سیستەمی سیاسیی پارتی وەک ڕژێمێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 350 جار بینراوە

ئاراس فەتاح

پارتی بووە بە ھێزێک کە بەشێوەیەکی کۆمیدیی تیۆری ریگولەیشنی „Regulationstheorie“ بەسەردا جێبەجێدەکرێت. بۆئەوەی لەوەش تێبگەین کە دەسەڵاتدارێتی پارتی وەک مۆدێلێکی ئابووریی لە رێکخستنی سەرمایە و ڕژێمێکی تایبەت لە کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ باڵادەستکردنی ھەیمەنەی سیاسیی، چ پەیوەندییەکی بە تیۆری ریگولەیشنەوە ھەیە، دەبێت سەرەتا ئاوڕێکی کورت لەم تیۆرییە بدەینەوە.

ئەم تیۆرییە قوتابخانەیەکی ئابووریی سیاسیی مارکسیستە نوێکانە کە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە بە ڕاڤەکردنی نوێی „ڕژێمی کەڵەکەکردن“ی سەرمایە و شێوازی ریگولەیشن یان رێکخستنەوەی سیستەمی سەرمایەداریی ناوبانگی دەرکرد. ئەم قوتابخانەیە بەدوای وەڵامدانەوەی پرسیارێکی گرنگی ئابووریی و سیاسییەوە بوو: بۆچی قەیرانەکانی سەرمایەداریی نەبوونە ھۆکاری کەوتنی سیستەمەکە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە ھەندێ قۆناغدا دەبێتە ھۆکاری خۆرێکخستنەوە و سەقامگیریی سیستەمەکە. بۆ ئەم مەبەستەش نموونەی دوو ئەزموونی مێژووی سەرمایەدارییمان لەبەردەستدایە. یەکەم مۆدێلی „فۆردیزم“ە، کە چۆن کۆمپانیای فۆرد توانی بە بەرھەمھێنانی ئۆتۆمۆبیلی „T٥“ی مارکەی فۆرد، پرۆسەی بەرھەمھێنان بەستاندارد بکات و دامەزراندنی کرێکاران دابینبکات و بڕی مووچەشیان بەرزبکاتەوە و بەم شێوەیەش مۆدێلێکی نوێ لە پێکەوەژیانی سەرمایە و کار بھێنێتە ئاراوە. لەم پرۆسەیەشدا مۆدێلێک لە ئینتیما بۆ سیستەمی سەرمایەداریی دروستدەبێت کە لە دەوڵەتی خۆشبژێوییدا „welfare state“ ڕەنگدەداتەوە. دووھەمیشیان قۆناغی پاش یان پۆست فۆردیزمە کە دەوڵەت پیادەی سیاسەتێکی نیولیبراڵیی رادیکاڵ دەکات کە تیایدا دەستی کەرتی تایبەت و سەرمایە درێژدەکرێتەوە و دەستی دەوڵەت لە سێکتەرە حکومییەکانیش کورتدەکرێتەوە. ئەمەش بە فرۆشتنی سێکتەرێکی زۆری ئابووریی و خزمەتگوزاریی بە سەرمایەداران کۆتاییھات. بەپێچەوانەی فۆردیزمەوە کە پێویستی بە دەستی کارا نەبوو لە پرۆسەی بەرھەمھێناندا، لە قۆناغی پۆست فۆردیزمدا سیستەمی دابەشکردنی کار رێکدەخرێتەوە و دابەشکردنێکی چینایەتی نوێ لە پرۆسەی بەرھەمھێناندا دروستدەبێت کە دەرئەنجامەکەی سەرھەڵدانی دیاردەی بێکارییەکی نوێ بوو بۆ کرێکاری نەشارەزا. کشانەوەی دەوڵەت لە زۆر سێکتەر و فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت و بەپرۆفشناڵکردنی ھێزی کار و عەقلانییکردنی پرۆسەی بەرھەمھێنان لەسەردەمی گلۆبالیزمدا، بە کەمکردنەوەی تێجوون و دەرکردنی ئەو کرێکارانە کۆتایی ھات کە تەنھا ھێزی کاری خۆیان دەفرۆشت و ئاست و توانای پرۆفشناڵیان نەبوو. پۆست فۆردیزم کۆتایی سەردەمی زێڕینی پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەیە. باشترین نموونەش بۆ نماییشکردنی ئەم قۆناغە فیلمەکەی چارڵی شاپلنە بەناوی „سەردەمە مۆدێرنەکان“.

یەکێک لە تێزە سەرەکییەکانی نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە بریتیی بووە لەوەی کە سیستەمی سەرمایەداریی بەھۆی قەیرانەکانیەوە گۆڕ بۆخۆی ھەڵناکەنێت، وەکو مارکس پێشبینیی دەکرد، بەڵکو بەبۆچوونی ئەوان ئەوە خودی قەیرانەکانە کە لە قۆناغی جیاوازدا دەشێت ببنە ھۆکاری دووبارەبەرھەمھێنانەوە و خۆرێکخستنەوەی سەرمایەداریی وەک سیستەم و سەقامگیربوونەوەی شێوازی بەرھەمھێنانی. دیارە ناکرێت وێنای رژێمی ریگولەیشنی سیستەمی سەرمایەداریی بکەین بەبێ بوونی دەوڵەتی خۆشبژێویی و لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی. دەوڵەتی خۆشبژێوییش مۆدێلێک لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی بونیادنا کە بەرخۆریی ئایدیۆلۆژییەکەیەتی. لەم سیستەمەشدا دەسەڵاتی دەوڵەت و ھەیمەنەی ئایدیۆلۆژیی دوو رەھەندی گرنگی دروستکردنی ستایلی ژیانن کە تیایدا بەرخۆریی „consumption“‌ دەکرێت بە پرنسیپی ژیانی مرۆڤەکان. بەرخۆرییکردن لەوێنەی کڕینی کاڵای وەک ئۆتۆمبیل و خانوو و کەرەسە ئەلکترۆنییەکانی ناو ماڵ دەبێت بە رەمزی خۆشبژێویی و خۆشگوزەرانی. گەشت و سەفەرکردنیش بە ئۆتۆمبیلی شەخسیی لەکاتی پشووەکاندا بۆ سەر دەریاکان و چێژوەرگرتن لە دەریا و ئیستراحەتکردن، دەبێت بە ستایڵێکی نوێی ژیانی مرۆڤەکان.

ئەم قۆناغە زێڕینەی سەرمایەداریی لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیرانی نەوت لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا گۆڕانی قووڵی بەسەردا دێت کە بە قۆناغی پۆست فۆردیزم بەناوبانگە. بەتایبەت دوای ئەوەی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان ئەو ڕاستییەیان بۆدەرکەوت کە چەندە وابەستەی کەرەسەی خاوی دەوڵەتە کۆلۆنییەکانی جارانی خۆیانن. ئەم قۆناغەش بەوە دەناسرێت کە مۆدێلی ئاشتبوونەوەی سەرمایە و کار لە فۆردیزمدا لەدوای قەیرانی نەوتی ساڵانی حەفتاکان و قەیرانی دارایی لە کۆتایی ساڵانی ٢٠٠٨وە، کۆتاییپێدێت، چونکە کۆمپانیاکان دەستیانکرد بە کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانیان لەپێناو زیادکردنی داھات. لەسەروبەندی ئەم قۆناغەشدا ململانێیەکی توند لەنێوان خاوەنکار و نەقابەکاندا بۆ زیادکردنی مووچە دەستیپێکرد. پرۆسەی گلۆبالیزەبوون و زۆری تێچوون و بەرزیی مووچە لە وڵاتە سەرمایەدارەکان، بووە ھۆکاری سەرھەڵدانی دیاردەی گواستنەوەی سەرمایەگوزاریی و بەرھەمھێنانی کاڵا لە دەوڵەتانی جیھانی سێ.

بێگومان تیۆری ریگولەیشن رەخنەی زۆر کراوە کە مەبەستی ئەم وتارە نییە، بەڵام ئەوەی بۆ من جێگای لەسەروەستان بوو، وەڵامی ئەم پرسیارەیە: بۆچی لە کۆمەڵگای ئێمەشدا مۆدێللێک لە ریگولەیشن یان رێکخستنەوەی سەرمایە و دەسەڵاتی سوڵتانیی بەرقەرارە کە سەرەڕای قەیرانە قووڵەکان نابنە ھۆکاری داڕمان و کەوتنی سیستەمەکە؟

لە مێژووی نوێی کۆمەڵگای ئێمەشدا سیستەمە سیاسیی و ئابوورییەکەی پارتی لە چەندین قۆناغدا تووشی ھەژانی گەورە بووە، کەچی دوای ئەو ھەموو قەیرانە قووڵە ئابووریی و سیاسیی و ئەخلاقیی و سەربازییەی پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆمیش توشی بوو، نەک ھەر نەبوونە ھۆکاری شکست و کەوتنی، بەڵکو بوون بە ھۆکاڕێک بۆ دووبارەبەھێزبوونەوە و دووبارەبەرھەمھێنانەوەی دەسەڵاتە سوڵتانییەکەی. لەم دووتوێیەشدا پارتی توانی جارێکی تر ببێتەوە بە بکەرێکی گەورەی گۆڕەپانی سیاسیی لە ھەرێم و ھێزێکی حیساب بۆکراو لە عێراق و ناوچەکەشدا. بێگومان ئێرە شوێنی شیکاری کۆی ئەو ھۆکارانە نیین کە پارتی بە چ میکانیزمێک جەستەی سیاسیی خۆی لە گۆڕێکی ئابووریی و سیاسیی و سەربازییەوە دەرھێنا و پاش ماوەیەکی کورت توانی سیستەمە سیاسییە سوڵتانییەکەشی بکات بە مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی لای زۆرینەی حیزبەکان.

پێگەی ئابووریی و ھەیمەنەی سیاسیی پارتی پابەندی گرێدانی سەرمایە و دەسەڵاتە لەناو سیستەمێکی سوڵتانیی. مۆدێلی بەرھەمھێنانی دەوڵەتی خۆشبژێوی (دولە الرفاە) و درۆی سەربەخۆیی ئابووریی پارتی گەیشتە ئاستیک نێچیروان بارزانی لە ھەڵبژاردنی خولی پێشوودا پەیمانی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی دا بۆئەوەی ھەموو تاکێکی ھەرێم پشکی خۆی کە لە فرۆشی نەوتدا ھەبێت! ئەم سیستەمە ئابوورییە سوڵتانییەش زەڕکەشکرابوو بە گوتارێکی نەتەوەیی کە نە فیکری ھەبوو نە زەمینەی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ئیقلیمیی. ئەوەی زەمینەی زیاتری بۆ پارتی رەخساند، تێکئاڵانی تۆڕێکی گەورە لە کەڵەکەبوونی سەرمایەی نەوت و گاز بە سیستەمێکی ئیقلیمیی کە تیایدا چەمکی ئاساییش و گەندەڵیی پێکەوەگرێدراون. لەناوخۆی کوردستانیشدا بێئیرادەیی و نەبوونی دیدگایەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیاسەتە سوڵتانییەکەی پارتیی و گەمژەیی سیاسییانەی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەندین کارلێکی تر، ھۆکاری سەرەکیی ھەیمەنەی مۆدێلی سوڵتانیزمی پارتی بوون لەناو سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی ھەرێمدا.

خاڵێکی تر کە بۆ ھەیمەنەی پارتی و خۆڕێکخستنەوەی بەردەوامیی گرنگە، بریتییە لە دابەشکردنی سەرمایە و سامان لەگەڵ ئەوانی تر بەرامبەر بە ھێشتنەوەی ھەیمەنەی دەسەڵات لە جوگرافیای خۆی. دابەشکردنی سەرمایە و سامان لای پارتی مانای دابەشکردنی دەسەڵات نییە. لەدیدگای پارتییدا خەتی سووری سیاسیی ھەیە کە کاڵنابێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە نێوەندی دەسەڵات دەبێت لە کرۆکە خێزانییەکەی ماڵی بارزانیدا بمێنێتەوە. ھەر ھێزێکی سیاسییش بۆ دامەزراندنی سیستەمە سوڵتانییەکەی، لەم دیدگا سیاسییەدا ملکەچ و ھاودیدی ئەو بوو، ئەوا پاداشتی دەکات، لە حوکمڕانییدا بەشداری پێدەکات، پۆستبارانی دەکات و پێگەی ئابووریی و دارایی بە نوخبە سیاسییەکەی دەبەخشێت.

