ستاندەر
گوتەبێژی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێشتر سەرۆک بارزانی و کۆسرەت رەسول لەسەر دانانی فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری کەرکووک رێککەوتوون،بەڵام یەکێتی رێککەوتنەکەی نێوانیانی پێشێلکردووە،
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 30ـی 9ـی 2018 و، لەدوای تەواوبوونی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان لە مانگی 11ـی 2018ـیەوە دەست پێ كرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە هەر كەلێنێك لە پڕۆسەی پێكهێنانی دامودەزگە شەرعییەكانی هەرێم بگیرێت. هەروەها لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ڕهەندێكی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی هەموو لایەنەكانی كردووە و خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك شاهیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاكییەی پارتی دیموكراتی كوردستانن.
لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماكانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و پڕۆسەی چاكسازی، لە 4ـی 3ـی 2019 لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكمان ئیمزا كرد. هەروەها بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەت لە 5ـی 5ـی 2019 ڕێككەوتنێكی تر لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كرا لەسەر ئەو پشك و پێگانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەری دەگرێت.
هەروەها لە رێکكەوتی 4ـی 3ـی 2019 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی.
لەدوای راگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك رێك كەوتبوون. هەروەها سەبارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێكتێگەییشتن و ڕێككەوتن لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریكردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەتنە بن. كەچی كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەركردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە.
بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر. هەر ئەوەیش بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەو دواكەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی هەرێم و پڕۆسەی سیاسی هەبووە بە تایبەتی كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن و پێویستیمان بە حكوومەتێكی بەهێز و ناوماڵێكی تەبا و یەكڕیز بۆ كوردستان هەیە.
بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوابخرێت و پەكبخرێت و بە ئەنجام نەگات.