ناوەندی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر ھەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی کابینەی نویەمی حکومەتی ھەرێم دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

ستانده‌ر

ناوەندی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر ھەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی کابینەی نویەمی حکومەتی ھەرێم دەکات، لە ھەلسەنگاندنەکەی ناوەندی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر ھاتووە کارنامەی کابینەی ھەشتەم تەنھا یەک لاپەڕە بوو” بەڵام کابینەی نۆیەم لە ھەشت لاپەرەدا باسکراوە.. لە بەشێکی تری ھەڵسەنگاندنەکە ھاتتوە ووڵاتان لە کارنامەی حکومەتەکەیان گشت ووردەکاری سێکتەرەکانی ئامانجی حکومەت دیاری دەکەن، کارنامەی حکومەتی بەحرەین ٥٨ لاپەرەیە، ئوردەن ٩٠ لاپەڕەیە، کابینەکەی ڕحمد داود ئۆغلۆ گەیشتە (١٨٩) لاپەڕە.

دەقی ھەڵسەنگاندنەکەی ناوەندی توێژینەوەی ستاندەر بخوێنەوە:

بەناوی خودا
ھەلسەنگاندنێکی(بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر) لە ‌سەرکارنامەکەی کابینەکەی مەسرور بارزانی

لەبەر ئەوەی کارنامەی ئەوجارەی حکومەتی ھەرێم تاڕادەیەک خالی ئیجابی تێدایە، بۆیە ھەلسەنگاندنێکی بۆ دەکەین ، ھەلسەنگاندن مانای ھاندانی لایەنە ئەرێنیەکان و دیاری کردنی لایەنە نەرێنیەکان .
چەند تێبینیەک بەر لە باسکردنی کارنامەی حکومەت:
یەکەم: جیاواز لە گوتاری حکومەتەکانی پیشوو مەسرور بارزانی داکۆکی لەوەی کرد کە گەندەڵی نەبۆتە کەلتور لە کۆمەڵگەی کوردەواری بۆیبواری ڕووبەڕووبوونەوەی ھەیە .
دووەم: کارنامەی کابینەی ھەشتەم تەنھا یەک لاپەڕە بوو” بەڵام کابینەی نۆیەم لە ھەشت لاپەرەدا باسکراوە.
سێیەم: مەسرور بارزانی کە متمانەی سەرۆکی کابینەی لە پەرلەمان وەرگرت” کەچی لە ھەندێ شوێنی ووتار وکارنامەکەیدا لەجیاتی پەرلەمان قسەی دەکرد وبڕیاری دەدا. وەک: (بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.) و (حکومەتی ھەرێمی کوردستان لایەنی فەرمیی دانوستان دەبێت لە گەل حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی ھەرێم وپەرلەمانی کوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەکەن، بۆ دانوستان لەگەل بەغدا و بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی گەلەکەمان).
چوارەم: فەرامۆشکردنی دۆخی ھەژاران و کریچی و گوزەرانی پیشمەرگەو منداڵ وھەرزەکار ومافەکانیان لە کارنامەکە، ھەروەھا فەرامۆشکردنی باسکردن لە سێکتەر وتەوەرە گرنگەکانی وەزارەتی ئەوقاف؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە وەزیرەکەی سوێندی یاساییشی خواردوە.

کارنامە
کارنامە جیاوازە لەگەڵ بەرنامەی سیاسی، لە ھەمان کاتیشدا جیاوازە لەگەڵ کارنامەی حیزبەکان بۆ ھەڵبژاردن، کارنامەی حوکمەت بەرنامەی یەک حزب نییە، بەڵکو کارنامەی ھەموو ئەو حزبانەن کە لە حکومەت بەشداری تێدا دەکەن و لەسەر ئەم کارنامەیە ڕێکدەکەون، پەرلەمانیش دەنگ بەو کارنامەیەی حوکمەت دەدات و ئەرکی حوکمەتە ئەم کارنامەیە جێبەجێ بکات، حوکمەتیش ئەم کارنامەیە شۆڕ دەکاتەوە بۆ وەزارەتەکان، پەرلەمانیش بۆ ماوەی سێ مانگ جارێک لێپرسینەوە دەکات، (ھەم لە حوکمەت بە گشتی و ھەم لە وەزارەتەکان) ئاخۆ چەندە ئەم کارنامەیە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن، ئەگەر ئەم کارنامەیە جێبەجێ نەکرا دەبێت پەرلەمان توانای لێپێچینەوەی تا ڕادەی (سەحب سیقە) بکات، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر کارنامە نەڕۆیشتوون، بۆیە تا ئێستاش قۆناغی دوو ئیدارەیی قۆناغی ڕاگوزەری شەڕی ناوخۆی تێنەپەڕاندووە، قۆناغی (تگبیع) ڕەتنەکراوە. ھێشتا حوکمەتی ھەرێم پێناسەی حوکمەتی (لاسلگە فوق سلگتھا) وەرنەگرتوە .

