بۆچی دەمانکوژن …..!

لەلایەن ستاندار Posted on 277 جار بینراوە

شوانە حەسەن ئەبوبەکر

نەزانین نە شورەییە نە ئیرادێکی گەورەیە،ئینسان کە زانی نازانێ ھەوڵ دەدات کە بزانێت،وەلێ ئەگەر نەیزانی کە نازانێت، لە خۆڕا تەدەخول لە ھەموو شتێکدا دەکات ،بە بێ ئەوەی بزانێت کە نازانێت،ڕاکردن بە پێی پەتی بە ناو دڕکوداڵ و وردە شوشەدا جۆرێکە لە نەخۆشی یان گەمژەیی،گەلانی دنیا نوکتە دەنوسنەوە،ئەمریکا کتێبێکی ھەیە لە توێی ٦٠٠ لاپەڕەدا جوێنەکانیان تێدا نوسیوەتەوە،کە گەلی ئەمریکا چەند جۆر جوێنی ھەیە،،ئاگاداری ساتیرو قسەی خۆش و گاڵتە و گەپ وگۆڵمەز نین،بڕۆن کتێبەکانی ڕشتەی مرواری عەلائەدین سوجادی بخوێننەوە،کەلە ئەخلاقی بەرزدا کەستان دەستان ناگاتە پاژنەی پێی،دنیای نوسین بەرفراوانەو ھەمە چەشنە.

من وەختێک ھەندێ نوسین لەسەر بەرپرسێکی گەندەڵی ناوچەکەم یان لەسەر بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی دەنووسم ئازادم و ھەرگیز شتێکیش نانوسم بەڵگەدار و واقعیانە نەبێ ،خۆ من وەک ئەوان ئینسانم نەکوشتوە،دزی و جەردەیم نەکردوە،نیشتیمان وگەلم نەفرۆشتوە، بازرگانی نەوت و ماددەھۆشبەرەکان نیم خۆمن زەوی و زارم داگیرنەکردووە بریا مەلا مستەفا ھەزاران نوسینی بنوسیایە وەلێ ٥٤ کوڕی کوردی لە حیزبی دیموکرات نەدایە بە ساواک ولە سێدارە نەدرانایە،سڵێمانی موعەینی نەفرۆشتایە.

بریا ھەزاران جوێنی بدایەو مێرگەسوریەکانی قەتڵوعام نەکردایە،سەد بریا ھەزاران سوکایەتی کردایە بە نوسین ،وەلێ ئاشبەتاڵی نەکردایە،با مەسعود بارزانی لە نوسینێدا نەک ڕەخنە و قسەی گاڵتەجاڕی،سەدان جوێنی بەسەردەشت عوسمان بدایە،بەڵام ناودەمی پڕ نەکردایە لە فیشەک،بریا سەدان ئیھانەی بە سۆرانی مامە حەمە بکردایە بەڵام سنگی بە فیشەک دانەبێژایە،ھەزار تفی لە ھەموومان بکردایە بە ڵام سیو یەکی ئابی نەکردایە،بریا ھەزار بێحورمەتی بە یەزیدیەکان بکردایە بەڵام ھەموویانی نەفرۆشتایە بەداعش و سەدان ژن بە تاڵان نەبرانایە،ھەزار بریا مەسعود بارزانی ھەموو بەیانیانێک دەیان پەت پەتێنی بە ھەموومان بکردایە بەڵام لەسەر داوای تورکیا شەڕی پەکەکەی نەکردایەو زیاتر لە ٧٥٠ گریلای ئەو پارتەی شەھید نەکردایەو سێ ھەزارو پێنچ سەد جاشمەرگەی پارتیشی نەدایە بە کوشت، بریا شانزەی ئۆکتۆبەر یەکیەتی کەرکوکی نەفرۆشتایە بریا کوردستان ھەروەک خۆی بوایە لە خەریتە ڕیفراندۆم نیوەی دەنەچاندایە بریاو ھەزاران بریا لە شاخ ولە شار سەرانی یەکێتی و پارتی تەنھا بە نوسین دژی یەک بونایە،نەک دەیان ھەزاریان لەیەک بکوشتایەو سەدان کەسیان زیندەبەچاڵ بکردایە.

