محمد عوسێن
روبەری خاکی رۆژئاوا، (ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ ئیدارەی سەربەخۆی باکورو رۆژھەڵاتی سوریا دەیباتەڕێوە) ٥١،٥٥٤ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و (٢٧.٨٤%) ھەموو خاکی سوریا پێک دێنێت. لە ھەرێمی کوردستانی عێراق گەورەترە کە ٤٠،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ھەروەھا گەورەترە لە ١٢٤ وڵاتی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان, لە ناویاندا دانیمارک، سلۆڤاکیا، ھۆڵەندا، سویسرا، بەلجیکا، لبنان، ئیسرائیل، قەتەر، بەحرەین، کۆیت، تایوان، فەلەستین، سەنگافۆر، قوبرس و تەیموری خۆرھەڵات ھەیە.
بە ھۆی بەشداریکردنم لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دەربارەی داعش (کە ناوەندی رۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجیەکان لە شاری عامودە سازی کردبوو) بۆ ماوەی حەفتەیەک لە رۆژئاوا ژیام. لە نزیکەوە ئاشنای ھەموو ئەو ھیواو نیگەرانیانە بووم کە ئەزمونی سیاسی و ئیداری ئەم بەشەی کوردستان لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتووە.
ئەو خاکەی ئەمڕۆ لەژێر دەسەڵاتی شەڕڤانانی رۆژئاوادایەو ناوە فەرمیەکەی (ئیدارەی سەربەخۆی باکورو رۆژھەڵاتی سوریا)یە کەمتر لە ٥ ملیۆن کەسی تیا دەژی بە کورد، عەرەب، ئەرمەنی، چەرکەسی، چیچانی، و تورکمانەوە. ئەمانە نزیکەی ٢٠%ی دانیشتوانی سوریان، بەڵام خاکەکەیان زیاد لە ٧٥%ی سەرچاوە ئابوری و سروشتیەکانی سوریای لە خۆگرتووە وەک نەوت و گازی سروشتی و ئاو و زەوی بە پیت بۆ کشتوکاڵ و بەنداو، ھەربۆیە ئەمڕۆ رژێمەکەی ئەسەد چاوی لەوەیە سەرکردایەتی رۆژئاوا بەرھەمە نەوتیەکان و ئاوی لەگەڵدا دابەشبکات نەک بە پێچەوانەوە. ئاستی بژێوی تاکەکان لە رۆژئاوا ھێندە جیاوازو باشترە لە ناوچەکانی تری سوریا وەک ئەوەی دوو وڵاتی تەواو جیاوز بن؛ ئەمە لە کاتێکدایە رۆژئاوا ھیچ دانپیانانێکی فەرمی و نێودەوڵەتی بەدەستنەھێناوەو لەژێر ھەڕەشەی رۆژانەو بەردەوامی دوژمنەکانیدایە، بەڵام لەبەرامبەردا رژێمەکەی ئەسەد شەرعیەتی ناوخۆیی و پشتیوانی نێودەوڵەتی ھەیە و ھەزاران میلیشیای ئێرانی، عێراقی و لبنانی و سوپای روسەکان شەری بۆ ئەکەن.
ھەڕەشەو مەترسیەکان
رۆژئاوا لەھەرچوارلاوە بە دراوسێی خراپ و دووژمن ئابڵوقەدراوە. دراوسێ خراپەکە ھەرێمی کوردستانە (کە ئەوان بە باشور ناوی دەبەن و وەک ماڵی برایەکی دراوسێ دەیبینن). تورکیا، رژێمی ئەسەد، گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیاو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دووژمنەکانن. سوپای تورکیا لە پێگەکانی خۆیەوە لەسەر سنورەوە نزیکەی ٢٠٠ مەتر دورە لە ناوەندی شاری قامیشلۆ. لەناو دەزگای پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی رۆژئاواوە ئاڵای تورکیا دیارەو دەشتوانیت دەموو چاوی ھەر سەربازێکی تورک بناسیتەوە کە لە بن ئاڵاکەدا دەوەستێت. ھیچ چیاو روبارو دۆڵ و بیابانێک نیە لە نێوان سوپای تورکیاو ناوەندی شارە سەرەکیەکانی رۆژئاوا.
