ستاندەر
دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر، ئاسایشی هەولێر ڕێگە نادات کرێکاران و نەخۆشان و هاوڵاتیانی کەمپی پەنابەرانی باکوور “شەهید ڕۆستەم جودی” لە مەخمور بچن بۆ هەولێر.
لە دوای ئەوەی ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە لە ڕێستورانتێکی شاری هەولێر تەقە لە جێگری کوسوڵی تورکیا کرا و لە ئەنجامدا کوژرا، هەموو ڕێگە سەرەکییەکان بۆ ناو هەولێر داخران و دوای چەند کاتژمێرێک کرانەوە.
ئەوەی جێگەی باسە لەگەڵ کرانەوەی ڕێگە سەرەکییەکانی هەولێر ڕیگەی هەولێر-مەخموریش کرایەوە، بەڵام لەو ساتەوە ئاسایشی هەولێر ڕێگەنادات دانیشتووانی ئەم کەمپە بە مەبەستی کار و ئیش بچن بۆ هەولێر.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ ئێوارە ئاسایشی گشتی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد ئەو کەسەی تەقەی کردووە ناوی “مەزڵوم داغ”ە و خەڵکی باکووری کوردستانە.