یەکەم فاوڵی حکومەتی تازە

لەلایەن ستاندار Posted on 272 جار بینراوە

له‌تیف شێخ مسته‌فا

کاتێک سەرۆکی حکومەتی نوێ کارنامەکەی خوێندەوە بەندەو خەڵکانی تریش لە چاو ئەوانەی پێش خۆی پێمان باش بوو ،ھەروەھا زمانی وتارەکەش باش بوو کە شێوەیەک لە ئەمر یان فەرمانکردن بوو نەک داواکردن یان پاڕانەوە ،بەڵام وتمان گرنگ جێبەجێ کردنە چونکە قسە ھەژارەو ھەموو کەس پێی دەوێرێ ،بەڵام لەوە دەچێ لە کردەییدا جیاوازی ئەوتۆی نەبێ لەگەڵ حکومەتەکانی پێش خۆی.
یەکەم خاڵی بەرنامەکە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بوو ،دیارە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵ کاران بەوە دەبێ بدرێنە دادگاو سزا بدرێن نەک دوبارە چاوپۆشیان لێ بکرێ یان داوایان لێبکرێ و لەبەریان بپاڕێنەوە کە ئەو گەندەڵیەی کردویانە بیگێڕنەوە.
لە کۆتایی وەڵامەکەی وتەبێژی حکومەت بۆ وەزیری پێشوی کشتوکاڵ دەڵێ « داواکارین لە وەزیرەکانی کابینەی ھەشت ئەوانەی ئوتومبێل یان کەلو پەلو شتی دەوڵەتیان لایە بیگێڕنەوە »
لە کاتێکدا بردنی کەلو پەل و موڵکی دەوڵەت تاوانەکانی ئیختیلاس و بردن و ھەڵسوکەوت بەماڵی دەوڵەت تەشکیل دەکات ،ھەر وەزیرێک یان خاوەن پۆستێک بردبێتی تاوانبارەو دەبێ داوا لە داواکاری گشتی و دەستەی نەزاھە بکرێ لێکۆڵینەوەو ئیجرائاتی لەگەڵ بکرێ نەک داوای لێبکرێ بیگێڕێتەوە ،تەنانەت ئەگەر بیشیان گێڕێتەوە ھەر تاوانە مادام لەگەڵ خۆی بردویەتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت دەبێ سزای خۆی وەربگرێت ، چونکە ھەموو ھاوڵاتیەک نەک ھەر وەزیر پاساوی نیە بڵێ نەمزانیوە کە ئەو شتە تاوانە یان سەرپێچی یاسایە ،ھەروەھا ئەوەش پاساو نیە بوترێ لە پێشوو ھەروابوە بۆیە بوە بە عادەت ،ئاخر ئێوە بە تێۆری وتتان ئێمە ئەمجارە جیاواز دەبین ،وەک وتمان جیاوازی ھەر بەقسە نیە بەڵکو کردارە.
چاودێری وردی کردارەکانتان دەبین بزانین لەگەڵ قسەو بەرنامەکەتان جیاوازی ھەیە یان نا ؟لە کوێ بینیمان جیاوازی ھەیە بۆ خەڵکی ڕوندەکەینەوە،ئەترسم ئێوەش درێژە پێدەری ھەمان سیاسەت و لۆژیکی ڕابردووبن کە دەیانوت « پیاوەکانی خۆمان عەیب دار ناکەین و نایاندەین بەداگا»

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.