داگیركردنى شه‌نگال ؛ چیرۆكێكى ته‌مومژاوى

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە

سەرتیپ وەیسی

رۆژى 3ى ئابى 2014، رێكخراوى داعش شه‌نگالی داگیركرد، به‌ هه‌زاران كه‌سیان له‌ پیاو كوڕو كچ و ئافره‌ت و ژن و منداڵى ئێزیدى به‌ بێ هۆكار كوشت، یاخود به‌دیلیان گرتن، تاوه‌كو ئێستاشى له‌گه‌ڵ دابێت چاره‌نووسى به‌ هه‌زاران كه‌س نادیاره‌.
پێنج ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنى شه‌نگال تێپه‌رده‌بێت، تاوه‌كو ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت، هیچ كه‌س و ته‌نانه‌ت ئێزیدییه‌كانیش، زۆر وه‌ڵام له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى چۆن شه‌نگال داگیركرا؟ كێ به‌رپرس بوو له‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانى ئه‌و قه‌زایه‌؟ بۆچى هیچ به‌رگرییه‌ك له‌و قه‌زایه‌ ئه‌نجامنه‌درا؟ ئایه‌ رووداوى داگیركردنى شه‌نگال له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى داعش سیناریۆ بوو؟ ئایه‌ پارتى تۆڵه‌ى له‌ شه‌نگالییه‌كان كرده‌وه‌؟ وه‌ڵامى ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیارى دیكه‌به‌ نه‌زانراوى ماوه‌ته‌وه‌.
به‌شێك له‌ ڕاستییه‌ مێژووییه‌كانى چیڕۆكى داگیركردنه‌كه‌ له‌ زارى دوو به‌رپرسى باڵاى ناوچه‌كه‌

سه‌ره‌تاى مانگى ئابى ساڵى 2014 ه‌یه‌، چه‌كدارانى داعش ماوه‌ى دوو مانگ بوو پارێزگاى موسڵ و قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ریان داگیركردووبوو ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك مابوو بگه‌نه‌ قه‌زاى شه‌نگال . جگه‌ له‌و هێزانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌وه‌ پێكهێنرابوون بۆ پاراستنى شه‌نگال، 11 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى دیكه‌ كه‌ به‌سه‌ر چه‌ند فه‌وج و لیوایه‌ك دابه‌شببوون پارێزگاریان له‌و قه‌زایه‌ ده‌كرد، سێ كه‌سى باڵاده‌ست له‌و قه‌زایه‌ ئه‌ركى سه‌ره‌كى پاراستنى ئه‌و شاره‌یان له‌ ئه‌ستۆدابوو، به‌ ناوه‌كانى ( س.ب ، س .ك ، ش. ك) هه‌ریه‌ك له‌و سێ كه‌سه‌ به‌رپرسیاریه‌تى یه‌كه‌مى سێ ئۆرگانى حزبى و ئاسایش و فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌یان له‌ ئه‌ستۆدابوو.
هێشتا قه‌زاى ” ته‌له‌عفه‌ر ” كه‌ زۆرینه‌یان شیعه‌ى توركمانن له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیرنه‌كرابوو، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى كه‌ به‌ “پڵنگى نورى مالیكى” سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌وكاتى عێراق ناسرابوو، دواى شكانى هێزه‌كه‌ى له‌ به‌رامبه‌ر چه‌كدارانى داعش له‌ قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ر، به‌ ناچارى چووه‌ قه‌زاى شه‌نگال خۆى گه‌یانده‌ لاى هه‌ریه‌ك له‌ ( س.ب) كه‌ كه‌سى یه‌كه‌مى به‌رپرسى حزبى قه‌زاكه‌یه‌و ( ش.ك) به‌رپرسى یه‌كه‌مى ئه‌منى ناوچه‌كه‌بوو. دواى خۆڕاده‌ستكردنى به‌و دوو كه‌سه‌، پڵنگه‌كه‌ى مالیكى چه‌كده‌كرێت و زیاتر له‌ 40 هه‌مه‌ڕى سه‌ربازى و ده‌یان چه‌كى سوك و قورس ته‌سلیم به‌و به‌رپرسانه‌ ده‌كات، پاشان له‌رێگاى فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێره‌وه‌ ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربازه‌ عێراقیانه‌ى له‌گه‌ڵى بوون ڕه‌وانه‌ى به‌غدا ده‌كرێنه‌وه‌.
ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ى قه‌زاكه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ئۆتۆمبێل و چه‌كه‌ سوك و قورسانه‌ى ده‌ستیانكه‌وت فرۆشتیانه‌وه‌ به‌ چه‌كدارانى یه‌په‌گه‌و په‌كه‌كه‌ له‌ سنوورى ره‌بیعه‌و شه‌نگال به‌ پاره‌یه‌كى زۆر، دواى ئه‌وه‌ى وڵاتى توركیا به‌و كاره‌یه‌ ده‌زانێت، به‌رپرسانى هه‌رێم له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌شه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى له‌و كاره‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌هۆى ئه‌مه‌شه‌وه‌ دواى داگیركردنى شه‌نگال ئه‌و به‌رپرسانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وكاره‌یان رووبه‌رووى لێپرسینه‌وه‌ بوونه‌وه‌.
هێشتا 48 كاتژمێر مابوو بۆ داگیركردنى قه‌زاى شه‌نگال له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناسراو به‌ داعش، بێ سه‌روبه‌ریه‌ك و فه‌وزایه‌كى زۆر به‌ به‌رپرسانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دیاربوو، به‌رپرسانى حزبى و ئه‌منى و پێشمه‌رگه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ شوێنێكه‌وه‌ چاوه‌ڕێى فه‌رمان بوون. به‌ر له‌ 48 كاتژمێر رۆژى 1ى ئابى ساڵى 2014 ( س.ب)، كه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌مى پارتى دیموكراتى كوردستان بوو له‌و شاره‌ به‌ره‌و شارى دهۆك ڕایكرد، به‌ڵام دواتر به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى هه‌ڵاتنه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ قه‌زاكه‌و هاووڵاتیانى قه‌زاكه‌ كه‌ زۆرینه‌ى زۆریان ئێزیدین زۆر تووڕه‌ده‌بن ، هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و به‌رپرسه‌ى حزبیه‌ بكوژن، به‌ڵام دواتر هێزێكى تر هه‌ر له‌ ئێزیدییه‌كان ڕێگه‌یان پێناده‌ن ئه‌و كه‌سه‌ بكوژن، به‌ بیانوى ئه‌وه‌ى هیچ شتێك له‌ ئه‌ستۆى ئه‌و كه‌سه‌دا نییه‌.
به‌شێك له‌ هاووڵاتیانى شه‌نگال په‌یتا په‌یتا به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌ ڕایانكردبووو ده‌یانه‌ویست چیاى شه‌نگال بكه‌نه‌ حه‌شارگه‌یه‌ك بۆ پاراستنیان له‌ چه‌كدارانى داعش. ئێزیدییه‌كان هێزێكى گه‌وره‌یان پێكهێنابووو له‌به‌رده‌م باره‌گاى لقى پارتى له‌و قه‌زایه‌ كۆببوونه‌وه‌و داوایانده‌كرد چه‌كیان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ قه‌زاكه‌یان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ى ئه‌وان له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسى لقى پارتیه‌وه‌ له‌ شه‌نگال ره‌تده‌كرێته‌وه‌، به‌ بیانوى كه‌م تواناییان بۆ به‌رگریكردن له‌ قه‌زاكه‌.
چه‌كدارانى داعش نزیكده‌بوونه‌وه‌ له‌ قه‌زاكه‌و به‌رپرسه‌ حزبیه‌ باڵاكه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانى پێشه‌گه‌رگه‌ نییه‌و ته‌نها له‌گه‌ڵ به‌رپرسى ئاسایشى ئه‌و قه‌زایه‌ نه‌بێت و چاوه‌ڕێى رێنماییه‌كانى حزبه‌كه‌ى ده‌كرد، به‌رپرسانى پێشمه‌رگه‌ش چاوه‌ڕێى فه‌رمانى سه‌رووى خۆیانیان ده‌كرد، چه‌كدارانى داعشیش له‌ قه‌زاكه‌ نزیكده‌بوونه‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌وكات هیچ فه‌رمانێك له‌ لایه‌ن هیچ ناوه‌ندێكه‌ نه‌درابوو له‌ باره‌ى به‌رگریكردن، یاخود كشانه‌وه‌ له‌و قه‌زایه‌.
(س.ب) په‌یوه‌ندى به‌ فازل میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ویش هیچ وه‌ڵامێكى له‌وباره‌یه‌وه‌ نابێت، ناچار په‌یوه‌ندى به‌ مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانى ئه‌وكات ده‌كات، ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك له‌گه‌ڵ ئه‌ودا له‌سه‌ر هێل ده‌بێت و له‌باره‌ى بارودۆخى ناوچه‌كه‌ گفتوگۆو په‌یوه‌ندى ده‌كه‌ن، به‌هه‌مانشێوه‌ش فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ش چاوه‌ڕێى فه‌رمانى سه‌رووى خۆیان بوون.
به‌ر له‌ هاتنى چه‌كدارانى داعش بۆ ناوچه‌كه‌ ناكۆكییه‌كى زۆر له‌ نێوان لقى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌و قه‌زایه‌و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك هه‌بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسى لق چه‌ندین جار سه‌رۆكى حزبه‌كه‌و مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى له‌و ناكۆییه‌ ئاگاداركردبۆوه‌. زانیارییه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن ناكۆییه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌كى زۆر هاووڵاتیانى ناوچه‌كه‌و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك په‌یوه‌ندیه‌كى باشیان له‌گه‌ڵ به‌غداو مه‌ڵه‌به‌ندى یه‌كێتى له‌ موسڵ هه‌بووه‌و له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان رازی نه‌بوون.
ئه‌و په‌یوه‌ندی خراپه‌و بێ متمانه‌یه‌ى له‌ نێوان به‌شێك له‌ هاووڵاتیان و سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى پارتى له‌و قه‌زایه‌، به‌ تایبه‌ت چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك له‌ نێویشیان سه‌رۆك هۆزه‌كانى گوندى ( كۆچۆو ته‌ل به‌نات) و چه‌ند گوندێكى دراوسێیان، به‌ ته‌واوى به‌ر له‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ هاتنى داعش بۆ ناو شه‌نگال ره‌نگیدایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كانى ئێزیدى ئاماده‌نه‌بوون بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌و فه‌رمان له‌ په‌رسانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌رگرن، به‌شێكیشیان دواى به‌جێهێشتنى قه‌زاكه‌و چوونیان بۆ چیاى شه‌نگال دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ده‌خه‌نه‌روو، له‌سه‌روبه‌ندى كاتژمێره‌كانى كۆتایى هاتنى داعش بۆ ناو قه‌زاكه‌ ئه‌و سه‌رۆك هۆزانه‌ به‌ به‌رپرسانى پارتى دیموكراتى كوردستان و په‌رپرسانى ئه‌منى و پێشمه‌رگه‌یان ده‌وت ” داعش بریتییه‌ له‌ به‌عسییه‌كان ئه‌وان له‌ ئێوه‌ باشترن، ئێمه‌ پێشتر چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كان ژیاوین، بۆیه‌ ئه‌وان له‌ ئێوه‌ به‌ شه‌ره‌فترو پیاوترن، هه‌ربۆیه‌ش شاره‌كه‌ جێناهێلین”. به‌هۆى ناكۆكییه‌كان دواتر به‌شێك له‌و سه‌رۆك هۆزانه‌ى كه‌ قه‌زاكه‌شیان پێشتر جێهشتبوو گه‌ڕانه‌وه‌.
به‌هۆى ئه‌و لا ملیه‌ى چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك و راكردنى زیاتر له‌ 110 كه‌س كه‌ به‌ڵینیان به‌ داعش دابوو قه‌زاكه‌ به‌ جێنه‌هێلن له‌ ڕێگه‌ى چه‌ند شێخێكى سونى قه‌زاى شه‌نگال و زوممار، به‌ڵام دواتر به‌ڵێنه‌كه‌یان شكاندو قه‌زاكه‌یان جێهێشت و به‌ره‌و چیاى شه‌نگال ڕۆیشتن، ئه‌مه‌ش واى كرد چه‌كدارانى داعش متمانه‌یان نه‌مێنێت، به‌هۆیه‌ سه‌رجه‌م سه‌رۆك و هۆزو پیاو كوڕه‌كانى هه‌ردوو گوندى كۆچۆو ته‌ل به‌ناتیان به‌ كۆمه‌ڵ كوشت یاخود به‌دیلیان گرتن.
له‌ سه‌روبه‌ندى ئه‌و ناكۆییانه‌ى كه‌ له‌ نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك هه‌بوون و به‌ر له‌ هاتنى داعش به‌ چه‌ند كاتژمێریكى كه‌م ، سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌و لیواكانى هێزى پێشمه‌رگه‌ فه‌رمانیان بۆهات قه‌زاى شه‌نگال چۆلبه‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س بزانێت ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ ته‌نها یه‌ك كه‌س ده‌یزانى ئه‌ویش ( س .ك) بوو.
هێشتا به‌رپرسى لقى پارتى له‌و قه‌زایه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى چه‌كدار له‌ناو شاره‌كه‌ ماون له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ پێیانووابوو باشتره‌ له‌گه‌ڵ داعش بمێنه‌وه‌ نه‌ك هه‌ڵێن، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و ناكۆكییانه‌ى كه‌ هه‌یانبوو له‌گه‌ڵ باڵاترین هێزى سیاسى له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان بوو.
دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، دواى چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م به‌رپرس لقى پارتى به‌ فه‌رمانى مه‌سرور بارزانى قه‌زاكه‌ى چۆلكردو به‌رپرسى ئاسایشیش به‌هه‌مان شێوه‌. ئیتر دواى ئه‌وه‌ى داعش به‌ ته‌واوى شاره‌كه‌ى داگیركردو كاره‌ساتى مرۆیى گه‌وره‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌ هێناو هه