ھەمزاغا: عەشیرەتی ئاکۆ باڵی مەکتەب سیاسییان پاراست و مام جەلالی پێگەیاند و داینەمۆکی شۆرشی نوێ بووین….

لەلایەن ستاندار Posted on 896 جار بینراوە

گفتوگۆی: سەلمان کۆچەری

ھمزاغا یەکێک لە کەسایەتیە باڵاکانی عەشیرەتی ئاکۆ کە چەند ساڵێک سەرۆکی عەشیرەتەکە دەکات لە گفتوگۆیەکی مێژوویدا باس لەوە دەکات کەوا زۆرینەی کەسە دەوڵەمەندەکان و عەشیرەتەکان و ئاغاکان قیادە موقود بوون و پەیوەندییان لەگەڵ سەددامدا ھەبووە، زۆریشیان لە تاوانی ئەنفالدا لەگەڵ رژێمی بەعسدا بوون، بەڵام ھەندێک لە عەشیرەتەکان و ئاغاکان بەتایبەت عەشیرەتی ئاکۆ ڕێگرییان لە تاوانی ئەنفال کردووە. ھمزاغا دەڵێت ڕاپەڕین عەشیرەتەکەیان پێھەڵسان و باوکیشی بنەڕەتی یەکێتی و مام جەلالی پاراستووە….

ناوی عەشیرەتی ئاکۆ لەچیەوە ھاتووە ؟

عەشیرەتی ئاکۆ عەشیرەتیکی قەدیمە بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی مێژوو دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ھەزار ساڵ پێش ئێستا لەبەرئەوەی ئەم ناوچەی بیتوێن شاری بتاوێن بووە پادشایەکی ھەبووە کچێکی ھەبووە بەناوی میھری ئاکۆ واتە مانگی ئاکۆ لەم کاتەوە عەشیرەتی ئاکۆ ناوی ھەبووە ناوی ئاکۆ لەکۆوە ھاتووە کەپێکھاتووە لە (٢٢) تائیفەی گەورەیە تائیفە ھەیە ھەزار ماڵە، ھەیە کەمترە، پێنج ھەزار ساڵ ئیرە بیتوێن پێیوتراوە (بتاوێت) و ناوی عەشیرەتەکەش بۆ پاشای ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە.

ئەو تائیفانەی لە ناو عشیرەتەکەدابوون کێن؟

بەدەیان تائیفە ھەبوون لەوانە باوەبی ، شارۆشیە ، خەیلەیە، بنزێریە ، مەندەمەرەیە ، جەلکە مەمکە، ماخۆبزنە ،بۆڵیە، بابۆڵیە، شاوریە ، بیکۆدیە، دەڵالە ، مەلازادەیە، پاشاغایی، تائیفە  زیاتر لە ھەزار ماڵ پێکھاتووە ھەشە ژمارەی چەند سەد ماڵێک دەبێت.

 

ھمزاغا:  ئەو مولازم محسینە بەعسیەی لە سلێمانی خەڵکی تۆقاندبوو نەمانھێشت دوو رۆژ لە ڕانیە بێت و لەترسان خۆی لە ژێر زەمیندا شاردبوویەوەو دواتر ڕایکرد…

قسەیەک ھەیە ئەگوترێت ئاکۆ لەئێرانەوە ھاتوونە ھەرێمی کوردستان ؟

نەخێر عەشیرەتی ئاکۆ ھەر لەشوێنی خۆی سابت بووە لەھیچ شوێنێک نەھاتووە، بەڵام کاتی خۆی گەرمیان و کوێستان ھەبووە. ئێمە خەڵکی قەڵای دمدەمین ئەوێش کوردستانە، گواستنەوە لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر ھەبووە، بەڵام بەگشتی لەشوێنی خۆی بووە کەشاری بتاوێن ھەبووە ئەوکاتە عەشیرەتی ئاکۆ ھەبووە کە کچێکی ھەبووە ناوی ناوە میھراکۆ واتە مانگی ئاکۆ، ھەروەک میرزا مەنگوڕی پەرتوکی لەسەر نوسیووە.

شوێنی نیشتەجێبونی عەشیرەتی ئاکۆ چ شوێنێک بووە؟

لەسەروچاوەی تا ئاوەڕێژ واتە نێوان ئاکۆ و خۆشناوان لەوێوەوە تا چوارقورنە، کۆنە ڕێگایەک ھەبووە پشت ڕێگا ھی عەشیرەتی بڵباسە لەوێوەوە دێتە ڕانیە و دواتر بۆ دەربەند دەچێتەوە سەنگەسەر دواتر بۆ سەری گەڵاڵێ، نێوان ئاکۆ و مەنگوڕانە لەوێشەوە بۆ حاجی ئۆمەران کوێستان و کوێستان ئەوە سنوری ئاکۆیانە. کاتی خۆی حمداغا ھەبووە ھەموو عەشیرەتی ئاکۆیانی کۆکردۆتەوە کوێستانەکان تائێستا شوێنەکانیان ماون.

ئەی شوێنەواری کۆن چی ماوە کە سیمای عەشیرەتی ئاکۆی لەسەر بێت کوێیە؟

ئەو کوێستانە قەل و گوڵە زەرد لەپڵنگانێیە و شوێنەوارەکان دیار و رونن…

٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەدەوڵەتی ماد ڕۆڵی عەشیرەتی ئاکۆ چی بووە؟

عەشیرەتی ئاکۆ لە بنیات و پێکھێنانی ئیدارەی دەوڵەتی مادو میرنشینەکاندا ھەبووە، وەک ھەمیشەش پاریزگاری لە ستوری ھەرێمی کوردستان و ئەو ناوچەیە کردووە کە خۆی تێیدا باڵادەست و نیشتەجێ بووە. بەڵگەم لایە کە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا تورک ھاتووە ناوچەی ئاکۆیانی داگیرکردووە ھەمووی تاڵانکردووە و باپیرێکی من بەناوی مەلا مارف اغا بووە بردویەتی لەموسڵ لەسێدارەی داوە، ھەروەھاکوڕی مەلا اغای بەناوی مراداغای لەکەرکوک بەلێدان کوشتویانە و تائێستا گۆڕەکەی لەشاری کەرکوکە.

