نەوادی موھەندیس
• لەچوارچێوەی ئەم نوسینەمدا دەربارەی کەرکوک و گرنگیەکەی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە جەستە و لاشەی کوردستانی گەورە،نامەوێت بگەڕێمەوە ڕابووردووی دوور و نزیک و ناشمەوێت برینەکان ھەڵبدەمەوە و گەرەکیشم نیە لاپەڕە ڕەش و خوێناویەکان و پڕ لەململانێ ناڕەواکانی نێوان سەرکردە و ھێزە سیاسیەکانی ڕابووردوو پەڕە پەڕە بکەم،بەڵکو گەرەکمە لە ئێستاوە و لەخاڵی چەقبەستووی نزیکەی ٢ ساڵەوە دەستپێبکەم و ھەنگاوێکیش بەرەو ئایندەیەکی ڕۆشنتر ھەڵنێم.
• کەرکوک شارێکی کوردستانیە و دەکەوێتە چوارچێوەی جوگرافیا مێژووکردەکەی کەی باشوری کوردستانەوە ،بەڵام تەواو کورد نشین نەبوە و نیشە و لە ئایندەشدا نابێت،بۆیە ئەرکی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی تری عەرەب و تورکومان و کلدۆ ئاشوریەکانە پێکەوە بگەڕێن بە شێوێن چارەسەرێکی گونجاودا بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ژیان و مان و بونی خۆیان بدەن لەو شارەدا،وەکو نمونەیەکی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاوازەکان،با ھەموان پێکەوە وڵاتێکی وەکو سویسرای ناوجەرگەی ئەوروپا بکەینە نمونە بۆ پێکەوە ژیان کە ٥ نەتەوە و زمان و کەلتور و بەرژەوەندی جیاوازی تیادا دەژی،بەڵام بەبێ ئەوەی تائێستا بچوکترین ناکۆکی و ململانێی توند لە نێوانیاندا ڕوویدابێت،نەک ھەر ئەوە بەڵکو نمونەیەکی گەشە لەھەموو دونیادا بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتی و ئارامیش.
• جا باکورد وەک نەتەوەیەکی گەورە و زۆر و وەکو ئەوەی کە کەرکوک کەوتۆتە جوگرافیای کوردستانەوە و وەک خاوەنی ڕاستەقینەو خەمخۆری شارەکە لەدێر زەمانەوە و وەک ئەوەی کە قوربانیەکی زۆر و گەورەی داوە لە پێناو مانەوەو بەزیندوو ھێشتنەوەی شارەکەدا لە ١٠٠ ساڵی ڕابووردوودا،با لەخۆیەوە دەستپێبکات،با ھێز و سەرکردە و پارتە سیاسیەکان ڕابووردوو لەبیر بکەن و بەرەو ئایندە بڕوانن و ھەنگاو ھەڵنێن،با ھەریەکەیان کەمێک دوور بکەونەوە لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و ئیمتیازاتی پلە و پۆستەکان،با ھەمووان گیانی کوردایەتیەکی ڕاستەقینە پاڵنەریان بێت بۆ ڕێککەوتن و لێکنزیکبونەوە و دۆزینەوەی چارەسەری ھەموو کێشە و ناکۆکیەکانی کە ٢ ساڵە کەرکوک و کەرکوکیەکان بونەتە قوربانی سەرەکی.با ھیچ لایەک ئەوی تر تاوانبار نەکات بە خیانەت و وڵاتفرۆشی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ دوژمناندا،چونکە بەداخەوە مێژوو و ڕابووردووی کەم ھێز و سەرکردەی سیاسی ھەیە بەدوور بێت لەو کارانە،بۆیە گەر دەتانەوێت کەرکوک بگەڕێتەوە باوەشی دایکی کوردستانی نیشتیمان و کەرکوک ببێتەوە بە دڵ و قودسەکەی کوردستان،دەی لە بەیانی زووتر نیە کە ھەردوو لایەنی سیاسی یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون و کێشەی دانانی فەرمانبەرێک بەناویشانی((پارێزگار))مەکەنە خاڵی چەقبەستن و لێکدورکەوتنەوە و دڕدۆنگی و لێکدابڕانی زیاتر،دەی حیزبە سیاسیەکانی تری کوردستانی لەکەرکوک ئێوەش پاڵپشت و پشتیوان بن لەدۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرێکدا،نەک وەک ئێستا تەنھا تەماشاکەر و دوورە پەرێز بن،چونکە کەرکوک بۆ ھەموانە و بەشی ھەموانی پێوەیە و ھەموانیش بە ڕاست بێت یان نا لەقۆناغی خەباتەکانتاندا کەرکوک و جێگەکانی تری ناوچە دابڕاوەکانتان کردۆتە دروشمی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان و دەنگتان پێوە کۆکردۆتەوە،جا باھەریەکەتان بەھێندەی قەوارە و قورسایی و جەماوەری خۆی لەکەرکوکدا ھەوڵ و ھیمەتی چارەسەریش بدات.
• با پێکەوە پارتی و یەکێتی کەرکوک و کێشە و گرفتەکانی بکەنە خاڵی کۆکردنەوە و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیاندا نەک بیکەنە خاڵی زیاتری پەرتەوازەبوون و لێکدابڕان.چونکە کەرکوک زۆری ھەیە بەسەر ھەمووانەوە و ھەموانیش ئەرکیانە تا دەتوانن پارێزگاری لێبکەن.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،بۆچی کەرکوک بۆ کورد و کوردستان گرنگە؟ بۆچی لەم قۆناغەدا لەھەموو کات گرنگتر و ھەستیارترە؟ئایا دەکرێت بەسانایی واز لەکەرکوک بھێنرێت؟یان دروشمە دێرینەکەی خەباتی شاخ و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بڵێینەوە ((یا کەرکوک و خانەقین یا تاماوین دەجەنگین))؟
• کەرکوک ھەر لەمێژەوە گرنگی جوگرافیایی و مێژوویی ھەبوە و تا ئێستاش ھەر ماویەتی، لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە گەلێک گرنگە،بەگەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی تری کوردستانی باشوور لەڕووی ڕووبەری زەویەوە فراوانتر و پانتر دەبێت و دەگاتە نزیکەی ٩٠ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە کە ئەمە بۆخۆی دەبێتە لەمپەڕێکی ئەمنی بۆ تەواوی باشوری کوردستان و لەڕووی سیاسی و ئابوریشەوە کوردستان بەھێزتر دەبێت نەک وەک ئێستا ڕووبەری ھەرێم تەنھا دەگاتە نزیکەی ٤٥ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە،لەم قۆناغەدا گرنگی و کاریگەری کەرکوک زیاتر وەدەرکەوتوە بۆ ھەموان لە کورد و عەرەب و تورکومان و مەسیحیەکانیش،چونکە :
١. کەرکوک شارێکی گەورە و گرنگە لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە،بەھۆی ئەوەی کە لە ڕووی سیاسیەوە پێکھاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی جیاوازی تیادایە و ھەر لایەک زۆرینە بێت و باڵادەست بێت ئەوا وەکو ئەوە وایە کە عێراقێکی بچوککراوەی لە ژێر دەستدا بێت. و لەڕووی ئابوریشەوە دەوڵەمەندی خاکی کەرکوک لە سەرزەوی و ژێر زەویەکەی بەنەوت و غازی سروشتی و کانزای گرانبەھای تر لە ھیچ لایەک شاراوە نیەوە و کەرکوک لای ھەر لایەک بێت دەتوانێت بناغەی ئابوریەکی بەھێز و خۆشگوزەرانی و گەشەو پێشکەوتن وەدیبھێنێت.
٢. لەڕووی ئەمنیەوە،کەرکوک زۆر بایەخدارە،چ بۆ ھەرێمی کوردستان چ بۆ عێراق وەکو دەوڵەتی مەرکەزی،چونکە ئەمن و ئاسایشی ھیچ لایەکیان مسۆگەر نابێت بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی شاری کەرکوک،بۆیە ھەر لایەک ھەوڵدەدات کەرکوک لەلای خۆی بھێڵیێتەوە.
٣. کەرکوک بۆتە جێگەی تەماع و چاوتێبڕینی دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەناوخۆ و دواتر تورکیا و ئێران لەناوچەکە و دورتریش بۆ زلھێزەکانی ڕوسیا و ئەمریکا و بەریتانیشـ ،کە ھەموان گەرەکیانە بەشێک یان جێپێیەکیان ھەبێت لەکەرکوکدا و بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیشیان بپارێزن.
٤. کەرکوک بۆ کورد لەھەموان گرنگترە،چ لەڕووی سیاسی یان ئابوری ، یان ئەمنیەوە بێت یان لەڕووی مێژوو و جوگرافیاشەوە بێت،بۆیە باڵادەستبوونی کورد لەکەرکوک خەون و خەیاڵەکانی کورد لەسەر زەمینەی واقع دەچەسپێنێت و مافە ڕەوا مێژوویەکانی بۆ دەگەڕێنێتەوە.
٥. لەساڵی ٢٠٢٠دا لەکەرکوک و تەواوی عێراقدا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سازدەدرێت و لەھەمان ساڵیشدا سەرژمێری گشتی دانیشتوانیش ئەنجام دەدرێت،کە ھەردوو پڕۆسەکە دەھێنێت کە کورد لەنێوخۆی خۆیدا تەبا و برا و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد ھەڵببژێرن و دیاریبکەن و خزمەت بەتەواوی کەرکوک کەرکوکیەکان و کوردستانیش بکات و نمایندەی تایبەتی ھیچ حیزب و سەرکردەیەکیش نەبێت.بۆیە گەرەکە پارتی و یەکێتی چۆن لەبەغداد کێشەی وەزیری دادیان بەبێدەنگی و ھێمنی و دوور لە گرژی و دەمارگیری و بیری تەسکی حیزبایەتی چارەسەرکرد و بوە مایەی دڵخۆشی ھەموان ئاوھاش دەتوانن بەڕێکەوتنی نێوانیان و لەگەڵیشیدا پێکھاتەکانی تر کێشەی پارێزگاری کەرکوکیش چارەسەر بکەن و لەکۆتایشدا ھەموان براوە و دوژمن دۆڕاو دەبێت.
• بۆیە لەبەر ئەم ھۆکارانە ناکرێت بەسانایی دەست لەکەرکوک ھەڵبگرین و پشتی تێبکەین و بیخەینە دەستی قەدەر و چارەنوسێکی نادیارەوە و بیکەینە قوربانی ململانێ ناڕەواکانمان، ولەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەشی نەیارانی کورد و کوردستانی بکەین و دواتریش فرمێسکی پەشیمانی بۆ ھەڵڕێژین و دروشمە دێرینەکە بڵێینەوە و تادوا تنۆکی خۆێنی نەوەکانیشمان ھەر لە خەباتی خوێناویدا بین،لەکاتێکدا لەئێستادا زۆر بەسانایی دەتوانین دوور لە جەنگ و خوێنڕشتن کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی تریش وەدەستبێنینەوە گەر:
١. دەستور بکەینە بنەما و ھەوڵی جدی بدەین بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستور ئەوەش بە یەک و یەکگرتوویی و بەھێزی و تەبایی دەبێت لە نێوان ھەموو ھێزە سیاسیەکان چ لەکوردستان و چ لە بەغداش.
٢. یەک و یەکگرتووی و ھاوپەیمانی نێوان ھەموو لایەنە سیاسیە کوردیەکان و بەتایبەتیش حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان کە خۆی لە پارتی و یەکێتیدا دەبینێتەوە وەک دوو حیزبی خاوەن ھێز و نفوز و ئابوری و جەماوەری گەورە دەتوانرێت زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن بەقازانجی کورد و کوردستان.
٣. دەسەڵاتدارانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆلای جەماوەر و متمانەی گەلەکەمان وەدەستبێنەوە و حکومەت و دەسەڵاتێکی شەفاف و بەھێز و یەکگرتوو پێکەوەبنێن .
٤. ھەوڵی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ھەلی کار و یەکسانی و وەکیەکی و دادپەروەری بدەن لەھەموو بوارەکاندا .
٥. دوور بکەونەوە لەگەندەڵی و پاوانخوازی دەسەڵات.و ھەوڵی پێکەوەنانی دەسەڵاتێک و ھێزێکی چەکداری نیشتیمانی و دامودەزگا نیشتیمانیەکان بدەن دوور لە مۆرکی تەسکی حیزبایەتی و ناوچەگەری.
تەنھا بەم کارە دەکرێت کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان،بەپێچەوانەشەوە دەبێت تاماوین وەکو عەرەبەکان چۆن بەبێ دەسەڵاتی لە دوورەوە فرمێسک بۆ ئەندەلوسی لەدەستچوویان ھەڵدەرێژن ئێمەش وەکو کورد فرمێسکی پەشیمانی وبێدەسەڵاتی بۆ کەرکوک ھەڵبڕێژین