بە تەنیشت ئەو جادەی ئێمە لە قامیشلۆوە پێی دەچوین بۆ عامودا شۆفڵ و حەفارە کاریان دەکرد و خەندەقیان لێدەدا. لەناو شاری قامیشلۆش ھەر دیسان خەندەقلێدانم بینی و ھاوڕێیەکی خەڵکی شارەکە پێی وتم کە تۆڕێکی بەرفراوانی تونێل و خەندەقی ژێرزەمینی لەژێر شارەکەدایە، ئەمەش بەشێکە لەو ئامادەکاریانەی شەڕڤانانی رۆژئاوا لە دژی دوژمنەکانیان دەیکەن. یەکێک لەو دیپلۆماتکارانەی رۆژئاوا کە بە درێژایی رۆژانی کۆڕبەندیەکە ھاوڕێ و رێنیشاندەری گروپەکەی ئێمە بوو پێی وتم، “ ئێمەش حەزمان دەکرد ئەو رەنج و پارەیەی لەم خەندەقلێدانەدا خەرجی دەکەین بۆ ڕێگاوبان و قوتابخانەو خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێت، بەڵام چی بکەین؟”
ئابوری رۆژئاوا
رۆژئاوا لە روی مادە خۆراکیە سەرەکیەکانەوە، وەک گەنم، جۆ، رۆن، گۆشت و ھەندێک بەروبومی کشتوکاڵی تر توانای پشتبەخۆبەستنی ھەیە، بەڵام کێشەی نەبوونی بازاڕی ھەیە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەشەی بەروبومەکانی کە لە ئاستی پێداویستی ناوخۆ زیاترە. بڕێکی کەمی نەوتەکەیان بە چواریەکی نرخی بازاڕە جیھانیەکان لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە دەفرۆشن، بەڵام رێگەیان پێنادرێت بەروبومە کشتوکاڵیەکانیان ھەناردەی ھەرێم بکرێت. تورکیاو ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ھەموو دەرگاکانیان بە ڕودا داخستوون.
بە گشتی دۆخی ئابوری رۆژئاوا بەراورد بە ناوچەکانی تری سوریا زۆر باشە، ئەم جیاوازیەش لە ھەندێک حاڵەتدا گەورەترە لەو جیاوازایانەی لەنێوان دوو کیشوەردا ھەستی پێدەکرێت.
موچەی مانگانەی مامۆستایەک لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا بەلای زۆرەوە دەگاتە ٣٨٠٠٠ لیرە، بەڵام لە رۆژئاوا ئەو مامۆستایانەی کە لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی باکورو رۆژھەڵاتی سوریاوە دامەزراون، کەمترین موچەیان لە ٦٠،٠٠٠ لیرەوە دەست پێدەکات. موچەی ئەفسەرێک بە پلەی رەقیب (وەک ئەفسەری یاریدەدەر) لە سوپاکەی ئەسەد ٥٣،٠٠٠ لیرەیە، بەڵام لەناو سوپاکەی رۆژئاوادا١٣٠،٠٠٠ لیرە وەردەگرێت.
کرێی دەستی رۆژانەی کرێکارێک لە دیمەشق لە ٥٠٠ لیرە تێپەڕناکات، بەڵام لە شاری قامیشلۆ لە ١٥٠٠ لیرە کەمتر نیە. لە قامیشلۆ خەڵکی شارو ناوچەکانی تر دەبینیت بۆ کارکردن ھاتوون و کێشەی بێکاریی نیە، بەڵام لە دیمەشق بێکاری ئێستا یەکێکە لە ھۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵک، بەتایبەتی ئەو کوردانەی چەندین دەیەیە لەوێ دەژین.
یەک لیتر بەنزین لە دیمەشق ١٦٠٠ لیرەیە، بەڵام لە قامیشلی ٤١٠ لیرەیە.
یەک بتڵ غاز لە دیمەشق ٢٠،٠٠٠ لیرەیە، بە ڵام لە قامیشلۆ ٢٠٠٠ لیرەیە.
یەک کلیلۆ نانی ئامادەکراو لە دیمەشق ٧٠ لیرەیە، بەڵام لە قامیشلۆ ٢٠ لیرەیە.
لە دیمەشق، بەرزترین مۆدێلی ئۆتۆمبیلەکانیان ٢٠٠٩ یە، بەدەگمەن ئۆتۆمبیلێمی لەوە تازەتر دەبینرێت، بەڵام لە قامیشلۆ ئۆتۆمبیلی ٢٠١٩یش ھەیە. نرخی ئۆتۆمبیل سێ بەرامبەر گرانترە لە بەشەکانی تری سوریا بەراورد بە رۆژئاوا بە ھۆی سیاسەتی گومرکی رژێمەکەی ئەسەدەوە.
