کاتی بیرکردنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 468 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

بەڵێ من ئەڵێم با دانیشین، بەڵام دانیشتن بە مانای کەوتن و تەسلیمبوون و بێھیوایی و ھیچ نەکردن و قبوڵکردنی واقع نا.. بەڵکو دانیشتنێک کە بنەمای ھەستانەوەو بەرگری و ھیواو کردەی ڕاستەقینەی گۆڕینی واقع بێت!

کە ئەڵێم با دانیشین، مەستم ئەوەنیە کە جوڵە بوەستێنم، مەبەستم ئەوەیە کە مەستیی بوەستێنم، چونکە تەنیا جوڵەی عەقڵ جوڵەی ڕاستەقینەیە!
مەبەستم ئەوەیە کە چیتر لەسەر پێ ی مەستیی نەبین، چونکە (دانیشتن) ھەرئەوەیە کە لەسەر پێی مەستیی بێیت و بچیت! جا با دانیشین بۆ بیرکردنەوەو ئاگایی، بۆئەوەی بکەوینە سەر پێ ی عەقڵ.

ڕق و دەمارگیری و توندڕەوی و سڕینەوەو شەیتاندن و تەخوین و دنیای ڕەش وسپی و فاشیزم.. ھەمووی بەرھەمی مەستیین، ئیتر مەستیی بە ئایدۆلۆژیایەک، بە کارێزمایەک، بە حیزبێک، بە کاھینێک، بەھەر شتێک..
ئەوانە ھەمووشیان ھەر جوڵەن، بەڵام جوڵەی موزەییەف، جوڵەی موزەییەفیش ڕێک دۆخی ناجوڵەو چەقینە!
جوڵەی چەقینیش ڕوولەخوارەو چاڵ دروستئەکات، تا بەردەوامیش بێت، چاڵەکە قووڵترئەکاو ھاتنە دەرەوە قورسترئەبێ.

لە مەستییدا تۆ لە کاردانەوەی بەردەوامدایت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کاردانەوە جوڵەی ڕاستەقینە نیە، لێرەدا تۆ تەواوی وزەت لە جوڵەیەکدا ئەڕوات، کە جوڵەی موزەییەفە!

جوڵەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە وزەیەکی ڕەسەنەوە دێت، جوڵەی موزەییەف ئەوەیە کە لە وزەیەکی ناڕەسەنەوە دێت.
وزەی ناڕەسەن: ھەموو ھێزێکی دەرەوەی تۆیە، کە کێشت ئەکات بۆ لای شتانێک کە بۆت خوازراوە!
وزەی ڕەسەن: ھێزی بیرکردنەوەی تۆیە، کە ئەتبا بۆ لای خواستی خۆت!
یەعنی (وزەی ناوەکی) ھەمیشە وزەی ئازادی و ئیرادەو پڕیی تۆیە. (وزەی دەرەکی) ھەمیشە وزەی کۆنترۆڵکردن و بێ ئیرادەکردن و بەتاڵکردنەوەی تۆیە.

وزەی دەرەکی عەرەبانەیەکە ھەر ئەونە ڕاتئەکێشێ، کە فریوت بداو جڵەوت بکا، دواتر ئەو ئەوەستێ و خۆیت لێبارئەکاو لەڕاستیدا تۆ عەرەبانەکە ڕائەکێشیت!! بەڵام وزەی ناوەکی، ھەر ئەوەیە کە نایەڵێ ببیت بە بارگیرو خواستی ئەوانیترت لێبارکرێ!
بە وزەی ناوەکی، تۆ وەکو (خۆت) ئەجوڵێیت، نەک وەکو عەرەبانەو بارگیری ئەوانیتر.

ھەموو مرۆڤەکان لە جوڵەدان و ھەموو جوڵەیەکیش وزەیەکی لە پشتەوەیە، بەڵام جیاوازی مرۆڤی زیندو لەگەڵ مرۆڤی مردو، ئەوەیە کە مرۆڤی زیندو بە وزەی ناوەکی کارئەکاو مرۆڤی مردو بە وزەی دەرەکی ھەڵئەسوڕێ!
وزەی دەرەکی ھیوای موزەییەفت ئەداتێ و لەوسەرە ئەتدا بە داری نائومێدیدا، وزەی ناوەکی (خۆی ھیوایە)و ئەگەر بیدۆزیتەوەو بیخەیتەگەڕ، ئیتر نائومێدیی و بێھیوایی ناناسیت!

سەنگی مرۆڤ بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوە چەقەوەو ئەگەر ئینسان ئەو چەقەی نەبێت، ئیتر سەنگ و قورساییشی نیەو ھەر ڕۆژەی بای مەوزوعێک ئەیبا! (ڕێک وەکو حاڵی ئێستای ئێمە، بە دەست ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە) بەڵام ئینسان کە چەقی ھەبوو، ئیتر سەنگیشی ھەیەو بە ئاسانی بەملاوبەولادا نابرێ!
ئینسانی سەنگین کە بشجوڵێ و قسەیەک بکات، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی خۆی و لە وزەو سەنگی ناوەکییەوە ئەیکات، نەک ئەوەی دوای قەرەباڵغی بکەوێ و ھێزی شەپۆلی باو بیھێنێ و بیبات!

ئەی کەی کاتی بیرکردنەوەیە؟
ڕەنگە ئاسانترین و تەقلیدیترین وەڵام ئەوەبێ کە (ھەموو کاتێک کاتی بیرکردنەوەیە) بەڵام ئەوە ھیچمان بۆ ناکاو واقعییش نیەو لەڕاستیدا ئینسان ھەموو کاتێک بیرناکاتەوە، چونکە بیرکردنەوەش بەشی خۆی بارگرانییەو ئەسڵەن ئینسان ناتوانێ ھەموو کات بیربکاتەوە!
بەڵکو باشترین کات بۆ بیرکردنەوە، ئەوەیە کە سیاق دیاریئەکات! یاخود باشترین کات بۆ بیرکردنەوە، ئەوەیە کە بیرنەکردنەوە دیاریئەکات!!

مەسەلەن لە سیاقی ئێستای ئێمەدا، کاتی بیرکردنەوە ڕێک ئەو کاتەیە، کە قسەی تیائەکەین! ڕێک ئەو کاتەیە کە بابەتێک دێتە پێش و تۆش بێ بیرکردنەوە خۆتی تێ فڕێ ئەدەیت!!
ئەو خاڵە کە خاڵی قسەکردنی ئێمەیە، ڕێک ئەو خاڵەشە کە ھیچی تیاناڵێین، چونکە ئەو خاڵەیە کە بیری تیاناکەینەوە!
بەمانایەکی تر، خاڵی کاردانەوەو قسەی دەستەجەمعیی، ڕێک خاڵی بیرنەکردنەوەی فەردە!

جا فەردی ئێمە بۆئەوەی بیربکاتەوەو بگەڕێتەوە بۆ وزەی ڕەسەنی خۆی و لەدەست شەپۆلەکانی وزەی دەرەکیی نەجاتی ببێت، ئەکرێ ئەو خاڵە دەستنیشان بکاو چیتر لەوێدا لەبری (کاردانەوە) ھەڵوەستەیەک و لەبری (قسە) بیرێکی تیابکاتەوە!

ئەوەبکەین گەورەترین خزمەتی قسەو عەقڵ ئەکەین، ئاخر ئەوکاتیش قسە ھەر ئەمێنێ، بەڵام لەبری دەنگەدەنگ و فەوزاو مەوجەو چەلەحانێ.. چوار قسەی عەقڵانیی ئەکرێت، کە ئەمێننەوەو جێئەگرن و ئەمانبەنە پێش، لەبری قسەگەلێک کە ھەر دێن و دەڕۆن و ئەماندەن بەیەکا!

پێمئەڵێن تۆ چیت ئەوێ؟ ئەتەوێ خەڵک بە عاقڵیی دانیشێ و ھیچ نەکات؟؟
منیش ئەڵێم بەڵێ ڕێک ئەوەم ئەوێ!!
چونکە مرۆڤ کە (بە عاقڵیی) دانیشت، دوایی بە عاقڵیی و بە وزەی ناوەکیی خۆی ھەڵئەستێ، تەنیا ئەو ھەستانەش ڕاستەقینەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.