کابینەی نۆیەم (٢٠١٩–٢٠٢٢)
ھێشتا حکومەتی ھەرێم نازانی فلسفەو ئەرکی بنچینەیی حکومەتان چیە ، ئەرکە زیادەکەی حکومەتی ھەریم لە کێیە ، ئەگەر ئەرکی حکومەتەکانی تر بریتی بێت لە کاروباری ئیداری بەئاسۆیی و گەشەی شارستانیش بە ستونی، ئەواحکومەتی ھەرێم ئەرکیکی سەرباری تریشی لەسەر شانە ئەویش ڕاگوزەری قۆناغی رزگاری نیشتمانیە، ئەرکی لەحکومەتەکانی جیھان قوڕسترە، بۆیە پیویستی بەکارنامەی تۆکمەو کەسی شایستە وپاک لە شوینی شایستە ھەیە, دەبوایە کارنامەکەی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئەرک وفلسفەیە دیاری بکردبایە .

ئەزمونی کارنامەی ھەرێم و کارنامەی حکومەتەکانی ناوچەکە
لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ ی تەمووزی ٢٠١٩، لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، حوکمەتی ھەرێم چەند بەڵێنێکی وەکو مزگێنی بەخشییە خەڵکی کوردستان. نووسراوێکی ئینشائیی لە چەند وەرقەکەیەک کە ٢١١٨ وشە بوو ناوی نابوو ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، بێ ئەوەی جارێکی دیکە نە حوکمەت و نە پەرلەمانیش دەستکاری بکەنەوە، یان لێپیچانەوەی بۆ بکەن، لە کاتێکدا کارنامەی حکومەت لەلایەن ئەو حزبانەی کە کابینەکە پێکدەھێنن گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت رەنگدانەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنەکانیان دەبێت، کارنامەی حکومەت دەبێت بۆ ماوەی ئەو چوار ساڵەی حوکمڕانیکردنی کابینەکە بێت و گرنگی بدات بە چەند سێکتەر و بوارێک. دەبێت پلانی وردی جێبەجێکردنی ئامانجەکان لەخۆ بگرێت نەک تەنھا چەند بەڵێنێکی کاربۆنەکراو بێت.
بۆیە دەبینین ووڵاتان لە کارنامەی حکومەتەکەیان گشت ووردەکاری سێکتەرەکانی ئامانجی حکومەت دیاری دەکەن، کارنامەی حکومەتی بەحرەین ٥٨ لاپەرەیە، ئوردەن ٩٠ لاپەڕەیە، کابینەکەی ڕحمد داود ئۆغلۆ گەیشتە (١٨٩) لاپەڕە.
نمونە لەبەراوردی کارنامە: سێکتەری (تەندروستی) ھەرێم بەراورد لەگەڵ کارنامەی حکومەتی ئوردن و کوێت وەردەگرین، لە کارنامەکە بەچەند دێرێک وا ھاتووە: (کاردەکەین بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێکی باشتری تەندروستی بە ھاوڵاتیان و ھەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی ھەرێمی کوردستان دەدەین. ھەروەھا کار دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی ماف و ئەرکی پزیشکان بۆ پاراستنیان لە ھەر دەستدرێژییەک.)… بابزانین کارنامەی حکومەتی ئوردونی بۆ کەرتی تەندروستی بۆ ساڵانی (٢٠١٢ تاکو ٢٠١٦) چۆن ھاتوە: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەند نەخۆشخانەیەک –کە ژمارەیان (١٠) دانەیە و ناو و شوێنی دروستکردنیان بە تێروتەسەلی ھاتووە لەکارنامەی حکومەتی ئوردون- بەجۆرێک بۆ ھەر (١٠٠٠٠) ھاوڵاتی (١٨) قەروێلە و بۆ (١٠٠٠٠) ھاوڵاتی (٢٦) پزیشکی پسپۆر. ھەرچی کارنامەی حکومەتی کوێتی بۆ کەرتی تەندروستی بۆ ساڵانی (٢٠١٣ تاکو ٢٠١٧): قەروێڵەی نەخۆشخانەکان زیاد دەکات لە (٧٩٩٠) بۆ (١١٤٣٩)، زیادکردنی سەنتەرەکانی پزیشکی لە (١٠١) بۆ (١٢٥)، باشترکردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی کادیری پزیشکی، پێکھێنانی سەنتەرێکی ھەرێمی بۆ نەخۆشیە درێژخایەنە نەگواستراوەکان…ئاوا حکومەتایەتیەو پەرلەمانیش ئاوا دەتوانێ لێپێچانەوە بکات .

