مەرجەعیەتی بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 343 جار بینراوە

ئاراس مەسیفی

ئەو دەنگانەی داوا دەکەن مەسعود بارزانی بکرێتە مەرجەع تا دێت زۆرتر و بەرزتر دەبن. یەکێک لەو خەسڵەتانەی پارتی لە حیزبەکانی تر جیا دەکاتەوە، جدییبون و شەرم نەکردنیەتی لەو شتانەی داوای دەکات. لەبەر ئەوە پێموانییە ئەم داوایانەی چەند کەسێکی دەرەوە و ناوەوەی پارتی بە رێکەوت بێت، بەڵکو ئامانجێکی بەرنامە بۆ دارێژراوە. داواکاری بە مەرجەع کردنی بارزانی لە کاتێکدایە کە ھەردو پۆستی لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە دەست ئەندامانی بنەماڵەکەیەتی و لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریش بە ھەمان شێوە بەدەست حزبەکەیەتی. مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی فیعڵی مەرجەعی سیاسی ھەر چوار دەسەڵاتە باڵاکەی ھەرێمی کوردستانە. ئەوەی بۆ بارزانی داوا دەکرێت، دەسەڵاتی زیاتر نیە، بەڵکو بەدەزگایی کردن و رەوایەتی پێدان و بە فەرمیی ناساندنی ئەم دەسەڵاتەیەکە بارزانی بە کردار ھەیەتی و پەیڕەوی دەکات.
مەرجەع وەکو ناوەکە پێمان دەڵێت وشەیەکی عەرەبیە و لە روی زمانەوانیەوە چەند واتایەکی ھەیە وەکو: سەرچاوە، گەڕانەوە، شوێنی گەڕانەوە، رەسەن، ھتد. (المَرجِعُ: رجوع ، عودە، محلُّ الرجوع) نەبونی وشەیەکی وا بە کوردی مانای ئەوەیە کە مەرجەع لە کولتور و نەریتی کوردیدا بونی نەبوە، ئەگەرنا ناوێکی کوردیشی دەبو. کەواتە پارتیەکان ئەم بیرۆکەیان لە کوێ ھێناوە و تێگەیشتنیان بۆ مەرجەع چییە؟
دیارترین نمونەی مەرجەع لە جیھانی عەرەبیدا نمونەی ئایتوللە علی السیستانیە، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف. ھەندێ کەسیش پێیان وایە کە زانکۆی ئەزھەریش بە ھۆی پلە و پایە ئاینیی و زانستیەکەیەوە لە ناوەرۆکدا دەچێتە چوارچێوەی مەرجەعیەت (المرجعیە)، بە تایبەتی بۆ موسلمانانی سونە. بونی مەرجەع بەبێ ھەبونی دەزگای مەرجەعیەت (المرجعیە) ناتەواوە. لای شیعەکان واباوە کە المرجعیە المَرجِعُ دیاری دەکات. ‌ھەروەھا مەرجەعیەت پێوەر و میکانیزمی تایبەت بە شارەزایی و لیھاتویی بۆ دەستینشانکردن و پەسەندکردنی مەرجەع دادەرێژێت وھەرەوھا ئەرک و دەسەڵاتەکانیشی دیاری دەکات. پارتی بۆ ئەم مەبەستە دەزگای بارەگای بارزانی داھێناوە. بەڵام بە پێچەوانەی مەرجەعیەتی شیعە کە لەروی رەوایەتی و شارەزایی زانستی و ئاینی ھیچ گرفتێکیان نیە، بارەگای بارزانی کێشەی شەرعیەت و پسپۆری ھەیە. واتە بارەگای بارزانی داھێنراوێکی تازەیە و زۆربەی خەلکی ھەر گوێشیان لێی نەبوە. نە لە روی نەریت نە لەروی یاساییەوە ھیچ شەرعیەتێکی جەماوەریی نیە. جگە لەوەش دەزگای بارزانی ھیچ پسپۆری و شارەزایەکی لەسەر بوارێکی تایبەت وەکو ئاین، یاسا ھتد نیە، بەڵکو دەزگایەکی سیاسی گشتییە. لێرەدا ھیچ لێکچوییەک لە روی شێواز و ناوەرۆکدا