ھەروەکو چۆن کۆمپانیای فۆرد مۆدێڵی ئۆتۆمبیلی „T٥“ی کرد بە ستاندارد و کرێکارانی بە تەواوەتی دامەزراند و موچەی بەرزکردنەوە بۆئەوەی مۆدێڵی فۆردیزم بەرقەرابکات، ئاوھاش پارتی وێنای دەسەڵاتدارێتی لە سیستەمە سیاسییەکەیدا دەکات. ئەو ساڵانەی کە پارەی نەوت بێشومار بوو، پارتی و یەکێتی دەستیانکرد بە پرۆسەیەکی بەربڵاو و کۆنتۆڵنەکراو لە دامەزراندن و مووچەبڕینەوە لەھەردوو بواری سەربازیی و مەدەنییدا بۆ کڕینی وەلائەتی سیاسیی بۆ سیستەمەکەیان. پارتی و یەکێتی سەرمایە و داھاتی ھەرێمی کوردستان بە موڵکی شەخسیی خۆیان تەماشادەکەن و مامەڵەی ھاونیشتیمانیانی ھەرێمیشیان وەکو کرێگرتە دەکرد کە بەئارەزووی خۆیان دایاندەمەزراندن و بە کەیفی خۆیان موچەیان بۆ ئەندامە حیزبییەکانیان دەبڕییەوە و بە دزینی ‌پارەی نەوت دەزگای رۆشنبیریی و میدیایی زەبەلاحیان دروستدەکرد. دوای قۆناغێکی کورت لە خۆشگوزەرانیی درۆزنانە و دامەزراندنی بەرفراوان لە دەزگا حکومییەکان و تەخشان و پەخشانکردنی پارە و پەیمانی خۆشبژێوی و سەربەخۆیی ئابووریی، سیستەمە سوڵتانییەکە بەھۆی گەندەڵیی و قەرزی زەبەلاح و قەیرانی دارایی و جەنگ و ریفراندۆمەوە تووشی ھەژانێکی گەورەدەبێت. ئەم قەیرانەش کۆتایی بەو سەردەمە زێڕینە دەھێنێت کە بە پارەی نەوت وەھمی دەوڵەمەندبوونی خێرای بۆ ھاونیشتیمانیانی ھەرێم دروستکردبوو.

لەم قۆناغەوە موچەخۆرانی ھەرێم لای پارتیی دەبن بە بەڵا، چونکە دەبایە ئەو لەشکرە گەورەیە بەخێوبکات کە بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ یەکێتییدا بۆ ھەیمەنەی سیاسیی خۆیان دروستیانکردبوو. بۆیە حکومەتە سوڵتانییەکەی پارتیی بەناچاریی دامەزراندنی ھاونیشتیمانیان ڕادەگرێت و بەرامبەر بەوە تەنھا ئەو ھێزە سیاسییانە لە کۆمپانیا دەسەڵاتدارێتییەکەی دادەمەزرێنێت و پۆست بەسەر نوخبە خێزانییەکانیان پەخشدەکات و ستاندارتی ژیانیان بۆ زامندەکات، کە بڕوایان بە موڵکدارێتی خێزانی بارزانی ھەیە بۆ دەسەڵات و سامان. پارتی دوای قەیرانی ئابووریی و داراییەکەی، لەوێنەی مۆدێڵی پۆست فۆردیزمدا، جگە لە دەرھێنان و فرۆشتنی ھەرزانبەھای نەوت و گاز و گرێبەستی گەورەی تەمومژاویی لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیا بیانییەکان و خواردنی نوقڵانەیان، ھەموو تێچونەکان کەمدەکاتەوە بە دانی مووچەشەوە. پڕۆژەی فرۆشتنی سێکتەرە ئابووریی و خزمەتگوزارییەکان بە کەرتی تایبەت گەڵاڵەدەکات. لەم قۆناغەوە دروستکردنی ژێرخانی ئابووریی و خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانیی دەبێت بە زاراوەیەکی نامۆ. ئەم سیاسەتە وەحشەتناکە ئابوورییەش بە پەلاماری موچەی خەڵک کۆتایی نایەت کە بەناوی پاشەکەوتەوە ھەموو قەرزە وەھمیی و حەقیقییەکانی خۆی پێدەداتەوە. لە راستییدا مۆدێڵی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی ساڵانێکە جگە لە بڵاوکردنەوەی کۆمیدییانەی خشتەی مووچە لە میدیاکان و زەلیلکردنی ئینسانی ئێمە و چەتەگەریی ئابووریی و دەوڵەمەندبوونێکی خێرای نوخبە سوڵتانییەکەیان و وێرانکردنی ژێرخان و ژینگەی کۆمەڵگا ئێمە، ھیچ بەرھەمێکی تریان بۆ ئەم ھەرێمە نەبووە.