ئەی لەنێو میرنشینەکان عەشیرەتی ئاکۆ ڕۆڵی چی بووە؟

پایەکی گرنگی مینشینی بابان و پاریزەری مینشینی سۆران بووە و بەردەوام ھاوکاری میرنشینەکانی کردووە، بەڵام زۆر جاریش پاشای میرنشینەکان زوڵمیان لە عەشیرەتی ئاکۆ کردووە. پەرتوکی شێخ ڕەزای ھەیە کە باسی عەشیرەتی ئاکۆ ئەکات لەساڵی ١٢٩٣ھیجری پادشای دیاربەکر عەشیرەتی ئاکۆیان تاڵانکرد، محمد ئاغا ، عبداللە ئاغا، مراد ئاغا و حارس ئاغا دەستگیرکران و مراد ئاغا لەزیندانی کەرکوک بەلیدان مردووە،  ئەوە شیعری شێخ ڕەزایە کەلەسەر عەشیرەتی ئاکۆ دایناوە…. وە لەسەردەمی پادشای کوێرە میرمحمد پادشای ڕەواندز مەلا برایماغا ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە ئەو علی بەگە لەپادشا ھەڵگەراوەتەوە کە ئێستا تاڤگەی بەناو کراوە و بەناوی گەلی عەلی بەگ ھۆکارەی ھەڵگەرانەوەی نازانم ئایا سیاسی بووە یا کۆمەڵایەتی. پاشان مەلا برایماغا چوو عەلی بەگی گەمارۆدا و دەستگیری کرد.

لەشەڕی ھیزۆپ ئێوە ڕۆڵتان چی بووە؟

بەڵێ ئەوە شەڕی ئینگلیز بووە مامەنداغا کردوویەتی کە توانیویەتی ڕێ لە داگیرکاری بگرن و بەھێزێکی کەمەوە روبەروی ئینگلیز بوونەوە،  چەندین شەری تر کراوە وەک دۆلی ئەسعابان…

ئەی کەل و پەلی جەنگی عەشیرەتی ئاکۆ چی ھەبووە؟

بەڵێ ئەسپ و چەکی سوکیان ھەبووە میژووی شیخ رەزا باسی ١٢٠ساڵ پیش ئیستا دەکات بەڵام ٢٠٠سال پێشتر شەر لەنیوان عەشیرەتی ئاکۆ و تورکیا ڕوویداوە،.با باسی ئەو ڕووداوانەت بۆ بکەم کەخۆم بیرم دێت و شایەدحاڵی ئەم ڕووداوە بوومە لەساڵی ١٩٥٨ ڕژێمی پاشایەتی ڕووخا و ڕژێمی کۆماری ھاتە سەر حکوم نوری سەعید سەرۆک وەزیر بوو بەجلی ئافرەتانەوە ھەلات و عبدالکریم قاسم ھاتە سەر حکوم ئەو ساڵە ساڵی چەپلەی پێدەگوترێت

ئەو ساڵە باوکم بەڕەحمەت پەیوەندی بەسەرۆک عەشیرەتەکانەوە کرد وەک ئاغای پشدەرێ شێخ حسێنی بۆسکێنی، ئەنوەر بەگی بێتواتەی، سمایل ئاغای سواراغای، کوێخا سمایلی تەلانی و  کەریماغای ھەمەوەند پەیوەندی بەھەموویانەوە کرد و داوای لێکردن کەھاوکاری یەکتربن بۆ ئەوەی شۆڕش دژی عبدالکریم قاسم بکەین ھەموویان کۆبونەوەی ھێزێکیان بردە خەلەکان لەسالی ١٩٦١، وە  لەبەیاننامەی حیزبی شیوعیی ھێزی عەشیرەتی ئاکۆ بەگەورەترین ھێز ئەژمارکراووە کە شۆرشیان بەرپا کردووە.

ئەوە وێنەیە باوکمە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان و مام جلالیش لەوێیە لەدوڵی خەلەکانێ بووە،

ئەی ئەگەر باسی ژیانی ڕۆژانەی عەشیرەتی ئاکۆ بکەین پشتیان بەچی بەستووە؟

توتن و پەمۆ و گوڵەبەڕۆژە و گەنم و ئاژەڵداریمان دەکرد و موقنیع بووین، وە ناوچەیەکی گرنگی بەرھەم ھێنانی گەنم و تووتن بووە، وە بازرگانیش لە ناوچەکەدا کراوە.

دەتوانم پێت بڵێم داینەمۆی ھەموو شۆڕشەکان عەشیرەتی ئاکۆ بووە لەسالی ١٩٦١ ھەموو سەرۆک عەشیرەتەکانی کۆکردەوە و  دواتر داوای لەمەلا مستەفا کرد لەبەغداوە ھێنایەوە کوردستان و دواتریش لەزێی بادینان پەڕاندیەوە بۆ دۆڵی شاورێ ئەوان ناکۆکیان ھەبووە لەگەڵ عەشیرەتەکانی سورچی و زیباری بەڵام عەشیرەتی ئاکۆ ھاوسەنگی پاراست و مەلا موستەفاشی بە سلامەتی ھێناوە.

ئەی لەشۆرشی شیخ مەحمودی حەفید عەشیرەتی ئاکۆ چ ڕۆڵێکی ھەبووە؟

باوکم ئەوکاتە منداڵ بووە بەڵام مامەنداغا ڕۆڵی ھەبووە ئەڵێن شێخ مەحمود لەسلێمانی شکاوە بەڵام لەم ناوچەیە گیرساوەتەوە ھەموو کەسێک کەلای خۆی شکاوە بەڵام لەم ناوچەیە نەشکاوە و سەرکەوتوو بووە چونکە عەشیرەتی ئاکۆ و خەڵک بەرگریان کردووەو ئینگلیزیان تێکشکاندووە، بەچەک و ئامیری خۆیان روبەڕوی دوژمن بوونەوە.

