دیسانەوە سندوقی باندۆرای کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 179 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

لە ٣ ساڵی رابردوودا ٣ جار سندوقی باندۆرای شەڕوکارەساتی کەرکوک بە روماندا ھەڵدراوەتەوە بە تایبەتیش دانیشتووانی شارەکە, ھەڵکردنی تاک لایەنەی ئاڵای کوردستان, ئەنجامدانی ریفراندۆم لە سەرتاسەری پارێزگای کەرکوک بێ گوێگرتن لە پێکھاتەکان دی, دوو کارەساتەکەی پێشوون, ھەڵدانەوەی سەرقەباغی سندوقێک بوون, ھەرچی شەیتانی دنیایە خۆی تێدا مەلاس دابوو, ھەردوجارەکەش لە ئەنجامی ئەوەوە بوو بێ گەڕانەوە بۆ پێکھاتەکان دیکە بڕیار درا, ئەمجارەش دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە بە رێکەوتنی دوو گروپی بچوکی یەکێتی و پارتی, کە تەنانەت شەرعیەتی سیاسی بڕیاردانیشیان نەماوە لە روی رێکخراوەییەوە,ماوەی نوێنەرایەتی ناو پارتەکەیان بەسەرچووە بەھۆی ئەنجامنەدانی کۆنگرەوە, وەک ئەوەی تەنھا خۆیان ھەبن و لەناو خۆشیاندا ئەو گروپە نەخوێندەوارو بازرگانەی کە ناویان مەکتەبی سیاسییە, لەناو ئەوانیش ھەردوو بنەماڵە, ئەمجارەش بێ گەڕانەوە بۆ رای گەل و پێکھاتەکانی دی شارەکە, تەنانەت ئەندامانی حیزبەکانیان بڕیارەکەیان دا, دەرگای نەگبەتیەکیان کردەوە شەڕو مەترسیەکانی لەوانی پێشووتر کەمتر نابێت, کە شەڕی نەتەوایەتییە لەسەردەمی دادپەروەری جیھانی, ھەر ئاگرێکی بچووک بڕیاردەرانی پێشتر لە خۆیدا دەسوتێنێت.
کەرکوک شارێکی کوردستانییە وەک پارێزگا بە بونی پوازی جوگرافی گرنگ بۆ ھەردوو پێکھاتەی تورکمان و عارەب تیایدا, چ لەناوەندی شاری یاخود لە دەوروبەری, بۆیە ناتوانرێت ئەو پێکھاتانە پشتگوێ بخرێن بۆ بڕیاری چارەنوسساز, لە کاتێک پدک و ینک دوای ٢١ مانگ ململانێو رێک نەکەوتن و یەکتر بە خیانەت تاوانبارکردن, بە شکستی سەربازی دەرکردن بە پێنج دەقە لە شارەکە ھۆکارەکەی ھەرچییەک بێت, ئەوەی چواردە ساڵی پێشتر کردیان ھەمویان دانایەوە بەچاوتروکانێک, چۆن دەتوانیت بە کۆبونەوەیەکی پێنج دەقیقەیی دوو حیزب کە شارەزایەکی مێژوو و جوگرافیای شارەکەی تێدا نەبێت, شڕۆڤەکارێکی وردی سیاسی لە ھۆڵەکە نەبێت, بڕیارێکی گەورە دەدەیت دیاریکردنی پارێزگارێکە بۆ شارەکە, کە دەبوایە ناویان لێ بنابایە کاندیدی ھەردوو حیزب.
بەھۆی ململانێو حیزبایەتیشەوە کاندیدێکی لاوازی ناسکۆڵەتان کردۆتە پارێزگار بەرگەی ئەم ئاڵۆزییەی شارەکە ناگرێت, وەک ئەوەی تاکە بڕیاری یەکلاکەرەوە لای مەجلیسەکەی ئێوە بێت کەرکوکیش وەک ھەرێمی کوردستان بارمتەی ھەتاھەتایتان بێت, ھەڵدانەوەی سندوقی باندۆرەی ئەمجارەشتان بە روی دانیشتوانەکەی, ئاڵۆزییەکی دیکەی لێوە لە دایک دەبێت ھەرچی شەیتانی شەڕە ھاتۆتە ئاسمانی شارەکە, ئاخر ھاووڵاتیانی کوردی شارەکە لە شێوازی دەسەڵاتداریتان ناڕازی بوون و ئێستا ژەھر نۆشە کەن وەلێ ئێوەیان ناوێت نەک پێکھاتەکان دی, دەبوایا پێش گەیشتن بە کورسیەکەی پارێزگار ھەوڵی ئاسایی کردنەوەی باری نا ئاسایی شارو پەیوەندیە دوژمندارییەکەی خۆتان لە شارەکەو ئاشتکردنەوەی خەڵکی شارەکەتان بدابایا, ئەوەی لاتان گرنگە کەرکوک نەوت و کورسی و تاڵانیەکەیەتی نەک خەڵکەکەی, بۆیە گوێ بە ھەڵدانەوەی سەرقەپاخی سندوقی باندۆرەی ماڵوێرانی ئەمجارەش نادەن .
باشتر نەبوو بۆ ئەم بابەتە گەورانە بگەڕێنرێەوە بۆ رای گەل بە تایبەت کەرکوکییەکان و راپرسی گشتی بۆ ئەنجام بدرێت, ئەوانەی عیبرەت لە رابردوو وەرنەگرن, ھۆکاری شکستەکانیان دیاری نەکەن, قەت لە داھاتوو براوە نابن, وەک ئێستای ئێوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.