پاش کۆتاییھاتن بە قۆناغی سەردەمی زێڕینی ئابووریی و سەرھەڵدانی ئەو ھەموو قەیرانە قووڵانە، پارتی بەناچاری مۆدێلی پۆست فۆردیزم لە ئاستە ئابوورییەکەی جێبەجێدەکات و لە ئاستە سیاسییەکەشی ستراتیژی فۆردیزم پەیڕەو دەکات. لەئاستە ئابوورییەکەیدا پارتی دەستدەکات بە کەمکردنەوە و دزینی مووچەی ھاونیشتیمانیان و پلانی فرۆشتنی کەرتی گشتیی بە کەرتی تایبەت دادەڕێژێت. لە ئاستە سیاسییەکەشیدا لە فۆرمی بەرخۆریی سیاسییدا دەستیکرد بە دابەشکردنی پۆست بەسەر نوخبەی سیاسیی و منداڵانی خانەوادە سوڵتانییەکانی تر لە حکومەت و دامەزراندن و بەشھەبوونیان لە سامان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆیان. بە بۆچوونی من وەھمی سەربەخۆیی ئابووریی و خۆشگوزەرانیی و لەناوبردنی گەندەڵیی لەناو ئەم سیستەمە سوڵتانییەی پارتی چەندە گەورەبوو، وەھمی کردنی سیستەمە سیاسییەکەشی بە پەرلەمانتاریی بە ھەڵبژاردنی نێچیروان لەناو پەرلەماندا، دە ھێندە گەورەترە.

بێگومان ئەم ستراتیژەش بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی بۆ نوخبە سوڵتانییەکانی تر بێ باج نییە. پارتی بەرامبەر بەم میھرەبانییە گەورەیە تەنھا وەلائەتی لە فۆرمی مکلەچیی و بێدەنگیی سیاسیی لەو ھێزانە دەوێت کە لە خواردنی سامان و داھاتی نیشتیمانییدا بەشدارییان پێدەکات. ھەر ئەم خاڵەشە وامان لێدەکات لەوە تێبگەین بۆچی ئەم ھەموو نادادیی و گەندەڵییە زەبەلاحانە بەبێدەنگیی تێدەپەڕێت و ھیچ ھێزێکی کاریگەر نەماوە فزەی لێوەبێت، تێدەگەین بۆچی پارتی پارەی پێنج مانگی موچەی لە بەغدا وەرگرتووە کەچی دەیدزێت و دەیداتەوە بە قەرزەکانی و ئەمەش ھیچ ناڕەزایەتییەکی سیاسیی دروستناکات و ھیچ کاریگەرییەکی نێگەتیڤیشی بەسەر دروستکردنی حکومەت و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمەوە نییە.

پارتی لەدوای ریفراندۆم و قەیرانە قووڵە ئابووریی و سیاسییەکانیەوە دەوڵەتی خۆشبژێویی و خۆشگوزەرانیی بۆ ھانیشتیمانیانی ناوێت، بۆئەوەی تاکەکان لەناو سیستەمە ئابوورییە رەیعییەکەی بەئارەزووی خۆیان کاڵا بکڕن و بەرخۆریی بکەن، بەڵکو خۆشبژێویی تەنھا بۆ ئەو نوخبە سوڵتانییانەی تر دابیندەکات کە ئامادەن قبوڵی ھەموو ئیملا سیاسییەکانی بکەن. ئەمەش ستراتیژێکە بۆ خۆرێکخستنەوە و گەرەنتییەکە بۆئەوەی لە گەندەڵییە گەورەکانی ناو سیستەمەکەی بێدەنگبن و پرۆژە سوڵتانییەکەشی وەکو کاڵایەکی سیاسیی لەڕێگای ئەوانەوە بە خەڵک بفرۆشێت و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش ھەڵبمژێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.