لەتیف فاتیح فەرەج
پێش ئەوەی دەستبکەم بە نوسینی ئەم وتارە بە ڕێکەوت رۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمارە لە دار دراوەکەی مھابادم لە بەر دەست بوو ، لە ٢ی مارسی ١٩٤٦ و لە لاپەڕە ٤ لە ژێر ناوی “ئەخباری نێو خۆمان ” باسی گەیشتنی مەلامستەفاو بارزانیەکانی ھاوڕێی بە مھاباد دەکات ، کە سێ رۆژ پێشتر گەیشتون ، تەنانەت لە ھەواڵەکەدا باسی سەعاتی گەیشتنەکەش کراوە ” ساتی ٥ی پاش نیوەڕۆ واردی مھاباد بوون ” باسی پێشوازی گەرمی حزبی دیموکرات و دواتر پێشەوالەوان دەکات ، لە بارەی بارزانیەوە دەنوسێ ” پیاوێکی سیاسی و زەعیمێکی کوردی بارزانە ” ھەروەھا دەڵێ ” زاناو تێگەیشتوە موتەمەدن و نیشتمانپەرستە “لە ژمارەکانی تریشدا باسی سەردانی بارزانی بۆ شوێنەکانی مھابادو سەربازگەکان دەکات ، لە ژمارە ٣١لە لاپەڕەی یەکەمدا ھاشم خەلیل زادە لە سەر مەلامستەفا وەڵامێکی توندی رۆژنامەوانێکی تورک دەداتەوە .
ئەم بیر خستنەوەیەم بۆ ئەوەیە بڵێم ھەمیشە بارزانیەکان بە چاوی رێزەوە لە ھەر چوار پارچە ی کوردستانسەیریان کراوە ، کێشە لە خەڵکا نیە ئەگەر لێرەو لەوێ جیاوازیش ھەبووبێت ، کێشەکە لە بارزانیەکاندایە بە تایبەت قسەی ئێستای منلە سەر ھەردوو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتە ، دوو ئامۆزاکە ، ئاخۆ چۆن وڵات بەڕێوە دەبەن ، چۆن برینەکان ساڕێژدەکەن ، چۆن ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابین دەکەن ، قسە لەسەر ئەوەیە ئایە ئەوان دەبنە سەرۆکی ھەرێم و حکومەتی ھەموو کوردستانی باشور یان سەرۆکی ھەرێم و حکومەتی پارتەکەی خۆیان و یەک ناوچە ، ئەوان دەتوانن ھەمان ئەو خۆشەویستیەی خەڵکی مھاباد زندوو بکەنەوە لە سلێمانی وگەرمیان و کەرکوک و راپەڕین و ھەڵەبجەو شوێنەکانی تر ، یان ھەردریًژە بەو نادادیە دەدرێت و بیانوەکەش ئەوە دەبێت کە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە لای ئەوان نیە .
دادگەری و بە یەک چاوڕوانینە خەڵک و ناوچەکان ئەرکی ئاکاری دوو ئامۆزاکەیە ، ناکرێت بودجەی قەزایەکی بادینان لە بودجەی قەزایەکی سلێمانی زیاتر بێت ، ناکرێت سەرۆکی ھەرێم و حکومەت چاویان بەس پارتیەکان و لە ناو پارتیەکانیشدا ئەوانەی لە بەر دڵانن ببینن و ئاگاداری ئەندامەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئەوانی تر نەبن ، زەوی و پارە بۆ پارتیەکان ھەبێت ، بۆ عەرەب و فڵان و فیسار ھەبێت ، بۆ ئەوانی حزبەکانی دیکە نا ، ناکرێت جیاوازی لە نێوان ھاونیشتمانیەکاندا بکرێت کە ئێستا بە بەربادی ھەیە ، ناکرێت دوو ئامۆزا ھەر لە خەمی ئەوانەدا بن کە ماستاویان بۆ دەکەن و پیایاندا ھەڵدەڵێن و پشت بکەنە ئەوانەی رەخنەیان لێدەگرن و دەیانگرێنن ، دۆست ئەوەیە بیانگرێنێ نەک ئەوەی ماستاویان بۆ دەکات .
ھەردوو سەرۆکی ھەرێم و حکومەت زۆر برین و کەلێن و کێشە ھەیە دەبێت چارەسەری بکەن ، دەبێت جۆنلۆکانە بیر لە لێبوردەیی بکەنەوە ، دەبێت وەک دھۆک سەیری سلێمانی بکەن ، وەک زاخۆ سەیری چەمچەماڵ ، وەک بارزان سەیری رزگاری ، ئەرکی ئەوانە ئارامی وئاسایش بۆ ھەموو لایەک دابین بکەن بەوانەشەوە کە رەخنەیان لێدەگرن ، بەوانەشەوە کە لە گەڵ ئەوان نین ، ئەرکی ئەوانەژیانی ھاونیشتمانیەکان بپارێزن ، داوای بوردن لە دایکی جگەر سوتاوەکان بکەن ، ئەرکی ئەوانە تەمبێی جنێو فرۆشەکانی نێو حزبەکەیان بکەن ، تاخەڵکی تر ناچاری توند و تیژی وەڵام دانەوە نەبێت ، ئەرکی ئەوانە خەباتی ناتوندو تیژی پەرە پێبدەن ، لە سەر خەباتی ناتوندو تیژی قسەی ترمان دەبێت .
دوا قسەشم بۆ ئەوانئەوەیە ئەوی بۆ پارە بە شان وباڵی ئەوانا ھەڵئەدات بە پارەی زیاتر بۆ دوژمنەکەی ئەوان سەما ئەکات .
بە قسەی عەلی عەونی و ئاراسی حەسۆ میرخانیش مەکەن جیاوازی دوو ڕووی نیە ، نەبادا ئەمە سەرەتای دیکتاتۆریەت بێت