١٤٠ بەدەستکارییەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

عارف قوربانی

لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکانی کەرکووک ئاڵۆزتر دەبن و دەرفەتەکانی چارەسەر بەرتەسکتر دەبنەوە. لایەنی کوردی کە ھێشتا ھەر یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتی دەکەن، ھیچ بژارە و پلانێکیان نییە بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرکووک، نە بەدوای چارەسەرێکی تازەدا دەگەڕێن، نە ھەوڵی لابردنی ئەو کۆسپانە دەدەن کە وەک لەمپەر لەبەردەم نەخشەڕێی چارەسەرەکانی پێشوودا دروست بوون.

لایەنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کردووە و بەھۆیەوە ئەنجوومەن پەکیکەوتووە، یەکێتیش ھەموو کێشەی کەرکووک و چارەسەرەکانی لەوەدا بەرتەسک کردووەتەوە کە پارتی بێنێتە سەر ئەو رایەی بێنەوە بۆ ئەنجوومەن و پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی دەستەبەر بکەن. ماوەی زیاتر لە ھەشت مانگە لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئەم دوو ھێزە سیاسییە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، مشتومڕی نێوان ئەم دوو حیزبە لەسەر کەرکووک لە بازنەیەکدا دەخولێتەوە: (ئایا یەکەمجار پارێزگار دابنرێت پاشان ھەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بدەن، یان سەرەتا ھەوڵی ئاساییکردنەوە بدرێت و دواتر پارێزگار دابنرێت). رێک وەک ئەوەی (ئایا مریشک لە ھێلکەیە یان ھێلکە لە مریشکە).

ئەگەر ئەم ھەشت مانگە پێکەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان لەسەر کێشەکانی ئێستای کەرکووک بکردایە، یاخود بەدوای نەخشەڕێ و چارەسەرێکی تردا بچووبان، دوور نەبوو ئێستا بەشێک لە کێشەکانی چارەسەر بکرایە. بەڵام کە ھیچ رێگەیەکی تر ناگرنەبەر، بەڵگەی ئەوەیە کە نایانەوێ چارەسەر بێت. لەم دۆخەی ئێستادا ھەریەکە لەلایەک جۆرێک بەرژەوەندیی حیزبی لە نەوتی کەرکووک بۆ دروست بووە، پارتی بە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێی بۆڕیی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیھان، یەکێتیش لەڕێی تانکەری قاچاخەوە سوودمەندن. لەلایەکی تریشەوە ھەردوولا دەیانەوێ شکستی کەرکووک بۆ مەبەستی شکاندنی یەکتری بەکاربەرن. پارتی دەیەوێ بیکاتە تۆڵەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەڵێت: (یەکێتی کەرکووکی تەسلیم کردووە، من بۆ پاداشتیان بدەمەوە). یەکێتیش دەیەوێ ئەو شکستانەی وەک دەرئەنجامی ١٦ی ئۆکتۆبەر رووبەڕووی کەرکووک دەبنەوە، پارتی تێدا بکاتە شەریک و بەرپرسیار و دەڵێت: (خەتای پارتییە کە نایەوێ پارێزگارێکی کورد لە شارەکە ھەبێت و بەھۆی بایکۆتی ئەوەوە پارێزگارێکی تەعریبچی حوکمی کەرکووک دەکات).

جگە لەم تۆمەتبارکردنانەی یەکتری بەدوای ھیچ رێگاچارەیەکی تردا ناگەڕێن. ئێستا لە ئەنجامی ئەو پێداگیرییەی ھەردوولایان لەسەر بۆچوونەکانیان بۆ کەرکووک، خەریکە بەو ھۆیەوە ھەرێمی کوردستانیش رووبەڕووی ناکۆکی و کێشەیەکی قووڵتر دەکرێتەوە و مەترسی کەوتووەتە سەر یەکپارچەیی ھەرێمی کوردستانیش. بێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە ئایا لە حەقیقەتدا کێشەی دانانی پارێزگار ھەروا بە ئاسانی دەتوانرێت بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دابنرێت؟ ئەی ئەگەر سبەی ئەم دوو حیزبە رێککەوتن و بڕیاریاندا لیستی برایەتی ھەموویان بچنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن، ئەگەر ئەمجارە تورکمان و عەرەب بایکۆتیان کرد، بڕیاری لیستی برایەتی وەک زۆرینەی ئەنجوومەن ئیعتیباری یاسایی ئەوەی دەبێت تەعبیر لە بڕیاری ھەموو ئەنجوومەن بکات؟ لە کاتێکدا نموونەی پێشووترمان ھەیە کە نەخێر. چونکە چەندین بڕیار ھەن لە ئەنجوومەنی پارێزگا بە دەنگی لیستی برایەتی و غیابی پێکھاتەکانی تر دەرکراون و دواتر لەلایەن بەغداوە رەتکراونەتەوە. ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە بڕیاری زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگا بوو، لەوکاتەشەوە ھیچ بڕیارێک لە ئەنجوومەن دەرنەچووە پێچەوانەی ئەو بڕیارەی پێشوو، ئەی کەواتە بۆچی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھێنرایە خوارەوە؟ ھۆکارەکەی روونە کە تورکمان و عەرەب لە دژی بوون. لە ھەلومەرجێکی وەک ئێستاشدا ئەو دوو پێکھاتەیە جارێکی تر ئەوە پەسەند ناکەنەوە پارێزگار بەو جۆرە بدرێتەوە بە کورد. ئەی کەواتە ئەم دوو حیزبە کە ھیچ بەرچاوڕوونییەکیان لەوبارەیەوە نییە، بۆچی خەریکە ماڵی کورد وێران دەکەن؟

