یەکێتیی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

لەلایەن ستاندار Posted on 219 جار بینراوە

ئەحمەد میرە

بۆچوونێکی سادەی گشتیی لە شەقامی سیاسیی کوردییدا بوونی ھەیە، کە دەڵێت ئەو سیاسەتەی ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی بەرانبەر پارتی دیموکرات پەیڕەویدەکات، دەبوو پێشتر بیکردایە. پەیڕەونەکردنی ئەم جۆرە سیاسەتە وایکرد، کە قەبارەی یەکێتیی بچووکببێتەوەو تا ئەو ڕادەیەی ھەمیشە لە بڕیارە چارەنوسسازەکاندا بەشێک نەبووە لە ناوەندی بڕیاری سەرەکیی، بەڵکو بەھۆی ئەمری واقیعەوە خۆی خزاندووەتە ناو بڕیارە سیاسییەکەوە، بۆ نموونە لە پرسی ڕیفراندۆمدا کۆی سیاسەتی یەکێتیی لەسەر ئەوەبوو، کە ڕیفراندۆم لەو بارودۆخەدا کارێکی ناتەندروستە، بەڵام ھەژموونی پارتیی و بەرژەوەندیی ھەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی ناچارکرد وەک پارتیی دەھۆڵ بۆ پرسێکی لەباربراوی وەک ڕیفراندۆم بکوتێت.

سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی لەدوای پرسی ڕیفراندۆمی (٢٠١٧) ەوە تا ئێستا سەرەڕای ھەوراز و نشێویی زۆر تێیدا، بەڵام سیاسەتێکە تا ئەندازەیەکی زۆر شکۆی لەدەستچووی بۆ ئەو حیزبە گێڕاوەتەوە

حیزبی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی لە نەیارەکەی جودا بێت دەبێت بە گوتاری جیاوازەوە بۆ ئایدۆلۆژیای جیاواز تا بەرژەوەندیی جیاواز لەگەڵ نەیارەکەی بڕوات. نەوشیروان مستەفا زۆر بەوردیی لە تایبەتمەندییەکانی حیزب تێگەیشتبوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لە ناو یەکێتییدا بووە، پێشەنگی گوتارێکی جودا بووە لە پارتیی، ئەو دەمەیشی بزوتنەوەی گۆڕانی دروستکرد بە ھەمان تێگەیشتنەوە گوتارێکی ڕاستەقینەی جودای ھەبوو، چونکە دەیزانی مانەوەی حیزب بەبێ ھەبوونی گوتاری سەربەخۆی خۆی، ئەستەمە.

یەکێتیی نیشتمانیی لە ئێستادا گوتاری سیاسیی نەماوە، وەک ھەموو حیزبێکی تری کوردیی وەک ئاشی ئاو_لێبڕاوی لێھاتووە. لەڕووی ئایدۆلۆژییشەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە حیزبی کوردیی ئایدۆلۆژیای خۆی لەدەستداوە. ھەموویان دەچنەوە سەر یەک خوان، ئەویش خوانی بەرژەوەندییەکانە. بۆیە تاکە چەک بەدەست یەکێتییەوە لە ئێستادا ئەوەیە، کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، کە لە دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانییەوە تا کۆچی دوایی نەیتوانیوە بەرژەوەندییەکانیشی بپارێزێت. ھەرچەندە دەگوترێت ئەم مۆدێلی خۆڕادەستکردنەی یەکێتیی بە پارتیی کارێکە، کە تاڵەبانیی ئاوەکەی ڕشتووە، بەڵام دەبێت بپرسین یەکێتیی لەسەردەمی تاڵەبانییدا بەرانبەر پارتیی چیی بەدەستەوە بووە؟ پۆستی سەرۆک کۆمار بە ڕەزامەندیی و چەپڵەلێدانی بنەماڵەی بارزانیی، دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێکانی ماوەی دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەتی بەدەستەوە بوو. ئەمە سەرەڕای جێگرانی ھەموو پۆستە سیادییەکانی ھەرێم، بەڵام ئەو گروپەی دوای تاڵەبانیی ڕاستەوخۆ بڕیاری یەکێتییان بەدەستەوەیە، بەھۆی ئارەزووی پاراستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان، وایان لە یەکێتیی کرد، کە پارتیی وەک نێچیرێکی ئاسان و نەرم و چەور تێیبڕوانێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین؛ سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی لەدواى پرسی ڕیفراندۆمى (2017) ەوە تا ئێستا سەرەڕاى هەوراز و نشێویی زۆر تێیدا، بەڵام سیاسەتێکە تا ئەندازەیەکی زۆر شکۆى لەدەستچووى بۆ ئەو حیزبە گێڕاوەتەوە، چونکە لە هەموو ئەو خاڵانەى، کە پارتیی ویستوویەتی تێیانبپەڕێنێت، ئەگەر نەخێرێکی لاوازیش بووبێت، کردوویانەو چەندین جاریش توانیویانە یارییەکە بە ئەنجامی گەورە نەک لە پارتیی، بەڵکو لە بنەماڵەى بارزانییشی ببنەوە. ڕەنگە بگوترێت دۆخی یەکێتیی بە هۆى بوونى باڵ و بەرژەوەندییەکانەوە ئێجگار خرابە و ئەوەى دەگوزەرێت گروپە جیاوازەکان تەنها بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن، بەڵام دواجار لە کۆی نەخشەى سیاسیی هەرێمدا سەرئێشەى گەورە بۆ پارتیی دروستدەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.