ئینسانی موزەییەف

لەلایەن ستاندار Posted on 245 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

باتڵی حەقێك، شتێکی تر نیە، زاهیری هەمان شتە! باتڵ هیچ نیە جگە لە ڕوکەشی حەق! ڕوکەشی حەقیش هەر ئەوەیە کە ئەفرۆشرێ و ئەفرۆشرێتەوە!

مەسەلەن (باتڵی دین) بێ دینیی نیە، فرۆشتنەوەی دینە! باتڵی دین، دینی سیاسەت و پەرستگاو کاهینە! کاهین و سیاسیی دینیی، هیچ نین جگە لە فرۆشیاری دین. پەرستگاو حیزبی دینییش، هیچ نین جگە لە فرۆشگای دین.
ئازادی و ڕۆشنبیری و ئینساندۆستی و شتەکانی تریش بەهەمان شێوە، باتڵەکەیان فرۆشتنەوەی ڕووکەشەکەیانە! حەقیقەتەکەشیان، ناوەڕۆكەکەیانە، ناوەرۆكیش ئەوەیە کە نافرۆشرێ و نافرۆشرێتەوە.

ئاخر ئەگەر باتڵی شتێك، شتێكی تربووایە، ئەوکات حەق و باتڵ زۆربە ئاسانی لەیەك جیائەکرانەوەو شتەکە نەئەبوو بە مەتەڵێکی ئەزەلی و ئەبەدی مرۆڤ!
ئاخر جیاکردنەوەی حەق و باتڵ، بۆیە قورسە، چونکە باتڵ شتێکی ترنیە، هەر حەق خۆیەتی، بەڵام توێکڵەکەی!
وەلێ حەقی موزەییەف کە ڕێك باتڵی ڕاستەقینەشە، هەمیشە بە توێکڵەکە فریوتئەداو دوورت ئەخاتەوەو باتڵت لێئەکات بە شتێکی تر.

ڕوکەشی حەق ئەوەیە کە بابەتی (فرۆشتن) و (فرۆشتنەوە)یە!
– کە شتەکە فرۆشرایەوەو بەکارهێنرا بۆ دەستخستنی ناوبانگ و فەزڵی مەعنەوی.
– کە شتەکە فرۆشراو بوو بە تیجارەت و وەسیلەی پارە پەیاکردن.
ئیتر ئەوە حەق نیەو توێکڵەکەیەتی، ئیتر ئەوە خودی باتڵیشە!

توێکلێ حەق، هەمیشە دنیا دابەشی ڕەشوسپی ئەکاو خۆی سپییەکەیە! بەرەی گەل و بەرەی خواو بەرەی زانست و بەرەی ئازادی و ئەم شتە درۆیینانەت بۆ دروست ئەکا، کە ئەمە ڕێك ئاشی جیاکارییەو ڕق ئەیگێڕێ!!
توێکڵی حەق، هەمیشە لەوبەرەوە دژێکی حازرو باتڵێکی تەقلیدیت بۆ دائەتاشێ و ڕقی بەسەرا ئەبارێنێ، ئیتر تۆ تەرکیزت ئەچێ بۆ ئەوێ و نازانیت ئەم خۆی باتڵەکەیە!

فرۆشتن و فرۆشتنەوە، وەك ئەو پێشمەرگایەتی و خەباتی شاخەی کە سی ساڵە بە گرانترین نرخ بەسەرمانا ساغیئەکەنەوە!

وەك ئەو دژایەتی گەندەڵییەی کە ئێستا خۆی بووە بە گەندەڵی! ئاخر پێشتر هەر لە ڕێگەی گەندەڵییەوە دەستت ئەگەیی بە پارووە چەورەکە، ئێستا لە ڕێگەی دەژەگەندەڵیشەوە ئەگەیت!
تۆ دوو شۆی تەلەفزیۆنی دژی گەندەڵیی بکە، هەر ئەونە بەسە بۆئەوەی ببیت بە پەرلەمانتاری (بەرەی گەل)و مانگانە بە تورەکە پارە وەرگریت!

وەك ئەو ئازادیخوازی و بوێرییەی کە کورتکرایەوە لە دژایەتی پارتی و یەکێتیداو کۆمەڵێ پارتی و یەکێتی تری بەرهەمهێنا!
تۆ کۆیلەی ئەم حیزب و باڵ و بنەماڵەبیت، ئاساییەو ئەسڵەن قارەمان و ئازادیخوازیشیت، بە مەرجێ جوێن بە حیزب و باڵ و بنەماڵەکانی تر بدەی!

فرۆشتن و فرۆشتنەوە، وەك ئەو زانستخوازی و پێشکەوتنخوازییەی کە کورتکرایەوە لە دژایەتی دیناو (مولحیدی سەلەفیی) بۆ دروستکردین!

تۆ دوو کتێبی بێتام بنوسە، هەرئەونە بەسە بۆئەوەی ببیت بە ڕۆشنبیرو ئیتر تاهەتایە، لەلایەك خۆت بە خەڵك (بفرۆشیتەوە)و لەلایەکیش خۆت بە حیزب و سەرمایەداران (بفرۆشیت)!

تۆ لە سلێمانییەوە چوار جنێو بە پارتی بدەی ئیتر ئازادیخوازیت و تۆ لە هەولێرەوە چوار جار بەوانیتر بڵێ جاشسیغە، ئیتر سەربەخۆخوازیت! بەجدی ئازادی و سەربەخۆیی ئەوەیە؟!
سەیرکە (ئەسڵی شتەکان) چۆن بێقیمەت و هیچکراونەتەوە لە (زەیفی شتەکان)دا!!

باتڵی شتێك، شتێکی ترنیە، ئەو دژە تەقلیدییە نیە کە زەیفچییەکان بۆتی دروستی ئەکەن و زەقی ئەکەنەوەو نانی لەسەر ئەخۆن!
بەڵکو حەق و باتڵی شتێك، هەر شتەکە خۆیەتی و هەر لەناو خۆیدایە، هەر خۆی بۆی هەیە ناوەڕۆك و ڕاستەقینەو حەق بێت، هەر خۆشی بۆی هەیە ڕووکەش و موزەییەف و باتڵ بێت.

دژی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیری، گەمژەیی و نەخوێنەواریی نیە، ڕۆشنبیریی موزەییەفە! دژی ڕاستەقینەی ئازادی، کۆیلە نیە، ئازادیخوازی موزەییەفە! دژی ڕاستەقینەی پێشکەوتنخوازیی، دیندارەکان نین، پێشکەوتوخوازە موزەییەفەکانن! دژی ڕاستەقینەی دین، مولحیدەکان نین، دینی موزەییەفە..
بەڵێ یەکەمەکان نین دووەمەکانن، چونکە یەکەمەکان دیارن! دوژمنی ڕاستەقینە، ئەو نادیارەیە کە فریوی داوی و کە نازانی دوژمنەو ناتوانی خۆتی لێبپارێزیت!

زەیفچی لەبری ئەوەی (خۆی) هەڵگری ناوەڕۆکی شتەکەبێ، دێ ڕووکەشەکەی بە (تۆ) ئەفرۆشێتەوە.
(حەق) هەر ئەو ناوەڕۆکەیە کە هەڵیئەگریت بۆ خۆت، (باتڵ) هەر ئەو ڕووکەشەیە کە ئەیفرۆشیتەوە بەو.

دینی موزەییەف، ڕۆشنبیریی موزەییەف، ئازادیخوازیی موزەییەف، دیموکراسیی موزەییەف، حوکمداریی موزەییەف، دژەگەندەڵیی موزەییەف.. بەگشتی “زەیفی شتەکان” کۆمەڵگای ئێمەی تەنیوەو بەنەتیجەش ئینسانی ئێمەی کردووە بە ئینسانێکی موزەییەف!
ئینسانی موزەییەفیش ئەو کائینەیە کە لە توێکڵی حەقدا خۆی ونئەکاو ئەبێتە باتڵێك.

بۆئەوەی خۆمان بەدەستبێنینەوەو لە ئینسانێکی پوچی موزەییەفی باتڵەوە، ببینەوە بە ئینسانێکی ڕاستیی، گرنگە سلفیك لە عەقڵمان بدەین و بۆجارێکیشبێ لە هەموو بەرەو سەنگەرە دژبەیەکە تەقلیدییەکان بێینە دەرەوە!
چونکە تۆ تەنیا بەوە هەیت و ئەبیت، کە لەناو شتی تردا نەبیت! کە بوونت سەربەخۆبێ و شتێك بوونتی داگیرنەکردبێ.

ئینجا بۆ جیاکردنەوەی حەق لە باتڵ، سەیری دژی شتەکە مەکە، سەیری شتەکە خۆی بکە.
شتەکان بەو دژە مەپێوە کە بۆیان دروستکراوە، شتەکان بەو عەقڵە بیپێوە کە وا لەسەرتا.
پێوەر ئایدۆلۆژیاو شتێکی دەرەوەی تۆ نیە، پێوەر شتێکە لەناو خۆتاو ئەو شتەش عەقڵ و بیرکردنەوەیە.

ئینجا من لە هیچ بەرەیەك نیم تەنانەت لە (بەرەی گەلیش)! چونکە بەرەکان ڕاستەقینە نین، وەهمو دابەشکاریی ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندییەکانن! لەناو وەهما تۆش وەهمیت و ناتوانی ڕاستەقینەبیت!

ڕاستەقینە دەرەوەی وەهمە، دەرەوەی وەهمیش خاڵێکی دیاریکراونیە پێ ی بگەیت، دەرەوەی وەهم بیرکردنەوەیەکی بەردەوام و نەوەستانی عەقڵە! خۆداماڵینی بەردەوامە لەو شتانەی کە ڕاتئەماڵن و بوونت لەگەڵ خۆیان ئەبەن و هیچت بۆناهێڵنەوە!
دەرەوەی وەهم تۆ خۆتیت! لەناو شتەکاندا، شتەکان تۆن و تۆش شتەکانیت، بەڵام لەدەرەوەیاندا، شتێك ئەمێنێتەوە، ئا ئەوە ڕاستەقینەی تۆیە.

لەڕاستیدا چ شتێك فریوی زۆرتربوو، ئەوە لە شتەکانی تر وەهمترو درۆترە، لەئێستای ئێمەشدا ئەو شتە (بەرەی گەلە)!
ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە تۆ خۆت ئینسانێکی شەریف بیت، نەك ئەوەی سەربە عینوان و بەرەیەکی شەریف بیت!
بەرەی شەریف ناوێکە هەموو بەرەکان لە خۆیانی ئەنێن، بەم ناولێنانەش تۆ هیچ شەرافەتێك بەدەست ناهێنیت! شەرافەت ئەو ناوەڕۆکەیە کە پێویستە لەناو خۆتابێ و نابێ لەسەر شتێکی دەرەوەی خۆت وەستابێت.

سەیرکە ئەوانەی لەڕێگەی بەرەو عینوانەوە، لافی شەرافەتیان لێئەدا، هەموویان بێشەرەف دەرچوون!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.