باش وایە پارتی و یەکێتی بەدوای چارەسەری گەورەتردا بگەڕێن بۆ کێشەی کەرکووک، بژارە و رێگای جۆراوجۆر زۆرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکھاتەکانی تر بکەوینە گفتوگۆ، کە ھەم رەوشی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە و ھەم ئیدارەش بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە، کورد و ئەوانی تریش ھەست بەھاوبەشیی راستەقینە بکەن بە زامنکردنی پۆستی پارێزگاریشەوە بۆ کورد. لێرەدا مەبەستمە پرسی مادەی ١٤٠ بێنمەوە بەرباس وەک رێگایەکی دەستووری کە پێشتر ھەموو لایەنە عێراقییەکان رەزامەند بوون لەسەری و شەرعیەتێکی دەستووری ھەیە بۆ چەسپاندنی دەرئەنجامی رێکارەکانی. دەبێت بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بچین کە بۆچی لە رابردوودا ئەو نەخشەڕێگا دەستوورییە جێبەجێ نەکراوە؟

کۆسپەکانی بەردەمی چی بوون؟ چۆن دەتوانین جارێکی تر ئەم رێگە دەستوورییە بکەینەوە بە ئامرازی دەستمان بۆ گۆڕینی ھاوکێشەکانی کەرکووک لەو دۆخە مەترسیدارەوە بۆ قۆناغێکی باشتر کە دەرفەت بداتەوە کورد دەست بۆ ریشەی کێشەکانی بەرێت.

پوختەی مادەی ١٤٠ ئەوە بوو کە بە چەند قۆناغێک عەرەبی ھاوردە بڕۆنەوە شوێنی پێشوویان، کوردی راگوێزراو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەستکارییە ئیدارییەکانی دوای ساڵی ١٩٦٨ وەک پێشووتریان لێبکرێتەوە، سەرژمێری بکرێت و دواتر بە راپرسییەک بڕیار لە چارەنووسی ئەو ناوچانە بدرێت کە لەگەڵ بەغدابن یان ھەرێمی کوردستان. ھەڵەی کورد لەم رێگا دەستوورییە ئەوە بوو کە چارەنووسی خاکی بەستەوە بە دڵی خەڵکەوە. دەبوو کێشەی خەڵک لە کێشەی خاک جیابکرایەتەوە.

بەتایبەتیش کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووبوون بە تەرەف لە کێشەکەدا، بۆ ئەوان زۆر قورس بوو لەوە تێبگەن کە عەرەبێک دوو پشتی لەکەرکووک لەدایک بووە و کوردێکیش دوو نەوەی لە زاخۆ یان پێنجوێن ژیاوە، عەرەبەکە کەرکووکی نییە و کوردەکە کەرکووکییە. بەتایبەتیش کە لە کۆمەڵگاکانی ئەواندا مەسەلەی ھاووڵاتیبوون بەسەر ناسنامەی نەتەوەدا زاڵ بووە، بۆ دەرەوەی خۆشیان کەسێک دەچووە وڵاتەکانیان بەماوەیەکی کەم دەبووە خاوەن رەگەزنامەی ئەو وڵاتە، بەلایانەوە سەیر بوو کورد داوای ئەوە دەکات ئەو عەرەبانەی نیشتەجێی کەرکووکن، دەربکرێن و ئەو کوردانەی نیشتەجێی ھەولێر و سلێمانی و دھۆکن بێن لە کەرکووک بژین. پێیانوابوو کورد لەوەدا زوڵم لە عەرەب دەکات و لە سیاسەتە درێژخایەنەکانی پاکتاوی رەگەزی نەدەگەیشتن. بۆیە عەرەبی دەسەڵاتدار ئەمەیان قۆستەوە بۆ رێگری لە دەرکردنی عەرەب، کوردیش بەو حاڵەوە مەترسی ئەوەیان ھەبوو کە ئەگەر بەشێکی تر لە جوگرافیا و ئیدارەی شارۆچکەکانی تری ھەرێم بخرێتەوە سەر کەرکووک، رەنگە ئەوانیش چارەنووسیان بخرێتە مەترسییەوە، بۆیە کاریان نەکرد بۆ ئەوەی چەمچەماڵ و کفری و کەلار بخرێنەوە سەر کەرکووک.

ئێستا دەبێت دوای ئەو شکستانەی بەسەرمان ھاتن، جارێکی تر دەستبگرینەوە بە مادەی ١٤٠وە، بەڵام ھەوڵبدەین لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر بکەین بۆ دەستبەرداربوون لەو بڕگەیەی کە لەسەرەتاوە بووە لەمپەر لەبەردەم جێبەجێکردنی و بۆ کوردیش ئەو ھەڵەیە راست بکاتەوە کە کێشەی خاک و خەڵک لەیەک جیابکەینەوە. ئەگەر دەرئەنجامی ئەو پرۆسە دەستوورییە دەستەبەری پارێزگاری لە ناسنامە و جوگرافیا بکاتەوە بۆ کوردستان، کەی کێشەیە چەند عەرەب لەوێ دەژین؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.