لە نێوان ئەم دو نمونەیەدا بەدی ناکرێت، تەنھا ناوەکە نەبێت. کەواتە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت کە بۆچی ناوێکی عەرەبی بۆ پۆستێکی کوردی ھەڵدەبژێردرێت کە خۆی لە جیھانی عەرەبی چەند نمونەیەکی کەمی ھەیە و ھیچیان ئەو مانایە نادەن، کە پارتی و بارزانی ئامانج و مەرام و مەبەستیانە؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەرێنەوە بۆ واتاکانی وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبیدا. وشەی مەرجەع لە زمانی عەرەبی وەکو لەسەرەوە باسکراوە لە یەککاتدا بە مانای سەرچاوە، گەڕانەوە یاخود شوێنی گەڕانەوە دێت. لە کوردیدا ھیچ زاراوەیەک نیە کە لەیەککاتدا ھەرسێ واتاکە کۆبکاتەوە. کەواتە مەرجەعی گشتی بەو واتایە دێت کە مەسعود بارزانی بکرێتە سەرچاوەی ھەمو دەسەڵات و بڕیارە گرنگەکان، وەھەروەھا ھەمو پرسە گشتیەکانیش دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ لای ئەو. لە سیستەمەکانی دنیای ئێستادا جگە لە پاشا و سەرۆک و رابەری سیستەمە رەھاکان، ھیچ کەسێک ئەو پلە و پایەی نیە. ئەوی بارزانی داوای دەکات لە ناوەرۆکدا پاشایی بونە نەک تەنھا مەرجەع بون بۆ پرسێک یاخۆد بوارێکی تایبەتی دیاریکراو وەکو لای شیعەکان باوە.
ھۆی ئەوەی کە پارتی لە بڕی زاراوەکانی پاشا، رابەر یان سەرۆک زاراوی مەرجەع بەکاردەھێنێت لەلایەک بەربەستی دەستوری عێراقیە کە سیستەمەکەی کۆماریە و رێگا بە بونی ئەم دەزگایانە نادات. لەلایەکی ترەوە نەخوازراوی زاراوەکانی پاشای یان رابەرە لەلایەن ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و وەک ئاشکراشە کۆتایی ھاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیە. بونی مەرجەعیەتی شیعەکان لە دەرەوە و لە سەرو دەستور و یاسی عێراقیدا وا دەکات پارتی سود لە زاراوەی مەرجەع بە ناوەرۆکێکی سەرۆکایەتی یان پاشایەتەی رەھا بۆ مەسعود بارزانی ببینێت، بێ ئەوەی ھیچ گرفت و کێشەیەکی یاسایی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دروستبکات. دەکرێت ئەمەش لە روانگەی لاینەگر و ھەوادارانی پارتی رەوایەتی خۆی ھەبێت، بەڵام ئایا مەسعود بارزانی مەرج و خەسڵەتەکانی مەرجەع بون بە ناوەرۆکی پاشایەتی یان سەرۆکایەتی رەھای تێدایە؟
لێرەدا پێویست ناکات زۆر دور بڕوێن یاخود بگەرێینەوە بۆ مێژوی وڵاتان. ئەگەر سەیرێکی دراوسێکانمان بکەین کە بەھۆی ھاوبەشی ئاینیی و میێژویی کولتور و سروشتی کۆمەلگەکانیان لە ئێمە نزیکترە، ئەوە دو نمونەی مەرجەعی گشتیی ھەن، کە ئەوانیش عەلی خامەنائی لە ئێران و شا سەلمانی سعودیەن. لێکچویی رابەر خامەنائی و پاشا سەلمان لەوەدایە کە ھەردوکیان لە سیستەمی وڵاتەکانیان لە سەرو ھەمو دەزگا و دەسەڵاتەکانن، سەرچاوەی دەسەڵات و بریاری کۆتایی ھەمو پرسەکانیش ھەر لای ئەوانە. پارتی و بارزانی نەیانشاردۆتەوە کە ویست و خەونی دەسەلاتداری