بۆیە لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیانەی سەروە پێویستە بگوترێ:
یەکەم: ھۆکاری ئەو جۆرە کارنامەی حکومەتە دەگەرێتەوە بۆ زیرەکی وئەزمونی حزبی دەسەڵات لە فریودان ونەشارەزایی حزبەکانی بەشداربوو لە حکومەت، ئەمە روویەکی، رووەکەی تری دەگەرێتەوە بۆ خولیا وتوێنویەتی حزبەکان بۆ پۆست وپارە وئیمتیازاتی دەسەڵات، کە وایان لێھات دەنگ ومتمانە بە حکومەتێک بدەن کە کارنامەکەی رەنگدانەوەی واقعی وزانستی قۆناغی ئێستای کوردستان نەبێت، بەڵکو تەنھا بەرنامەیەکی پڕ لە بەڵێنی رۆژنامەوانی بێت بۆ ھەر کات وشوێنێک بگونجێت.
دووەم: رۆڵی سەلبی ولاوازی ئەندامانی پەرلەمان زۆر بەئاشکرا رەنگی داوەتەوە لەو کارنامەی حکومەتە، لە چەپلە لێدانەکانیەوە..، چونکە پەرلەمان لەکاتی پێکھێنانی ھەر حکومەتێکی نوێ، بە پلەی یەکەم متمانە دەدات بە بەرنامەو کارنامەی حکومەت پاشان متمانە دەدات بە وەزیرەکانی کابینەکە ، بەڵام بەداخەوە ئیتفاقی حزبی بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان چاوی ئەندامانی پەرلەمانی کەم بین کرد لەو راستیەو بنیاتنانی ژێرخانی کوردستان وخزمەتگوزاری وریشە کێشکردنی گەندەڵی و…ھتد کە ھەموو ئەوتەوەرانە بوون بە بابەتی لاوەکی بەرامبەر بە ئیستحقاقی ئینتخابی.
سێیەم: پێویستە پسپۆران ورۆژنامەنوسان وچاڵاکوانان ورێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ومیدیا ئازادەکان و…ھتد رۆڵی مێژووی خۆیان ببینن لە چاودێری وراستکردنەوەی ھەڵە جەرگبڕەکانی ئەو کابینەیەو پەرلەمانەکەی.
بۆیە دواجار ئەگەر ھەر حکومەتێک خاوەن پرۆژەی ستراتیژی نوسراو نەبێت بە داتا وئامار کە سەقفی زەمەنی ھەبێ بۆ چوارچێوەی کارەکانی و ھەروەھا جێ بەجێ کردنی بەڵێنەکانی, ئەمە راستیەک پیشان دەدات کە لەو وڵاتە دامازراوەی بەھێز و ستراتیژیەتی روون بونی نیە، ئەو سیاسەتە خۆشی لەپێناو خۆشاردنەوەیە لە بەدامەزراوەیی کردن، حکومەت ھیچ بەڵێنێکی چوارچێوەدار پێشکەش ناکات تا لەسەر ئەو بنچینەیە خەڵک و پەرلەمان لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، ھەر ئەو خاڵەشە بەرەنجامی شکستی حوکمڕانی کوردیە لە رابردوو.
ئامرازی ھێنانەدی و قۆناغەکانی

١. لایەنەکانی بەشداری حوکمەت دەبێت پابەند بن بەرانبەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان و کارنامەکانیان بەرانبەر جەماوەر. سەرۆکی حوکمەت دەبێت کارنامەی حوکمەتەکەی شۆڕبکاتەوە بۆ وەزارەتەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنیان.
٢. دەبێت ڕاگەیاندنی لایەنەکانی بەشداری حوکمەت داکۆکی لە بەرنامەی حوکمەت بکەن و بڵاوی بکەنەوە .
٣. پەرلەمان بە شێوەیەکی وەرزی بەردەوام چاودێری و لێپێچینەوە بکات لە سەرۆکی حوکمەت و وەزیرەکان بۆ ئەو کارنامەیە پێشکەش کراوە .
٤. لایەنەکانی بەشدار لە حوکمەت دەبێت وەزارەت وەربگرن نەک پۆستی وەزیر( شەریک نەک موشاریک) تاڕێگری نەمینیت لە جیبەجێ کردنی..
٥. دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆی حکومەت، لەبەر گرنگی دەیکەینە بابەتیکی سەربەخۆ.

