حکومەت و حوڕمەت

لەلایەن ستاندار Posted on 283 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

ئەگەر سەیری بوونەوەر بکەین بە شێوەیەکی گشتی ئەو حەقیقەتەمان بۆ بەرجەستە دەبێت کە پەروەردگار ئەوەی لە زەوی و ئاسمانەکانە ھەمووی بۆ مرۆڤەکان رام کردووە و خستوویەتیە خزمەتی ئەو کائینە، ئەمەش پێما دەلێت کە مرۆڤ چەندە گەورەیە و چەندە بە شکۆ و ویقار و رێزلێگیراوە، بە جۆرێک بووەتە سەنتەری کائینات و ھەموو بوونەوەر لە فەلەکی ئەو زاتە دەسووڕێنەوە و بۆ ئەو دەژین، بە بێ روانین بۆ جیاوازییەکانی لە رەنگ و زمان و کلتوور و ئیتنی و نەتەوە و ئاییندا (و لقد کرمنا بنی ادم).
جا ئەگەر ئەمە دۆخی مرۆڤ بێت لە نێو ئەم بوونەوەرەدا، پێویستە ھەر لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی ھەر کار و چاڵاکی و پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی کە دێتە ئاراوە و ئەنجام دەدرێت، شوێنگە و پێگەی مرۆڤەکان لە ناو ئەم رووبەرانەدا دیار بێ و ھەموو فۆکەس و رووناکییەک لەسەر ئەو بێ و بۆ ئەو بێ .
ھەڵبەت دیارە ھەر حکومەتێکیش کە پێکدەھێنرێت وەکو یەکێک لە چاڵاکیی و کردە مرۆییەکان لە پێناو رێکخستنی کاروباری ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە و نیشاندانی سیمای شارستانی و پێشکەوتوویی کۆمەڵگەکەی، پێویستە تاک لە نێو کارنامە و سیاسەتی ئەو حکومەتەدا سەنتەر بێ و چاکترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت، دیارە خزمەتکردنی مرۆڤەکانیش بۆ سەر دوو ئاست دابەش دەبن یەکێکیان مەعنەویییە و ئەویتریشیان ماددییە، ئەوەی ئێمە لێردا مەبەستەمانە ئاستە مەعنەوییەکە کە لە پێش ماددییەکەوە دێت. گومانی تێدانییە سەنگی مەحەکی ھەر حکومەتیک بۆ سەرکەوتوویی و شکستەکەی بەشێوەیەکی گشتی راددەی نزیکی و دوورییەتی لە ھاووڵاتیەکانی، بەو مانایەی چەندە پەرۆشی خزمەتکردن و گەشەپێدانە بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، جا لەگرنگترین ئەو خزمەتانەی کە دەبێ لە رووی مەعنەوییەوە پێشکەش بکرێت رێزگرتن و پاراستنی شکۆمەندی و حوڕمەتی مرۆڤەکانە، چونکە ھەر سووکایەتییەک بە کەڕامەت و سومعە و ناوبانگی ھەر تاکێک کە لەژێر سێبەری حکومەتەوە روودەدات، واتای بێ ئەرزش کردنی مرۆڤەکان و بێ نرخ و کەم بەھا سەیرکردنیان دەگەیەنێت.
بۆیە دەبێ سەنتەربوونی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی حوڕمەت و شکۆی تاکەکان لە نێو یاسا و رێنماییەکان، و ھەموو کار و پڕۆژە و چاڵاکییەکانی حکومەت بە زەقی رەنگبداتەوە و ببێتە بنەمای سەرەکی دروست بوونی حکومەتێکی رەشید و سەرکەوتوو لە داھاتوودا، ھەربۆیەش ئەو حکومەتانەی کە بۆ ھاوڵاتیان دروست دەبن و لە خزمەتی ھاوڵاتیان و بۆ ھاوڵاتیان کاردەکەن بە بێ سەیرکردنی پاشخانی ئیدیۆلۆژی و ئینتیمای سیاسییان، ناویان لێنراوە بە حکومەتی ھاوڵاتی، چونکە بەھای باڵای مرۆڤەکان و کەڕامەتییان جا لە چوارچێوەی تاک بێ یان گروپ لەلای ئەم تایپەی حکومەتەوە پیرۆز و بەرزڕاگیراو و رێزلێگیراوە، کەواتە ھەر پێشێلکارییەک بە مافەکانی ھاوڵاتی بە ھەر پاساو و بیانوێک بێت، واتای شکاندنی حوڕمەت و روشاندنی کەسایەتییان دەگەیەنێت و لە دواجاردا شەرعییەت و رەوایەتی یاسایی و جەماوەری ئەم جۆرە لە حکومەتە نامێنێ و سەنگ و بەھاکەی خۆی بۆ یەکجاری لە دەست دەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.