ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەگەرێکی ترسناکدا

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

كمال محمد

کاتێک ئەم دێڕانە ئەنوسم یان بەر دیدەی خوێنەر ئەکەوێت ،دەرک بەوە ئەکەم کە چۆن ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەش لە ناو چوارچێوەیەکی سنورە کێشراوەکانی سیستەمی وڵاتانی سەرمایەداریدایە ،بۆیە ھەرگیز ناتوانرێت نکوڵی لەوە بکرێت ئەگەر خوێندنەوەیەکی جددی و راستی بۆ بکرێت ،کاتێک فراوان کردنی ئاسۆی بیرکردنەوەو قاڵبونەوە لەسەر دۆخی ئێستا بکرێتە بنەمای ھێز و توانای دەرک پێ کردن ،بەم جۆرە زیاتر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ئەرەخسێنێت ببینە خاوەنی خوێندنەوەو زانیارییەکی بەرجەستە ،

لەدوای نزیکەی ٢٥٠ رۆژ لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھێزەکان تائێستا نەگەشتونەتە رێکەوتنێکی کۆتای بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ،بەتایبەت ھەردو ھێزی دەسەڵاتداری دابەش بو بەسەر جوگرافیای ھەرێمەکە دوای چەندین کۆبونەوەو رێکەوتن لەکۆتاییدا رێکنەکەوتنی بەدواداھات کە ھۆکارەکەی بۆ کێشەکانی کەرکوک و بەغدا ئەگەرێننەوە لەلایەن ھەریەک لەم دو ھێزە خۆیانەوە ،

نەدۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆی بەردەم ھەرێمی کوردستان دور نییە دواجار ھۆکارێک بێت بۆ شەر و وێرانکارییەکی دیکە و ھەروەھا ئەو چارەنوسەی چاوەڕوانی ئەکات قەیرانێکی واقعی بۆ ھەرە دوایی بھێڵێتەوە ،نمونەی ئەمەش بەدی ئەکرێت ئەگەر بگەرێینەوە بۆ لاپەرەکانی مێژوی نەتەوەکەمان ،ھەربۆیە روداوەکان لە ئێستادا شتێک نییە مایەی تێگەیشتن نەبێت ، بەتایبەت شەڕی رادیکاڵیزم و تیرۆریزم و سەرلەنوێ سەرھەڵدانەوەی تەعریب لەناوچە کوردستانییەکان و کەرکوک بەتایبەتی زیاتر کورد و کوردستان وەک قۆچی قوربانی بەکار ئەھێنێت و ڕۆڵێکی ستراتیژی بۆ کورد ناھێڵێتەوە ،

بێگومان لە دوای روداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ناوچە دابڕاوەکان ئاڵۆزتر بوە ،تەنانەت ئەو شارەی کە بە قودسی کوردستان ناوی ئەھێنرا ئێستا ھەنگاو بەرەو دۆخێکی قورستری کارەسات ئەنێت و دور نییەھیواکانی داھاتوی کوردستانیبونی ئەم شارەش نەخاتەچاڵی تاریکییەوە ،لێرە دەبێت ئەوە باش بزانین ئەو شارەی کە تا دوێنی سرکردایەتی کورد و ئەنجامدەرانی ریفراندۆم وەک ڕێگایەکی بەدەوڵەت بون بەکاریان ئەھێنا ئێستا بۆ دەنگیان نایەت ،ئایا مەسەلەکە خەم خۆری بو بۆ ئەو شارە یان خەمی لەپێشینەیان نەوتەکە بوو ؟

پارتی لە کەرکوک و موسڵ !
لێرەدا بەئامانجی سەرنجڕاکێشان بۆ سیاسەتی پارتی لەئاست ھەردو پارێزگای کەرکوک و موسڵ پێویستە ئاماژە بەم سیاسەتە بکەین ،کەسەرای ھەمو جۆرە فشار و گەمەیەکی سیاسی دەرەوەو ناوەوە ئامادەی پاڵپشتیکردن و دەنگدان ئەبێت پارێزگاری موسڵ ،کە سەربە کوتلەی یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبیە ،بەڵام نەفی ئەم پاڵپشتییە ئەکات لە دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک کە بەدڵی کەرکوکییەکان بێت ،ئەم جیاوازییە سیاسییە پارچە بونی یەک ھەڵوێستی کوردی ھاتە سەر بە جۆرێک کە کەکوک و کەرکوکییەکان بە گرفتی خۆیان دانەنابێت ،

بەرلە ھەمو شتێک بێ ئیرادەیی ونەبونی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی لای ھێزە سیاسییەکان ئەبێتە ھۆکارێک بۆ یارمەتی و رێبەرایەتی بۆ سیاسەت و ستراتیژی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بە چەک و تەقەمەنی و خوێنی خۆیان ،خۆیان بەرامبەر بەو ھەڕەشەیە بێ باک ببینن کەلە بەردەم نەتەوەکەماندایە ، وێڕای تەواوی ئەو ھێرش و پەلامار و خاک بەزاندنانەی کە بۆ سەر ھەرێمەکەمان کراوەو ئەکرێت لە وڵاتی تورکیاوە بۆسەر پارتی کرێکاران لەئێستادا کە قۆناغێکی مەترسیداری دروست کردوە لە کاتی نەبونی ھیچ ھەڵوێست و دەنگێکی ناڕەزایی لەلایەن حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ھێزەکانەوە میدیاشی بەدوادابێت ،

چاوتێبڕین و ھەژمونی ھەردو وڵاتی تورکیاو ئێران و دروستکردنی بەرەی مەزھەبی شیعەو سوننەو ڕێگای لەپێش نامۆ بونێکی مەترسیداری کورد کردۆتەوە ، بەشێوەک کە ھێزە سیاسییەکان دەستبەرداری بونی خۆیان بون وەک ھێزێکی نەتەوەیی بۆئەوەی ھەر دەرفەتێک کە ھاتەپێش بەفیڕۆیان بدات ،بۆ ئەوەی قۆناغی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بونیادی سەربەخۆیی نەیەتە بوون ،رەنگە ئەمانەش ھۆکار بێت بۆ پێکنەھاتنی ھێزەکان بۆ کابینەی نۆ ،بۆیە ئەوەی ئێستا گوزارشت لە دۆخەکە ئەکات لەو بۆچونە دورکەوتۆتەوە کە پەیوەندی بە ناکۆکی نێو خۆی حیزبەکانەوە ھەبێت ،بۆیە دورنییە ئەو ئەگەرەی کە مەترسییەک و شەرێک بۆ ھەرێمەکە بھێنێتە بوون کە خۆیان بەشێک بن لەو بونیادە کە ئەبێتە مەترسییەک بۆ ناسییونالیزمی کوردی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.