پاشان مەلا مستەفا ھاتە ئەو ناوچەیە ژنی بۆ کورەکانی ھێنا و باوکیشم بەرەحمەت بێت ژنی بۆ کاک ئیدریس خواست ھاوکاریەکی باشی کردن مەلا مستەفا لەسەرەتای دروستبوونی شۆرش ھاتنە گوندی دێرێ باوکم بەرەحمەت بێت ھاوکارییەکی باشی کردن.

کاتێک شۆرشی ١٤ی تەموز ھەڵگیرسا مەلا مستەفا لەڕووسیا بوو دواتر ھاتەوە بەغدا دواتر سەرۆک عەشیرەتەکان چوونە لای لەبەغدا و ھێنایانەوە بۆ کوردستان و داوایان لێکرد کەھاوکاریان بێت بۆ شۆڕش بەڵام ئەو حەزی نەدەکرد بەلام ئیتر جموجولی سەرۆک عەشیرەتەکان شۆرشی کردە ئەمری واقیع، بەیاننامەی حیزبی شیوعی نوسراوە کە گەورەترین ھێزی عەشیرەتی ئاکۆ لەدەربەندی بازیان بووە.

لەساڵی ١٩٦١عەشیرەتی ئاکۆ باوکی رەحمەتیت بەیارمەتی سەرۆک عەشیرەتەکان ئەو شۆرشەی بەرپاکرد؟

بەڵێ شۆرش دروست بوو لەدژی ئەو حکومەتە چونکە ئەو حکومەتەش مافی گەلی کورد نادات.

ھمزا اغا بەزمانی عەرەبی بەڵگەیەکی بۆ خوێندینەوە،

کە بەڵگەیە لەپەرتوکێکدا نوسراوە بەناوی(توڕ ھەقیقی)بەکوردی باس لەوە دەکات کە مام جلال لەدۆلی خەلەکان ھێزێکی گەورەی بینیوە کەھی عباس اغا بووە مام جلال لەمەلا مستەفای پرسیوە ئایا زانیاری ھەیە لەسەر ئەم ھێزە ئەویش وەڵامی ئەداتەوە نەخێر ھیچ زانیاریەکی نیە لەسەری،. ھەمزاغا زیاتر دەدوێت کە باوکی ھێزێکی زۆری بردۆتە دۆڵی بالەکایەتی و پێشوازی لێکردووە،.

بۆچی سەرۆک عەشیرەتەکان داوایان لەمەلا مستەفا کرد ئەو ڕابەرایەتی شۆرش بکات ئایا کەسێکی تر نەبوو ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ؟

نا نەخێر چونکە مەلا مستەفا ئەوکات وەک سەرۆکی کوردان ناسرابوو تازەش لەرووسیا ھاتبۆوە ھەر لەسەر کوردیش ئاوارەی ڕووسیا بوو بوو، ئەوکاتە ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان وجودی نەبوو ئەوکات ئەو لای ھەموو خەڵک خۆشەویست بوو، وە کاتێک مەلا موستەفا گەڕایەوە بۆ بەغداد من لەگەڵ باوکم چوومە لای دەمانچەیەکی لێ بەستم ئەوەش وێنەیەکە کە لەگەڵ ئەو گرتوومە لەگەڵ کورەکانی،

ئیدی ئەوکاتە خەڵک خۆشی ئەویست

ھەمزاغا دەڵێت مەلا مستەفا سەرەتا لەگوندی دێرێ بوو دوایە چویە حاجی ئۆمەران مەلا مستەفا ھەموو ژیانی شۆڕش بوو، ئەوکاتەی لەگوندی دێڕی بوو ژنی بۆ کاک ئیدریس و کاک مەسعود خواست بۆ مێژوو دەڵێم باوکم ژنی بۆ کاک ئیدریس خواست(مەبەست لێی دایکی نێچیرڤان بارزانیە)کچی حمەی ئەوڕەحماغا لەسلێمانی بووو، باوکم چوو بۆ داخوازی پێی گووت مەلا مستەفا سەرۆکی کوردانە ئەبێت کچەکەت بدەیتە کوڕەکەی ئەویش کچی خۆی پێشکەش کرد.

ھەمزە ئاغا لەدرێژەی گێڕانەوەی یادەرەوەریەکەیدا دەڵێت کاتێک چەک و پارە پەیدا بوو حیزب ناکۆکی و دووبەرەکی تێکەوت…..

باڵی مەکتەبی سیاسی بۆ لە مەلا موستەفا جیابوویەوە؟ ئەگەر لێت بپرسم ھۆکاری ئینشیقاقەکە کێ بوو مام جلال یان ئیبراھیم احمد بوو؟

وەڵا ھۆکاری سەرەکی ئیبراھیم احمد بوو…..

دەگوترێت ئیبراھیم احمد پشتگیری لە مەلا مستەفا کردووە؟

ڕاستی من وردەکارییەکان نازانم چونکە ئەو کاتە تەمەنم بچوک بوو ساڵی ١٩٦٤ ناکۆکی دروست بوو باڵی مەکتەب سیاسی بەرەو ھەمەدانی ئیران ڕۆیشتن دواتر باوکم چوو ھێنانیەوە لەدۆڵە ڕەقە نیشتەجێی کردن، مەلا مستەفا داوای لەباوکم کرد کەبچێت بیانھێنێـَتەوە چونکە بیرمە مەلا مستەفا بەرەحمەت بێت باوکمی ئەگوت تۆ بەنزینی من ئۆتۆمبیلیم تۆ داینەمۆی ھەموو کارەکانی منیت.

