ترس و سزا لەباتی شەرم و حەیا

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

ھەموو کردەیەکی ئینسانیی پێویستی بە کەمەکێک شەرم و حەیا ھەیە، ئەوەی لە ھەرێم و لە سیاسەتی کوردیدا نەماوە، ھەردووکیانە. لە ڕاستیدا سیاسەتی وا بێشەرم و وا بێحەیا لە دونیادا کەم وێنەیە. درۆیەک نەماوە سەدانجار نەکرێت و دەماکێک نەماوە سەدانجار نەپۆشرابێت. بەڵام بێگومان شەرم و حەیا بەتەنھا بەس نین بۆئەوەی ڕێگا بەو شێوازە ترسناکەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە ھەرێمدا ھەیە، بگیرێت. ئەوەی پێویستە بوونی چەندەھا میکانیزم و خاڵی لێپرسینەوە و چاودێریکردنی یاسایی و دەزگایی ڕاستەقینەیە، کە لەباتی شەرم ترس و لە باتی حەیا، سزا ببەخشێتەوە. تەنھا ترس و سزا، کە بەرھەمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن بن، دەتوانن سنوورێک بۆ خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات دابنێن. بەرامبەر بە ھەر خاڵێکی دەسەڵات دەبێت چەند خاڵێکی چاودێریی و لێپرسینەوە و سزادان ھەبێت. لە بەردەمی ھەر تەماحێکدا دەبێت میکانیزمێک بۆ سنوورکێشانێکی یاسایی و دەزگایی لەئارادابێت. لە ھەرێمدا نەبوونی ئەمانەیە ئەو ھەموو دەرگایەی بۆ ئەو ھەموو فۆرمە لە بێشەرمیی و بێحەیایی سیاسیی و ئەخلاقیی، کردۆتەوە. ئەوەی دەسەڵاتادرانی کوردستان تیایدا سەرکەوتون، دەسکەوتی ھەرە گەورەیان، لەناوبردنی سەرجەمی ئەو خاڵ و دەزگا و میکانیزمانەن کە ئەرکی چاودێریکردن ولێپرسینەوە و سزادانیان لەسەرە. لەمەدا لە پێش ھەمووانەوەن لە ناوچەکەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.