با تێبکۆشین لە پێناو دەرکردنی تورکیای داگیرکەر

لەلایەن ستاندار Posted on 205 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

چەندان ساڵە ھێزەکانی دەوڵەتی تورکیا خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکردووەو بەوەش نەوەستاون و رۆژانە لە رێی تۆپی جۆراوجۆرو ھەلێکۆپتەرو فرۆکەی جەنگییەوە بەخەستی ناوچەکانی کوردستان تۆپباران ئەکەن و ئەوەش ئەبێتە ھوێ ئاوارەکردنی خەڵکی سڤیلی بێدەسەڵات و سوتاندنی ماڵ و سامان و ئاژەڵ و پوش و پاوان و دارستانەکانیان و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریش لە ھاوڵاتیان شەھید کراون.
نە ھەر لە باشور بەڵکو لە باکوری کوردستان دەوڵەتی تورکیای رەگەزپەرست بە فەرمانی سەرۆکەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان ناوچە کوردنشینەکانی وێران کردو، ھاوڵاتیانی بەگشتی و سیاسی و ئەندامە کوردەکانی پەرلەمان بەتایبەتی دەستگیر کردو، تا ھەنوکە لە زینداندان و، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و، یەکێتی ئەوروپاو، نەتەوە یەکگرتووەکان و، حکومەتی عێراق نقەیان لیوە نایەت و، ھەموویان بێدەنگن.
رژێمی تورکیای رەگەزپەرست لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا بە فەرمانی سوڵتانە ئیسلامییەکەی عوسمانلییەکان رەجەب تەیب ئەردۆگان سوپای تورکیا ئوپراسیۆن لە دووای ئۆپراسیۆن دژ بە کوردو کوردستانیانی باکورو باشورو رۆژئاوا بەرێوە ئەبات و، تاوانی جینوسایدو قەلاچۆکردن ئەنجام ئەدات و، شارو گوندو ماڵی ھاوڵاتیان وێران و خاپور ئەکەن و، لە ‌لایەن جەندەرمەو سەربازانی تورک ماڵ و موڵک وسامانیان بە تاڵان بران و، ئەو کوردانەی ‌ لەدەستی سوپا رزگاریان بووە ‌ بوونەتە کۆچبەرو، ژیانێکی تاڵ بەسەر ئەبەن.
تورکیای رەگەزپەرست بەھۆی داگیرکردنی چەندین ناوچەی باشووری کوردستان بووەتە خاوەن ماڵ و دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ ئەکات و، سیخورەکانی لەناو خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، تەنانەت ژمارەی ئەندامانی میتی تورکی لە کەرکوک زۆر زیادی کردووەو، تورکیا پەیتا پەیتا و بە ئاشکەرا ئەفسەرو سیخور رەوانە ئەکات بۆ پاراستنی تورکمانەکان و. لە ‌سەرەتای ئەم مانگەدا (تەموز) بە ھوێ ھەواڵگیری سیخۆرەکانی میت شۆرشگێرێکی سەرکردەی { پارتی کرێکارانی کوردستان ـ دیار غەریب} و دوو گریلای ھاورێی شەھید بوون و، دیارە پەیوەندی تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی ئیخوان ئەلموسلمینی سەرلێشیواوو، حزبەکەی ئاگپارتییەو، بە پێی بەرپرسانی تورکیاو کوردستان پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی غازو نەوت و دۆلارەو، بەختی تورکیا لە ھەڵکشانە ، چونکە نەوت بە مفت ھەرزان وەرئەگرێ.
سەرەرای شاڵاو ھێرشی سوپا و جەندرمە بۆ شارو دێھاتی باکوری کوردستان و، تا ئێستا تورکیا لە شەرێکی ناوخۆیی سەخت و دوژواردایەو، بە ئاگرو ئاسن رەفتار لە گەڵ ماف و داواکارییە رەواکانی کورد ئەکات و، دەستی لە راونان و گرتن و زیندانیکردن و کوشتنی رۆڵەکانی کورد ھەڵنەگرتووە.