باوکم باڵی مەکتەبی سیاسی ھێنایەوە بۆ دۆلە ڕەقە و عومەر ئاغا ھات  بیانبات باوکم ڕێگری کرد دواتر ئەو ستافە چوونە لای حکومەت لەساڵی ١٩٦٦…

ئەو ٦٦ی باس ئەکرێت لەوەوە ھاتووە (مام جلال و ئیبراھیم احمد و عومەر دەبابە و عیلیمی علی شەریف بوو عولەما بوو )ئەوکاتە چوونە لای حکومەتی عیراق و داوایان کرد حکومی زاتیەکە بدەن بەوان ئەوان شۆڕش کۆتایی پێدەھێنن.

دواتر باوکم سوار ئاغا کۆچی دوایی کرد و بایزا ئاغای براشم نەیتوانی چیتر بەرگەی کێشەکان بگرێت بۆیە لەساڵی ١٩٦٩ ئێمەش دامانە پاڵ مەکتەبی سیاسی،. شۆڕش لەشاخ بوو لەحاجی ئۆمەران دواتر لەساڵی ١٩٧٠ حکومەت لەگەڵ شۆرش ڕێککەوت چونکە گوتی ئەوانە سیاسین موسیبەتن، کاتێکیش لەگەڵ شۆرش ڕێککەوت ئێمەشی چەک نەکرد بەس بۆ ئەوەی شەڕ ھەڵگیرسێت لەنێوانمان بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ ئەوەی بالی مەکتەبی سیاسی ١٢٠ھەزار چەکدار بوو ھیچ کیشەیەک لەنێوان شۆرش و بالی مەکتەبی سیاسی ڕووینەدا.

مێژوو نووس قانع فەرد دەڵێت مەلا مستەفا پارەی وەرگرتووە  بەرامبەر نسکۆی شۆرش؟

ڕاست ناکات بەڵکو بەپیچەوانەوە ئەو خیانەتی لێکرا شای ئیران خیانەتی لێکرد نیوەی کەنداوی عەرەبی وەرگرت  بەرامبەر لەناوبردنی شۆرش، وە شای ئێران کوردی بە ئاوی کەنداو فرۆشت……….

ئەگەر باڵی مەکتەبی سیاسی لە شۆرش جیانەبووبانەوە باشترنەبوو؟

نا نەخیر پێکەوە ئیدارەیان نەدەکرد ناکۆکی ھەبوو لەنیوانیاندا کاتێکیش باوکم تەسلیمی نەکردن ئیتر ئیمە تاوانبارکراین بۆیە ئیمەش چوینە پال مەکتەبی سیاسی کە مام جەلال لەگەڵیاندا بوو….

بەو پێیە بێت عەشیرەتی ئاکۆ مام. جەلالیان پاراستووە؟

بەڵێ  عەشیرەتی ئاکۆ باڵی مەکتەب سیاسی شۆرش و مام جەلالی پاراست و گەورەی کردن و پێیگەیاندن. ئەوکات و ئیستاش و لەداھاتوو یەکڕیزی لەتەفرەقە باشترە.

دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ چی ڕوویدا؟

ئەگەر ڕۆڵی مەلا مستەفای بارزان نەبوایە ئەوا کورد کوردی ئەکوشت و بەکورتی کورد قڕان ئەبوو باڵی مەکتەبی سیاسی ١٢٠ھەزار چەکداری ھەبوو پێشمەرگەی شۆرشیش ٦٠بۆ ٧٠ھەزار کەس ئەبوو ھەردولا چەکدار بووین ئەگەر بەیاننامەی ئاشتەوایی مەلا مستەفا نەبوایە دۆخێکی خراپ ڕوویدەدا بەلام مەلا مستەفا ڕێگای گرت لەکورد کوژی و گوتی کورد ھەر کوردە …

کورد ھەمووی تیکەلاو بووبویەوە …

ئەوکاتە باوکت لەژیاندا بوو ؟

نا نەخێر باوکم کۆچی دوایی کردبوو ؟

ئەی کێ شوێنی باوکتی گرتەوە؟

بایز ئاغا برای گەورەمان بوو.

باوکت پێش کۆچی دوایی نیگەران بوو لەم دۆخە؟

بەڵێ زۆر زۆر نیگەران بوو، زۆریش خەفەتی لەسەر ئەو دۆخە چەشت و ئازاری کێشا…

ئێوە بۆ ئەوەی خەباتتان نەکرد دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبیت؟

نەخێر ئێمە حەزمان لەم دۆخە نەبوو کورد دژی کورد بجەنگێت،

وەسیەتی باوکت بۆ کوڕەکانی چی بوو؟

گووتی “ئەوە من دەڕۆم بەڵام ئێوە لای مام جلال بەرمەدەن تا دنیا کۆتایی دێت، وتی ئەم قسەیەم بەبایز ئاغا بڵێن چونکە ئەو برا گەورە بوو”

ئایا عەشیرەتی ئاکۆ ویستی ناکۆکی نێوان شۆرش و مەکتەبی سیاسی ئاسایی بکاتەوە؟

بەڵێ چوونی باوکم بۆ ئیران ھەولێکی ئاشتەوایی بوو لەسەر خواستی مەلا مستەفا بەڵام بەداخەوە شکستی ھێنا….

دوای نسکۆ عەشیرەتی ئاکۆ چی کرد؟

بیرم دێت بایز ئاغای برا گەورەم حەوت پێشمەرگەی ناردە دەرەوە گوتی تەقە لەحەوت ڕەبایەی حکومەت بکەن دواتر علی عەسکەری و عومەر دەبابە لەباشوری عیراق بوون،  برا گەورەکەم پەیوەندی پێوە کردن کەبێنە دەرەوە ئێمەش ھاوکارییان دەکەین.

بایز ئاغا و سوارا ئاغا ڕۆیشتنە دەرەوە بەرەو ناودەشت و قەندیل و حەوت پێشمەرگە بەچەکەوە ڕۆیشتن ئەوکاتە وەرزی زستان بوو ٣کەس بەھۆی بەفرەوە خنکان،.

