یەکەم کابینە لەدوای ٤٥ڕۆژ لە ھەڵبژاردن پێکھات

لەلایەن ستاندار Posted on 284 جار بینراوە

ئارام ھادی

٭یەکەم ھەڵبژاردن و یەکەم کابینەی حکومەت
یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێم لەساڵی ١٩٩٢چل و پێنج ڕۆژ دوای یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکھات، ئەمە لەکاتێکدا لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئەزمونێکی ئیداریشیان نەبو، بەڵام بەداخەوە لەدوای ئەزمونی پێنج ھەڵبژاردن و ٢٨ساڵ لە حوکمڕانی و ھەشت کابینەی پێشو، کابینەی نۆیەم لەپاش ٢٥٢ڕۆژ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا پێکنەھاتوە!!، سەرباری نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کەرکوک لەنێوان یەکێتی و پارتی بەشەکەیتری پەیوەندی بە دەستوەردانی دەرەکی یەوە ھەیە.

٭کەرکوک
سەرباری داواکاری بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عیراقی، یەکێتی کەرکوکی کردۆتە چەقی یەکلاکەرەوە بۆ بەشداری لە کابینەی نۆ، پارتیش ڕێگرە لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و ھەرچی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە ھەیە بێدەنگە و بۆ ئەم بابەتەش (د. سابیری ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان) لە بەرنامەیەکی تاوتوێی کەناڵی (NRT)یدا وتی “ئێمە وەک گۆڕان ھەرێم بە گرنگتر دەزانین و پێمان وایە دەبێت حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت ئینجا کێشەی کەرکوک چارەسەربکرێت”!!، ئەمانەش لەکاتێکدایە ڕەوشی کەرکوک لەنێوان دەسەڵاتی تاکڕەوی بغداد و دەستوەردانی تورکیا لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە.
ھەر سەبارەت بە کەرکوک گەر لەنزیکترین کاتدا پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک ڕێکنەکەون و دواتر ھەرێم و بغدادیش پێکەوە لەسەر کەرکوک نەگەنە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە لە داھاتویەکی نزیکدا حوکمی ئەو شارە بکەوێتە دەست تورکیا و ئیران.

*ئەسپەکەی ڕێبوار کەریم وەلی
ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنوس، بەھۆی نزیکی لە نێچیرڤان بارزانی یەوە ئاگاداری مەعلوماتی ناوپارتی یە، بەگاڵتە نەیوت پارتی بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئەسپی تەروادە بەکاردەھێنێت بۆ قایمکردنی جێپێی خۆی لە ناوچەی سلێمانی، سەلمێنەری ئەم قسەیە ئەوەیە کە تائێستا گۆڕان وەک ھێزی سێ یەمی بەشدار لەکابینەی نۆ (کەتائێستاش پێکنەھاتوە)، تەنھا بۆ جارێک ھاوکاری یەکێتی نەبوە لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوکدا، لەکاتێکدا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت فشارێکی جدی لەسەر پارتی دروست بکات تەنھا بە بەیاننامەیەک، بەڕاستی سەیرە کە بۆچی بە ھەموو سیاسەتەکانی پارتی ڕازی یە بەتایبەت سەبارەت بە کەرکوک کە سیاسەتێکی زۆر ھەڵەیە!!.

*یەکێتی لەپرسی کەرکوکدا بەتەنھا ماوەتەوە!!.
١. پارتی سیاسەتی گۆڕینی دوژمنێک بە دوژمنێکی زۆر ترسناکتر (عیراق بە تورکیا) لە کەرکوک پیادە دەکات، لەکاتێکدا تورکیا ٥ھەزار تورکمانی ئەندامی (بەرەی تورکمانی)پڕچەککردوە و ھاوکات (بەقسەی غازی کەرکوکی جێگری مەڵبەندی ٢ی کەرکوکی یەکێتی)یش بێت کە بۆ ڕۆژنیوز داوە و دەڵێ “تادێت ژمارەی بەکرێگیراوانی میتی تورکی لەشارەکە لەبەرزبونەوەدایە”.

٢. گۆڕان لەبەر چونە ناو حکومەت لەھەمووشتێک بێدەنگە!!، ئەمەش لەکاتێکدا جاری پێشوو کێکەکەیان لێکردن بە ژەھر، باوەڕناکرێت سوێندخواردنی پارتی بۆ گۆڕان ڕێگربێت لە دووبارە بونەوەی سیاسەتی پێشووی پارتی دەرحەق بە بزوتنەوەی گۆڕان لەسیستەمی حوکمڕانیدا، کە داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی لێکەوتەوە، لانی کەم پێش دروستبونی حکومەت دەکرێت گۆڕان پارتی تاقیبکاتەوە و فشارێکی لەسەر دروست بکات بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوک تەنھا یەک ڕستەی پێبڵێ (تا ڕەوشی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداری حکومەت نابین) ئەمەش ھێندە قورس نیە.

٣. کەرکو تەنھا پەیوەندی بە یەکێتی یەوە نیە وەک چۆن تەنھا پەیوەندی بەو لایەنانەشەوە نیە کە بەشداری حکومەت دەکەن، (یەکێتی کە ئێستا زۆرینەی دەنگی ھەڵبژاردنی ڕابردووی بەدەستەوەیە ئەمە ناکاتە ئەوەی لایەنەکانیتر خۆیان لەپرسەکانی ئەو شارە بەدووربگرن)چونکە کەرکوک قوڵایی ستراتیژی کوردە، ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە کە ھیچ حزبێکی کوردی جگە لە یەکێتی ھیچ قسەیەکیان لەسەر کەرکوک نیە و ھەنگاوێک نانێن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، لەکاتێکدا ھەمووشیان دەزانن کە ئەو شارە لەلێواری لەدەستچونە، ئەدی (کۆمەڵ. یەکگرتو. نەوەی نوێ. زەحمەتکێشان. شیوعی. ھتدد بۆ بێدەنگن؟!!.

٤. بەڕاستی حەقە یەکێتی لەسەر داواکاریەکانی بەتایبەت پرسی کەرکوک یەک تۆزقاڵ پاشەکشەنەکات، تا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداری حکومەت نەکات، گەر ھات و پارتی و گۆڕان بەبێ ئاساییکردنەوەی کەرکوک و حساب نەکردن بۆ داواکانی یەکێتی حکومەتیان پێکھێنا لەوەھا دۆخێکدا یەکێتیش حەقی خۆیەتی گۆڕانکاری لە پلانەکانیدا بکات و بەجۆرێکیتر بیر لە سیستەمی ئیدارەدانی ھەرێم بکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.