کوڕی سەرکردە حیزبیەکان و چارەنووسی باشوری کوردستان لە داھاتودا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 191 جار بینراوە

شوانە حسن

نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕینی باشوری کوردستان، کە پۆست و پارە ھاتە ناوەوە، بەناوی کوردایەتی شەڕی براکوژیان ھەڵگیرساند و ھەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیان لە سەر لوتکەی ئەم شاخ و ئەو کەپک و ئەم دۆڵ و ئەو چەم، کرد بە قوربانی پاراستنی کۆشک و تەلارەکانی خۆیان .. کە زانیان یەکتریان بۆ لەناونابرێ، وەک سەردەمی میرنشینەکان، کەوتنە ھێنانی لەشکری ئەم وڵات و ئەو وڵات.. دواتر وڵاتیان کرد بە دوو لەتەوە و تا ئێستاش بە ھیچ دەرزی و درومانێک نایلکێێێتەوە بەیەکەوە.. لەسەردەمی نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕیندا، سەرکردایەتیەک ھەبوو، را و بۆچوونی ھەبوو، کادرێکی وەسەگی حزبی لە خوارەوە ھەبوو رخنەی دەگرت و خەڵکێکیش ھەبوو، بۆڵەی دەھات و جارجاریش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕی، بۆیە نەوەی یەکەمی سەرکردەکان ھەندێ پرەنسیپ و ئەخلاقی سیاسیان مابوو.

نەوەی دووەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین، بەردەمیان تەختە، پارەیەکی زۆرو لەشکرێکی گوێلەمستیانلەبەردەستە، ھیچ سەرکردەیەک لە ناو حزبەکانیاندا ناوێرن نوزەیان لێوەبێت و سەمعەن و گاعە ھەرچی ئەمر دەکەن بۆیان جێبەجێ دەکەن.. کادیری وەسەگی حزبەکانیان گوێڕایەڵ و قڕوقپ دانیشتوون و وەک زەڕنەقووتە دەمیان کردوەتەوە بۆ پارووی چەور.. خەڵک نوزەی لێبڕاوە، تەنانەت مەعاشەکەشیان بۆ دەکەن بە روبع ئەوان ھەر شوکری خوا دەکەن.. ڕۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ئازاد ماندوو بوون و چونکە ئەوەندە دووچاری ئازار و توندوتیژی و تیرۆر و تەشھیر و پێشێلکاری ئەم حیزبە مافیاو بازرگانانەی باشوری کوردستان بوونەوە گەرچی تا ئێستا کۆڵیان نەداوە و لە پێناو سەندنی مافەکانی چینی چەوساوە رووحیان خستۆتە سەر بەری دەستیان

لە کەشێکی وەک ئێستادا چاوەڕێی چیی لە نەوەی دووەمی سەرکردەکان دەکەین؟! بە دڵنیاییەوە ئەوەی نەوەی یەکەم نەیکردوە و سڵی لێ کردوە، ئەمان بە چاوتروکانێک دەیکەن، گەندەڵی و ماڵوێرانی، ھێنانی لەشکری ئەم وڵات و ئەو وڵات دەبێتە ئاو و دۆ خواردنەوە، نەک ھەر گرتن و راودونانی کادیرەکانی یەکتری، بەڵکو لەمەولا ھیچ ھاووڵاتییەک ئەمانی لە سەر ژیانی خۆی نامێنێ.. نەوەی دوەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین، لەبەر ئەوەی خۆیان ھیچیان نەکردوە و لەباوکەوە بۆیان ماوەتەوە و بن بەرد و کونەتەیارە و کونەسەگیان نەدیوە و ئێستا حزبێک و کادرێک و ئۆپۆزیسۆنێک و خەڵکێکی رام کراو و دەستەمۆیان لەبەردەستدایە، وەک فارس دەڵێ (افسار گسیختە – پەرتی بڕیوە) و بە ئاسانی نایەنە ھۆش خۆیان.. ھێڵی سوریان نییە.. لەسایەی ئەمانەدا دەبێ سەد خۆزگە نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین بخوازین..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.