لەلای سەنگەسەر و حاجی ئۆمەران بەرەو قەندیل ھاتن و دواتر بەرەو ڕۆژھەلات ڕۆیشتن چونکە ٣ فەیلەق ھێرشی بۆ کردن ئەو ٧٠٠کەسە تەنیا توانیان دوو شەو لەقەندیل بمێننەوە……

باس لەوە دەکرێت کە  قادر خەبات بەر لەشۆڕشی نوێ لە  لەقەندیل بووەو چەکی دانەناوە؟

بەڵێ قادر خەبات لەگەڵ ئەوان بوو،  ئەو ھەر لەشاخ بوو نەگەرابویەوە لەسالی ١٩٧٦ ئەویش لەگەڵ ئەوان ڕاپەڕی و کەسێک بووە کە ژیانی ھەموو بەرخودان و خەبات بوو….

عەشیرەتی ئاکۆ پێش یەکێتی دەستی بەشۆڕش کرد؟

بەڵێ عەشیرەتی ئاکۆ پێش یەکێتی دەستی بەشۆڕش کرد و ڕایگەیاند کەنابێت جەلالی و مەلایی بمێنێ

دواتر لەناو شۆڕشی نوێ ناکۆکی دروست بوو.

ئێوە ھیچ ڕۆلێکتان ھەبوو  لەئاشتەوایی ؟

بەلێ  بایز ئاغا نزیکەی ھەزار کەسێکی ھەبوو لایەکی شۆرشی گرتبوو، ھەمیشە ھاوسەنگی دەپاراست و تەبایی دەکردە پێشەنگی کارو شۆرش.

تۆ لەکوێ بوویت ساتی شۆرشی نوێ؟

من لەناو شار مابوومەوە بۆ خاتری ھاوکاری شۆڕش پاراستنی خزم و کەسەکانم پاراستنی ئەو کەسانەی حکومەت ئەیویست دەستگیریان بکات بەھۆی ئەوەی من لەناو شار مامەوە ئیتر ھیچ کەسێک ئەنفال نەکرا و ناوچەکە پارێزراو بوو…

حکومەت چەکی ناردبوو تۆش ناردبووت بۆ شاخ

بەلێ سوارئاغا لەشاخ بوو منیش چەکم بۆی ئەنارد بەھەموو جۆرێک ھاوکاریم دەکرد وەک برا وەک عەشیرەت…

مام جلال باس لەوە دەکات کەئێمە لەشام دەستمان پێکرد؟

بەڵێ تۆ باسی سیاسەت دەکەیت بەڵام کردەی شۆرش و فعلیەکەی لێرە لە شاخ بوو،  مامۆستا ھەمزە و عومەر دەبابە لەباشوری عێراق بوون ئەوکات بایز ئاغا پەیوەندی پێوە کردن و مام جلالیش لەگەڵ ژمارەیەک لەھەڤاڵانی لەشام بوو ئەوان خەریکی ڕایەلی سیاسی بوون ، برای من حەوت چەکداری ناردە دەرەوە تا حکومەت بزانێت شۆڕش دەستی پێکردەوە ئەو ستافەی لەشام بوون دواتر خەڵێکێکی زۆر چەکیان کردە شان ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان زیاد بوو، تا گەیشتە حەوسەد کەس بەکورتی پێت بڵێم سەرکردەکان لەشامەوە ھاتن پەیوەندییان بەھێزی چەکدارەوە کرد و دواتر ناکۆکی پەیدابوو بایز ئاغا ھاتەوە لەڕێگا تووشی ڕووداوی ئۆتۆمبیل بوو کۆچی دوایی کرد بەکورتی ئەمەوێت بڵێم سەرکردەکان کەدەستی خۆیان بینی نایانەوێت ھیچ پیاوێک ھەبێت….

بۆچی عەشیرەتی ئاکۆ بیری لەنیمچە سەربەخۆیی نەکردۆتەوە بۆخۆی؟

ئەگەر من شۆڕشم کردبایە بۆ خۆمم ئەکرد نەک بۆ حیزبی تر نەمدەھێشت ھیچ کەسێک لەسەر ئارەق و خوێنی من بگاتە ئامانجەکانی خۆی بەڵام باوکم و برای من کردوویانە ژمارەیەک خەڵکی تریش خواردویانە،.

عەشیرەتی ئاکۆ شوفێری فڕۆکەیەکی ئیرانی ڕزگارکرد و ڕادەستی ئیرانی کردەوە بەھۆی ئەم شوفێرەوە ٣٠٠ چەک لەئیران دەستی بەسەرداگیرابوو لەبەرامبەردا ٣٠٠ چەکەکەی تەسلیمی شۆڕشی نوێ کردەوە چونکە بایز ئاغا شوفێرەکەی ڕەوانەی ئیران کردەوە، کەواتە عەشیرەتی ئاکۆ شۆرشی نوێی پڕ چەک کرد نەوەک کەسی دیکە، سەرەتای ھەموو شۆڕشەکان عەشیرەتی ئاکۆ بووە…

پەیوەندی عەشیرەتی ئاکۆ لەگەڵ عەشیرەتەکانی دراوسێ چۆن بووە؟

عەشیرەتی بڵباس و خۆشناو دەرگەڵە و جاف و باڵەکایەتی و لەکاتی خۆشی و ناخۆشی و ھاوبەشی یەکتربووین لەگەڵ زۆربەشیان بوینەتە خزم جاروبار وردە کێشە ھەبووە بەڵام شایەنی باس کردن نین .

جارێک لەساڵی ١٩٦٣ شەڕێکی بچوک لەنێوان ئاکۆ و بڵباس ڕوویدا دواتر بوینە خزم لەگەڵ خۆشناو ناخۆشی ھەبووە بەڵام نەگەیشتۆتە شەڕ.

