ڕۆڵ و گرنگی کەرتی تایبەت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا…

لەلایەن ستاندار Posted on 337 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئاشکرایە ھەموو کۆمەڵگایەک لە چین و توێژە جیاوازەکان پێکدێت،کە ھەموانیان پێکەوە دەبنە موڵک و سەرمایەی کۆمەڵگا و ھەریەکەشیان بە توانا و قەوارەی خۆیان بەشداردەبن لە گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگا و وڵاتدا،ھەربۆیە ھیچ چین و توێژێک بێ گرنگی و بێکاریگەر نامێنێتەوە،بەڵام چینێک یان توێژێک زیاتر لەوانی تر ڕۆڵ و کاریگەری دەبێت کە ئەوەش کارێکی ئاساییە، بۆ نمونە لە چینە گرنگەکانی کۆمەڵگا کرێکاران و جوتیاران و دواتریش توێژەکانی پزیشکان و ئەندازیاران و پارێزەران و تەکنیککاران و کاسبکاران و خوێندکاران و ژنان و …ھتد.کە ھەموو ئەمانەش دابەشبونەتە سەر دوو کەرتی گەورە و فراوانی تر لە کەرتی گشتی((حکومی)) و کەرتی تایبەت.کە ئەم دوو کەرتەش پێکەوە تەواوکاری یەکترن و پێکەوە دەتوانن ئیدارەی پڕۆسە فراوان و گشتگیرەکەی پێشکەوتن و گەشە و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگا و وڵات بدەن.بەتایبەتیش لەو سیستەمە حوکمڕانیانەدا کە پیادەی سیستەمێکی دیموکراسی و بازاڕ و ئابوری و بازرگانی دەکەن.
• ئەوەی تێبینی کراوە لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیادا ئەوەیە،کە ھیچ حوکمەتێک ناتوانێت بەتەنھا پێڕابگات بە سەرپەرشتیاری و دانانی پلان و جێبەجێکردنی ھەموو کەرت و بوارەکانی ژیان بەڵکو ئەرکی حکومەتەکان بریتیە لە دانانی پلان و دەرکردنی یاسا و دابینکردنی بودجە و دواتریش چاودێریکردنە ، ھەربۆیە بەھاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کاردەکەن بۆ ئەوەی پلانەکان بەشێوەیەکی زانستی و پراکتیکی وسەرکەوتوو بێننە دی.نە کەرتی گشتی/ حکومی بەتەنھا دەتوانێت ھەموو کارەکان بکات نە کەرتی تایبەتیش دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر تەواوی جومگە و ئۆرگانەکانی ژیانی کۆمەڵگادا.چونکە ھەریەکەیان کاتێک دەسەڵاتی تەواوی ھەبوو شێوەیەک لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆی دێنێتە کایەوە و ئەوکاتیش پێدەچێت تەنھا چینێک یان توێژێک یان زیاتر یان دەستەبژێرێک یان تەنھا سەرمایەداران کە کەمترین ڕێژەن بە بەراوورد بە زۆرینەی خەڵکی گشتی سوودمەندببن لەداھات و سەروەت و سامانی وڵات.
• بۆیەلە ئەنجامی بینین و مامەڵەکردن لەگەڵ ھەردوو شێوازەکەدا ((سیستەمی تاکڕەوی و سیستەمی ئازادیەکانیش)) بە تاقیکردنەوە دەرکەوتوە کە ھیچ کامیان بێئەویتر سەرکەوتنی گەورە وەدەست ناھێنێت.بۆیە لە کوردستانیشدا وەک ھەرێمێکی دەوڵەمەند و خاوەن داھاتێکی زۆر و زەوەند و توانا لەبن نەھاتوەکانی مادی و سروشتی و مرۆیی،دەکرێت ئەم دوو کەرتە پێکەوە کاربکەن و تەواوکەری یەکتر بن نەک دژ و ناحەزی یەکتر.خۆشبەختانەش لەدوای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێم و پیادەکردنی سیستەمی بازاڕو ئابوری ئازادەوە توانراوە گەلێک دەسکەوتی ئابوری گەورە لە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ژێر خانی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەران و بەرزکردنەوەی داھاتی تاک و کۆمەڵگا بەرزبکرێتەوە و گەلێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و ئەندازیاری لەسەرجەم بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار و وەبەرھێنان و ڕێگاوبان و نیشتەجێبون و کارەبا و ئاو و نەوت و گازی سروشتی و فەرھەنگ و ئەدەب و ..ھتد. وەدیبھێنرێن کە پێکەوە ھەموانیان سیمای وڵات و کوردستانیان جوانتر و ڕاوەزاتر کردوە ، گەرچی بێ کەموکوڕی و بێ گەندەڵی و بێ ھەدەردان نەبوون و دەکرا گەر ئیدارەیەکی بەھێز و کەسانێکی شیاوتر و ئەکادیمی و متمانەپێکراو و خاوەن دەستپاکی و ئەمانەت کاریان بکردایە بەدڵنیایی دەسکەوتی زیاتر وەدیدەھات، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو کەموکوڕیانەشدا توانراوە سەرنجی گەلێک لەکۆمپانیا گەورەکان و حکومەتەکانی ناوچەکە و دونیاش راِبکێشرێت بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەریەکە لەبوار و پسپۆڕی خۆیدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و جێگە پەنجەی خۆیان دیاریکردوە.
