کابینەی نوێی مەسڕوڕ بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 215 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

وێنەی مەسڕوڕ لە ھەرێمی کوردستاندا وینەیەکی جوان نییە. ھەمیشەش لە بەرانبەر نێچیرڤان بارزانییدا وەک کەسێکی توندڕەو و زۆر نەریتپارێز تەماشاکراوە، لە راستییدا ھەردوکیان دونیابینییەکی ھاوبەشیان ھەیە بەڵام نێچیرڤان دیپلۆماسییتر بوە و پۆستەکەشی وای خواستوە وا دەربکەوێت.
مەسڕوڕ بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیران و بێھەبونی ھیچ روئیایەکی حوکمڕانیی. ئەو نە روئیای حوکمڕانیی ھەیە، نە روئیایەکی دیموکراسیی. تەواوی سەرکەوتنەکانی مەسڕوڕ بارزانیی لەوەدا کورتکراونەتەوە کە “ئەندازیاری ئارامی”ی بوە، ئەمە لەکاتێکدا ھەمومان دەزانین ئارامیی لای پارتیی واتا نەبونی ھیچ دەنگێکی ناڕازیی و خۆسەپاندنی سیاسیی و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بە زەبری ھێز و دەستگیرکردنی دەیان کەسی دیندار لەژێر قانونی دژایەتییکردنی تیرۆریزم و روبەڕوبونەوەی ئیسلامیی جیھادیی.
ئەو دەبێتە سەرۆکی حکومەت. بۆ ئەو مەبەستە دەتوانێت وێنەیەکی دیکەی خۆی لە یەکەم ھەنگاوی پێکھێنانی کابینەی نوێدا پیشان بدات. بۆ نمونە دەتوانێت بەسەر ھەمو حیزبە بەشدارەکانی کابینەی نوێدا بسەلمێنێت کە لە سەدا سیی پۆستەکان بۆ ژنان بێت.
لە کابینەی پێشو تەنھا یەک وەزیر ژن بو، ئەگەر سەرکەوتوتر نەبێت لە وەزیرەکانی تر، بەدڵنیایی ناسەرکەوتوتر نەبوە. لەوە ھەرگەڕێ وەزیرە پیاوەکان بەشێکی زۆر گەندەڵ و ناکارامە بون، تێیاندایە ھۆکارێکی گەورەی قەیرانەکانە. ماناشی نییە لە پارلەماندا ژنان کۆتایان ھەبێت بەڵام لە پۆستەکانی حکومەتدا نەیانبێت، یان با کۆتا لە پارلەمانیش نەبێت، یان با لەناو دەزگاکانی حکومەتیش رەنگبداتەوە. -بەڵێ، کۆتا زۆرجار ھەندێک کەس دێنێتە پێشەوە کە بە کەڵکی پۆستەکان نایەن، بەڵام وەک قۆناغی سەرەتا خراپ نییە، بەتایبەت کە لە ھەرێمی کوردستاندا تاکە رێگەیە بتوانین باڵانسی جێندەریی ھێدی-ھێدی بەدەستبێنین. ئەگەرنا بە رای زۆر کەس، کۆتا بەگشتیی زۆرجار دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەوانەی کۆتایان پێدەبەخشرێت وەک ئیمتیازێکی گارەنتییکراو لەو پۆستانە بڕوانن و ھەوڵی خۆپێشخستن و ململانێ نەدەن.
ھەروەھا مەسڕوڕ بارزانی وێنەیەکی زۆر ناشیرینیشی ھەیە لای رۆژنامەنوسانی کوردستان، تەنانەت جیھانیش. ئەو بەناڕاستەوخۆیی لەلایەن میدیاکارانی کوردستان و خێزانی بنەماڵەی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراوەوە، تۆمەتباردەکرێت کەوەی دەستی ھەبوە لە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسانە. دەزگاکەشی زۆر فاشیل و شکستخواردو بو لە دۆزینەوەی بکوژانی رۆژنامەنوسان. لە کوشتنی سەردەشت عوسمان رۆژنامەنوسیش، زیاتر ئەو کەیسە روبەڕوی ئەو کرایەوە. ھەروەھا لە کەیسی کوشتنی وەدات حوسێینیش لە دھۆک. بۆیە، ناکرێت کەسێک سەرۆک وەزیران بێت و لای رۆژنامەنوسانیش بە بکوژی رۆژنامەنوسان تۆمەتباربکرێت. ئەو پەیوەندیی نێوان رۆژنامەنوسان و حکومەت ھێندەی تر خراپ دەبێت. مەسڕوڕ بارزانی فاشیل بوە لەوەی لەڕێی دەزگاکەیی و دادگاکانەوە راستیی ئەو روداوانە نیشانبدات، بۆیە زۆر گرنگە لەو روەش وێنەیەکی دیکەی خۆی نیشانبدات کە پێناچێت لەوەدا سەرکەوتو بێت، ئەگەر بشتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ رۆژنامەنوسان و میدیا باش بکات، ئەوا کەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسان وەک پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی خۆیی و دەزگاکەیەوە دەمێنێت تا راستیی روداوەکان ئاشکرا دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.