لەدوای ساڵی ١٩٨٠ عەشیرەتی ئاکۆ چیان کردووە کێ شوێنی کاک بایز ئاغای گرتەوە؟

من شوێنی بایز ئاغام گرتەوە چونکە ساڵی ١٩٧٧ من بومە ڕیش سپی تا ساڵی ١٩٨٥ سوارە ئاغا ھاتەوە بەڵام منیش ھاوکاریم دەکرد کێ برا گەورە بێت ئەو ئیشەکان ئەکات ھەموو ڕۆلەکان من گێراومە و من کردوومە لەناو شار،

ئێوە بەشداری شەڕی قڕناوقەو پشت ئاشانتان کرد لەنێوان یەکێتی و شیوعی؟

نەخێر ئێمە بەشداریمان نەکرد حەزمان لەشەڕ نەبووە پەیوەندیمان لەگەڵ شیوعی خۆش بووە ھەرچەند ئەوان دژی ئاغا و دەرەبەگن زۆر ئاگاداری ئەو شەڕە نیم،.

تۆ لەجوڵانەوەکانی ناو شار چیت ئەکرد؟

من لەچوارقوڕنە  بەپێش گەنج و لاو و  مندالان ئەکەوتم ئەیانگوت بژی ھەمزە ئاغا منیش گوتم وا مەڵێن مدەرەعە ھات گوتم قبوڵم نیە تەقە بکەین ئیتر تەقەی نەکرد ئەم خۆپیشاندانە لەڕانیە و قەڵادزێ بوو دژی دەسەلاتی زۆردارو داگیرکار.

ئەی کاتێک ملازم موحسین ھاتە ناوچەکە تۆ چیت کرد؟

ئەو لەسلێمانی زۆر زاڵمانە  ھەڵیدەکوتایە سەر خەڵکی و رەشەکوژی دەکرد و ھەندێک خەڵکی لە سلێمانی چاوترسێن کردبوو، بۆیە حکومەتی بەعس ناردیە رانیە تا خەڵکی بتۆقێنێت، لەرانیەش کاری خراپی کرد من داوام لەحکومەت کرد لەسەر کاری لاببەن ئەوانیش گوتیان “ئەومان بۆ ئەوە ھێناوە تا بەرگری لەدام و دەزگاکانی حکومەت بکات”  منیش گوتم پاراستنی دام و دەزگاکان ئەرکی منە نەک ئەو منیش گوتم کەیفی خۆتانە.

دواتر سوارە ئاغای برام و دکتۆر خدر نامەیەکیان بۆم نارد ئەگەر ئیمشەو بێین ھێرش بکەینە سەر ملازم موحسین تۆ ھاوکاریمان دەکەیت منیش گوتم بەڵێ وەرنە کونەسە و ھاتنە مزگەوتی گەورە و لەوێ پێشمەرگە کە لە شاخەوە بە پارتیزانی ھاتبوونە ناو ڕانیە بانگی ملازم محسینیان کرد و وتیان “ملازم موحسین وەرە دەرەوە ئەوە ئیمە پێشمەرگەین ھاتوین ئەگەر پیاویت وەرە دەرەوە” دواتر دوو ئاریپیجیان پیوەنا، ئەو شەوە ملازم موحسین لەترسان  چوبوویە ژێر زەمینی بانک و بۆ ڕۆژی دواتر ڕایکرد ، ئەو مولازم محسینە بەعسیەی خەڵکی تۆقاندبوو بە زوڵم و زۆرداری نەمانھێشت دوو رۆژ لە ڕانیە بمێنێت و لە ترسان خۆی کردبوویە ژێر زەمینەوەو دواتر ڕایکرد….

دواتر حیزبی دیموکرات ھاتە ناوچەکە ئێوە چیتان کرد بۆیان؟

بەڵێ پەیوەندی باشمان ھەبوو لەگەڵیان ھەموو جۆرە ھاوکاریەکم کردوون کۆمەڵەی ئیرانی لەسالی ١٩٨٨ دوو خەلاتیان بۆ ناردم تائیستاش ماون پەیوەندیمان لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین حوسینی و زۆر لایەنی تر، پەیوەندی باشم لەگەڵ دکتۆر سادق شەرەف کەندی ھەبوو چەند جارێک چاوم پێی کەوتووە،.

بالیسان کیمیاباران کرا تۆچیت کرد؟

با من پێت بڵێم بۆچی کیمیاباران کرا ھەندێ زڕە کورد ھەبوون پاسەوانی خومەینیان ھێنا نەوتی کەرکوکیان تەقاندەوە،  چوار کەس بوون جاسوسەکان دەیانگوت چوار ھەزار کەسە، زڕە کوردی جاسوس ھێنیایان بۆ وەرتێ سەرگەلو بەرگەلو بالیسان ئیتر حکومەتیش سەری لێشوا ئیران لەھەلەبجە ھیرشی کرد.

دەگوترێت سەدام ھاتۆتە سلێمانی؟

نا سەدام نەھاتبوو علی حسن مەجید ھات دەسەلاتی زۆری پێدرابوو منیش چومە لای پێم گوت علی حسن “ئەم خەلکە ھیچ تاوانێکی نیە ئەویش گوتی جلال تالەبانی ھاوڕێمە و ڕێککەوتننمان پێکەوە ھەبووە پێم گوتووە بەھیچ شێوەیەک ھەوڵنەدەن ڕێگەبدەن سوپای پاسداران سنور ببەزێنێت لەکاتێکدا پێمانگووتبو شەڕمان لەگەڵ بکەن لەگەڵمان ڕێککمەکەون” علی حسن مجید گووتی جلال تالەبانی پێی گووتم “ئەگەر لەگەڵم ڕێنەکەون منیش پاسداران دەھێنمە سەر نەوتی کەرکوک”… ئیتر من بەتەنیا چومە لای …….

