فۆبیای دکتۆر بەرھەم..!

لەلایەن ستاندار Posted on 273 جار بینراوە

لوقمان حاجى قادر

بەدەر لە پێداھەڵدان، دکتۆر بەرھەم کەسایەتییەکی سیاسی و دپلۆماتکارێکی سەرکەوتووە، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھانیش تاڕادەیەکی زۆر ھەروا ناسراوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی کە کورد لەھەمووکاتێک زیاتر پێویستی بەکەسانی دبلۆماتکاری سەرکەوتووە، دەبوایە دکتۆر بەرھەم و ھاوشێوەکانی لەدەرەوەی ئاراستە باوە حزبیەکە، بایەخێکی زیاتریان پێدرابایە و ھاوکاری بکرانایە، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لەسیاسییەکان لەم سەرکەوتنەی ئەو، تووشی فۆبیا بوون و ھەندێکی دیکەشیان زیاتر لەوە تووشی کینەیەکی موزمین بوون، ھەر بۆیە دژی دکتۆر بەرھەم، بە زەڕەبینەوە بە شوێن ھەنگاوەکانیەوەن، تا ڕقی خۆیان لە ڕێگەی دژایەتی کردنییەوە بڕێژن.
ئەشێت لەناو سیاسییەکان و لەدونیای حزبایەتی لەباشوور پربێت لە کێبەرکی و ناشەریفانە و بۆ لەمەحەکدانیش بەرژەوەندی و گیانی تۆڵەکردنەوە و ئیرەییبردن سەرچاوەی ئیلھام بێت، بەڵام گرفتی گەورە لەوێوە دەست پێدەکات، کە کەسە خۆ بەئەکادیمیست و ناڕازییەکانیش بکەونە جوینەوەی قسەی ئەو سیاسیانەی کە بەردەوام شەڕی سەپاندنی شەرعیەتی شۆرشگێری لەدژی خەڵک ئەکەن. بۆیە ئەبێت چەند جێگەی گاڵتەجاری بێت، دکتۆربیت و ڕەخنەی ئەوە لەدکتۆر بەرھەم بگریت کە بەشداری خەباتی شاخی نەکردوە، ئاخۆ ئەبێت چەند بێ ئەرزش بێت ئەو بۆچونانە لای گەنجێک کە سەرەتای ڕاپەرین تەمەنی ١٠ ساڵ بووبێت و ئێستا ٣٥ ساڵ بێت و تۆ پێبڵێت، زێدەماف (ئیمتیاز) و شۆرشگێرێتی بۆ فڵانە، چونکە بەشداری ھەموو شەڕەکانی حیزبی کردوە بەشەری براکوژیشەوە، بەڵام فڵان جێگەی ڕەخنەیە، کە ڕۆڵی ھەبووە لەوەی کە تاڵەبانی لە ڕێگەیەکەوە بگەرێتەوە بۆ کوردستان کە ببێتە ھۆی کوژاندنەوەی شەری ناوخۆ. چەند ناشرین و قێزەونە ئەکادیمیستێک بنێشتی جوراوی دەمی سیاسییەکی فاشیل بجوێتەوە و بەنرخی ڕەخنەش بەخوێنەری بفرۆشێتەوە، چەند بەئازارە تۆ دژی سیاسەتی بەبنەماڵەییکردن بدوێت و ئەگەر سیاسییەکیش منداڵەکانی خۆی دوربخاتەوە، تۆ لەبری دەستخۆشی وەک گومان پرسیاری لەسەر دروست بکەی، چەند جێگای شەرمە، تۆ خۆت بەکەسێکی دیموکراتخواز بزانیت داوای تازەگەری بکەیت، بەڵام چاوت ئەوەندە نەبینێت کە ٢٨ ساڵە زۆربەی دەسەڵات لەدەست ئەوانەدایە کە بەشەرعیەتی شۆرشگیرێتی ئەم دۆخەیان دروست کردوە، کەنەک خەڵک تەنانەت خۆشیان ڕەخنەیان لێی ھەیە.
