داواکاری گشتی دژە تیرۆر و دادگای تاوانکاری کوردستان ٢٤

لەلایەن ستاندار Posted on 275 جار بینراوە

بروا ستار

بەر لە هەر شتێک دادگا لە سیستەمی ئەمڕۆی زۆرینەی دەوڵەتاندا بریتییە لە دەزگایەکی تەواو بێلایەن لە دەزگای پەرلەمان و جێبەجێکردن، تایبەتمەندی ئەم دەزگایە بریتییە لە بێلایەنی و سەربەخۆیی کارکردن، بەو پێیەی کارکردنی ئەم دەزگایە لە پێناو جێبەجێکردنی یاسا و لێپێچینەوەی سەرپێچی کردن لە یاسایە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو کۆریای باشووردا سەرۆک دەخرێتە بەردەم دادگا و لێپێچینەوە و موحاسەبەی لەگەڵدا دەکرێت و سزای کردارە نا یاساییەکانی وەردەگرێت، بەڵام هاوکاتیش لە وڵاتێکی وەک ئەوەی لەمەڕ خۆمان دادگا دەخرێتە بەردەم ئاخوڕی حیزب و هەر چۆنیکیشیان لیی بوێت ئاوا هەڵیدەسوڕێنن.
تۆ سەیری ئەم مەهزەلەیەی مەملکەتە کەس بەکەس نیەکەی خۆمان بکە دەزگایەکی وەک دژە تیرۆر کە سەر بە پارتی دەستەڵاتدارە و فڕی بەسەر بێلایەنییەوە نییە و تەنها کارەکانیشی لە سنوورێکدا دەخولێتەوە هەڵدەستێ بە بێ فەرمانی دادوەر و بەبێ لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی، دەوری هەمووی دەبینێت و هەر خۆی نووسراوی داواکاری گشتی هەڵدەهێنێت و هەر خۆشی دەبێتە لایەنی جێبەجێکار، تۆ واز لەوە بێنە ئاخر کارەسات لەوە زیاتر هەیە، کەناڵێک کە کاری گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و ڕووداوەکانە دەبێت بە دەزگای دادوەری و ڕۆڵی یەک دادگای تاوانکاری دەبینێت، جا لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، خەڵک لە ئێستادا تێکڕا لە رووداوێکی وەهادا چاوەڕێی کوردستان٢٤ە بۆ ئەوەی دانپیدانان و دادگایی و شتی تری تاوانکاری ببینێت وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کەناڵی کوردستان ٢٤ی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بینرا، ئاخر واز لەوە بێنە کە راگەیاندن مۆڕاڵێكی تایبەتی هەیە لەم پرسانە ئەویش دەرنەخستنی چڕوچاوی خاس و خراوە، کەچی بێگوێدانە هێچ بنەما و پڕەنسیپ و مۆڕاڵیک کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت پێی پێوە دەنێت و چونکە ئیتر خاوەنەکەیان بووە بە سەرۆکی حکومەت و هەر خۆیان دەستەڵاتدارن و کەس نییە بڵێ لەل، لە کوێی دونیا پێش تاوانبارکردن سوکت دەکەن و دەتخەنە بەردەم رای گشتی و اعترافت پێ دەکەن ، ئەی ئەگەر وایە ڕۆڵی دادگا و دادوەر چییە ؟!
بۆ دەبێت لە قەرنی ٢١دا بژین و ئەم وڵاتە هەر وەک قەرنی ١٦خۆی پێناس بکات، ئاخر کەسێ نییە لەم وڵاتە یان هەیە و بووە بە دەستکەلای پارتخێڵەکان لەپێناوی نانێکی شەرمەزاری؟!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.