ئارام چۆمانی
حکومەتی عێراق و هەرێم لەنێو بەرداشی ئەو ململانێ و گوشارانەی ئیقلیی و نێودەوڵەتی دا چۆن دەتوانن هاوسەنگی بپارێزن و نەبنە بەشێک لە لایەنگیری ، بەڵام ئەم هاوسەنگییە ئەوکات دێتەدی کە هؽزە عێراقی و کوردستانیەکان خاوەنداریەتی بڕیاری خۆیان بکەن و لەژێر هەژموونی ئەو دابەشکارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە دەرچن ، لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەشی نیشتمانی و لەژێر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە هەنگاو بنێن ، کورد دوای پرۆسەی ئازادی لەعێراق ، هیچ کات کەمتر لە پەنجا ئەندام پەرلەمان و سەدان پۆستی حکومی و دەیان پۆستی هەستیاری کەمتر لا نەبووە ، بۆ بەدرێژای ئەو چەند ساڵە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەی نەداوە ؟ کە لەرابردوو دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ڕژؽمی بەعسی رووخاو کردوویەتی ، کە هەردوو حکومەت بۆ کپ کردن و لەناوبردنی شۆڕشەکانی کورد ئەنجامیان داوە ، ئەمە باشترین ڕێگەچارەی یاسای بوو بۆ ئەوەی ئەو ئاڵۆزی و داگیرکاریەی ئێستا کە تورکیا بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات ڕیگەی لێبگیرێت ، خۆ ئەگەر ئەم ڕیککەوتنە هەڵوەشابایەوە ئؽستا ئەبوایە تورکیا داوای ڕەزامەندی پێشکەش بە دەوڵەتی عێراق کردبا بۆ هەر سنوور بەزاندنێک بۆسەر سەروەری عێراق ( بەزاندنی سنوور بە یاسا نودەوڵەتییەکان بەبێ ڕەزامەندی لایەنی بەرامبەر قەدەغەیە ) ، ئەوکات کورد ئەگەر مەبەستی بوایە لەڕێگەی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی پەرلەمان و کەناڵە دیبلۆماسیەکانی (سەرۆکایەتی هەرێم)ڕیگەی لەو پێشێلکارییە دەگرت …
چەندە پێشێلکاریەکانی تورکیا بەو جۆرەی ئێستا جێگەی مەترسین بۆسەر گیانی هاوڵاتیان و ژینگەکەی ، ئەوەندەی تر مەترسیەکە ئەوەیە شەرێکی تری دژوارتر لەشەری براکوژی ڕووبەڕوومان ببێتەوە ، ئەویش شەڕی خۆکوژییە ، چونکە هیچ لایەک براوەی ئەو شەڕە نابن کە لە ڕابردوو تاقی کراوەتەوە ، جگە لە خۆکوشتن ، بەتایبەت ئێستا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گۆڕانکاری خێرا بۆتەوە ، بۆیە بۆ ئەم پێشهات و گۆڕانکاریانە ئەبوایە کورد لەسەر ئاستی یەکیەتیەکی نەتەوەی پڕۆژەو بەرنامە هەبوایە ..
بۆیە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە گرەوی لێکترازان و دابەش بوونی نێوماڵی کوردیان بردۆتەوە ، دوژمنەکانمان لەم دەرگەیە باشتر شک نابەن بۆئەوەی ئامانج و بەرنامەی خۆیان وەک خۆی جیبەجێ بکەن ، بۆیە ئەگەر بەچاوی حیزبیانە تەماشای ئەو رووداوانە بکەین ئیتر دەبێت حەق بدەیتە پەکەکەش کەلەهەر شوێنێک بیەوێت چالاکی سەربازی ئەنجام بدا ، چونکە ئەو تێروانینە حیزبییە لە جوگرافیاییەکی دابەشکراو هەمیشە ویستویەتی پشتوانی و یارمەتی پشتی جوگرافییەکە لەدەست نەدات بگرە هەوڵی پتەوکردن و بەهێزکردنیشی داوە ، بەڵام بەدەر لەو تێروانینە ئەشێت لۆمەی پەکەکەش بکەیت بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی هەرێم و ئەو مەترسی و ئاڵنگاریانەی بەسەر هەرێمەوە هەن چالاکی سەربازی و جموجۆڵەکانیان دوور لە ئاوەدانی ئەنجام بدەن ، ئێستا خەریکە تورکیا لە یەکێک لەئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە کە هەڵیهێنێت ، ئەویش هاندانی خەڵکی باشووری کوردستانە بە بۆردومان بۆسەر ئاوەدانی و بەئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی و تەنانەت سووتاندنی ڕەزو باخ و بەرهەمەکانیان ، (سۆشیال میدیا و تەلەفزیۆن و راگەیاندنی حیزبی یان ئەم دەورە دەبینن یان بێ دەنگن ) لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان ، چونکە پارتە سیاسیەکانی هەرێم دەستەمۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بونەتەوە ، تەنانەت کادرو نوسەر و ڕۆژنامەنوسەکانی بەشێک لەو هێزانەی کە تا دوێنێ خۆیان بە پشتوان و یارمەتیدەری پەکەکە دەزانی ئێستا بەئاشکرا هەم لە سیاسەتی راگەیاندنەکانیانەوە هەم ڕاستەوخۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بە تاوانباری ئەو دۆخەی سەر سنوورەکان دەزانن بێ ئەوەی بکەری سەرەکی رووداوەکان کە تورکیای مرۆڤ کوژە ، بۆیە باشترین ڕێگە بۆ هەرێمی کوردستان تەنها ئەو دەرچە یاسایەییە کە لە بەغداوە ئەو داگیرکاری و کاولکاریەیی دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان ڕابگرێت ، ئەم داگیرکاریییە بە تاوانبارکردنی پەکەکە کۆتای نایەت ، چونکە ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە مؽژووی دوێنێی جەنگی جیهانی یەکەم بدەیتەوە تێدەگەیت ئەو دوژمنکارییە رەگ و ڕیشەی هەیە ، بەناوی جیاجیاو لەژێر ماسکی شارەوەدا وەک پیشەی ستەمکارانەی هەمیشەیان خەریکی قەتڵ و عامی نەک هەر کورد بگرە نەتەوەکانی تریش بونەتەوە ، خۆ ئەو کات بیانوەکە پەکەکە نەبوە ، بگرە تورکیا ئەو دوژمنکاری و ستەمە هەر لەباشور ئەنجام نادات ، ئەوەنییە لە ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشت و پشتوانی بەشێک لەو گروپە تیرۆرستانە دەکات کە دژی ئەو ئەزموونەی هاتۆتە دی بەکاریان دێنێت ، تەنانەت لەژێر بوونی چالاکی سیاسی و سەربازی پەکەکە لەباکووری کوردستان چۆن ژێرخانی شارە کوردییەکان وێران دەکا ، بۆیە ئەستەمە و چاوەڕوانکراویش نییە کە تورکیا بەو ئاسانییە واز بێنێت ، چونکە تورکیا لەناوخۆ و دەرەوە توشی قەیرانی گەورە هاتووە کە هەریەک لە لەدەست دانی شارەداری ئەستەنبول و دارمانی ڕۆژ دوای ڕۆژی ئابوری و ئاڵۆزی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و لەوسەرەش نزیک بونەوە و لەیەکگەیشتنی بەغداو هەولێر هۆکارێکی ترە …..