کەرکوک وداگیرکردنی خاکی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 210 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

دوێنی ٢٨/٥/٢٠١٩ شانۆگەرییەکەی پەرلەمانی کوردستان کۆتییپێھات و نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆکی ھەرێم و ئەو چوار کاندیدەکەی تر ھیچ دەنگیان نەھێناو ئەوەش جێی پێکەنینەو سەرسورمانەو لە ھەمان کاتیشدا جێی نێگەرانییە و ھەر بەوەش ئەزانرێت کارەکەی پەرلەمان گاڵتەجارییەکی بێوێنەیە و، لە مێژووداو لە سەرانسەری دونیا قەت رووی نەداوە لە ھەڵبژاردنی بەرلەمان چوار کاندید خۆیان بەپاڵێون بۆ سەرۆکی ھەریم یان سەرۆکی وڵات تەنھا یەک دەنگ بەدەستنھێنن و، لێرەدا پێویستە پەرلەمانتاران بەبێ ترس دەنگ ھەڵبرن و، وەڵامی خەڵک بدەنەوە..
باسی کەرکوک یان راستر شەری کەرکوک گەرمە و، رەفتارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دۆخی شارەکە کە خوێ لە بنەرەتدا ئاڵۆزە، ئاڵۆزتر ئەکەن و، بە چاوی بێرێزی سەیری یەکتر ئەکەن و، ھیچ نرخێک بۆ گەل و نیشتمان دانانێن و، ئارەزوومەندانە قەیرانە کەڵەکە کراوەکان قوڵتر ئەکەنەوە..
ھەر دوێنی لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان خەرێکی “” ھەڵپژاردن”” بوو، چەندەرمەو سوپای تورکیای رەگەزپەرست، بە ھەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرن ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر گوندەکانی کوردستان لە خواکورک و برادۆست و ناوچەکانی تر دەستپێکردو، لە چەندان ناوچە چێگیربوون و، ھێرشەکەی عوسمانلییەکان بە پانتایی ٥٠ کیلۆمەترو قوڵایی ٣٥ کیلۆمەترە.
ماوەی ھەشت مانگە پارتی و یەکێتی گاڵتە بە ھەستی ھاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی وخەڵکی کەرکوک بەتایبەتی ئەکەن و، جاروبار قسەی زبرو ناشیرین ئاراستەی یەکتر ئەکەن و، ھاوکات باسی یەکریزی و نەمانی قەیران و ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان ئەکەن و، تا ئێستا ناتوانن پارێزگارێک بۆ کەرکوک دیاری بکەن و، لەم دووایەدا گەمەکەیان گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت و، یەکێتی دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی نەداو، زەنگی مەترسیشی لێداو، یەکێتییەکان ئەڵێن ئەگەر پارتی بە شێوەی لوتبەرزی و بێمنەتی رەفتار بکات بەشداری حکومەتی کابینە نۆێ مەسرور بارزانی ناکەن.
پارتی و یەکێتی بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێککەوتنامەیان واژوو کردو بەڵام ئێستا پارتی رەتی ئەکاتەوە کە لە گەڵ یەکێتی رێککەوتنیان ھەبێت و، لە سەر زاری ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ئەڵێن: پارێزگاری کەرکوک ئەبێت کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری کوردی شاری کەرکوک بێت ، نە پارتی بێت و نە ‌یەکێتی، تا کار بۆ ھەموو کەرکوکیەکان بکات نەک لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، راشیگەیاند، پێشتر لەنێوان بەرپرسانی پارتی‌و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کراوەو بڕیارە گفتوگۆکانیش بۆ رێککەوتنی کۆتایی بەردەوام بێت.
تورکیا نیوەی خاکی باشووری کوردستانی داگێر کردوەو، بە ھێرشەکەی دوێنی شوێنی تریشی کەنترۆڵ کردو، تورکیا وەک خاوەن ماڵ رەفتار ئەکات و، لە کوردستان بێ لە تورکە تورانییەکان، کەسی تریان ھەیە بەتایبەت لە ناو بەرپرسە باڵاکان ‌و، لە باتی ئەوەی پارتی ویەکێتی چارەسەری کێشەکانیان بکەن و، پارێزگارێک بۆ کەرکوک بدۆزنەوەو یەکبگرن داوا بکەن ھێزو سوپاو جەندەرمەی تورکیا بچێتە دەرەوەو، خاکی کوردستان ئازاد بێت، بە پێچەوانەوە ئەچن بە گژی یەکترو، دڵەراوکی بۆ خەڵک دروست ئەکەن.
دۆخی شاری کەرکوک مەترسیدارەو، عەرەب و تورک یەکئەگرنەوە بۆ دژایتیکردنی کوردو، راکان چبوری پارێزگاری کەرکوک بە وکالەت ئەڵێت کەرکوک شارێکی عەرەبییەو، ناھێڵین جوداخوازان بۆ خۆیان دایبرن و، ماوەیەک لەمەوپێش مەولود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی رێکخراوەکانی تورکانی کردو، بێشەرمانە ڕایگەیاند، کەرکوک شارێکی تورکمانییەو، بەرپرسانی کوردستان لە پاش کارەساتەکەی ١٦ ی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و، لە پاش ‌ ھەڵاتنی پارێزگار نەجمەدین کەریم تا ئێستا شەریان لە سەر ئەوەیە کێ ئەبێتە پارێزگارو، لە ناو خۆیاندا تەبا نین و، پاشقول لە یەکتر ئەگرن و، باری خەڵگیان قورس کردووەو رۆژانە رووبەرووی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئەبنەوە. .
ھەلی زۆرو زێرین بۆ گەلی کوردستان لە کەرکوک و، سەرجەم ناوچە دابراوەکان رەخساو، بەرپرس و سەرانی کورد لە بەر دزی و گیرفان پرکردن و گەندەڵی و بەرژەوەندی تابەتی نەیانتوانی ئەو ھەلە زێرینانە بقۆزنەوەو، خۆیان بەستەوە بە مادەی (١٤٠) و، دەستوری عێراقی و، ، ھیچیان بۆ نەکراو لەمرۆشدا ئیفلیج و دۆش داماون و، لە جیاتی دەستکەوت ئەبێ مێشکوژ ھەڵگرن و، مێش قاو بدەن.
ئەگەر پارتی ویەکێتی دوور بکەونەوە لە بەرژەوندی حزبایەتی و پۆست و پلەو پایەو، فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی دەستوری عێراق و، داوا بکەن بەپێی مادەی (١٤٠) ی دەستوری ناوبراو، ھەنگاو بنێن بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەتوانن کەسێکی نیشمانپەروەر بۆ پارێزگاری کەرکوک دەستنیشان بکەن.
٢٩/٥/٢٠١٩.
.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.