ھەڵەی یەکێتی و ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی لە کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

یەکێتی لە کەرکوک خاوەنی شەش کورسی و ھێزو پێگەی جەماوەرییە ،بەڵام ناتوانێت بەبێ پارتی پارێزگایەکی نوێ بۆ کەرکوک دابنێت ، ھێزی یەکێتی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگادا نییە بەڵکو لە دەرەوەی ئەنجومەنەکەیە ،بەڵام ھێزی پارتی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدایە و بەبێ ڕەزامەندی پارتیش نە ‌ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە نە پارێزگای نوێ ھەڵدەبژێردرێت ،ھێزی پارتی لە ناو لیستی برایەتیدایە کە شوێنی ئەندامەکانی یەکێتی لە ئەنجومەندا پڕ کردووەتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ، ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر سەرباری شکستی سیاسی و دیپلۆماسی مەسعود بارزانی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم شکستی سەربازی و پاشەکشەی ھیزی پێشمەرگەیشی بە دواداھات ،جگە لە دەستدانی لە %٥۱ خاکی کوردستان، بە دیوێکی تردا بۆشاییەکی فراوانی بێ ئومێدی و بێ متمانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی و یەکێتییەکان دروست کرد ، پارتی ھەر زوو بۆ مەرامی سیاسی و بەخیانەت ناساندنی ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر حەملەی ڕاگەیاندنی فەرمی و سیبەرو ئەلکترۆنی بۆ خستە کارو ۱٦ـی ئۆکتۆبەر لە رەھەندی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە دابری بۆ کێشەیەکی لۆکاڵی و یەکێتی پێ تۆمەتبار کرد.

رۆژی ۷ـی٦ـی ٢٠١٧، مەسعود بارزانی، لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسیەکاندا بە بێ بزوتنەوەی گۆڕان ‌و کۆمەڵی ئیسلامی کە خاوەنی ۳۰ کورسیی پەرلەمانی بوون کۆبویەوەو بڕیاریاندا رۆژی ۲٥ی ئەیلولی ۲۰۱۷ لە ھەرێمی کوردستان‌و “ناوچەی جێناکۆک” ریفراندۆم سازبکرێت ، ڕۆژی سیشەممە ۲۹ـی ۸ ـی ۲۰۱۷ لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەبێ بەشداری پێکھاتەکانی عەرەب و تورکمان بڕیاریاندا ریفراندۆم کەرکوکیش بگرێتەوە، بریارەکەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێچەوانەی ماددەی یەک و ۱٤۳ی دەستوری عیراقییەو پێچەوانەی ماددەی ۲۳ یاسای ژمارە ۳٦ ساڵی ۲۰۰۸ە و ھیچ رێگەیەکی یاسایی و دەستووری نییە بۆ ریفراندۆم لە کەرکوک دا ،ئەمە لە کاتێکدایە کە لە % ۳۲ی پارێزگای کەرکوک لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدایە، لەوانە قەزای حەویجەو ناحییەکانی زاب، رەشاد، ریاز و عەباسی.

سوربوونی یەکێتی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک ،ھەڵەیەکی سیاسی و یاسایی و دەستوری بوو ، گوتاری یەکێتی لە ریفراندۆم دا ئەوەبوو (ریفراندۆم بە بێ کەرکوک ھیچ مانایەکی نییە)دواجار پارتیش ھاتە سەرخەت و ڕازی بوو کە بەبێ کەرکوک ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەرو تێکچوونی دۆخی کەرکوک ریفراندۆم کرایە موسەبیبی دۆخەکە، ڕیفراندۆم چەندە ھەڵەیەکی سیاسی بوو کە لە کوردستان بەبێ کەرکوک ئەنجام درابایە،ھێندە زیاتر ھەڵەیەکی سیاسی و دەستوری و یاسایی بوو کە لە کەرکوک ئەنجام درا ،ھەڵەکە لە حیسباب نەکردن و نەخوێندنەوەی سیاسەتی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کاردانەوە توندەکانی تورکیا و عێراق و ئێران و ھەلومەرجی ناوچەکە بوو،ریفراندۆمەکەی بارزانی زیاتر گوتاری و ئیعلامی بوو دەوڵەت و سەربەخۆی بە جاڕدان و ھەڕەشەو چاو سوورکردنەوە دروست نابێت ،ھەربۆیە ھەم یەکێتی و ھەمیش پارتی پێکەوە کەرکوک و خەلکەکەیان دایە دەست ڕەشەبای قەدەر و یارییان بە چارەنووسی دانیشتوانەکەیەوە کرد ، ریفراندۆم شکستی ریتۆریکی ناسیۆنالیستی قەوم و خێڵچێتی و بنەماڵەچێتی پارتی و یەکێتی بوو ،شکستی ئیمپراتۆرە درۆینەکانی نەوت و ئابوری سەربەخۆ بوو .

ریفراندۆم لە ناوەرۆکدا کارێکی پیرۆزو بەرسڤێکی ڕەوایەو گرنگە تیشک بخەینە سەر بەڵێن و مژدەکانی مەسعود با‌رزانی لە ریفراندۆم دا ، ھەڵەی سەرەکی مەسعود بارزانی ئەوەبوو ڕیفراندۆمی لە ڕەھەندە نیشتیمانی نەتەوەییەکەی دابری و بەرگێکی حیزبی و دواتر بەوەش ڕازی نەبوو بەرگێکی شەخسی بڕی بە باڵادا ،عەقڵیەتی خێڵایەتی ــ بنەماڵەیی ــ تاکگەرایی ھەروەک چۆن شیعاری قەومی پارتی ڕەنگڕێژکردووە بەھەمان شێوە ریفراندۆمیشی ڕەنگرێژ ، ئەم عەقڵیەتە میلیگەراییە لەناو ڕووداوەکاندا خۆی ڕادەستی قەدەر کردووەو قوماری بە چارەنووسی گەلێکی خێر لەخۆ نەدیوەوە کردووە،‌ دەرئەنجامی غرورو لە خۆبایبونی مەسعود بارزانی بێ ئەوەی خویندنەوەیان بۆ پیگەی خۆیان ھەبێت و بێ ئەوەی شەرعیەتی یاسایی و دەستوری ھەبێت کە ماوەی دووساڵ بوو وادەی پۆستەکەی بەسەرچوبوو ئەنجومەنی شورا بەبێ ئۆکەی و شەرعیەتی پەرلەمان مەسعود بارزانی لەسەر کورسییەکەی ھێشتەوە ، خۆ ووتەنی بارزانی زۆرجار دەڵێت : کەس لەسەروی یاساوە نییە !

دۆخی کەرکوک بۆخۆی لە بنەڕەتدا ئاڵۆزە و ڕەفتارەکانی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی لە ڕیفراندۆم دا ئاڵۆزتری کرد ،ریکەوتنی پارتی و یەکیتی لە سەر کەرکوک کورد ناکاتەوە بە حوکمڕان لەو شارەدا ،چونکە پارتی و یەکێتی لە بنەڕەتدا متمانەیان بە پیکەوە ژیان و کارکردنی سیاسی نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.