د.حیلمی رەسول رەزا..
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، فەلسەفەی دروست بوونی نوێ بونەوە بوو، گۆرانكاری لەستراكچەری كاری حزبی و رێكخستن بوو، لە جەوهەردا ئەو حزبەی بۆ رەواندنەوەی نا ئومێدی دروست بوو، بەرامبەر بە حزبی بوونی باو و پیلانێگری ناوخۆ و نێودەوڵەتی. لاپەڕە تۆماركراوەكانی خەباتی ئەو حزبەی باشوری كوردستان پڕیەتی لە لاواز بوون و هەڵسانەوەو لەت بوون و ئاشت بوونەوە. هۆكارەكانی بەرگەگرتنی ئەو هەورازو نشێوەش هەر بۆ ئەو بنەمایانە دەگەرێتەوە كە لەسەری دروست ببوو، ئەوەش هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە بۆ پێكهاتەكەی دەگەڕێتەوە؛ بەوەی پێكهاتەیەكی دەقا و دەق وەك پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردەواری ئالۆزو تێكەڵ و پێكەڵە و تارادەیەك رام نەكراوی یەك ئاراستەی فیكری و یەك رێبەرایەتی نەبوو.
دیارەی قسەی بەندە لەسەر ئەوە نییە بە پێودانگ و تەرازوویەكەوە دابنیشن چاكەو خراپەكانی یەكێتی بپێوین و سەروەری بە باڵای هەندێ سەركردەی بتاشین و هەندێكیش بەناشایشەو خراپەكاری تۆمەتبار بكەین، لەبەرئەوەی سی ساڵێكی دی مێژوونووسان لەژێر رۆشنایی بەڵگەنامەكاندا، لەلێكدانەوەی بیمنەتانەی شكست و سەركەوتنەكاندا خاڵەگەش و تاریكەكان دیاری دەكەن و دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ كەسەكان و رووداوەكانی نێو ئەو حزبە بكەن.. جگە لەوەش رێگە بە خۆم نادەم لە جیاتی ئەو هەموو دام و دەزگا حزبی و رێكخراوەییانەی یەكێتی بیر بكەمەوە و لە ئەسڵدا كاری من نییە. تەنها رێگە پێدانی خۆم بۆ دەستبردن لە كاروبارەكانی ئەو حزبە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی وەك هاوڵاتیەك قەدەر وای كردوە لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی ئەودا بژین و لەو خۆشی و ناخۆشیانەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرەدا دێت بەشدار بین، بۆیە رەنگە هەندێ لەو گرفتانەی لە پشت لاپتۆپەكانەوە دەخرێنە روو جیاوازی زۆر بێت لەگەڵ ئەو واقیعەی لەسەر زەمیندا دەگوزەرێت.
باس كردن لە مێژووی سەرپێی هەر حیزب و گەل و وڵاتێك بەبێ دەست بردن بۆ هۆكاری رووداوەكان دەبێتە چیرۆكێكی بێ لەزەت و هیچ سودێكی بۆ ئایندە لێ نابینرێ، لێرەوە دەچمە نێو بابەتەكە، ئەوەی ئێستا لە ناو یەكێتیدا دەگوزەرێ ئەنجامە یان نا ؟ ئایە یەكێتی لە قەیراندایە؟ هۆكارەكانی ئەو قەیرانە چین؟ هەمان ئەو داهات و پێگەو سنورە جوگرافیایەی لەبەردەستدا نییە كە حزبە ركابەرەكەی لەبەردەستێتی؟ هەمان باكگراوندو مێژوو و ئەزمون و تاقیكردنەوەكان چەندین جار دووبارە نەبونەتەوە؟
وەڵامی هەموو پرسیارانە بێگومان بەڵێ یەكی گەورەیە.. دەوترێت لەهەندێك ولاتان سیستەمی پەروەردە زووتر لە فەرمانگەكانی تر مامۆستاكان خانەنشین دەكەن و جێگۆركی پێدەكەن، ئەویش لەبەر ئەوەی دوای چەند ساڵێك هەم مامۆستاكە حەوسەلەی نامێنێت و جیاوازی تەمەن وادەكات گاپێكی گەورە لەتێگەیشتنی خۆێندكارو مامۆستاكان دروست بێت، كەواتە لەم رێگەیەوە ئەتوانین پەنجە بخەینە سەر برینی یەكێتی، ئاخر جیلی ئایپادو زانكۆكان كە ئیستا لە هەرەتی قوەتی بیركردنەوەو هەڵكشاندان چۆن ئەتوانن سود لەجیلی برنەو ژێر سێ ببینن، مانەوەی پاسەوانە كۆنەكان تا ئەو شوێنە گرنگە شتێك لەئەزموونی خۆیان بخەنە سەر دنیابینی گەنجەكان، نەك دنیابینی و دیدی خۆیان فەرزبكەن بەسەریاندا، ئێستا لە ناو یەكێتی وایە، تۆ خاوەن هەر تواناو بەهرەیەك بیت، لەلای سەرەوە جێگە نابێتەوە، بۆیە بەو جۆرە كادر لە قاڵبدرێ و نەتوانێ توێژەكەی خۆی فڕێ بدات و خۆی نوێ بێتەوە، رێكارەكانی پەرەسەندن و پێشكەوتن توشی شكست دەبێت.
یەكێتی بەردەوام شانازی بەوە دەكات توانای ماددی و مەعنەوی لە رادەبەری لەناو كادرانی هەیە، بەڵام هەر خۆی گرنگی بەشانازیەكانی خۆی نادات لێرەوە برینەكە دەردەكەوێت، بڕیار لە چوارچێوەیەكی تەسكی نافراواندا دەخولێتەوە، كورتتر بڵێین قوڵی برینەكە زیاتر لە مەكتەبی سیاسیەكەیەوەیەتی، ئەم ئۆرگانە كە ئۆرگانیكی گرنگ و كاریگەرە، ماوەیەكی زۆرە هیچ گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی تێدا نەكراوە، سەركردایەتیەكەشی دۆخی لە مەكتەبی سیاسی باشتر نییە واراهێنراون لەیەكەیەكی سەربازیدابن نەك ئۆرگانیكی حزبی خاوەن بریارو بیركردنەوە، ئەنجومەنی ناوەندكەشی ئەوەندەی لێی تێگەیشتبین، ناوەندێكە بۆ رازی كردن نەك كاركردن.
كورتی و موختەسەر، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە لە بری ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە نوخبەی بەتوانا شارەزای نێو یەكێتی بهێننە پێشەوەو ئەركیان پێ راسپێرن، دەچن ئەو نوخەبەیە بە ئیمتیازات و تەماح خستبەرێكی زۆر كەم هەوڵی رازی كردنیان دەدەن. لێرەدا هەم ئەو توانایانە دەمرێنرێن هەم بڕیارەكەی خۆشیان جێگە ناگرێت. بۆیە دەبینین بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پۆستانەی بەر یەكێتی دەكەوێت وای لێهاتوە بۆتە ئاستەمێك تەنانەت لەبەردەم پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا و بەچەندین كۆبونەوە پرسێكی زۆر بچوكیان پێ یەكلایی ناكرێتەوە، بۆیە نەك گوێی لەویست و خواستی كادرەكانی خوارەوە ناگرن، ئەگەر گوێشیان لێ بگرن، گاپەكەی نێوانیان ئەوەندە فراوانە ئەستمە لێیان تێبگەن.