رەجەب تەیب ئەردوگان خاوەنی ھێزی چەکدارییە کە پەیرەوی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد ئەکات و، نایشارێتەوەو راشکاوانە ئەڵێت: پێخۆشحاڵم بەو ھاوکارییە ئابورییە گەورەیە لە نێوان تورکیاو (ئیدارەی کوردی) ھەیەو،‌ ( ئەردۆگان و تاقمەکەی و ھەموو دوژمنانی کورد قەت ناڵێن ھەرێمی کوردستان) و، ئەڵێن ئیدارەی کوردی یان شمال العراق.
تورکیا لە سەر خاکی باشوری کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی گەورەیە ( بێ سنوورە) لە بنکەو پێگەی سەربازی و، بەوەش نەوەستاوەو، خواکورکی داگیرکردو، بە شۆفل و گریدەرو کەرەستەی رێگاوبان شەوو رۆژ خەریکی داربرین و شێواندنی زەویی و زاری ھاوڵاتیانن و، بەردەوامن لە لێدانی رێگای نوێ وقیرتاوکردنی بەرەو قوڵایی لە ناو خاکی باشوری کوردستان.
رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەیەوێت خەلافەتی( دەوڵەتی عوسمانی) زیندوو بکاتەوەو، تورکیا وەک وڵاتێکی داگیرکەر ھەلی بۆ رەخساوە درێژە بە داگیرکردنی خاکی وڵاتان بدات و، لە رابووردوودا قوبرسی داگیرکردو، وبارگرژی لە گەڵ یوناندا دروستکردو، بە ھوێ دروستبوونی شەر لە سوریا، تورکیا بە یارمەتی تیرۆریست و چەتەکانی بەناو ئیسلام و شام و سوڵتان توانی بەشێک لە خاکی سوریاو رۆژئاوای کوردستان وەک جرابلوس و ئەلباب و عەفرین و بەشێک لە مەنبج داگیر بکات و، لە ئێستاشدا بێ لە مۆڵگەو بنکە سەربازییەکانی لە ناو خاکی کوردستان لە خواکورک و سیدەکان خاکی کوردستان داگیر ئەکات و، بەرەو قوڵایی ناوچەکانی کوردستان پێشرەوێ ئەکات.
جێی شەرمەزارییە بەرپرسانی کوردستان ھەر لە سەرۆک ھەرێم و سەرۆک حکومەت و ئەنجومەنی ئاسایش سەردانی تورکیا ئەکەن و، پێشوازی لە بەرپرسانی تورکیاو شاندو ھەواڵگیرییەکانی بە گەرمی ئەکەن و، نەخشەکانی تورکیا بە فەرمانی ئەوان جێبەجێ ئەکرێن و، مەبەستی سەرەکی تورکیا کەنترۆڵ کردنی خاکی کوردستانە و، سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەت لە باتی ئەوەی تورکیاو ھێرشەکانی ریسواو شەرمەزار بکات، پاساو ئەھێنێتەوەو، رووی تورکیا سپی ئەکات و ئەڵێت:
‌(( ئەو کردەوانەی پەکەکە دەیکات نە لۆژیک، نە ویژدان قبوڵی ناکات)) و، وادیارە ئەوەی تورکیا ئەیکات جێی قبوڵە و، پێشتر بەرپرسە باڵاکانی ھەرێم و حکومەت چەندان جار ئەیانوت : ئەبێ میوانەکان، مەبەست (PKK ) یە برۆنە دەرەوە.
پێویستە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی نوێی حکومەت پێشێلکارییەکانی تورکیا لە ناو خاکی کوردستان رێسوا بکەن و، بتوانن قەرەبوی ماڵ وێرانی ھاوڵاتیان و شەھیدەکان بکەن و، داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن بنکە سەربازییەکانی و، ھێزە چەکدارەکانی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبگرێت و بەرەو تورکیا بیانباتەوە، چونکە مانەوەی ئەو بنکانە مەترسیدارەو ئامادەکاریە بۆ شەرێکی گڵاوو دژوار لە دژی گەلی کوردستان و، ھەرلە ئێستاوە ئەبێ گەڵی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ شەرێکی مان و نەمان لە گەڵ رژێمێکی خوێنرێژو رەگەزپەرست.
١٠/٧/٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.