شێواندنی قسەکانی کاڵکان بۆ سازکردنی شەڕی ناوخۆیە

لەلایەن ستاندار Posted on 880 جار بینراوە 0 سەرنج
سدجوەوف
سەلاح خدر
چەند ڕۆژێکە تەواوی میدیا و میدیاکار و قەڵەمەکانی پارتی و ئەو پارتیانەشی لەژێر پەردەی ڕێکخستنەکانی دیکەدا خۆیان حەشارداوە، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی میدیایی تورکیادا دەستیان بەهەڵمەتێکی ڕێکخراو دژ بە تێکۆشانی پەکەکە و شۆڕشگێڕ و پێشەنگەکانی ئەو ڕێکخستنە کردووە. لەسەروویانەوە ڕێزدار دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە، ئەو لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە کە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەی تورکی ناوچەی ئەدەنەی تورکیاوە و هەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلی کورد و ئازادی گەلان تەرخان کردووە و پێنج ساڵ لە زیندان دا ماوەتەوە. کاڵکان کاتێک کۆلێژی هونەر و وێژە لە ئەنقەرە تەواو دەکات دەستبەرداری هەموو خۆشیەکانی ژیانی شەخسی خۆی دەبێت بەدروشمی (بێ ئازادی گەلی کورد گەلی تورک ئازاد نابێت) لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ١٩٧٨ دا بەشداری کۆنگرەی دامەزرانی پەکەکە دەکات و پەیمان دەدات ژیانی لەو پێناوەدا تەرخان بکات. ئەو دەیتوانی لەجێی ژیان لە زیندان، ئەشکەوت و بن تاشەبەرد و سەرما و گەرما، ژیانی کۆشک و تەلار و وەزارەتەکانی تورکیای هەبوایە، وەلێ ئەو مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەبینی، هەستی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕی و مرۆڤبوونی خۆی ئاوێتەی تێکۆشانی زیندان و چیاکان کرد و ژیانی شاهانەی ڕەد کردەوە و وەفاداری خۆی بۆ ڕێباز و ڕێبەر ئۆجالان و ڕێهەڤاڵە شەهیدەکانی پاراستووە. دوران کاڵکان یەک لەو پێشەنگانەی پەکەکەیە کە زۆرترین هەوڵی بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی کوردان داوە، هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە پارچە و حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەیەک نزیک بکاتەوە و لە خیانەت و وابەستەبوون بەدوژمن دووریان بخاتەوە بۆ ئەوەش کاری جدی کردووە، تەنانەت لە واژۆکردنی هەر ڕێکەوتن و پڕۆتۆکۆڵێکی هاوکاری نێوان پەکەکە و لایەنەکانی دیکەی کوردستان لە ڕێکەوتنی ١٩٨٣ی نێوان ڕێبەر ئۆجالان و ئیدریس بارزانیەوە بگرە بۆ ڕێکەوتنی پەکەکە و حزبی شیوعی، پەکەکە و یەکێتی هتد…. ڕۆڵی هاندەر و بناغەیی هەبووە. ڕۆڵی کاڵکان لە پاراستنی باشوور لە شەنگالەوە تا هەولێر و کەرکوک و جەلەولا لە دڕندەیی داعش لەبەرچاوە، ئەو لەو کەسانە بووە لەناو پەکەکەدا بەردەوام ڕێنمایی بە گەریلا داوە هەرچی دەبێت بەگیانی خۆیان خەڵک و دەستکەوتەکانی باشوور لە هەڕەشەی داعش و هاوکارەکانی بپارێزن، تەنانەت لە ١٦ئۆکتۆبەردا کە هێزەکانی پارتی و یەکێتی بێ تەقە کەرکوک یان تەسلیمی حەشدی شەعبی کرد، گەریلا لەوێ شەڕی کرد و شەهید و برینداری دا، ئایا دەکرێت ئەم کەسە دوژمنی خەڵکی باشوور بێت؟. لە دیدارە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم ماوانەدا لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨، ١٣ی شوبات و ٣٠ی نیسان و ١٥ی حوزەیران و ٢٣ی تەمووزی ئەمساڵ دا کاڵکان بەڕاشکاوی دوای لە هەموو لایەنە کوردستانیەکان بەتایبەت باشوور و تایبەتتر پارتی کردووە کە وەرن با لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دا یەکێتی نەتەوەیی ئاوا بکەین یان هەر هیچ نەبێت بەرەیەک و ستراتیژیەکی هاوبەشمان هەبێت، پەکەکە بۆ ئەوە ئامادەیە، بەڵام لەجێی وەڵامی ئەرێنی هێرشی نائەخلاقی دژ بەو شۆشگێڕە چڕکراوەتەوە. هێرشەکانی ئەم دواییەی پارتی و میدیا و قەڵەمەکانی بەوەی گوایە کاڵکان گوتویەتی (ئەگەر باکور ئازاد نەبێت نابێت باشوور ئازادبێت) نەک چەواشەکاریەکی نائەخلاقییە، بەڵکو بێوەفایی و بێوژیدانی ترین هێرشی ناڕەوایە بۆسەر کەسێک کە هەموو ژیانی تێکۆشان بووە بۆ گەلی کورد. خۆی لە خۆیدا بەرەواژۆکردنی ڕاستی قسەکانی کاڵکان و شێواندنی کارێکی دوور لە بنەماکانی ڕەوشتی پیشەیی و سیاسەتی دروستە و تەواو خزمەتکردنە بە سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا دژ بە گەلی کورد. ڕێزدار کاڵکان دەڵێت (لە کاتێکدا کوردی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کۆمەڵکوژی بەسەریان تێدەپەڕێت، باشور ناتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد بژیت، یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین، یان ئازادی بۆ کەس نابێت) ئەمە ڕاستی چیرۆکی ئەو قەشەیەمان بیردەخاتەوە کە تا هێزی داگیرکەر نەگەیشتە ناو کەنیسەکەی بەخەمی خۆی نەدەزانی، بەڵام کاتێک ویستی قسە بکات کات نەمابوو و کوشتیان. مەبەستەکەی کاڵکان ئەمەیە “داگیرکەران لەچوار بەشی کوردستان بوونەتە یەک هێز و ستراتیژ و ڕێکەوتنی هاوبەشیان دژ بە کوردان واژۆکردووە، لەبەرامبەر ئەوەدا ناتوانرێت ئازادی چوار بەشی کوردستانیش لەیەک جودابکرێتەوە، حەتمەن پەیوەستە بەیەکەوە و ئەوەش کۆدەنگی نەتەوەیی پێویستە”. ئەردۆغان لە پڕوپاگەندەکانی دواین هەڵبژاردنی ئستەمبوڵیشدا تەئکیدی لەوە کردەوەتەوە کە (ئەوان لە باکوری عێراق “باشووری کوردستان” هەڵەیان کردوە). مەبەستی دوران کاڵکان ئەوەیە کە دەبێت لەو قسەیە تێبگەن ئەردۆغان لە دەرفەتێک دەگەڕێت ئەو هەڵەیەی ڕاست بکاتەوە و تەواوی باشوور بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی وەک ئەوەی ئێستا کاری بۆ دەکات و ئەوەی لە ڕیفراندۆمیشدا کردی، ئەمەش بێشک پەیوەندی بەئازاد نەبوونی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت باکوری کوردستانەوە هەیە، ئەگەر باکوری کوردستان ئازاد بوایە ئەردۆغان دەیتوانی لەگەڵ بەغداد و تاران دژ بە (ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی باشوور!!!) هەڕەشەی بکردایە؟. مەبەستی دوران کاڵکان ئەمەیە، ئەگەر باکور ئازاد بوایە ئێستا دەوڵەتی تورک ئەو هێزەی نەدەبوو کە وابەئاسانی پیلانی داگیرکردنی باشوور جێبەجێ بکات و ڕۆژانە بە بۆردومانەکانی هاوڵاتیانی سڤیل شەهید بکات، دەست لە ئاواکردنی کابینەکانی حکومەتی هەرێم وەربدات و ئەو نەخشی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد داڕێژێت و بڵێت کەرکوک کوردستان نیە. هەرلانی کەم ئەگەر باشوور بەردەوام بوایە لە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان و ستاتۆی هەنوکەیی ڕۆژئاوای بپاراستایە خەندەقی لەبەرامبەریان لێنەدابایە، ئێستا نە عەفرین داگیر دەکرا و نە تورکیاش دەیتوانی ئەوە بکات کە دەیکات. مەبەستی دوران کاڵکان ئەمەیە، دەوڵەتی تورک هەمیشە ترسی ئەوەی هەبووە کە ئازادی باشوور ڕێگایەک بێت بۆ ئازادی پارچەکانی دیکە، بۆیە بەردەوام هەوڵی داوە ئەم پێگەیەی هەرێم لەناو بەرێت، دواین جار لەڕێی داعشەوە ئەو ئامانجەی تاقی کردەوە، بەڵام بەرخوەدانی گەریلا و شەرڤان و پێشمەرگە پیلانەکەی پوچەڵ کردنە، ئێستاش وەک عەفرین ئیدی خۆی هاتووەتە ناوەوە و ڕۆژانەی هێزی زیاتر دەنێرێت. ئەگەر باکوری کوردستان ئازاد بوایە لە ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئەمڕۆ هێزەکانی هەرێم و بەتایبەت پارتی شەڕی پەکەکەیان بۆ تورکیا نەکردایە وەک مەسعود بارزانی خۆی دەڵێت هەزاران پێشمەرگەمان بۆ تورکیا دابەکوشت، ئێستا بە‌هێزی پێگەی هەرێم لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دا دەیتوانی هاوسەنگیەکان بگۆڕێت، ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەشێوەیەک دەبوو کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە نمونەی بگرتایە. هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر ڕێزدار کاڵکان و بەسێ هۆزاتی هاوسەرۆکی کەجەکە، پارچەیەک لە ئۆپەراسیۆنی میدیای تورکیایە و ڕێخۆشکردنی پارتییە بۆ شەڕی ناوخۆیی، ئەو شەڕەی ئێستا پارتی ڕاستەوخۆ کەوتوەتە ناوی، هەوڵدانە بۆ شەرعیەت دان بەشەڕی کورد کوژی و ئەرێکردنی داگیرکاری تورکیا، هەوڵدانە بۆ ڕەخساندنی زەمینەی جەماوەری و بێدەنگی کردن خەڵک بەرامبەر ئەو شەڕە. بۆیە ئەگەر خوێنی هەر گەریلا و پێشمەرگەیەک لەشەڕی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا بڕژێت، پارتی و ئەو قەڵەم و ڕاگەیاندنانە لێی بەرپرسن کە دەهۆڵی شەڕی کورد کوژی دەکوتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *