برادۆستیەکان لە دۆسیەی هۆقەبازدا ، تەڵە یان تۆڵە ؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 292 جار بینراوە

هونەر تۆفیق

برادۆستیەکان هۆزێکی کوردی نیشتەجێ ی سنوری نێوان عێراق -ئێران – تورکیان . ڕۆڵی دیاریان لە مێژووی کوردستاندا هەبووە . شەڕی قەڵای دمدم کە قەڵای برادۆستیەکان بووە لەگەڵ سەفەویەکاندا ناوبانگێکی مێژوویی تایبەتی لەناو کوردەکاندا هەیە . لە شۆڕشەکانی سمکۆی شکاک و شەمزینیەکاندا بەشداری بەرچاویان هەبووە . لەپاش ناکۆکیەکی چەندین ساڵەیان لەگەڵ بارزانیەکاندا ، لە شۆڕشی ئەیلولدا پشتیوانی مەلا مستەفابوون . لە حکومەتەکانی عێراقدا لە سەردەمی شانشینەوە تا کۆمارەکەی سەدام حسێن توشی بەریەککەوتن و ڕێکەوتن بوون . میر مەحمودخانی برادۆستی ئەندامی پارلەمانی شانشینی عێراق بووە . لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا مەحمود بەگ پارێزگاری هەولێربوو . لە سەردەمی جەنگی عێراق – ئێراندا ، گوندەکانی برادۆست ڕاگوێزراوە بۆ سیدەکان و دەوروبەری هەولێر . ماڵی میری برادۆستیەکان میر سەلام کەریم خانی برادۆست لەهەولێر نیشتەجێن . جگە لە سەرپەرشتی هۆزەکەیان ، کاری بازرگانیەکی گەورە دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا .
ناوچەی برادۆستی برادۆستیەکان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵکەوتەی لە سێ گۆشەی نێوان عێراق – تورکیا – ئێراندا بۆتە ناوچەی بەریەک کەوتنی سەربازی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە . لەبەر ئەوەش هەرێمی کوردستان کەمترین ئاوەدانی لەوناوچەیەدا کردووە .
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەی برادۆست بووە . نێو ماڵی برادۆستیەکان کە پێکهاتوون لە بنەماڵەی لۆلانیەکان و سەرپەرشتی خانەقا و کاروباری ئاینی برادۆستیەکان دەکەن ، هەروەها بنەماڵەی خانەکان کە سەرپەرشتی سیاسی هۆزەکەیان دەکەن . لۆلانیەکان دژ بە بوونی پەکەکەن لەناوچەکەیاندا و هێزێکیان ڕاگەیاند کە ڕێگری لەبوونی پەکەکەبکات لەو دەڤەرەدا . بەڵام زۆرینەی برادۆستیەکان دژ بەبوونی سوپای تورکیان لە ناوچەکەیاندا و پێیان وایە تورکیا گوند و زەوی و زارەکەیانی داگیرکردووە .
لە سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠١٩ لەپاش بۆردمانەکانی تورکیا ، لە شیلادزە و دێرەلوک گەنجان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازیەکانی تورکیا و سوتانیان .
لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا ٢٠١٩ ، کەتیبەی برادۆست لەلایەن چەند گەنجێکی نەناسراوەوە ڕاگەیاندرا و بڵاویانکردەوە کە دەست لە جاسوس و هاوکارەکانی سوپای تورکیا ناپارێزن و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردن .
ئەو ڕووداوانە لە دۆسیەکەی هۆقەبازدا ڕەهەندێکی تری هەیە کە وەک ڕاگەیەندرا برای میری برادۆستیەکان ( میر سەلام خان ) سدقی کەریم خانی برادۆستی دەستگیرکراوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی جێگری کونسڵی تورکیا لەهەولێر .
گرتنی برای میری برادۆستیەکان پێشهاتێکی ئاڵۆز و تۆڵە یان تەڵە ئاسایە بۆ هۆزی برادۆستیەکان کە ناوچەکەیان لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراوە . گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هۆزی بارزانی و برادۆستیەکاندا دێنێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.