کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا

لەلایەن ستاندار Posted on 397 جار بینراوە

ستاندەر / هەولێر

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ١٥/٧/٢٠١٩ دووشەمە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و وەزیرانی کابینەکەی، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەشدا چەند بڕیارێکی کارگێڕی دەرکران.

بەشی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، دوای ئەوەی هەر یەک لە وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کارەکانی خۆیان لە وەزارەتەکاندا ڕوون کردەوە، سەرۆکی حکومەت رایسپاردن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هەر یەکێک لە وەزیرەکان کارنامەی خۆیان بۆ کاری بەرنامەی کاری وەزارەت ڕێکبخەن و بیدەن بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە حاڵەتی کارپێکردنەوە.

لە کۆبوونەوەکەشدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بۆ نیشاندانی نیازپاکی کابینەی نوێ سەردانی بەغداد دەکات و هەوڵی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان دەدات لەگەڵ بەغداد.

هەر دوێنێ ستاندەر لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات و بەشێک لە ئەنجێندای سەردانەکەشی ئاشکراکرد.

بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم :

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: دەبێت رۆتین لەداموودەزگاکانی حکوومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکوومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکوومەتدا.

پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

ب.ئ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.