• بۆیە ھەرکاتێک کەرتی حکومی و تایبەت ھەمئاھەنگ و تەواوکەری یەکتربوبێتن دەسکەوت و سەرکەوتن و کار و پڕۆژەی ناوازەی لێکەوتۆتەوە.بۆیە ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە بۆ ئایندەش لەسەر ئەم سیاسەتەی خۆی بەردەوام بێت بەدانانی یاسا و ڕێنمایی و مەرجی دیاریکراو کە کارئاسانی زیاتر بکات بۆ ھاوکاریکردن و ھاندانی کەرتی تایبەت و ڕێگە بگرێت لە دیاردەکانی گەندەڵی و قۆرخکاری بازاڕ و بازرگانی و پاوانخوازی تەنھا بۆ کۆمەڵ و گروپ و دەستڕۆیشتوەکان و بێبەشکردنی زۆرینەی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی تر. ھەروەھا ئەرکی حکومەتە کە ھەلی بەشداربوونی یەکسان و وەکیەکی بداتە ھەموو کۆمپانیا و خاوەن سەرمایە ناوخۆیی و دەرەکیەکانیش بەبێ جیاوازی و لایەنگیری، بەھەمانشێوە ئەرکی حکومەتە کە جەخت و پێداگیر بکاتەوە لەسەر مەرجەکانی سەلامەتی و کوالێتی بەرز بۆ ھەموو کەرت و بوارەکان لە پێناو پاراستنی گیان و سەروەت و سامانی وڵاتدا.چونکە ئەو وڵاتانەی تەنھا لەلایەن کەرتی حکومی و سیاسەتێکی داخراو و مەرکەزیەوە دەبرێن بەڕێوە بەبەراوورد بەو وڵاتانەی کە سیستەمی ئازادی ئابوری و بازاڕیان گرتۆتە بەر ھەمیشە دواکەوتووتر و ھەژارتر و وێرانتر ھاتونەتە بەرچاو.چونکە لەکەرتی حکومیدا دیاردە زیانبەخشەکانی ڕۆتین و دواکەوتن و گەندەڵی و مەحسوبیەت و لایەنگ یری بەدیدەکرێت و بونی یاسا و ڕێکارە یاسایی و داراییەکان و نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی دارایی و بانکیش ھۆکاری ترن.
• گرنگی و ڕۆڵی کەرتی تایبەت ھیچی کەکتر نیە لەکەرتی گشتی ،چونکە ئەم کەرتەش تایبەتمەندی و پسپۆڕی و ڕۆڵ و کاریگەری خۆی ھەیە ،لە دۆزینەوە و دابینکردنی ھەلی کار و نەھێشتنی ھەژاری و بێکاری و کەمکردنەوەی ھەڵاوسان و نەخوێندەواری و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا و دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندی ئابوری و تەنانەت سیاسی و فەرھەنگی و ئەمنیشدا،بەتایبەتیش لە دونیای ئێستادا کە ھۆکارەکانی پەیوەندی گەلێک پێشکەوتوون ،ئەوا کۆمپانیا و کەرتی تایبەت دەتوانن ببنە نێوەندگیر و ھۆکاری پەیوەندی دروستکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتەکانیش و سنورە سیاسیەکان تێببەڕێنن و تەنانەت ململانێ سیاسی و ئەمنیەکانیش خاوبکەنەوە و ئاشتیش بەرقەرار بکەن و ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتریش ببەخشنە کۆمەڵگا و وڵاتەکان.
ئاشکراشە کەرتی تایبەت لەگەڵ ئەو ھەموو گرنگیەی کە ھەیەتی بێ کەموکوڕی نیە و ھەندێک جار چاوچنۆکی و تەماعکاری و خۆدزینەوە لە پابەندیە یاسایی و داراییەکان و گران بوونی نرخەکان و بازاڕ و کاڵاکان و قۆستنەوەی ھەلەکان و تەنھا حسابکردن بۆ قازانجی تایبەتی و زۆر جارانیش پێھەڵدەکێشن بۆ چەوساندنەوە و پێدانی کرێی کەم و کاری زۆرو نەبونی بیمەی بێکاری و تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران و فەرمانبەراکانیشیان.
• بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەمیشە دوانەی کەرتی حکومی و تایبەت دوو ڕووی دراوێک بونە و پێکەوە کار و دەسکەوتی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی بنیاتناوە.ھەربۆیە ھەق وایە لەھەرێمی کوردستاندا دامودەزگا حکومیەکان ھێندەی بەچاوی ترس و دوودڵی و تۆمەتبارکردن و ناحەزی سەیری کەرتی تایبەت دەکەن ، نیوھێندە بەچاوی ھاوکار و کارئاسانیکەر و یارمەتیدەر وێنایان بکێشن و دەستی ھاوکاری و تەباییان بۆ درێژبکەن. بەوھیوایەی ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانتر چارەنوسی کۆمەڵگای کوردەواری و دەسەڵاتی کوردیش بێت لەم ھەرێمی کوردستانە ئازیز و خۆشەویستەدا کە لانکە و ماڵ و جێگەی حەوانەوەی ھەموانمانە و ئەرکی ھەموانیشمانە کە بەھەموو تواناکانمانەوە بیپارێزین و ھەوڵی گەشەکردن و ئاوادانکردنەوەی بدەین ،ھەریکەمان لەبوار و پسپۆڕی و شارەزایی خۆماندا بۆ ئەوەی وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو بۆ نەوەکانی ئایندەمان بەجێبھێڵین و دروست بکەین..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.