کاتێک ئەنفال دروست بوو ھیچ زانیارییەکیان بەمن نەگوتبو تەنیا پێیان گوتین کە ئەرک ھەیە ئامادەبن لەگەڵ سوپا ئەنفالی قۆناغی ھەشت، من لەشاخی بێتڕخینی من لەوێ بووم پێیان گوتم وەختی ئیوارە گوتیان گۆڕی سایە پڕ لەپێشمەرگەیە سوارە ئاغا پێی گوتم چی بکەین منیش گوتم ھەواڵ بدە بە پێشمەرگە با ناوچەکە چۆڵ بکەن من سوپا ڕادەگرم  ئیتر ھەموو پێشمەرگەکانم بەرێ کرد بۆ ئەوەی سەلامەت بن چەندین بەرپرسی باڵایان تێدابوو، ئەگەر من نەبام زیاتر لە ٨٠٠ پێشمەرگە ئەنفال دەکرا….

بەداخەوە کیمیاباران لەدەسەڵاتی سەرۆک عەشیرەتەکاندا نەبوو ھەندێ زڕە کورد ڕۆڵی خراپیان گێرا کە بوویە ھۆی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسان و ھەڵەبجە،.

لەم بەشداریکردنە من توانیم ٨٠٠پێشمەرگە ڕزگاربکەین لەدەستی ڕژێمی بەعس ئەگەر من سوارە ئاغای ئەم چالاکیەمان نەکردبایە ھەموویان لەناودەچوون….

کاک ھەمزە کێ ڕاپەرینی کرد؟

ڕاپەڕین لەرانیە دروست بوو ھۆکاری سەرەکیش من بووم لێرە کۆبونەوە ھەبوو،  خوای گەورە ویستی ئەم ڕژێمە لەکوردستان ڕیسوا بکات بەھۆی کیمیابارانکردن و ئەنفالکردن دروست بوو ئەوکاتە بەرەی کوردستانی لەئیران دروست بوو بڕیاری یەکریزییان دا کەئەوەش کاریکی زۆر پیاوانە بوو. دواتر نامەیەکیان بۆمن نارد من وەک خۆم نامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانم بۆ ھات،.

ھەمزە ئاغا دەڵێت نامەی یەکیتی لەلایەن مەلاخدری بۆڵی و نامەی بزوتنەوەی ئیسلامی لەلایەن شێخ مستەفای بەردانگێ بۆم ھات….

کەتیایدا نوسرابوو ئێمە لەدەرەوەی کوردستان بوینەتە یەک ئێوەش ئەبیت ھاوکاریمان بکەن بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕین و لێدانی سەددام…

بەڵام داینەمۆی ڕاپەرین و گەرم و گوڕکردنی ڕادیۆی گەلی کوردستانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەوشیروان مستەفا بوو کە تەنزیمی شانە چەکدارەکانی ناوشاری کرد،.

ڕۆڵی ئێوە لەڕاپەڕین چی بوو؟

شۆڕشی ساڵی ٦١ ئاکۆ بوو شۆڕشی ٧٦ ئاکۆ بوو ڕاپەڕینی ٩١ ئاکۆ بوو عەشیرەتی ئاکۆ داینەمۆ و پاریزەری ئەو شۆرشانە بووە….

نامەکە بەعەرەبی دەخوێنیتەوە بۆم (نھێنی و بەپەلە)

سەرکردایەتی ھێزی ناوخۆ کەلەتەنیشت مالی من بوو من تەسلیمم کرد بەرپرسەکانم ھینایە مالی خۆم سەربازەکانم ناردە مزگەوت …

لەنامەکەدا نوسرابوو کەئەبێت لەو کۆبونەوەیە ئێوە ئامادەبن ھەمزە ئاغا لەگیڕانەوەکەدا زیاتر دەڵێت ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەرەی کوردستانی ڕۆژی ٧ی ٣بوو بەلام ڕۆژی ٤ی مانگ لە خەبات لەنیوان جەماوەر ڕژێم پێکدادان دروست بوو بوو بەڵام سەرکوتکرانبونەوە ڕۆژی ٥ی ئازاری ٩١ من چوومە شوعبە کە دیتم ھەموویان لەوێ کۆبونەوە و چەکیان لەخۆیان بەستبوو ھەموو ئامادەکارییان ھەبوو منیش چوومە کۆبونەوە عەمید سەلاح لەوێ بوون منی جیاکردەوە گوتی “ئەوە چیە و چ باسە؟” منیش گوتم ئەوە جەماوەرە و ڕادەپەڕێت گووتی باشە ئەی خۆ پێشمەرگە نەھاتووە و منیش گووتم نەخێر پێشمەرگە نەھاتووە و ھەمووی جەماوەرە گوتی ئەی من چی بکەم منیش گووتم شەڕ مەکە ئەوە جەماوەرە ئەویش گوتی من بپارێزە و بەڵێنم پێدا و ھێنامە ماڵی خۆم قائیدی فیرقەی ھەموو سنورەکە بوو پێم گوت بروسکەیەک بکە با شەڕی جەماوەر نەکرێت ئەویش جارێکی تر گوتی من پارێزراو ئەبم منیش جارێکی تر بەڵێنم پێدا و گووتی دەی کەوایە ئێستا قائید فەیلەق دێت بابچین ڕێگاکە بپاریزین منیش لەگەڵی چووم بۆ چوارقورنە…

کاتێک چوومە چوارقورنە شەھید علی مەولود شەھید فقێ حسن منیان بینی ڕۆیشتین، ئەوانە ھەموویان ئاکۆ بوون لەناو ڕانیەش یەکەمین کەس کە تەقەی کرد شەھید علی نەبی بوو من لەگەڵ عەمید سلاح چووم تا مەفرەقی حاجیاوا ھەرکەسیک منی ئەبینی ئەوێی جێئەھیشت و خەلکی ڕیزیان بۆ من دادەنا….

