تورکیا لە بەردەم دووڕیانێکی تردا

لەلایەن ستاندار Posted on 226 جار بینراوە

فەرید ئەسەسەرد

ڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن لە تورکیا سەبارەت بە دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، مشتومڕێکی زۆری لە ناو تورکیا ناوەتەوە و لە دەرەوەش زۆر رەخنەی لێ گیراوە. ئەمە یەکەم جارە لە تورکیا، ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەڵدەوەشێنرێتەوە و ھەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە. دەنگدەرانی تورکیا لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی راگەیەندراوی ھەڵبژاردن رانەھاتوون، بۆیە مشتومڕێکی گەرم و گوڕ شەقامی گرتۆتەوە و تا رادەیەکی زۆر نەسازانی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتۆتەوە.

کەس ناتوانێ ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئەستەمبوڵ پێشبینی بکات. تاکە خاڵ کە لەم بوارەدا ھەموو ھاووڵاتییەکان لەسەری یەکدەنگن، ئەوەیە کە ھەڵبژاردنەکە لە ٢٣ ی حوزەیراندا لە ئەستەمبوڵ بەرێوە دەچێ.

لە راستیدا دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ، بۆ پارتی داد و پەرەپێدان سەرکێشییەکی گەورەیە، چونکە کەس ناتوانێ گەرەنتیی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە بکا. ئەگەر لە خولی یەکەمدا ئیمام ئۆغلو سەرکەوتنی بەدەست ھێنابێ، چی رێ لەوە دەگرێ کە لە خولی دووەمیش بیباتەوە؟ لە بەرامبەریشدا، ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بە پارتی داد و پەرەپێدانەوە ھەیە، چی گەرەنتیی ئەوە دەکات کە کاندیدە دۆڕاوەکەی حزب بنیالی یەڵدرم لە خولی دووەمدا دەنگی زۆرتر بەدەست دێنێ؟ بەپێی یاسا، حزبەکان لە خولی دووەمدا ناتوانن کاندیدەکانیان بگۆڕن و دەنگدەرانی خولی یەکەم ئەوانەن کە بەشداریی لە خولی دووەمدا دەکەن. لە کۆتاییدا، ئەگەر ئیمام ئۆغلو بۆ جاری دووەم سەرکەوتنی بەدەست ھێنا، ئەوا ئەو کاتە بە کردەوە دەردەکەوێ کە بڕیاری دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن لە بنەڕەتدا لە جێی خۆیدا نەبووە. ئەگەر یەڵدرمیش بردییەوە، سەرکەوتنەکەی بە بێ کێشە تێناپەڕێ.
لەوانەیە کوردی ئیستانبوڵ ھیچ گۆڕانێک بەسەر ھەڵوێستی پێشوویاندا نەیەت و زۆرینەی دەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار نەچێ
پێشبینی دەکرێ زۆربەی حزبە بچووکەکان، لەوانە پارتی سەعادە و پارتی چەپی دیموکرات، کاندیدەکانیان بکێشنەوە و رەنگە زۆربەشیان دەنگ بە ئیمام ئۆغلو بدەن، چونکە زۆربەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بنەمادا دژی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنن.

ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن یەکلادەکاتەوە ھاووڵاتیی ئاساییە، دەنگدانی ھاووڵاتیی ئاسایی بە ھەر کام لە دوو کاندیدەکە، دەوەستێتە سەر ئەندازەی باوەڕھێنانی بە پاساوەکانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە. ئەگەر باوەڕی تەواوی بەوە ھەبێ کە نەدەبووایە ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەڵبووەشێنرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەنگ بە ئیمام ئۆغلو دەدا، چونکە بە زوڵملێکراوی دادەنێ. ئەگەر باوەڕی بەوە ھەبێ کە پێشێلکارییەکی زۆر لە خولی یەکەمدا ئەنجام دراوە، ئەوا دەنگ بە بینالی یەڵدرم دەدا.

بەڵام لەم سەروبەندەدا گروپی تر ھەیە کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن دەبێ، لەوانە کورد کە پێناچێ ھیچ گۆڕانێک بەسەر ھەڵوێستی پێشوویاندا بێت. ھەروەھا پێدەچێ زۆرینەی دەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار نەچێ.

بە بەراورد لەگەڵ پارتی داد و پەرەپێدان، جەھەپە لەم قۆناغەدا یەکڕیزتر خۆی دەنوێنێ، بە تایبەتی کە کاندیدەکەی لە ئەنکەرەش براوە بووە. بۆیە ئەم حزبە ھیچ کێشەیەکی لە ھاندانی ئەندام و لایەنگرەکانی بۆ دەنگدان بە کاندیدەکەی نییە. کێشەکە لە خودی پارتی داد و پەرەپێدان دایە کە لە ناوخۆدا بەدەم دوو کێشەوە دەتلێتەوە. یەکێکیان دەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناوخۆییە کە دژی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنە لە ئەستەمبوڵ.

ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆرتر خۆی لە سەرۆکی پێشووی کۆمار عەبدوڵڵا گوڵ و سەرۆک وەزیرانی پێشوو داود ئۆغلودا دەبینێتەوە کە ھەردوکیان دژی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن لێدوانیان داوە. ھەرچەند نازانرێ ئەم جۆرە لێدوانانە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی پارتی داد و پەرەپێدان دەبێ بەڵام ئەم دوو کەسە قورسایی خۆیان ھێشتا لە ناو حزب پاراستووە و لانی کەم رێژەیەکی دیاریکراوی ئەندامان و لایەنگرانی حزب گوێیان لێ دەگرن.

تاکە کارتی بەر دەستی ئەردۆغان سەرکەوتنێتی لە بەگەڕخستنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە کاندیدی حزب. ئەم کارە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. دەنگدەرانی حزب لە ژێر پاڵەپەستۆی شاڵاوێکی پرۆپاگەندەیی بەھێز دان، بەتایبەتی کە پارتی داد و پەرەپێدان لە مەسەلەی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنی ئەستەمبوڵدا لە پێگەیەکی بەھێزدا نییە. پرۆپاگەندەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەکانی سەرکردە دێرینەکانی ناو حزب و ناڕەزایی دەوڵەتانی ئەوروپا لە دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن، کاریگەرییان لەسەر لایەنگرانی حزب ھەیە و بوونەتە مایەی لەقکردنی باوەڕ بە دروستیی سیاسەتی پەیڕەوکراو. دیسان مەسەلەکە دەوەستێتە سەر توانا و بەھرەکانی ئەردۆغان، چونکە ئەزموونی خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەی ئەستەمبوڵ نیشانی داوە کە بنیالی یەڵدرم پشتی پێ نابەسترێ و پێناچێ ئەدای لە خولی دووەم لە ھی خولی یەکەم باشتر بێ.

ئەگەر پارتی داد و پەرەپێدان بتوانێ لە خولی دووەمدا، بە جیاوازییەکی زۆر، ئەستەمبوڵ بەدەست بھێنێتەوە، ئەوا چوار ساڵی ئاسوودەی لە بەردەمدا دەبێ بۆ کارکردن بە شێنەیی بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی قۆناغی پێشوو و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەشتر.

بەڵام ئەگەر نەبەردی بەدەستھێنانەوەی ئەستەمبوڵ بدۆڕێنێ، ھەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە کە لەگەڵ دۆخی شکستدا بسازێ و پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانیدا بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.