ترەمپ و تاران لە چاوەڕوانی دوو بژاردەدا.

لەلایەن ستاندار Posted on 231 جار بینراوە

ھێرش عبدولرەحمان

‏لەفەرھەنگی سیاسی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکادا بۆچوونێک ھەیە، پێیوایە ھەرکاتێک پارتی کۆمارییەکان لەوە دڵنیابوون خوولی دووەمی سەرۆکایەتی وڵاتەکە نابەنەوە ئەوا بەدوای شەڕێکدا دەگەڕێن تا لەپەنای ئەمەدا بردنەوەی ھەڵبژاردن مسۆگەر بکەن. ئەگەر ڕێژەیەک ڕاستی لەمەدا ھەبێت و ھەڵبژاردنەکانی پێشووتر پشت ڕاستی ئەم بۆچوونەیان کردبێتەوە، ئەوا ئەم خولەی ھەڵبژاردنەکان تەواو جیاواز دەبێت لەوانەی پێشوو. ھەرچەند مەحاڵ لەسیاسەتدا نییە، بەڵام ھیچ لۆژیکێک لەوەدا نابینرێت شەڕی ئێران فاکتەرێکبێت تا لەم ڕێگەیەوە دۆناڵد ترامپ بردنەوەی دووەمی سەرۆکایەتی بەبێ ھیچ ئاڵنگارییەک مسۆگەر بکات. ترامپ لە چەند ڕویەکەوە کەسێکی جیاواز و پڕ کێشەیە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەی و چ لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا، تائێستا نەک نەیتوانیووە بەڵێنەکانی ھەڵبژاردنی ڕابردوو جێبەجێ بکات، بەڵکو ئەو کارانەی ئەنجامیشیداوە بوونەتە مایەی ڕەخنەی زۆر و زیانی گەورەیان لەپێگە جەماوەرییەکەی داوە. ھەرچەند ھەندێک لەبەڵێنەکانی ترامپ ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەژیان و ئایندەی دەنگدەرەوە بەڵام جێبەجێ نەکراون، ھەربۆیە ئەم ساڵەی لەبەردەمی ترامپدا ماوە ئەوپەڕی ھەوڵ دەدات و زۆرترین وزە بۆ جێبەجێکردنیان تەرخان بکات.

‏بەپێی ئەو واقیعەی ھەیە، بەپێی ئامار و میدیای ئەمریکا بێت ئێستا ئاستی جەماوەری ترامپ لەناوخۆدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت. ئەو ڕاپرسییانەی ڕۆژانە دەکرێن ھیچیان ئاماژەی ڕونییان تێدا نییە کە لە بەرژەوەندی ئەم سەرۆکەدا بن. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ھەندێک کەیس زیانی زۆریان لە ترەمپ دا. یەکێک لە دیارترن ئەو کەیسانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە و لە بەرژەوەندیی ترەمپدا نەبوو مەسەلەی داخستنی تەواوی حکومەتی فیدراڵ بوو بۆ ماوەی مانگێک. ئەم بابەتە لەچەند لایەنێکەوە و بەتایبەت لەسەر ئاستی حکومی زیانی گەورەی بەترامپ گەیاند، چونکە بە زەقی بووە ھۆی ئەوەی متمانەی تەواوی کارمەندانی حکومەتی فیدراڵی لە ھەموو پۆستە جیاوازەکاندا لە دەست بدات. ھەروەھا لە مەسەلەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتدا بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، بۆ نموونە وەک تاوانبارکردن و تێوەگلانی کەسە باوەڕپێکراوەکانی ترامپ لە مەلەفی وەرگرتنی پارە و دانیشتن لەگەڵ ڕووسەکان لەدیارترن ئەو مەلەفانەن کە زۆرترین قسەیان لەسەر کراوە. ئەم سیاسەتە ھەڵە و پڕ لە کەموکورتی و تەسک بینانەی کۆمارییەکان و ترامپ ھۆکاری سەرەکی بوون کە وایکرد لەو ھەڵبژاردنانەی بە مێد تیرم ناسراون دەنگدەر، لە جیاتی ترامپ و حزبەکەی، متمانە بداتەوە بە دیموکراتەکان و لە کۆنگرێس ببنەوە بە زۆرینە. ئەم شکستە پەیامێکی ڕوونبوو بۆ ترەمپ و ناچاریکرد بۆ ھەر ھەنگاوێکی گەورە پێویستی بە ئۆکەی و ڕەزامەندیی دیموکراتەکان بێت.

‏ ھەرچی پەیوەندیی بە بابەتی ئێران و ئەمریکاوە ھەیە، کە بەتایبەت لەم ماوەیەی رابردوودا قسەو باسی زۆری لەبارەوە کرا، ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئێستا سەرەڕای ئەوەی گرژییەکانی ھەردوولا بەردەوامە بەڵام ڕیتمی ڕووداوەکان بە ھێواشی ڕێ دەکات. ئەم خاوبوونەوەیە کەچاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت بەریەککەوتن ڕوبدات، واشنتۆن و تارانی خستووەتە حاڵەتێکەوە کە سەرقاڵی بەرێکردنی کات بن. ھەرچی پەیوەندیی بە ئێرانەوە ھەبێت، ئەوا تاران ھەموو ھێلکەکانی خستووەتە سەبەتەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمریکاوە و ئومێدێکی گەورەی ھەڵچنیووە لەسەر دەرنەچوونەوەی ترامپ. کاربەدەستان و ئاغاکانی ئەو وڵاتە شەو و رۆژ، دەستەو نەزەر خەریکی نزا و پاڕانەوەن بۆ دەرنەچوونەوەی ترەمپ ، ھەروەک چۆن ترەمپیش چاوەڕانە ئێران لە ژێر ئەو ھەموو سزا ئابووریانەی سەپاندویەتی ئەوا ئەو وڵاتە ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە و وەک پێشبینی دەکرێت ھیچ لەو دوو بژاردەیە بەم زوانە ڕوونادەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.