دیموکراسیەتەکەی رۆژئاوا
لە رۆژئاوا دیمۆکراسیەتێکی ساوای پڕ ئالەنگاری لەدایک بووە. لە شاری قامیشلۆ سەردانی دەزگایەکمان کرد ناوی تەڤدەم بوو، یەکێک لەو سەرکردە سیاسیانەی پێشوازی لێکردین وتی نزیکەی ٥٥ حیزبی سیاسی لە شارەکەدا چالاکیان ھەیە. ئەم ژمارەیە جۆرێک لە پاشاگەردانی سیاسی دەرئەخات، بەڵام ھێزە سیاسیە کاریگەرو خاوەن نفوزەکان ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕناکات و ھەموشیان دابەشدەبنە سەر دوو بەرەدا؛ بەرەی ئەنەکەسە کە ئەو حیزب ولایەنانە لە خۆ دەگرێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریان دەکات و ئۆپۆزسیۆنی ئیدارەی رۆژئاوان، بەرەی پەیەدەو ھاوپەیمانەکانی کە دامەزرێنەری ئیدارەکەن.
سەرکردە سیاسیەکانی رۆژئاوا جلی براندە گرانبەھاکان و ئۆتۆمبیلی مۆدێل بەرزیان پێ نیە. ناسنامەو پاسپۆرتی ئەوروپاو ئەمریکایان لە گیرفاندا نیە. بۆ قومارکردن منداڵەکانیان ناچن بۆ لاسڤێگاس. لەراستیدا ئاستی بژێویان زۆر جیاواز نیە لە چینی ناوەڕاستی قامیشلۆ و بەرزترین موچەی وەزیرو سەرکردەکانیان لە ٢٧٠ دۆلار (نزیکەی ١٦٥٠٠٠ لیرە یەو لەوێ بەشی ژیانی مانگێکی خێزانێکی مامناوەندی دەکات) تێناپەڕێت، بە وتەی بەرپرسی بەشی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی ھەرێمی جەزیرە. ھەندێک جار وەرگێڕێک یان فیکسەرێکی کەناڵە بیانیەکان موچەکەی سێ جار زیاترە لە موچەی وەزیرێکی کانتۆنەکانی رۆژئاوا. ھەر لەناو دەزگا حکومیەکانیشدا کارمەندی تەکنیکی وا ھەیە کە موچەکەی زیاترە لە موچەی وەزیرەکانیان. لەوانەیە ئێرە تەنھا شوێنێک بێت لەم سەرزەمینەدا کە وەزیرەکانی دەوڵەت لە خەڵکە پیشەوەرە ئاساییەکە کەمتر وەردەگرن، یان ھەر لەھەمان ئاستدا بن. ئامانج لەم موچەکەمییەی سیاسیەکان رێگرتنە لەگەندەڵی و ھەڵاوسانی بازاڕ ئەگینا رۆژئاوا ھێندە درامەتی ھەیە تا بتوانێت وەزیرەکانی بە باشی بژیەنێت. ئەم سیاسەتە گرفتی ئابوری و دارایی خۆی ھەیە کە ئێرە شوێنی باسکردنی نیە.
ئەو جیاکاریە جێندەرییەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، لە رۆژئاوا تا رادەیەکی زۆر کاڵکراوەتەوە. ئاستی بەشداریکردنی ئافرەتان لە دام و دەزگا سیاسی، ئیداری، سەربازی، ئەمنی و روناکبیریەکانی ئەم وڵاتەدا ئەوەت نیشان دەدات کە رۆژئاوا بە ستانداردی ئەوروپاو ئەمریکاش زۆر ھەنگاوی جدی ناوە بەرەو کەمکرنەوەی نایەکسانیە جێندەریەکان. ھەرچەندە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابوری و رۆشبنیری کۆمەڵگای کوردی و عەرەبی و کەمایەتیەکانی ناوچەکە ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ئەم بەشداریە چالاکەی ئافرەتانی لێبکەوێتەوە، بەڵام ئایدۆلۆجیای ڕێکخراوە سیاسیەکانی کاریگەر بە بیروباوەڕەکانی ئاپۆ ( عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- PKK) ئەم گەشەکردنەی دروست کردووە.
