سەرکەوتنی جەھەپەو دیدێکی تر!

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

کامەران مەنتک

دوای نزیکەی ١٩ ساڵ، یەکەم جارە ئیسلامیەکان رووبەرووی ئەو شکستە سیاسیە ببنەوەو پایتەختی راستەقینەی تورکیا، ئەستەنبۆڵ لە رێگای ھەڵبژاردنەوە لە دەست بدەن. ئەوە بە شێکە لە گەمەیەکی سیاسی ناوەخۆی تورکیا، لە دوای جەنگی دووەمی جیھانەوە جەھەپە یەکەمین جارە لە رێگای دەنگدانەوە، نەک لە رێگای کودەتاوە رکابەرەکانی وەلاوەبنێت.

ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنەش لە ھەڵبژاردنەکانی تر جیا دەکاتەوە، سەنگی راشکاوانەی کوردە، بوونی نزیکەی دوو میلۆن و نیو دەنگدەری کورد لەو شارە، سەرکەوتنی بۆ جەھەپە مسۆگەر کردو حزبەکەی ئەردۆگانیشی دوچاری ئەو شکستە گەورەیە کردەوە. لە راستیدا پیادەکردنی ھاوسەنگکردنی سیاسی بە حزبێک و دژی حزبێکی تر، گەمەیەکی لە بار بوو بۆ دیارکردنی سەنگی سیاسی کورد لە تورکیا لە لایەک و لە لایەکی تریش تۆڵە کردنەوەیەک بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرداریەی ئەردۆگان و حزبەکەی بەرامبەر کوردیان کردوەو دەیکەن. ئەمە وەک نیوەی ھاوکێشەکە شتێکی گونجاوەو سیاسەتێکی تا رادەیەک سەرکەوتوانە بووە. بەڵام کێشە بنەڕەتیە لەم بەشەی ھاوکێشەکەدا نیە بەڵکو لە نیوەکەی تردایە!.

ئەویش سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی تورکیایە!. کە رۆژئاواو ئەمریکا بە توندی پاڵپشتی دەکەن و لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا ھەموو ئامڕازێکیان خستۆتە بەردەم بۆ جینۆسایدو رەشە کوژ کردنی نەتەوەی کورد. جێگای سەرنجە سێ لەسەر چواری ئەو سەد ساڵە جەھەپە دەسەڵاتی لە دەست بووە. ئەو تاوانانەی لەو ماوەیە ئەنجامدراون، ھەر لە تێکشکاندنی راپەڕینەکانی شێخ سەعیدو ئاگری داخ و کیمیا بارانکردنی دەرسیم،. تا دەگاتە دانانی یاسای دوورخستنەوە پەرتەوازەکردنی کورد لە ساڵی ١٩٣٢ و راگواستنیان بە ھاریکاری ھێزە ھەرێما‌یەتیەکانی تر بۆ رۆژئاوای تورکیا، بە مەرجێک رێژەی ٥% دانیشتوان تێنەپەڕێنن، ھەمووی لەسەر دەستی ئەو حیزبەدا بووە!.

جەھەپە بوو لە ماوەی جەنگی دووەمی جیھانیدا، ئابڵووقەی راگەیاندنی خستە سەر باکوری کوردستان بە ئاشکراو بە نھێنی دەیان ھەزار گەنج و رۆشنبیری کوردی کوشت و شوون بزر کرد. جەھەپە بوو کوردی بە تورکی کێوی ناساندو لە ماوەی ھەموو تەمەنی خۆیدا کاری بۆ تواندنەوەو سڕینەوەی ناسنامەی کوردی کرد و دروشمی ئەوەی بەرزکردەوە، کە لەھەر شوینیک سەرەنیزەی تورکی لێبیت شتیک نیە بە ناوی کوردو مەسەلەی کورد.

ژاندارمەکانی جەھەپە بوون زیندانی ئامادیان کردە گۆڕستانی شۆڕشگێڕانی کورد. جەھەپە بوو …، …،… ئێستاش ناکرێت ئەو خاڵە فەرامۆش بکرێت، کە سەرباری ئەو مێژووە رەشەی، جەھەپە زۆر زیرەکانە سوودی لە تووڕەییەکانی کورد لە ئەردۆگان و ئاکپارتی وەرگرت و لە پێناو گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات بە کاریھێنا، بۆیە سەرکەوتنی یەکەم لەو ھەڵبژاردنەدا بەر ئەو کەتووە!. ناکرێت لەبەر زوڵم و زۆری دوژمنێکی ئەمڕۆ دوژمنێکی شاراوەی دوێنی و بەیانی فەرامۆش بکەین!. سیستەمی سیاسی لە تورکیا ھەرچیەک بێت، سیاسەتی بەرامبەر کورد ھەمان ئەو سیاسەتە دەبێت، کە لە ماوەی رابردودا پیادەی کردوە. چونکە لە بنەڕەتدا تورکیا وەکو دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئەوە دروستکراوە، کە پاسەوانی ئەو دۆخە جیۆپۆلەتیکیە بکات، کە رۆژئاواییەکان لەو ناوچەیە دایانڕشتووە. تورکیا جگە لە پاسەوانێکی دۆخی جیۆپۆلەتیکی رۆژئاو ئەمریکا زیاتر نیە!. بۆیە بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و گەمە سیاسیەکانی ناوخۆی تورکیا ھیچ شتێک لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. کورد پێویستە کار لە سەر تێکشکاندنی ئەو بنەمایە جیۆپۆلەتیکیە بکات، کە دەوڵەتی تورکیای لەسەر بنیاتنراوە. ئەمەش لە رێگای دۆزینەوەی میکانیزمێکی تر بۆ خەبات و کارکردن!.

ئەم گەمە کردنە سیاسیەی ئێستای کورد واتای ونکردنی وێناکردنی جیۆپۆلەتیکی دەگەیەنێت لای کورد. کە لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە ھەیە کاری لەسەر بکات. کورد پێویستە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان ستراتیژیەتێکی دوورە مەودا دابڕێژێت بۆ بەیەکەوە کۆکردنەوەو لکاندنەی قووڵایی جیۆپۆلەتیکی خۆی، کە دوای جەنگی یەکەمی جیھان لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە پەرتەوازەو دابەش کراوە. بۆیە نابێت لەگەمەیەکی سیاسی روکەش و قێزەوندا، کە رەنگ بێت رۆژئاوا خۆی دەستی تێدابێت بۆ تۆڵە کردنەوە لە ئەردۆگان بەرامبەر ھەوڵەکانی بۆ تێکشاندنی دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە لە رێگای نزیک بوونەوەی لە روسیا!. فریو بخوات و گرەو لەسەر ئەسپێکی تۆپیو بکات. کاتی ئەوە ھاتووە دوورتر بڕوانێت و وردتر شتەکان لێکبداتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.