پەیڕەوی ناوخۆیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

لەم چەند خاڵەی خوارەوە ئەم پێویستیانە دەخەینەڕوو:
ئەم پەیڕەوەی ئێستا کاری پێدەکەن لە ساڵی ٢٠٠٦ نوسراوەتەوە لەژێر رۆشنایی رێکەوتنی ستراتیجی لەسەردەمی دوو ئیدارەیی زەق ، ئەم پەیڕەوە زۆر بەڕوونی بەرپرسیارێتی و ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دیاری نەکردوو، ھەروەکو لە ماددەکانی (٢-٦) بە ڕوونی دیارە، کەچی زۆر بەتێروتەسەل و بە درێژی باسی فەرمانگە و بەشە لاوەکیەکانی ھەیکەلی ئیداری ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە ھەروەکو لە ماددەکانی (٨-١٨) دیارە.

پەیڕەوێکی نوێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
یەکەم: پێویستە ناوی پەیڕەوەکە لە (پەیڕەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) بگۆڕێت بۆ (پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران).
دووەم: بەرپرسیارێتی و ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕوونی و ڕاشکاوانە دیاری بکرێت ، ڕوونبکرێتەوە کە ئایا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵات لە ئەنجومەن وەردەگرێت یان بەپێچەوانەوە؟
سێیەم: دیاریکردنی نیسابی کۆبونەوەکان و ڕێژەی ئامادەبووان و کۆبوونەوەی ئاسایی و نائاسایی و دەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ داواکردنی کۆبونەوەی نائاسایی و نەھێشتنەوەی ئەم بابەتانە بۆ عورف و ئارەزووی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوان.
چوارەم: دیاریکردنی مافی دەنگدان و ڕوونکردنەوەی ھێزی دەنگدانی ئەنجومەن، واتە دەنگدان تەنھا بەزۆرینەیە یان تەوافقی حزبی رۆڵی ھەیە لە پرۆسەی دەنگدان لەکاتی یەکلاییکردنەوەی پرسە نیشتمانی و بابەتە ستراتیژییەکان. ئەوە زۆر بەروونی دیارە لە برگەی سێیەمی ماددەی (٧)ی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٤ کە پرسە ستراتیژیەکانی بەندکردووە بەدەنگی سێ لەسەر پێنجی ئامادەبوانی ئەنجومەن.
پێنجەم: ئایا ڕاسپاردەی لیژنەکانی ئەنجومەنی وەزیران پێویستی بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت ھەیە بۆ پەسەندکردنی؟ یان تەنھا لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیاری پەسەندکردنی بۆ دەربکات. ئەم پرسە بە ماددەی (١٢) و(١٣) پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زۆر بەروونی چارەکراوە .

نیشانەکانی نیەت چاکی حکومەت
زۆربەی جارەکانی پیشوو بەلێن ومژدەی وا بە خەلکی دراوە لەبارەی چاکسازی ، کەچی ئەوەی بینراوە گەندەلکاران زیاتر و بەئاشکراتر کاری خۆیان کردوە ، بۆ ئەوەی ئەو کارنامەیەو ئەو کابینەش نیەت پاکی خۆی پیشان بداو وابکا ھەمو لایەک پالپشتی بکەن چوار خالی زۆر سادە ھەیە پەیڕەوی بکا(جارێ) لەزوو ترین کاتدا:
١- دان ھێنان بە ھەلەی پیشوو و بەڕاشکاوانە بووترێت دەسەلات خۆی سەرچاوەی گەندەلی بوە ..ئەوە نیشانەی جدیە.
٢- ھەلمەتێکی ڕاگەیاندن بکاتە سەر گەندەلکارو دزو تالانچی ئەو وولاتە .
٣- ئەو باسە دوور بخاتەوە کە دەووترێ ئەوەی چوو چوو ، نابێت بچێت ئیستاش ئەو مال وسامانە لەو گەنەلکارانە بسێنرێتەوە بایی ١٠٠ سالی داھاتووی کوردستانیان لایە .
٤- داوالە ھەمولایەنەکان و دلسۆزانی وولات بکا ھاریکاریان بکا ئەویش لەلای خۆیەوە ھاریکاریان بکات بۆ ھەلدانەوەی دۆسیە مەترسیدارەکان کە تائیستا حکومەت ودام ودەزگاکانی دەسەلات وحزب ھەم شاردبوویانەوە ھەم پاسەوانیشیان دەکرد .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.