قائید فەیلەق ھات بەس من ئەمزانی ئەقەومێت من بە عەمید سلاحم گوت من ئەرۆم بۆ رانیە لەوێ بۆتە ھەرا ئەویش گووتی بچۆ بۆ ڕانیە بزانە ئەوێ کپ ناکەیتەوە من ھاتم بۆ ڕانیە علی نەبی ڕاوەستابوو دوو کەس کوژرابوون بەناوی (ڕەفیق عبداللە و جاسم) شەرەکە دەستی پێکرد ھێزی خۆم لەدوڵێ ھاتە خوارێ ناردمە کلکەی کۆلین تالەوێ ڕێگا بگرن لەھێزی حکومەت بۆ پاراستنی خەڵکی رانیە کاتێک فەیلەق ھات لەچوارقورنەوە ھێزی من ڕێگایان گرت لەھێزی حکومەتی بەعس،

ئەوکاتەی من ڕێگام لەحکومەت گرتبوو علی نەبی و ستافەکەی خەریکی بنکەو بارەگاکانی حیزبی بەعس بوون ئیتر ڕاپەڕین کرا… ھەموو بەرپرسە باڵاکان دەستگیرکران و ھێنرانە مزگەوتی گەورە من ھەموو قائید فیرقەکانم ھێنانە ماڵەوە ٣ مانگ لەماڵی من بوون بەڤیدیۆ ماومە کە مام جلال و کاک کۆسرەت و کاک نەوشیروان ھاتن لەماڵی من قسەیان لەگەڵ کردن،

من سەیارەم ناردە گوندی زەڵێ سەرکردایەتیم ھێنایە ئەو ماڵەی خۆم ڕۆژی ٦ی مانگ ٣ کەس ھاتنە لای من ھاوڕێ باپیر لەگوندی تیتۆکەی ھاتە لام مامۆستا عباسی مامەنداوەیی و عزیز بەگ ھاتنە لام فەوجێکی جیرانم تەسلیم نەبوو شەوێ ناردمە لایان گوتم بابین من دڵنیاتان دەکەم کە سەلامەت ئەبن ئەفسەرەکان ھاتنە ماڵی من سەربازەکانیشم ناردنە مزگەوتی گەورە…

دواتر سەیارەم ناردە گوندێ زەڵێ ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی لەوانە کاک کۆسرەت و کاک عبدالرزاق ھاتنە ژمارەیەک چەکم پێدان و لەگەڵیان چوومە ماڵی ئەنوەر بەگ کەخاڵی منە خاڵە پاسەوانیان بدەێێ،.

ئەگەر من قائید فیرقەم ڕازی نەکردبایە لەوباوەڕەدابووم وەک ڕۆژی ٤ی مانگی ئۆردوگای خەبات کپ دەکرایەوە،.

ئێزگەی یەکێتی لەکوێ بوو؟

دەست بۆ بیناکەیەک ڕادەکێشیت کە دەکەوێتە ناو حەوشەی خانوەکەی  ھمزاغا، لەکاتی ڕاپەڕین ١٠ھەزار سەربازی بەعس لەسنورەکە بوون ھەموویمان بەسەلامەتی ڕەوانە کردەوە ئەفسەرەکە ٨٤ کەس بوون ئەوانیشم ڕەوانە کردەوە،.

ئەی کاک ھەمزە ئاغا وەک شەرعیەتی شۆڕشگێری چیت بۆ کرا و داوای چیت کردووە بۆ خۆت؟

نەخێر من داوای ھیچم نەکردووە بەلکو چل تفەنگم دوای ڕاپەڕین داوەتە شۆڕش دوای ڕاپەڕینیش تا کەوتنەوە سەرپێ لەماڵی من پشویان داوە ٢٠٠٠ کەسی چەکدارم ھەبوو کاتێک لەساڵی ١٩٩٢ بۆنی شەڕ دروست بوو لەنێوان یەکێتی و پارتی من دەستم لەکارکێشایەوە و لەماڵی خۆم دانیشتوومە نە داوای ھیچم کردووە نە داوای ھیچ ئەکەم،.

تەنیا ڕێز و حورمەتم بگرن ھەمزە ئاغا دەڵێت “١٨ کڵاشینکۆفم دایە کاک کۆسرەت و کاتێک سەرکردایەتی یەکێتی لەشاخ ھاتە خوارەوە ھەرقسەیەکی کردبام ئەیگوت بەسەرچاو بەڵام قسەی ئەوکات و ئێستا زەوی و ئاسمانی فەرقە”…

لەدوای ڕاپەڕین تاساڵی ١٩٩٣ کۆمەڵێک شەڕ دروست دەبێت تۆ چیت کرد لەم کاتەیە؟

من بەشداری شەڕی یەکێتی و پارتیم کرد لەوکاتەدا مامەند ئاغای برام لەگەڵ ٣٠٠ کەس لەناو لق مابونەوە من پێم گوتن شەڕی مامەند ئاغای مەکەن بەقسەی من بکەن عومەر فتاح و مستەفای سەیدقادری و مستەفا چاوڕەش بوو گوتیان باشە تۆ چیت پێ باشە ئێمە وائەکەین…

چوومە لای مامەند ئاغا کە بارەگای تەسلیمی بزوتنەوەی ئیسلامی کرد ئاوێکم بەئاگرێ شەڕی ناوخۆدا کرد …

چووم شەڕیش بوو لەگەڵ ماڵی ئەنوەر بەگی بێتواتە ئەو شەڕەشم ڕاگرت و ئەوانیش لەگەڵ یەکێتی ئاشتکردنەوە ….

ھەمزە ئاغا دەڵێت “لەھیچ شوێنێک شەڕ نەماوە بەڵام تورکیا فڕۆکە دەنێرێتە سەر قەندیل ئەوەش جێگای داخە ھەرکەسێک بۆ کوردستان تێکۆشان بکات بەئەندازەی کوڕی خۆم خۆشم ئەوێت ئەو کەسە پەکەکە بێت، یەکێتی و پارتی یان ئیسلامی بێت”….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.