گۆڕان لە چیدا جیاوازە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 250 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی و جەماوەری کاریگەر لە دەرکەوتنیەوە تا ئێستا بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دژایەتی و لێدان و هێرشکردن و بەرتەسکردنەوەی زیاتر و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی زیاتر و تەنانەت هەوڵدان بۆ پوکانەوەی یەکجارەکی دابووە . بەڵام دامەزرێنەر و شێوازی دامەزراندن و بەرنامە و ئامانجی و شێوازی کارکردنی و پشتیوانانی ئەم بزوتنەوەیە بەهەمان شێوە هۆکارێکی کاریگەر بوون بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ئەم هەڕەشانە .
بە باوەڕی من ئەم دژایەتی و هەڕەشانەی لە ڕابردوو دا هەبوون و لە ئێستاش بۆسەر بزوتنەوەکە دەکرێت دژایەتی نیە بۆ خودی بزوتنەوەکە وەک حزب ئەوەندەی دژایەتی و ترسە بۆ بیری دامەزراو و ڕەگ داکوتاوی بزوتنەوەکە . چونکە بیری گۆڕان و گۆڕانکاری بەردەوام هەڕەشەیەکە بۆ ئەوانەی کار و بیرو بەرنامە و ئامانجیان بۆ وەک خۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگایە و ئەسپی خۆیان لە دۆخی چەقبەستوو تاودەدەن.
کەواتە دژایەتی بیری گۆڕان و گۆڕانکاری حەتمیە و دەبێت ڕوبدات وەک ئەوەی بینیومانە و دەیبینین، بەڵام لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆریان بەرەو ئاوابوون دەچێت نەک ئەوانەی خوازیاری ژیان و ڕۆژگارێکی پڕ لە کامەرانی و خۆشگوزەرانی و یەکسانین.

ئەگەر بە زمانێکی سادە بپرسین بۆ دەبێت لە ئێستادا پاڵپشتی گۆڕان بین؟ گۆڕان لە چیدا جیاوازە ؟
ئەوە دەکرێت بە چەند جیاوازیەکی سادەتر لە پرسیارەکە ئەو ڕاستیە بخرێتە ڕوو .
گۆڕان لە چیدا جیاوازە ؟
ئەگەر زۆر بە سادەیی بەراورد کاریەک بکەین لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە نەیارەکانی لە ڕووی بیر و هەڵوێست و کەسی و سەرکردایەتی کردن و شێوازی کارکردن و بەردەوام بوون و خۆبەڕێوەبەری و بڕیاردان و ئامانجەکانی و کاریگەریەکانی لەسەر خەڵک و ژیانی خەڵک، بەچەند خاڵێکی کورت و سادە تێیدەگەین کە لە چیدا جیاوازە و ئەم دژایەتیە زۆرە لە پای چی ؟

یەکەم / گۆڕان خاوەنی جوانترین هەڵوێستەکان بوە کە حزبێکی سیاسی وەک گۆڕان دەتوانێت شانازی پێوە بکات لە ڕوی نیشتمانی و نەتەوەیی هیچ کات نەبوە بە جێبەجێکاری فەرمانەکانی وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران، هەردەم پاڵپشتی مافەڕەواکانی گەلی کورد بوە لە پارچەکانی تر . لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجانەی بۆی دروستبوە لە سەروەری یاسا و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیش لە باشور هیچ کات لە ئامانجەکانی لای نەداوە، بەڵک و لە خراپترین بارودۆخدا هەوڵی داوە ڕێگای گەیشتن بە ئامانج بگۆڕێت نەک ئامانج . ئایا ئەمە جیاوازی نیە بۆ ئەوەی دژایەتی بکرێت ؟

دووەم / ئەگەر جیاواز نیە لە ئەوانی تر بۆ دژایەتی دەکرێت ؟ ئایا کام لە کادیر و هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان لە مەکۆکان و ئۆرگانەکانی تری گۆڕان کاری حزبی بۆ گۆڕان دەکەن و موچەکانیان لە لایەن حکومەتەوە بۆ دابین کراوە ؟ کامە بەرپرسی گۆڕان لە ئۆرگانێکی حزبی ئۆتۆمبێلێکی لەسەر حسابی حکومەت و بە پارەی خەڵک بۆ کڕدراوە و کاری حزبیی گۆڕان و کەسی و ماڵ و منداڵی پێدەکات ؟
کامە باژێروانی گۆڕان کە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبەیە پاسەوانی هەیە و ئۆتۆمبێلی حزبی پێیە، کە لەسەر حسابی ئەم میللەتە بۆی کڕدرابێت ؟ کامە لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەکۆکان پاسەوان و ئۆتۆمبێلی حزبی بە پارە کڕدراوی حکومەتیان لایە ؟ بە بەراورد بە هەمان ئۆرگان لەو حزبانەی تا ئێستا حوکمی ئەم هەرێمەیان کردوە . ئایا ناکرێت ئەم جیاوازیە ساکارانە لە بنەڕەتدا ئاڵۆزو گەورانە لەبەر چاو بگیرێن ؟ ئایا کۆمەڵگە ئەم جۆرە کارکردن و بیرکردنەوەی دەوێت یا پێچەوانەکەی ؟ ئایا پێویست ناکات لەمەدوا ئەمانە پەرەیان پێبدرێت نەک بەرەو خۆ جیاکردنەوە و پەردەداری و کەژاوەی ئۆتۆمبێل و پاسەوانی زۆروزەبەند ؟

سێ یەم / دەی فەرموون با ببینین گۆڕان لە کامە کۆمپانیای بردنە دەرەوەی نەوت و کامە کۆمپانیای هێنانی دەرمانی کوالێتی نزمی بێ کۆنتڕۆڵی جۆری بۆ هەرێم و لە کامە پاڵاوگە و بیری نەوت پشکی هەیە ؟ ئیتر کە گۆڕان نیەتی داوای ئەوەش دەکات ئەوانی تریش نەیانبێت و کاری بۆ دەکات ئەوانی تریش وەک خۆی لێبکات نەک ئەو بۆ ئەوان بچێت و لەوان بچێت . بۆ جیاواز نیە ؟ کە دەبینین بە نەبونی هیچ یەک لەمانە باری ئەوانی تر قورستر دەکات و هەردەم بۆی لە بۆسەدان تا وەک بەربەستێکی گەورەی ڕەگ داکوتاو ووشکی بکەن لە ڕێگەی مەکینە اعلامیە زەبەلاحەکانیان . گۆڕان جیاواز لە ئەوانی تر کەوتە کار تا سیاسەت لەگەڵ بازرگانی لێک جیا بکرێنەوە نەک هەر سێکتەرەو ببێ بە پشک بۆ یەکێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان کە جگە لە ناوێک بۆ کۆکردنەوەی پارە و سەروەت و سامان بۆ چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک هیچی تر نین .

چوارەم /لە کامە داواکاری خەڵک و جەماوەر گۆڕان پشتوو پەنای داواکاریەکان نەبووە ؟ لە کامە هەڵوێست گۆڕان پاشەکشەی کردوە ؟ بزوتنەوەی گۆڕان لە کامە دادگا، باڵا دەستەو کاری بە یاسا نەکردوە ؟ چ کاتێک گۆڕان هەوڵی نەداوە کە دادگاکان و دادوەرەکان سەربەخۆ بن نەک سەربەخۆی بن ؟ ئایا ئەمانە جیاوازی نین ؟ لە کامە دادگا بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان داواکراوی دادگان لەسەر قوت و موڵکی خەڵک ؟ ئایا هێزی داواکاری و کاربۆکردن جیاواز نین لەگەڵ هێزی جێبەجێکردن ؟ با پارێزگارەکەی گۆڕان بکەین بەنمونە کە ئایا کار بۆ هاوڵاتیان دەکات یا تەنها گۆڕانخوازان ؟ پارێزگاری هەموو خەڵکە یا گۆڕان ؟ لە کام بانگەشەی هەڵبژاردن خۆیی و پۆستەکەی بیر چۆوە و هات بانگەشە بۆ گۆڕان بکات و پۆستەکەی بەکاربێنێت ؟ ئەرێ ئەمە نمونەیەک نیە تا بڵێین گۆڕان زۆر لە ئەوانی تر جیاوازەم؟

پێنجەم / ئایا نابێت ئەو جیاوازیە گەورە ببینرێ کە لە ڕاگەیاندن داهەیە ؟ ڕاگەیاندنێک بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان خرابێتە گەڕ چۆن دەبێت پشتیوانی لێ نەکرێت ؟ ڕاگەیاندنێک لە هەموو دۆخێک لە خزمەتی کوردان بوبێت لە هەر پارچەیەکی کوردستان و بەردەوام پشتیوانی دۆزە ڕەواکەی بوبێت چۆن جیاواز نابێت لەگەڵ ڕاگەیاندنێک لە خزمەتی سیاسەتی وڵاتانی داگیرکەر بێت ؟ ئێ خۆ دەکرێت ئەو ڕاستیە ببینین کە گۆڕان تەنها بەیەک کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆیەک و دوو سایت و ڕۆژنامەی ئەلکتڕۆنی لە بەرامبەر دەیان کەناڵ و ڕادیۆو سایتی دەوڵەمەند کراو لە خەرجی و داهاتی ئەم میلەتە وەستاوەتەوە . ئیتر بۆ دەبێت پشتیوانی نەکرێت لە بری دژایەتی کردن ؟ کامە کارمەندەیەتی بە موچەیەکی زەبەلاحی حکومەت لە ڕاگەیاندنی گۆڕان کاردەکات؟ گەلۆ ئەمانە هەمووی جیاوازی نین ؟