ھیواو نیگەرانیەکانی رۆژئاوا
کە دەچیتە رۆژئاوا ھەست دەکەیت لەم وڵاتەدا ھیچ خاوەنماڵ و سەرکردەیەک نیە جگە لە ئاپۆ، تەواوی ئەزمونە سیاسیەکەی ئەوێ لەسەر بیرو باوەڕەکانی ئاپۆ دروستکراوە. لەوێ سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری لۆکاڵی ھەیەو لەخوارەوە بۆ سەرەوە دەسەڵاتەکان شەرعیەت و شێوەو فۆرم وەردەگرن و ھیچ مەرکەزیەتێکی سەرتاپاگیر بەدیناکرێت.
ئەم سیستەمە ناھێڵێت دیکتاتۆرو مافیای ئابوری و بنەماڵەیی دروست ببێت وەک ئەوەی لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا ھەیە. ھەمیشە دەرفەتی بەشداری کەمینەکان و گروپە جیاوازەکان بە کراوەیی دەھێڵێتەوە. بەڵام پێئەچێت ھەر ئەم سیستەمە لامەرکەزیە نەھێڵێت دامودەزگای بەھێزو سەقامگیری نیشتمانی دروست ببێت. لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا (Nation-State Craft ) بوونی داموو دەزگای نیشتمانی سەروی حیزبە سیاسیەکان و یەکە ئیداریە لۆکاڵیەکان پێویستە. ھەرچەندە ئەوان لە خەمی دروستکردنی مۆدێلێکی جیاواز لە دەوڵەتی نەتەوەیین، بەڵام مەترسی ئەوە ھەیە ئەم لامەرکەزیەتەیان دەرفەت بە دروستکردنی دەزگای نیشتمانی بەھێز نەدات. بۆ نمونە ئێستا ئیدارەی رۆژئاوا سێ کانتۆنەو لەوانەیە ٢ کانتۆنی تریش زیادبکرێت بەھۆی ناوچە عەرەبیەکانی رەققە و دێرەزورەوە. ئەگەر دەزگایەکی نیشتمانی یاسادانان نەبێت ھەموو ئەو کانتۆنانە کۆبکاتەوەو چاودێرییان بکات، ئەو پێنج ئەنجومەنی راوێژکاریەی ھەیانە دەسەڵات و ھەیبەتی ئەوەیان نابێت وەک دەزگای نیشتمانی گشتگیر مامەڵەبکەن. بۆ گەشەی ئابوری و سیاسی بوونی دەزگای بەھێزی لەمجۆرە لە ئۆکسجین پێویست ترە.
لایەنێکی تری سەرنجڕاکێشی ژیانی سیاسی رۆژئاوا ھەبوونی خەڵکانێکی زۆری خۆبەخشە کە بۆ خزمەتکردنی ئەم ئەزموونە سیاسیە لەوێن. لە کاتی کۆڕبەندیەکەدا کچێکی گەنجی تورکم ناسی کە ئەندامی رێکخراوێکی کۆمۆنیستی تورکیابوو بەڵام بۆ خزمەتکردن ھاتبووە ئەوێ. کە لە قامیشلۆ بوین دوو پیاوی تەمەن مامناوەندی وریاو خوێندەوار ھاتن بۆ لامان و داوایان لێکردین ھاوکاری زانینگای رۆژئاوا بکەین (کە زانکۆیەکی تازە دامەزراوی کوردیە لە قامیشلۆ)، ئەوانیش خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان بوون. لەوێ خەڵکی ئەرمینیا و ھەرێمی کوردستانی عێراق و فەرەنسام بینی کە بۆ خزمەتکردنی خۆبەخشانە ھاتبوون.
لەپشت ھەموو ئەم گیانی فیداکاریەوە تەنھا یەک نھێنی ھەیە ئەویش ئەو سیستەمە سیاسیە کراوەو لە خۆگرە (Inclusive)ەیە کە لە بیروباوەڕەکانی ئاپۆوە سەرچاوەی گرتووە. بە پێی ستانداردە سیاسی و مرۆییەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی خۆرئاوای ئەوروپاو ئەمریکا، رۆژئاوا تا ئێستا بە باشی ھێناویەتی و لە ھەربوارێکدا کاریان کردبێت وێنەی دیمۆکراسیەتە ساواکەیان درەوشاوەتر کردووە.
بەتەنیشت ئەم گیانی خەباتکردنەی خۆبەخشەکانەوە، ھێشتا بڕێکی زۆری دانیشتوانی رۆژئاوا ئاوارەو پەناھەندەن و لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان دەژین. متمانەیان بەو دۆخە نیە کە لەوێ دروست بووە. “کە شەڕ دەستی پێکرد، پێش ھەموو کەس خوێندەوارو شارەزاو تەکنۆکراتەکان ھەڵھاتن و جێیانھێشت” ئەمە وتەی یەکێک لەو پیاوە رۆژھەڵاتیانە بوو کە بە پەرۆشەوە دەیانویست زانینگای رۆژئاوا پێشبخەن.