بابە لە نووسین مەترسن،لە ڕەخنە مەترسن،لەسەر نوسین و ڕەخنە وەک دوژمن سەیرمان مەکەن،وامەزانن ڕقمان لێتانە،بڕۆن لە خیانەت بترسن،لە دزو جەردەو مافیا بترسن،لەوانە بترسن کە ڕۆژنامەنووس لە ناوماڵەکەی خۆیاندا تیرۆر دەکەن،لە کورد فرۆشان و نیشتیمان فرۆشان بترسن،لەوانە بترسن کە سوار قەڵادۆشکانی کۆمەڵگا بوون و دانابەزن ودەڵێن سەرۆکی ھەتا ھەتایین، لە دیکتاتۆرو تاڵانچیان بترسن،لەوانە بترسن ئازادی دەخەنە ژێر پێ باوەڕیان بە ڕەخنە ونوسین نییە،لەوانە بترسن کە بە فەسادی خۆیان کۆی کۆمەڵگایان فاسد کرد.

بریا کورد وحیزبەکانی بە درێژایی مێژو،لە جیاتی پەلاماری چەک،لە جیاتی یەکتر کوشتن،لە بری ئەسیری یەکتر کوشتن،لە جیاتی شەڕی ماڵەو ماڵ ویاڵەو یاڵ، بەس دژی یەک بیان نوسیایە،ئەو پەڕی ڕەخنەی توندیان بنوسیایە،نەک ماڵ نەماوە کوڕێکیان نەکوژرابێت،نەک دەریایەک فرمێسکیان بە ژن ودایکو منداڵانی کورد ھەڵڕشت..

سەیرە شڕە مەکتەبی سیاسیو فشە سەرکردە دەناسم بە دەستی خۆی ئەسیری کوشتوە،گۆڕی بە ئەسیر ھەڵکەندوەو بە زیندویی کردویەتی بەژێر خۆڵەوە،پیاوی کوشتوە تەنھا لەبەر ئەوەی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژنەکەی ھەبوە،فشە سەرکردە دەناسم دەیان ملیۆن دۆلاری دزیوە،بستێ خاکی نیشتیمان نەماوە ھەڕاجی نەکردبێ،ئەوەتەی ھەیە سەرقاڵی چەمانەوەیە، ھەیە گەورەترین مافیای مادەی ھۆشبەرە سەدان زەوی داگیر کردوە کەچی لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستیەکان ھەڕەشەی کوشتنمان لێدەکان تەنھا لە سەر نووسین، ئەوی پیاو کوژ،ئەسیر کوژ،لچ ولوتو گوێ بڕ،وادەزانێت سوکایەتی پێکراوە وەختێک ئەرشیفی پیسی ھەڵدەدەینەوە،سەیرە خۆی تەحەمولی نوسین ناکات وژن و پیاو کوژیشە،ڕەخنە قبوڵ ناکات ودزوجەردەو شەوکوتیشە،دزی دەکات دەڵی مەڵێن دز،درۆ دەکات و ھاوار دەکات مەڵی درۆ دەکات، مێژووی زەلکاوەو دەیەوێ کەس باسی نەکات..

تکایە لە نوسین مەترسن،قسەی من لە ڕووە،ئاخر دوو سەرکردەی لێدەرچێت نە کەستان بە پیاو دەزانم نەلەبەرتان ھەڵدێم،نەلەبەر ئەوەی خراپەیەکتان بۆ من ھەبووبێت،نا،لەبەر ئەوەی خیانەتتان بە نیشتیمان وگەلەکەم کردوە،خوێنی شەھیدان و تەواوی قوربانیەکانتان خواردۆتەوە،کوردتان کوشتوە،تاڵانتان کردوە،ئازادیتان لەژێرپێ ناوە،پاشای درۆزنان وخائینانن،ھەی ھەموو ئەو مافیاو جەردانەی لە خۆڕا خۆتان پێ سەرکردەیە و قیمەتی پوشکەیەکتان نیە لە ئەوروپا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.