شەشەم / بزوتنەوەی گۆڕان لەهەموو دۆخە جیاواز و نالە بارەکاندا، لەهەموو ئەو تەنگانەیەی تێیکەوتوە بۆ یەکجاریش ئامادە نەبووە بچێتە باوەشی هیچ هێزێک و پەنا بۆ هیچ خیانەتێک ببات، دەستی هاوکاریەکی نەویستوە دژی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بێت . بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوانەی هێزە نەیارەکانی بۆیان دروستکردوە، بە خۆڕاگری و بە گۆڕینی ڕێگای گەیشتن بە ئامانج بەردەوام بوە نەک پاشگەزبونەوەو گۆڕینی هەڵوێست . ئیتر هێزێک بەو جۆرە بێت بۆ دەبێت هەر ڕۆژەو لە ڕێگای میدیا سێبەرەکانی ئەو هێزانەی ناتوانن لە ڕێگەی ڕاستەوخۆی ڕاگەیاندنەکانیان هیچ بڵێن و هیچیان پێ نیە، هێرش بکرێتە سەری و لەشێوازی خۆڵکردنە چاوی خەڵک . لە دواجاردا و لە کۆتاییدا هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی دەیانەوێت بەری خۆر بە بێژینگ بگرن .

حەوتەم / گۆڕان و چاکسازی دوانەی خەباتن، بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی دروستبوە . لەخۆمان پرسیوە چاکسازی بە کێ دەکرێت و کێ دەیەوێت چاکسازی بکات ؟ لەوانەیە بڵێین جا هەموان داوای چاکسازی دەکەن، بەڵێ بەڵام خۆ دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکەین کە کامە هێزەیە بە چاکسازی بەهێز دەبێت نەک بچوک بێتەوە . بزوتنەوەی گۆڕان بە چاکسازی کردن لە هەر سێکتەرێکی حکومەتدا گەورە دەبێت، چونکە هێزی گۆڕان لەناو بندیوار و گەندەڵکاراندا نیە و بە پێچەوانەوە لە نەمانی دوو موچەیی و نایەکسانی داهات و خەرجیەکانی ناو کۆمەڵگا دایە . هێزی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتیدایە، هێزی گۆڕان لە نەمانی جیاوازیەکان دایە . کەواتە چاکسازی و هەوڵ بۆ چاکسازی کە لە هۆکارەکانی بەشداربونی گۆڕانە لە حکومەت پێویستی بە پاڵپشتی و هاندان هەیە نەک ساردبونەوە و پێش ڕوداوکەوتن .

ئێستا کە دەزانین گۆڕان لە چیدا جیاوازە و لە جیاوازیدا دروستبوە، پێویستی بە پاڵپشتی و هاندان هەیە، پێویستە ببین بە هۆکارێک و پاڵنەرێک بۆ ئەوەی هێزەکانی تر ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و بەڵێنەکان نەک لە کەمیندا بین بۆ سەرکۆنە کردن، پێویستە ئامادەی پاڵپشتی و هاوکاری بین نەک ئەوەی لە ئێستاوە تەپڵی شکست بکوتین . با ئەمجارە جەماوەر و خەڵکی بەش مەینەت تەنها سەیرکەر نەبێت بەڵک و ببێ بە ڕەقیبێک تا پاڵپشتی لەو هێزە جیاوازە بکات کە ئامانج و ئاواتەکانی ئەوانی لە کۆڵناوە و هەموو ڕێگاکان دەگرێتە بەر بۆئەوەی بتوانێت لە دواجاردا بتوانێت بەشێک لەم ئامانجانە بێنێتە دی کە پێشوتر پێویستیان بە ڕێچکە شکێنی هەبوە . دەبێت پشتیوانی لێبکرێت بۆ هەموو ئەم جیاوازیانە، بۆ بەردەوامبوون و چەسپاندنیان نەک ساردبونەوە و لێدان و ڕەشبینی بۆ داهاتوو .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.