من نازانم ئەو دۆخە بۆ وایکردووە ھەندێک توشی فۆبیای دکتۆر بەرھەم بن و ناخیان پربێت لەڕق و کینە و کوێرانە دژایەتی بکەن، لەوەش تێناگەم ڕیزبەندی گەندەڵکاران سەرباری ناکۆکییەکانیان چۆن ئاوا سەرکەوتوون لە یەکبوونیان لەدژی ئەو، بەڵام وەک ڕۆژی ڕووناک لێم دیارە، ئەوان دەزانن کە دکتۆر بەرھەم تاوەکو ئێستا لە خانووە کۆنەکەی ماڵی باوکی ئەژی، لێم دیارە و زەڕبینەکانی ئەوانیش دەستەوسانن ھیچ شتێکی دیکەو لەوەش زیاتریان نییە بۆ ووتن.
لەڕابردوو لەھەموو تەمەنی حکومەتی ھەرێم، دکتۆر بەرھەم دووساڵ شانسی ئەوەی ھەبوو سەرۆکی حکومەتی بەربکەوێت، ئەو دووساڵەی ئەو بەنیوەچڵی حوکمڕانی کرد، جگە لەوەی بەشێکی زۆری پارتی و نیوەی حزبەکەی خۆشی دژی بوون، بەڵام لەھەموو کابینەکان سەرکەوتوتر بوو، لە چەند مانگی ڕابردووی پۆستی سەرۆک کۆماریش، بەشاھیدی دۆست و نەیاران، نموونەیەکی سەرکەوتووی نیشان داوە، بەڵام سەرباری ئەو ڕاستیەش لە دووساڵی کابینەی حکومەتی ھەرێم، تەنانەت ئەوانەش لە ئۆپۆزیسۆن دژی وەستانەوە کە بەردەوام بەناو شەڕی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتییان کردبووە درووشمی سەرەکییان، ئەوان کەڕەخنەی ئەوەیان دەگرت ئەبێت دەسەڵات لەبندەستی بنەماڵە بارزانی دەرێنن، دیسان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بەشێکی زۆری ئەوەی خۆیان بەخاوەنی تێزی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەزانی. چوونە سەنگەری پارتییەوە لەدژی، ئێستاش سەرباری ئەو دابەشکارییە حزبییە، سەرباری درێژەدان بە بێ موچەیی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون، سەرباری ئەو ھەموو گەندەڵییەی نکۆڵی ناکرێت، سەرباری ئەوەی خەڵک بەفەلاکەت براوە و کوردستان پڕکراوە لەدەرمانی ئیکسپایەر و بەبەرچاوی خەڵکەوە داھاتی ژێرزەمین و سەرزەمینی ئەم ووڵاتە دەبرێت، سەرباری ئەوەی سیاسەتی ھەڵە، بووە ھۆی لەدەستدانی لەسەدا پەنجای خاک، سەرباری بادانەوە بۆ بەغداد و ڕێککەوتن لەگەڵ حەشد، سەرباری بەفەنابردنی ھێزی ئۆپۆزیسۆن و بێ ئومێدکردنی دەنگی شەقام، کەسانێک ھەموو خەمیان ھاتۆتە سەر ئەوەی چۆن کون و کەلەبەرێک بدۆزنەوە و لەوێوە پلارێک بگرنە دکتۆر بەرھەم، جانازانم ئەمپلارگرتنە بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵکی دیکەیە، یان ھەر بۆخاڵیکردنەوەی ڕق و کینەی ناخیانە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت و ھەرکامێکیان بێت، دڵنیام لەوەی تێکەڵ کردنی کارتەکان، خۆ خەریک کردنی خەڵک لەوەی برەو بەگیانی ڕق کینە بدرێت، خزمەت بەتێپەراندنی ئەم دۆخەناکات و لە قازانجی دۆخی نەخوازراوە، بۆیە ھەقە ئەوانەی بڕوایان بە خۆیان ھەیە و ئامانجیان چاکەسازییە، ڕێگە بەخۆیان نەدەن ببنە بەشێک لەئەجیندای ئەو سیاسیانەی، نەبۆ ئایندەو نەبۆ ئێستاش، تڵپاتی تەڕیان تێدا نەماوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.