لە ئێستادا رۆژئاوا وێنەی دورگەیەکی دیموکراسی، لەناو جەنگەڵێکی پڕ لەشەڕو کاولکاریدا، بۆ خۆی دروستکردووە. ئەم وێنەیە تا رادەیەکی زۆر یارمەتی بەردەوامی ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتیە ئەدات ئەمڕۆ رۆژئاوا ھەیەتی. بەڵام دیموکراسیەتەکەی رۆژئاوا پێویستی بە کرانەوەی سیاسی زیاتر ھەیە. پێویستی بەوەیە زیندانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی لەوڵات بەدەرنراوی نەبێت، ئەگەر ھەیبێت وەک رژێمەکەی ئەسەدی لێدێت و یەکەمین دەرەنجامیشی دۆڕانی دۆست و پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکانی دەبێت. پێویستە سیستەمێکی سیاسی لەخۆگرو کراوە (inclusive)ی ھەبێت کە جێگای ئەنەکەسە و ھەموو ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی تریشی تیا بێتەوە کە دیدێکی سیاسی جیاوازیان لە پارتی یەکێتی دیموکراتی (PYD) ھەیە. سەرەڕای نیگەرانیە ئەمنیەکانیان و ھەڕەشەی بەردەوامی دووژمنەکانیان، سەرکردەکانی رۆژئاوا ھەرگیز نابێت دوودڵی بکەن لە فەراھەمکردنی ئەو ژینگە سیاسیەی دەنگوڕەنگە جیاوازەکان ئازادیەکانی خۆیانی تیا ئەدۆزنەوە.
ھەبوونی رۆژئاوا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردو ھەموو ئەو میللەتانەی تر کە ئێستا لە سایەیدا دەژین. ئەم دەستکەوتە مەزنە بە رەنج و خوێن و عارەقی دەیان ھەزار جەنگاوەرو شەھید و برینداری ناوچەکەو جیھان بونیاتنراوە. بێگومان جێپەنجەی (PYD) و رێکخراوەکانی نزیک لە (PKK) دیارە بە ھەموو ئەم دەستکەوتانەوە.
ھەرکە بەھاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی سوریا دەستی پێکرد، ئەم ڕێکخراوە سیاسیانە ھاتن شوێنی رژێمەکەی ئەسەدیان گرتەوەو دامودەزگاکانی دەوڵەتیان گرتەدەست و حکومەتی لۆکاڵیان پێ دروستکردو زیرەکانەش خۆیان لەشەڕی ئەسەد بەدوور گرت. دواتر بوو بەم رۆژئاوایەی کە ئەمڕۆ ھەیە. لە راپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١ی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا، ھەموو دەزگا حکومیەکان تاڵانکرا ھەرکە دەستی شۆڕشگێڕەکانی پێگەیشت. دواتر سەرانی حیزبە چەکدارو باڵادەستەکان بە شێنەیی کەرەستە گرانبەھاکانی دەوڵەتیان دزی و لە ئێران فرۆشتیان. ئەم دوو دەستپێکردنە جیاوازەی ھەرێم و رۆژئاوا ئەوە نیشان دەدات کە رۆڵی سەرکردایەتی و رێکخراوی سیاسی خاوەن روئیا چەند گرنگ و یەکلاکەرەوەیە لە ئیدارەدانی سەرکەوتن و قەیرانەکاندا.
تێبینی: ھەموو ئەو زانیاری و ژمارانەی لەم باسەدا ھاتووە لە دەزگاو ئاماری فەرمیەوە وەرنەگیراون، بەڵکو راستەوخۆ لەخەڵکی ئاسایی قامیشلۆ و عامودا وەرگیراون، لەگەڵ چەند ئاوارەیەکی شاری دیمەشق کە ئێستا لە رۆژئاوا دەژین. ھەرکەسێک ژمارەو داتای جیاواز (یان ناکۆک بەوەی منی) ھەبێت، زۆر سوپاسی ئەکەم لەرێگای ئەم ئیمەیڵەوە بۆم بنێرێت و (mohammed.tarkhani@barcelonagse.eu) ھەڵەکانم بۆ راست بکاتەوە.