ھەڵوەستەیەک لەسەر ھەڵوێستەکەی یەکێتی

لەلایەن ستاندار Posted on 210 جار بینراوە

د. محمد لەتیف
دیارە دوو پارتی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە پەیوەندیەکانیان کۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە بەوەی گرژی تێکەوتووە بە چەندین ھەورازو نشێودا تێپەڕیوە، بەڵام لە کۆتاییدا نەگەیشتۆتە بنبەست ئەوەش ھۆکاری زۆری ھەیە لەوانە گرینگتریان ھیچیان بەدیلی یەکتریان نەدۆزیوەتەوە، ھەرچەندە گۆڕان ھەندێکجار خۆی وەک ئەو بەدیلەی پارتی بەدوای دا دەگەڕێ بۆ یەکێتی پێشان دەدا بەڵام ئەوە ھەرگیز روونادات ئەمەش ھۆکاری زۆری ھەیە لێرەدا جێگای باسکردنی نیە.

ئەم ھەڵوێستەی بەم دواییەی یەکێتی چەند سەرنجێکی بەدوای خۆیدا ھێنا، لەوانە: یەکەم سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی جۆرێک لە جورئەتی پەیدا کردووە بەوەی بڵێ نەخێر بۆ پارتی ئەوەش داواکاریەکی گەوەرەو لەمێژینەی جەماوەرەکەیەتی دوای تەسلیمبوونێکی تەواوی یەکێتی بە ھەموو ئەجیندای پارتی. دووەم ھەندێک وای بۆدەچن ئەوە ڕەنگدانەوەی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیە چەند باڵێک دەسەڵاتی زیاتریان ھەیە بەسەر باڵەکانیترەوە بۆیە دەیانەوێ دەسەڵاتی خۆیان تاقیبکەنەوە لە بابەتە ھەستیارەکاندا. بۆچونی سێیەمیش ئەوەیە کە زۆنی رەنگاورەنگی ئێستاو سەوزی ڕابردوو ھەژموونی وڵاتێکی ئیقلیمی بەسەرەوەیە ئەو وڵاتەش نایەوێ ھەرێمێکی یەکگرتوو و پێشکەوتوو دروست بێتەوە بۆیە بەربەستی بۆ دروست دەکات لە ڕێگای یەکێتیەوە.

بۆچونی چوارەمیش کە بۆچونی خۆمە ئەوەیە کە ئەو ھەڵوێستەی یەکێتی بە دەنگنەدانی فراکسۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان بە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سیناریۆی پارتی و یەکێتیە بۆ لێدانی گۆران ھیچ پەیوەندی بە پارێزگاری کەرکوکەوە نیە چونکە تازە کەرکوک لەدەستی یەکێتی و پارتیدا نەماوە تا ئەوان موزایەدەی پێوە بکەن. بەڵگەش ئەوەیە پێشتریش ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە و لە پێش رێککەوتنەکەش ئەو دەنگۆیە ھەبوو کە یەکێتی ئامادەی کاراکردنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی ھەرێم نابێتەوە. ئامانجەکەشیان زیاتر سیاسی بوو لە دژی گۆڕان چونکە ئەوە داواکاری گۆڕان بوو کە دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم سڕ بکرێ و یەکێتیان پێ تاوانبار دەکرد کە ماوەی سەرۆکایەتی ھەریمیان بۆ پارتی درێژ کردووەتەوە لە ئێستادا گۆڕان دەبێتە ئەو روحەی بەبەر ئەو دەزگایە تاکەکەسیەوە دەکرێت دەبێ باجی ئەو ھەڵوێستەی بدات. وە ھەروەھا پێشتریش کەسیکی دەسترۆیشتووی ناو یەکێتی بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکانەوە نەیشاردەوە کە چەند نارازیە لە سیاسەتکردنی گۆڕان . ئەگەرنا ئەو ھەڵوێستە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆرێت سبەینێ یەکێتی و پارتی وەفدەکانیان دەنێرنەوە لای یەکتری و پێکدێنەوە حکومەتیش پێکدێنن.

لەو نێوانەشدا گۆڕان وەک ھێزێکی جەماوەریی لە رابردوو، بەدەست بەتاڵی دەنێرنەوە گردەکە چونکە تاکو ئێستا یەک بەندی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی بۆ جێبەجێ نەکراوە. ئەوە لەسەردەمی نەوشێروان نەکرا بەو بارودۆخەی ئێستای گۆڕان ھەر ناکرێ. تەنانەت ئەوەی زۆر شانازی پێوەدەکەن دەڵێن سیستەمەکەمان کردە پەرلەمانی ئەوە نیە سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەلدەبژێردرێت؟ ئەوەش وا نیە چونکە کاندیدەکەی پارتی لە پەرلەمان ھەڵنەبژێردرا بەڵکو متمانەی پێدرا و ناوی کاندیدەکانی تر ھەر نەخرانە دەنگدانەوە کە دەبوو بە پرۆسەیەکی دیمۆکراسیانەی نھێنی ئەمە روویدابا. لەلایەکی ترەوە سەرۆکی نوێی ھەرێم نە بەرپرسیارە لەبەردەم خەلک چونکە لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردراوە وە نە بەرپرسیاریشە بەرامبەر پەرلەمان و ھیچ دامەزراوەیەکی تر ئەوەش بە پێی یاسای کاراکردنەوەکەی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.