“توركيا دەیەوێ پێشمەرگە بۆ شەری دژی پەکەکە پڕچەک بکات” هەموو زانیاریەک لەبارەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا

لەلایەن ستاندار Posted on 539 جار بینراوە

ستاندەر

پێگەی ئەلمۆنیتەر کە گرنگی بە پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدات لە راپۆرتێک ئاشکرای کردووە تورکیا دەیەوێت بە پشتیوانی پێشمەرگە لەناوچەکانی خواکوڕک شەری هێزەکانی پەکەکە بکات، ئەلمۆنیتەر رایگەیاندووە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ کە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا خۆی سەرپەرشتی دەکات سوپای تورکیا دەیەوێت هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی ساڵی ١٩٩٧ بەشداریبکەن لەو ئۆپەراسیۆنە، پێشبینی دەکات ٦ هەزار سەرباز و هەشت هەزار پێشمەرگە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکە بکەن،

ئەلمۆنیتەر: هەولێر بەتەواوی پشتیوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات بەڵام هێشتا هەڵوێستی بەغدا بێدەنگییە

لەبارەی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگ ئەلمۆنیتەر نوسیویەتی:

١- سنوردارکردنی تواناکانی قەندیل و نەهێشتنی پەیوەندی لەنێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا.

٢- رێگریکردن لە “چالاکی قاجاغچیەتی و نایاسایی پەکەکە” کە بونەتە سەرچاوەی داهات بۆ پەکەکە. لە راپۆرتەکە وا ئاماژەی بۆ کراوە

٣- برینی رێگای لۆجستی لەنێوان ناوچەکانی باشوری کوردستان لەگەل باکوری سوریا و رۆژئاڤا کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی شەرڤانان دایە.

٤- دەرهێنانی سلێمانی  لەژێر هەژمونی پەکەکە وەک ئەلمۆنیتەر نوسیەیەتی.

٥- چەکدارکردنی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنی خواکورک و زیاترکردنی فشار لەسەر قەندیل وەک بنکەی سەرەکی پەکەکە.

٦- بۆ بەکارهێنانی لە بانگەشە ناوخۆییەکان لە تورکیا، لە پرسی دژایەتی دەسەڵاتی رۆژئاڤای سوریا سوپای تورکیا نەیتوانیوە زیاتر بچێتە پێش، دەیەوێ لە رێگای ئەو ئۆپارسیۆنە بلێت هێشتا دژایەتی هێزە کوردیەکانی سوریا دەکات.

 

قەرەیلان: ئەوەی سوپای تورکیا لە خواکورک دەیکات ئۆپەراسیۆن نیە و داگیرکارییە، ئەم داگیرکارییەش کاتی نیە و هەمیشەییە

نوسیویەتیشی هەولێر بەتەواوی پشتیوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات بەڵام هێشتا هەلوێستی بەغدا بێدەنگییە. بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی ئابورییە و تورکیا دەیەوێ پەیوەندییە بازرگانیەکانیشی لەگەل سلێمانی گەشەپێبدات،  بەشێوەیەک هێزە تایبەتییەکانی تورکیا و پێشمەرگە رێگای نێوان سلێمانی و هەکاری بپارێزێن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە توركيا دەیەوێ ناوچەیەکی بچوکی ئەمنی لە خواکورک ناوچەی دەسەڵاتی پەکەکە دابمەزرێنێ لەماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەویش بە پشتیوانی چالاکانی هەولێر و رازیبوونی بەغدا.

ئەلمۆنیتەر سێ بەربەستی ئاماژە پێکردووە لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکە، ئەوانیش بەو شێوەیە:

١- توانای مرۆیی و گرانی ئەرکەکە لەسەر شانی سەربازانی تورک و هێزە تایبەتیەکانیان.

٢- ئایا پێشمەرگە رازی دەبێت بەوشێوەیەی تورکیا دەیەوێ هاوکاریبکات و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەل بکات دژ بە پەکەکە لەو ناوچانە.

٣- هاتنی وەرزی زستان لە مانگی ئۆکتۆبەر.

 

دەبێت بگوترێت کە ئەوە یەکەمجار نیە تورکیا ئۆپەراسیۆنی لەو شیوەیە ئەنجامدەدات بۆ دەرهێنانی ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی گەریلا بەڵام لەهیچ لە هەوڵەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی پاراستنی گەل بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە ئەوەی سوپای تورکیا لە خواکورک دەیکات ئۆپەراسیۆن نیە و داگیرکارییە، ئەم داگیرکارییەش کاتی نیە و هەمیشەییە. پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت. دەشلێت ئەوەی ئێستا دەولەتی تورکیا هەلدەسورێنێت و ئاراستەی دەکات مەهەپەیە، فکری ئەوان دەربارەی کوردان تەنها کوشتن و لەناوبردنە، ئێستا دەیانەوێت ئێرانیش بکەنە هاوکاری ئەو سیاسەتە نەژادپەرست و شوفیێنیە بەڵام رێبەرانی ئێران بەشی ئەوەی نەکەونە ناو ئەو کەمینە خاوەن ئەزموونن، لەبەر ئەوە بەرای ئێمە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ نرخێک بۆ داواکاری دەولەتی تورکیا دانانێت.

ئەو لێدوانەی قەرەیلان دوای ئەوەدێت کە تورکیا رایگەیاند پشتیوانی ئێرانیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە بەدەستهێناوە, چونکە ئامانجی تورکیا دورخستنەوەی پەکەکەیە لەناوچەکە و دورخستنەوەیانە لە سنورەکانیان لەگەل ئێران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.