەبونی هیچ جۆرە پشتیوانێکی گەورەو ئاشکرای وڵاتانی مەزنی جیهان و چەکی پێشکەوتوی سەردەم وا نزیکەی سەدەیێکە بەرگری لە خاکێک دەکەن کە رووبەرەکەی نزیکەی(500,000)كم2 دەبێت ، هەر لە کەناراوی دەریای ڕەشەوە شۆردەبێتەوە بۆ ئیلام و هەرسین و تێهەڵدەبێتەوە بۆ خانەقین و شەنگال و تا دەگاتە لێوارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و کێل دەبێتەوە بۆ دەریای رەش ، واتە ئەو خاکەی گەلی کورد تێیدا بەرگری لە بونی خۆی دەکات نزیکەی بیست و چوارجار گەورەترە لە دەوڵەتی ئیسرائیل . خاڵێکیتر ئەوەیە کە دروست بونی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان و پشتگیری زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بوو ، واتە رێکەوتن نامەیێکی سیاسی مەزن هەبوو بۆ کۆکردنەوەی گەلی جولەکەو دروستکردنی کیانێکی سیاسی و پشتگیریکردن لێیان ، کەچی گەلی کورد هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە بۆ رێکەوتنامەی زەهاو دیترکمان و ئینجا رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ و دواتر رێکەوتن نامەی لۆزان و دەیان رێکەوتنی تر ، لە سەرجەمی ئەو رێکەوتنامانەدا وڵاتانی ناوچەکەو جیهان کۆک بون لەسەر پارچەکردنی زیاتری نیشتیمانی کورد و سڕینەوەی ئاسەواری ئەم گەلە لە زێدی خۆی .

ئاخر چ گەلێک هەیە هێندە پیلان و رێکەوتنی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی لەسەر جەستەو خاکی ئەنجامدرابێت کەچی وەک گەلی کورد بە خۆراگری مابێتەوە ؟!! لەسەردەمی ئێستاشدا ئەوەی جارێکیتر ئازایەتی گەلی کوردی دەرخست ئەوە بوو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و بەشێک لە وڵاتانی گەورەی جیهان پشتیوانی دوڵەتی ئیسلامیان (داعش) کرد لە دژی گەلی کورد ، کەچی دوای بەرگریکردنێکی بێوێنە و سەختی گەلی کورد لە باشور و رۆژئاوای کوردستان توانیان کۆتایی بە دەولەتی ئیسلامی بهێنن و بیبەنە ناو لاپەرەکانی مێژوو.

بەجێهێشتنی چارەنوسی گەلێکی مەزن و رەسەنی ناوەکە بۆ بێ ویژدانی وڵاتانی ئیسلامی و بۆ ژێر قەدەری زەبروزەنگی پێکەوتووترن چەکی وڵاتانی دیاری جیهان لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوو، ئەوەمان پێدەلێت کە گەلی کورد لەو ماوەیە زۆرەدا رووبەرووی زۆربەی زۆری سوپا و هێز و تەکنەلۆژیای وڵاتانی جیهان بۆتەوە، هەر ئەوەش گەورەیی و بەهێزی کورد و گرنگی نیشتیمانەکەی دەردەخات. بەجۆرێک دەتوانین بلێین ئازایەتی گەلی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا بێ وێنەیە و بەراورد ناکرێت بە ئازایەتی گەلانی ناوچەکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.