رەھایان بۆ بارزانی ھەیە، جا ئەمە لە ژێر ناوی مەرجەع، پاشا، رابەر یان سەرۆک بێت، ھیچ جیاوازیەکی نیە. کاتێک بارزانی و ھەوادارانی بە ئاشکرا کار بۆ ئەمە دەکەن، ئەوە بێگومان لەو بێسەروبەریە سیاسیە دەرکیان بە دەرفەتێک کردوە بۆ کردنی بارزانی بە مەرجەعی گشتی کوردستان. لێرەدا دەبێت بەدوای وڵامی ئەم پرسیارە بگەرێین کە ئایە مەسعود بارزانی مەرجەکانی بە مەرجەع بونی تێدایە؟
دو مەرجی سەرەکی بە مەرجع بونی رەھا، دەسەڵات و رەوایی (شەرعیەتی) رەھان کە ئەوانیش زۆرجار تەواوکەر یان دروستکەری یەکترن. بۆ نمونە ئەندامبونی شا سەڵمان لە خێزانی پاشا، رەوایەتی ئەوەی پێدەدات دەسەڵاتی رەھای ھەمو ولات بگریتە دەست، دوای کۆچی دوایی پاشا. بەڵام یەکێکی وەکو خامەنائی وەکو بەشداربویەک و جێگرەوەی ئایتوللە خومەینی رەوایەتی لە سەرکەوتنی شۆرشی ئێران وەرگرتوە. سەرکەوتن لێرە بە مانای چەسپاندنی رەھای دەسەڵات دێت.
بارزانی لێرەدە ھیچیانی بە رەھایی نیە، نە مەلا مەستەفا پاشا بوە، نە شۆرشەکەی بارزانی بەو شێوەیە سەرکەوتو بوە کە بتوانێت دەسەڵاتی رەھای بەسەر ھەمو ھەرێمی کوردستان بسەپێنێت و رەوایی لێوەرگرێت. کەواتە بونی بارزانی بە مەرجەع بەستراوەتەوە بەوەی کە بارزانی و پارتی تا چەند دەتوانن کێشەی نەبونی دەسەڵاتی رەھا و رەوایەتی رەھا چارەسەربکەن.
راستیەکی ئاشکرایە کە دەسەڵات و شەرعیەتی بارزانی لە ژێر ھەرناوێک بێت، سنورەکانی زۆنی زەردی پارتی تێپەرناکات. لە ئێستادا بارزانی ناتوانێت بە زەبری ھێز دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بسەپێنێت. ئەوەش پارتی مەحکوم دەکات بە سازش و سازانی سیاسی، بۆ ئەوەی رەوایەتی بۆ پۆستە تازەکەی بارزانی دەستەبەر بکەن. ئایا بارزانی و پارتی ئامادەیی سازان و سازشییان تێدایە؟ئاوردانەوەیەک بۆ دواوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
بارزانی لە کاتی بونی بە سەرۆکی ھەرێم و لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال دەرفەتێکی زێرینی بۆ رەخسا کە بە کردار ببێتە مەرجەعی سیاسی ھێز و لاینە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان. بە لایەنی کەم لە دو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بارزانی ھیچ کێشەیەکی رەوایەتی (شەرعیەتی) نەبو. لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان وەکو کەسی یەکەمی ھەرێمی کوردستان دانپێنراو بو. بەڵام ئەزمونی سەرۆکایەتی بارزانی ئەوەمان پێ دەلێت، کە بارزانی بەھەر ھۆیەک بێت نەک نەیتوانی ببێتە سەرۆکی ھەمو ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، بەلکو پۆستەکەی بوە ھۆی گەورترین دابڕان و لێکترازانی ناو ماڵی کورد. دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی، پارتی و بارزانی بۆ درێژکردنەوەی رەوایەتی بارزانی ھیچ ئامادەییەکیان بۆ سازان و شازشی سیاسی لەگەڵ رکابەرەکانیان پیشان نەدا، بەلکو پەرلەمانیان داخست و رکابەرەکانیان لە زۆنی زەرد وەدەرنا. دەتوانین بپرسین لەو کاتەوە چی وا گۆڕاوە کە وا لە بارزانی بکات بەو گوڕ و تین و بروابەخۆبونەوە گرەوی سەرکەوتنی پرۆژەکەی لەسەر بکات؟
