ئەمە جارێ ( لێ لێ ) یە .. ھێشتا ( لۆ لۆ ) ش ماوە !

لەلایەن ستاندار Posted on 308 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

کێشەی سەرکردایەتی پارتی لەوەدایە کە سەرباری ئەوەی دونیا بەگشتی گۆڕاوە ، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی سیاسەت و حوکمداریدا ، بەڵام ئەو تاکو ئێستاش بە ھەمان عەقڵییەتی ساڵانی شەست وحەفتاکان بیر ئەکاتەوەو ، ناتوانی خۆی لەو وەھمە دەرباز بکات و تۆزێک براگماتیانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانی روژدا بکات . سیاسەتیش وەک ھەر بوارێکی تری ژیان ھەمیشە لەگۆڕانکاریدایە ، ئەگەر حزبێک نەتوانێ خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێ ، ھەڵبەت دوا ئەکەوێت وشکست ئەھێنێ .

کێشەی ئێستای سەرانی پارتی لەوەدایە ، تاکو ئەمڕۆش گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی یەکێتییان پێ ئەزم ناکرێ ، لەوە تێناگەن کە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتیش وەکو ھەر حزبێکی زیندوو گۆڕانی بەسەردا ھاتوەو، نەوەیەکی تازەی گەنج شوێنی سەرکردە کلاسیکیەکانی گرتۆتەوە، بریارەکان زیاتر بەدەست ئەو نەوە تازەیەیە . لەوەش کارەساتتر ئەوەیە ، سەرکردایەتی پارتی تاکو ئەم لەحز‌یەش ئەم دەستە گەنجە بریار بەدەستەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی بە خائین وخاکفرۆش وەسف ئەکات و، لەھەمو بوارەکاندا دژایەتیان ئەکات ، ئەمەش ھۆکاری سەرەکی رێکنەکەوتنی یەکێتییە لەگەڵ پارتی لەسەر زۆربەی دۆسیەکانی ئەمرۆ ..

ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستاندا روویدا سەبارەت دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم ، بەشێکە لەو کێشە قووڵانەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی گەیاندە لێواری تەقیینەوە ، ئەمەش ھەمووی لەئەنجامی ھەڵە تێگەیشتنی پارتییە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی . ئەوەندەی پارتی لەھەوڵی پاشکۆکردنی بەشێک لەسەرکردە تەقلیدیەکانی ناو یەکێتییە، ئەوەندە ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاقمە گەنجەکەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی نەداوە ، کە ئەمرۆ واقیعەن باڵی دەسڕۆیشتووی ناو یەکێتیین .

تەحەددای یەکێتی لەھەموو پرسەکانی پەیوەست بە وەزعی ناوخۆی کوردستان ودژایەتیکردنی یەکێتی لەسەر ئاستی پرسەکانی بەغداو ناوچە دابڕێنراوەکان ، ھەر ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە ئەمڕۆ لەناو پەرلەماندا بینیمان ، کاریگەری خراپتریشی بەدوای خۆیدا ئەھێنێ .

ئێستاش تێناگەم پارتی بۆچی ناتوانی ئەو راستییە ئیستیعاب بکات کە جەماوەری یەکێتی لەکەرکوک زۆر لەوە گەورەترە ھیچ حزبێک بتوانێ ململانێی لەگەڵدا بکات ، ئەم لێکدانەوە خراپەشی وایکردوە تاکو ئەمڕۆش پارتی لەھەوڵی ئەوەدا بێ یەکێتی لەکەرکوک وەدەربنێ ، ئەگینا چ حیکمەتێکی تێدایە پارتی تاکو ئێستا رازی نەبێت بەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە یەکێتی کە ئەمە ھەم ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و ھەم ئیستحقاقی جەماوەریشە . تەنانەت پارتی رازییە کەسێکی شۆفینیزمی وەکو راکان جبوری لەم پۆستەدا بەردەوام بێت و رۆژ بەرۆژ دژایەتی کوردیش لەم پارێزگایەدا بکاتە سیاسەتی رۆژانەی خۆی وپێکھاتەکەی .

نزیکەی ساڵێکە پارتی رێگرە لەدانانی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی وەزیری دادی بەغدا ، ئەو کە خۆی خوازیاری ئەو پۆستەش نیە ، بەڵام تەنھا بۆ دژایەتی یەکێتی رازییە کەسایەتیەکی بێلایەن وەریبگری تەنھا بۆ یەکێتی نەبێ .

دوو ساڵ زیاترە پارتی و میدیاکانی رۆژ نیە بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بە خائین وەسف نەکەن ، رۆژانە لەمیدیا فەرمی وسێبەرەکانیەوە ھەوڵی ناوزڕاندن و ناشرێنکردنی سەرکردەکانی یەکێتی ئەدات ، دەیان تۆمەتی ناڕەواشیان ئەداتە پاڵ ئەو سەرکردانەی رازی نابن ببنە پاشکۆو گوێڕاێەڵی سەرانی پارتی .

پارتی ململانێیەکی ناڕەواو ناھەقی دکتۆر بەرھەمی کرد لەسەر پۆستی سەرۆکی عیراق ، لەکاتێکدا کوتلە عەرەبەکانی عیراق بەگشتی دەنگیان پێدا وھەڵیانبژارد ، پارتی نەک ھەر دەنگی نەدایە ، بەڵکو راشیانگەیاند کە بەسەرۆکی خۆیانی نازانن و تەنانەت ناشھێلن قاچ بخاتە ھەولێرەوە . ئێستا یەکێتیش مافی خۆیەتی بڵێ ، منیش نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی خۆمی نازانم ، ئەویش مافی ئەوەی نیە قاچ بنێتە سلێمانییەوە .

ئەمانە بەگشتی ھۆکاری سەرەکی گۆڕانی ھەڵوێستی سەرکردایەتی یەکێتین بەرامبەر بە دەسەڵاتی پارتی وسیاسەتە تاکڕەوییەکانی ، بۆیە ئەوەی لەناو پەرلەمان روویدا ئاماژەیەکی سەرەتاییە بۆ ھەڵویستی زۆر تووندتر بەرامبەر بەسیاسەتەکانی پارتی ، بەدووری نازانم ئەگەر پارتی خێرا بەخۆ نەکەوێ بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی بەرامبەر یەکێتی ، ھەرێم بەرەو دابەشبوونێکی خەتەرناک ئەبات . چونکە ئەوەی لەھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم روویدا ، شیمانەی دو‌وبارەبونەوەی ھەیە لەپرۆسەی دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتیش کە ھەمدیس کاندیدەکەی پارتییە ، لەم کاتەشدا یەکێتی بەتەواوی خۆی یەکللا ئەکاتەوەو لەپرۆسەی سیاسیی ھەرێمدا ئەکشێتەوە. ئەوسا بژاردەکان زۆر قوڕستر ئەبن .

ئەگەر پارتی چاوێک بەسیاسەتەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیدا نەخشێنێتەوە ، تا حەددیکی زۆر شەرعیەتی دەسەڵاتەکەشی لەدەست ئەدات، چونکە لەپرۆسەی داھاتوی دەنگدان بە کاندیدەکەی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت ھەمان ھەڵوێست دووبارە ئەبێتەوە ، بەمەش ھەم پەرلەمانێکی لاوازو ھەم حکومەتەکەشیان لاوازتر ئەبێ . بەھەردوو پۆستەکانەوە حوکمڕانی نیوەی ھەرێمی کوردستان ئەکەن .

ئەگەر پارتی ھەر وەکو پییشەی خۆی بە مەغرووری بڕیار بدات و بەگوێی تووندڕەوەکانی سەرکردایەتیەکەی بکات و ، ھەوڵبدات یەکێتی لەدەسەڵات دوو‌ر بخاتەوە بە کۆنتڕۆڵکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانو حکومەت و ، رەفزی شەڕاکەتی راستەقیینەش بکات ، بێگومان یەکێتیش بژاردەی تری بەدەستەوەیە کە پێشتریش کاری بۆ کردوە ، ئەو‌یش راگەیاندنی دوو ئیدارەیە ، ئەمەش بژاردە قوڕسەکەیە ، چونکە بێگومان یەکێتی ناتوانێ ببێتە ھێزێکی ئۆپۆسزیۆن لەناو پرۆسەی سیاسی ھەرێمداو، پارتیش ببێتە حزبی سەرکردەو دەسەڵاتدار .

سروشتی ئەم ھەرێمەی ئێمە ئەوەیە ، یان ئەبێ شەراکەتی راستەقیینە بەرجەستە بێت وەکو ساڵانی پێشتر ، یاخود دوو ئیدارەیی .

بژاردەی سێیەم بوونی نیە و نابێ ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.