سلاڤۆ ژیژێک لە ئەمستردام

لەلایەن ستاندار Posted on 223 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع
سبەی ئێوارە سلاڤۆ ژیژێک لە شاری ئەمستردامە و قسە لەسەر کتێبە تازەکەی دەکات. ژیژێک ناوێکی دیاری ناو دونیای بە گلۆباڵبووی ئەمڕۆیە، کەسێکە بە خەستی لەناو ئەو ڕووبەرە میدیاییە بەجیھانیبووەدا ئامادەیە کە لەم سەرەی دونیاوە بۆ ئەو سەری دونیا ئامادەگیی ھەیە. ڕۆژێک لە کەنەدایە و لەگەڵ جۆردن پیترسۆن دا دیبات دەکات، ڕۆژێکی تر لە پاریس و کاتێکی تر لە لەندەن و جارێک لە نیویورک و سبەی شەویش لە ئەمستردامە. بۆ ھەرشوێنێکیش دەچێت کامپینێکی میدیایی گەورەی بەدواوەیە. ھەندێک کەس بە بیریارێکی ڕادیکاڵی گەورەی دەزانن و ھەندێکی تریش بە دەمدرێژێکی دەجال.

لەناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا کەسانێک ھەن خەریکی وەرگێڕانی کتێبەکانی ئەم پیاوەن و لەمڕوەوە کارێکی باش دەکەن کە فیکری ئەم پیاوە دەخەنە بەردەستی خوێنەری کورد، بەڵام کەسانێکیتر ھەن لاساییەکی تەواوی شێوازی نووسین و تەنانەت شێوازی قسەکردنەکانیشی دەکەنەوە، لاسایی دیوە ناشیرین و نارسیستیەکەی ژیژێک و جەنگە خورافییەکانی. ئەوانیش وەک ژیژێک زۆرینەی مرۆڤایەتی بە گەمژە دەزانن و وەک ئەویش دژ بە دیموکراسیەت و لە شەڕێکی خورافیدان لەگەڵ کاپیتالیزمدا.

لەبڕێکی زۆری ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەوروپادا ژیژێک وەک نووسەرێکی قابیلی خوێندنەوە مامەڵەناکرێت، لانیەکەم ژیژێکی پازدە یان بیست ساڵی ڕابردوو. خوێنەری ژیژێک کەسە شارەزا و لێزانەکانی ئەو بوارانە نیین کە ژیژێک قسەیان لەسەردەکات، بەڵکو ئەو خوێەنەرە سەتحییە سادانەن کە لەسەر زۆر شت زانیارییەکی کەم و سەرەتاییان ھەیە و ئەو کەم زانیاریانەش بەسەرەتا و کۆتایی فیکر و مەعریفە و ڕادیکابوون دەزانن.

ژیژێک و خوێنەرەکانی لەناو نەخشە ئاڵۆز و پلورالەکانی فیکری ئەوروپییدا سوچێکی بچووکیان ھەیە، بەڵام لەناو ناوەندێکی ڕۆشنبیریی سادە و پڕ گرفتی وەک ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، زۆربەی ھەوادارەکانی ھەڵگری خەیاڵ و زمانی بە گەمژەکردن و بە گەمژە ناساندنی ھەموو دونیان. ژیژێک بووە بەسەرچاوی فوکردن بە نارسیزمێکی پاسۆلۆژیدا کە لەسەر بێنرخکردنێکی تەواوی مرۆڤ کاردەکات. لە ئەوروپادا ئەم جۆرە بەرخورد و تێفکرین و قسەکردنانە مایەڵی گاڵتەجاڕیی و کاتبەسەربردن و پێکەنینە، بەڵام لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا ھەڵگریی توندوتیژییەکی رەمزیی ترسناکە و لەسەر نەفیکردنی ھەموو فیکرێک کاردەکات کە نەچێتە ناو زمان و نەخشە و گاڵتەجاڕیی و نوکتە ژیژێکییەکانەوە. لە دونیای ئێمەدا ژیژێک ”خێڵێکی ئایدیۆلۆژیی“ تازەی دروستکردوە کە دوژمنێکی سەرسەختی ھەموو فۆرمێکی پلورالیزمن.

ژیژێک سەدان کۆپی خۆی لە زیاد لە قوژبنێکی دونیادا دروستکردوە و ئەو کۆپیانەش زۆر لە نوسخە ئەسڵیەیکە خراپتر و وێرانترن. زۆرێک لەم نوسخە کۆپییانە خۆیان وەک ”چەپگەر“ێکی ڕادیکاڵ نمایشدەکەن، کە زۆرجار جگە لە قسەی بازاڕیی ووتن بە ھەموو کەس و بە ھەموو شتێک لە خۆیان نەچێت، شتێکی قابیلی گوێلێگرتنیان نییە بیڵێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.