جیاوازی سۆفیزم و عیرفان

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە

ئارام مجید شەمێرانی

ئەگەر چی تائێستا زۆرجار هەردوو چەمکی سۆفیزم و عیرفان بۆ یەک واتاو یەک مەبەست بەکارهێنراون بەڵام زیاتر چەمکی سۆفیزم کاری لەسەر کراوە، کەچی لەئەنجامدا لێکۆڵینەوەکان بەو ئەنجامە گەیشتون کە سۆفیزم و عیرفان دوو چەمکی لێک جیاوازن و واتاو ڕێڕەوی تایبەتی خۆیان هەیە. بەکورتی هەردوو چەمک دەناسێنین و جیاوازییەکانیان دەخەینە ڕوو بەپشت بەستن بەسەرچاوەکان.

‌ پێناسەیەکی کورتی هەردوو چەمک
یەکەم:سۆفیزم :بریتیە لەئەزمونێکی تاکەکەسی و پاککردنەوەی نەفس و دەروون و جوڵاندنی دڵی مرۆڤ و گەیشتن بەناسینی خودا.
دووەم:عیرفان: عیرفان دەکرێت بەوە لێکبدرێتەوە کەمەبەستی پەیوەندیەکی ڕۆحیە لەگەڵ خودا.لەاوپێەوتنێکدا د.سەباح بەرزنجی دەڵێت:عیرفان ڕێباز و میتۆدێکە بۆ ناسین و مامەڵەکردن لەگەڵ خودا.

جیاوازییەکان هەردوو چەمک
۱-لەڕووی زمانەوانیەوە هەردوو چەمک لێک جیاوازن و پێناسەیان جیاوازە،عیرفان لەزمانی عەرەبیدا لە(عرف) وەرگیراوە، بەواتای ناسین و زانین دێت،عارف واتە دەناسێ.
سۆفیزم لە(سوف)وەرگیراوە بەمانای خوری دێت،لەم بارەیەوە ئەبونەسر سراج توسی دەڵێت: ناوی سۆفی لە(سوف-خوری)ەوە هاتوە لەبەر ئەوەی لەبەرکردنی جل و بەرگی خوری ڕەفتاری پێغەمبەران و دروشم و هێمای وەلی و پیاوچاکان بووە.
۲-عیرفان، بەواتای ناسینەوە لەزاراوەشدا ناسینێکی قەلبیە،کەسێک خاوەن پلەوپایەی عیرفانە،عارفی پێدەگوترێت.
سۆفیزم،بەمانای پەروەردەو پاککردنەوەی دڵ دێت لەهەوەس و حەزی نەفس و خۆڕازاندنەوە بەئاکاری باشی خودایی.
۳-سۆفیزم بەشێکە لەعیرفان، عیرفان گشتگیرە،کەسی عارف مەرج نیە پاپەندی شەریعەتێک بێت، بەڵام سۆفی پابەندە بەشەریعەتێک.
٤-سۆفزم زیاتر پاککردنەوەی نەفس و دەروونە،بەڵام عارف ئەو قۆناغەی بڕیوە و هەوڵدەدات بەخودا بگات و دەرونی خۆی پاک بکاتەوە.
٥- هەموو عارفێک سۆفیە، بەڵام هەموو سۆفیەک عارف نیە.
٦-هەموو سۆفیەک دەبێت شێخێکی هەبێت تا ڕێنمایی بکات، بەڵام عارف شێخی نیە چونکە خۆی بە زانین گەیشتووە.
۷-بۆ بەدەست هێنانی پلەی ناسینی خودا عارف لەسۆفی لەپێشترە،چونکە عارف قۆناغی ناسینی تێپەڕاندووە.

جیاوازی ڕێڕەوی عیرفان و سۆفیزم
ڕێڕەوی عیرفان و سۆفیزم دوو شتی لێک جیوازن، سۆفیزم زانین نیە،بەڵکو میتۆد و شێوازە، زیاتر بایەخ بەبواری کرداری دەدات. بەڵام عیرفان، زانین و ڕەهەندی فەلسەفی و هزری هەیە بەبێ زانین نابێت،عیرفان،فراوانترە لەسۆفیزم،چونکە بازنەی عیرفان زیاتر ڕەهەندی فەلسەفی هەیە،بەڵام لەسۆفیزمدا ڕەهەندی ئاکاری ئەخلاقی هەیە،لەم بارەیەوە ئەبوحەفس حەداد دەڵێت : سۆفیزم هەمووی بریتیە لەئاکار و ڕەوشت.
‌ ‌ خاڵی هاوبەشی هەردوو چەمک
هەرچەند هەردوو چامک لەڕووی زمانەوانی و واتا لێک جیوازبن،سەرئەنجام هەردوو چەمک لەمرۆڤەوە دەست پێدەکەن دەشێت خاڵی هاوبەشیان هەبێت و هەردوولا ئامانجیان پاکبونەوەوەی نەفس و ملکەچی دڵ و زیاتر ناسین و ئاشنابوون و دروستکردنی پەیوەندیە ڕۆحییە بەخودای تاک و تەنهای دورستکەری مرۆڤایەتی.

سەرچاوەکان
۱-محەمەد جەودەت:دەروازەیەک بۆ سۆفیزم،چاپی یەکەم،هەولێر،۲۰۱٦
۲-د.جەعفەر عەلی ڕەسوڵ: سۆفیزم و کاریگەری….چاپی یەکەم،سلێمانی،۲۰۰۸
۳- سود لەچاوپێکەوتنێکی د.سەباح بەرزنجی بۆ سایتی دیبلۆت مەگەزین وەرگیراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.