بەدەست ھێنانی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و خۆبەدەستەوەدانی بزوتنەوەی گۆران بێگومان گۆرانکارێکی گەورەیە لە ھاوسەنگی ھێز لە ھەرێمی کوردستاندا بە قازانجی پارتی. لە ئێستادا پارتی ئەگەر یەکێتیشی پێ رازینەکرێت، ئەوا دەتوانێت بە ھاوکاری گۆڕان و ھێزە ھاوپەیمانەکانی تر لە رێگەی پەرلەمانی کورستان رەوایەتی بۆ بارەگای بارزانی و بە مەرجەع کردنی مەسعود بارزانی دەستەبەر بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پارتی پەیڕەو بکات، چونکە دەسەڵاتی راستەقینەی زۆربەی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی لای یەکێتیە. لە ناو یەکێتیش ھێزەکانی دژە بارزانی دەسەڵات و ھەژمونیان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوندایە. لە روی جەماوەریشەوە ھێنانی ٤٥ کورسی مانای رازیبونی ٤٥٪ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نیە بە بارزانی و پارتی، بەڵکو تەنھا ٤٥٪ ی ٦٠٪ بەشداربوانی دەنگدانە، ئەگەر باسی تەزویریش نەکەین. ئەگەر رەچاوی رێژەی بەشدارنەبوان بکەین کە دەکاتە نزیکەی ٤٠٪ ی کۆی دەنگدەران، ئەوا ٤٥ کورسیەکەی پارتی تەنھا گوزارەشت لە رەزامەندی ٢٧٪ ی کۆی ھاولاتیانی ھەرێم کوردستان دەکات ک مافی دەنگدانیان ھەبوە. بەم پێیە ٧٣٪ ھاوڵاتیانی ھەرێم دەنگیان بە پارتی نەداوە.
لە کۆتاییدا سەرکەوتنی تەواوەتی پرۆژەکەی پارتی بەندە بەوەی بارزانی تا چەند ئامادەیە لە سەر حیسابی بەرژەوندیەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پارتی رێکەوتن لەگەڵ ھێزەکانی رکابەری پارتی ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بکات و دەسەڵاتیان لەگەڵ دابەش بکات؟ ئەگەر بارزانی وەکو رابردو زۆر بۆ پارتی داوا بکات، کەم بداتە ئەوانی تر، چۆن دەتوانێت ببێتە نوێنەری بەرژەوەندی لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکانی دەرەوەی پارتی؟ ئایا بارزانی توانا و ئامادەی ئەوەی تێدایە، خۆی لە تۆڕی بەرژەوەندی ئەندامانی خێزانەکەی و پارتی رزگار بکات و ببێتە نوێنەری بەرژوەندیەکانی زۆرینەی ھاوڵاتیان و ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان؟ مشتومر و ناوکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەبارەت بە زۆربەی بابەتەکان تا ئێستا پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێن. بەمەش نەک تەنھا پرسی مەرجەع بونی بارزانی، بەڵکو تەواوی پرۆسەی سیاسی کەوتۆتە دوریانێک کە تیایدا ئاسان نیە پێشبینیەکی دروست بۆ ئەگەرەکان بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.