ستاندەر
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر روداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و تەقینەوەكانی شەوی رابردو لە راگەیەندراوێكدا داوای دەكات پارێزگاری كەركوك بگۆڕدرێت و دۆسیەی ئەمنی شارە رادەستی پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بكرێت.
دهقی راگهیهندراوهكه:
لە دوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و لە پارێزگای كهركوك بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست بووە، كە سەر و ماڵی ھاوڵاتیان بە سەرجەم پێكھاتەكانەوە و بەتایبەت ھاوڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە، ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عیراق و میلیشیاكان بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی ھاوڵاتیانیان نییە.
لەگەڵ بەردەوامی ھەڕەشەكان بۆ سەر جوتیارانی كورد و ئەو ستەمەی بەرامبەریان دەكرێت لە سووتاندن و رێگریكردن لە دوورینەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان، ھەوڵدان بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان و نیشتەجێكردنی عەرەبی ھاوردە لە شوێنەكانیان، رووخاندنی خانووی ھاوڵاتیانی كورد لە ناوەندی شاری كهركوك بە بیانووی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەوی پێنجشەممە 30/5/2019 زنجیرەیەك تەقینەوە هاوڵاتیانی لە شاری كهركووك كردە ئامانج و دەیان هاوڵاتی بوونە قوربانی.
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییانە، داواكارین بە خێرایی كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی.
ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینین، كە سەرەڕای تێكدانی رەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكھاتەكان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داواكارین ھەرچی زووترە كاربكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە لە رێگای گرتنەبەری چەند ھەنگاوێك، كە بریتیین لە:
-كۆتاییھێنان بە دۆخی عەسكەرتاریەت لەو ناوچانە.
-گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شوێنەكانی پێشتر و پاراستنی كهركوك بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عیراق.
-رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی شارەكان بە پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
-گۆڕینی پارێزگاری بە وەكالەت و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای كهركوك، كە بە بێ ھەڵبژاردن و ویستی پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون.
-كاركردنی جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی 140) لە دەستووری عیراق، كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە دەبێت.
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان
31ی ئایاری 2019