بە بارانیش ووشکە ساڵە

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

گرنگە دوژمن و نەیار جیاکرێنەوە لەوڵاتـی دیموکراسییا دوژمنـی سیاسـی نیە بەڵکو ئەوەی ھەیە نەیاری سیایسیە بەپێچەوانەی وڵاتە یەک حیزب و تاکڕوەکان کە وەھمـی دوژمنـی سیاسـی ناوخۆی دروست ئەکەن بۆ سەرکوت کردن و بێدەنگ کردن و دەستەمۆ کردنیان.
مۆدێلی حوکمرانی لەکۆی دنیای دیموکراسـی و نیمچە دیموکراسـی لە دوو پێکھاتەی سەرەکـی دروست ئەبـێ ئەوانیش حکومەت و ئۆپۆزسیۆنە لە دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشدا تەنھا ڕژێمێک ھەیە و بەس، لە ھەرێمـی کوردستانیش لەبری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن حیزب و خەڵکی قەڵمەڕەو ھەیە.
بەئارەزووبێ یان بێ ئاگای تێکەڵی و پێکەڵیەک دروستکراوە لە نێوان دەستەواژەی نەیارو ئۆپۆزسیۆنا و ئەنجامەکەشی ئەوەی لێکەوتەوە ئێستا ھیچ حیزبێ ئارەزووی ئۆپۆزسیۆن بوون ناکەن ئەگەرچی سەرزارەکیش وا خۆیان بناسێنن.
داواکردنی ماف وە بەتایبەتی مووچە بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێشکەشی حکومەت ئەکرێ دوور و نزیک ناچێتە چوارچێوەی نەیارەوە.
لە سیستمی وڵاتانی ئۆرگانیزە کراوا مووچە تەنانەت بۆ کاتژمێرکیش دواناکەوێ. کەچی پاش چەند ساڵێک لە سێ چارەک و نیو و چارەکە مووچە و دەێژکردنەوەی مانگ لە ھەندێ کاتا بۆ نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژ و بێدەنگی و بە ئەمەکی خەڵک و خۆڕاگری و بواردان بە حکومەت ئێستا کاتێ دەنگی ناڕازی لەناو خەڵکانێکەوە بەرزبێتەوە کە حیزبەکەی بەشێکە لە پێکھاتەی حکومەتی چاونەپشکوتوو ئەو کارە بە بخرێتە چوارچێوەی نەیارەوە و سکاڵای یاسای تۆمارکرێت!
زۆربەی وڵاتانی زلھێزو گەشاوە و خاوەن ئابووری پتەو تەنانەت لە ٢٠وڵاتە زلھێزە ئابوریەکەی جیھانیش قەرزی کۆمپانیا و وڵاتانی دیکەیان لەسەرە بەڵام ھیچ کاتێ نەبیستراوە مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی وڵات بدرێتەوە بە قەرزی کەڵەکەبووی سەر حکومەت!
کاتێ باران لە بەغاوە ئەبارێ حکومەتی ھەرێم چەتر ھەڵەیا بۆ ھاوڵاتی و مووچەخۆرانی ھەرێم تا گیرفانیان تەڕنەبێ!
کاتێ بارانی بەغا بەسەر ھەرێما نەئەباری ئەوترا ووشکە ساڵیەکە “بێ مووچەی” خەتای بەغایە ئێستا بارانی بەغا بەخوڕ بەسەر ھەرێما ئەبارێ کەچی ھەر ووشکە ساڵییە و ھەرێم پێی ناخۆشە لە دادگا بووکە بە بارانێش بکرێ.
ئەم وەرزی بارانە یەک ساڵیەو ووشکە ساڵیەکی زۆری بەداوەیە و ئەگەر یوسفێک ئەم خەونە بۆ ھەرێم لێکنەیاتەوە.

تا حکومەت و دەسەڵاتدار باشتر ھەڵسەنگاندنبکەن و داوای ماف بە نەیار نەخوێنەوە و خەڵکی باشتر بەرچاو ڕوونبێ وەک کارێکی چەند بارە لەخوارەوە بەراوردێکی نەیارو ئۆپۆزسون ئەکەین:
نەیار بەو کۆمەڵە کەس و رێکخراو گروپە چەکدارو بزوتنەوە رامیاری و کۆمەڵ و ھەندێ جاریش تاکانە ئەوترێ کە بەشێوەی کاری پەچەکرداری و رێکخراو یان رێکنەخراوا بەگژ لایەنک یان دەستەیەک یان دەسەڵاتێکا ئەچنەوە، بەھۆی ھەندێ ھۆکارەوە لەوانە: ١- کاتێ تاک ھەستبکا وەلاوەنراوە و دەنگی ناگات و گوێی بۆ ناگیرێ. ٢- کاتێ کۆمەڵێک ھەست بەجیاوازی رەگەزی (التمیز العنێری) یا بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لە بەرژەوەندی کۆمەڵێ کەس و لایەنا. ٣- کاتێ نەتەوەیەک سەرەتایترین مافەکانی پێشێل ئەکرێ لەلایەن دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵاتەوە بەجۆرێک کە نا یەکسانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئاشکراو بوونی ئەبێت. ٤- کاتێ پێکھاتەکانی کۆمەڵ سەرجەم بەیەکەوە لەپای چەوسانەوەیان ‌ لەدەسەڵاتێکی خوێن مژە و دیکتاتۆر یاخی ئەبن. ٥- کاتێ گەندەڵی بەشێوەیەک باڵ ئەکێشێ بەسەر وڵاتا کە ھیچ رێگایەک نامێنێ نەگیرێتەبەر و بەبنبەست ئەگا.
ئەمانە ھەندێ ھۆکاری تریش ھەن کەوا ئەکا دیاردەی بەنەیار بوون ڕووبات و لەھەندێ کاتیشا یاخی بوونی لێبکەوێتەوە بۆ گێڕانەوەی مافەکان و شتە لێ زەوتکراوەکان، ئەمەش کاتێ ڕوئەیات کە بێ ھیوای باڵ بکێشێ بەسەر کۆمەڵا و تروسکای بەدی نەکرێ بۆ پێکەوە ژیان یان بەرەو باشبردنی بارودۆخ و دەستھەڵنەگرتنی لایەک لە بڕیارە تاکڕەویەکانیا و خۆبەزلزانین و گۆێنەدانە کەسانیترو کارکردن لەپێناوی دەسەیەک یا ھۆزێک یا بنەماڵەیەک یا گروپێکی سیاسی دابڕاو لە کۆمەڵگا.
ھەر لایەو نەیار بە کڵاوی خۆی ئەپێوی و لێکدانەوەی بۆ ئەکا بۆ نمونە بە پێوانەی رژێمی بەعس ئێمەی کورد نەیار بووین، بەڵام ئایا ئێمە نەیار بووین یان بەش خوراو؟ نەیار بووین یان ماف پێنەدراو؟ ھاوڵاتی بووین یان بە نەژاد کراو؟ سەربەست بووین یان بەندو دەست و پێ پەیوەند کراو؟…ھتد.
ئایا تورکیا کاتێک ھەڵەسێ بە داخستنی پارتە کوردیەکان و دەستگیرکردنی پەرلامانتاران کە بە دەنگدان ھەڵبژێراون یان کاتێ ئینقلان ئەکەن بەسەر حوکمەتەکانی خۆیانا کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاھێکی بە دیموکراتیزەکردنی تورکیایان تیابەدی ئەکرێ ناو بنێین چی؟ تا دوێنێ تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵادارو بەڕێوەبەری وڵات بون ھەرچەندە نمونەیەکی زۆر ناشرینی دەسەڵاتی ئیسلامیان پشانی سەرجەم مرۆڤایەتیدا، کەچی ئەمڕۆ ھەرھەمان دەسەڵات یاخی و نەیارە! زۆرن ئەو نمونانە، کەواتە ھەرکەسەی بەپێی بەرژەوەندی خۆی ئیتر ئایا گشتی بێ یا تاکەکەسی ئەڕوانێتە بەرامبەرو بە پێی بۆچوونە ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی گونجاو بۆخۆی لایەنی بەرامبەر بانگ ئەکا نەیار.
پێی ئەچێ تۆ نەیاربی لەکات و شوێنێکی دیاری کراواو ھەر تۆش لەھەمان کاتا بەرامبەرەکەو ناوزەندکەی بە نەیار بەڵام لێرەیا سەنگی مەحەک ھاوڵاتیەو ھەر ئەوانن ئەتوانن نەیاری راستەقینە دیارکەن و بڕیاری خۆیان بسەپێنن بەسەر لایەنی خاوەن حەق و لایەنی زۆردارا، ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ھاوڵاتی تاسەرو بۆ ھەتا ھەتای کەس بەنەیار نابینێ و لەگەڵ کەسیشا یان راستر بڵێین لەگەڵ ھیچ دەسەڵاتێکیشا تا سەر نابێ.‌
ھاوڵاتیش بەپێی خزمەت و دادی کۆمەڵایەتی وبژێوی ژیان دابین کردن و یەکسانی و سەربەستی بیرو بۆچوون دەڕبڕین و دەستەبەرکردنی مافەکانی تای تەرازوی خۆی ئەبینێ ڕونتر بڵێین، ئەگەر بینی تای تەرازوھی دەسەڵات ھاوسەنگ و جێگیرە ئەوا ئەو‌یش گوێڕایەڵی دەسەڵاتەو ھاوڵاتیەکی بەئەمەک و بەرھەمھێنەرە لە ھەوڵا ئەبێ شان با شانی حکومەت خزمەت بکاو زۆرترین قوربانیبا بۆ سەرکەوتنی کارەکانی خۆ ئەگەر بینیشی تای تەرازوەکەی لاسەنگە و بەشی خۆی لەدادی کۆمەڵایاتی و خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانی بۆ دابین نەکراوە، بەگوێرەی مافی ھاوڵاتی بوونی ئەوا ئەوکاتە دەسەڵات بەنەیاری مافەکانی ئەبینێ و لەھەوڵائەبێ بۆ دورخستنەوەی جا ئەویش گەر وڵات دیموکراتی بوو ئەوا سندوقەکانی دەنگان بەکارئەھێنێ بۆ دەستە بەرکردن و گەڕانەوەی مافاکانی خۆی، ئەگەر نا ئەوا یاخی ئەبێت وچیتر گوێڕایەڵ و بێدەنگ نابێ، زۆر رێگاش ھەیە بۆ پشاندانی توڕەیەکانی ھەر لەخۆپیشاندانەرە تا یاخی بوونی چەکداری.
ئۆپۆزسیۆن زۆر جیاوازە ئەویش بەوەی کە لەھەوڵێکی بەردەوامایا و ململانێ ئەکا لەسەر ئەوەی لایەنە خراپەکانی دەسەڵات، یان ڕاستر بڵێین کارە کاڵ و کرچەکانی بە خەڵکی بناسێنێ و ھەوڵەیا کە کارەکانی حکومەت دیارو شەفاف بێ و بودجە لەخزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵابێ، ئەمە ئەگەر ھەستی کرد کارەکانی حکومەت ئاڵۆزەو دیارو ڕون نیە ئەوا لە ڕەخنە لەڕەخنە گرتنێکی بەردەواما ئەبێ و بەردەوام بەرچاو ڕوونی ئەیات لەسەر ئەو خاڵانەی کە حکومەت وەک خۆی بە ھاوڵاتی ناگەیەنێ.
لە ھەرێم نەیار ھیچ کاتێ بوونی نەبووە و ئۆپۆپزسیۆنیش بوونی نەماوە ئەگەرچی ھەندێ جار نووزەنووزێک ئەبیسترێ کە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ چونکە ئەگەر خەڵکانێک نەبن بەڕاستی پەستان بخەنە سەر حکومەت تا پابەندبێ بەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدول مەھدیا کردوویەتی و ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغا نەکا ئەوا ئیحراجیەکی زۆر بۆ عەبدول مەھدی دروست ئەبێ و سەرەنجام ھەرێم یەکێک لە باشترین دۆستەکانی لەدەستئەیات و بێ متمانەی دروست ئەبێ کە ئەمەش دەرکەوتەی سەرەتایەکی نوێ ئەبێ بۆ خیتامێکی خراپ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.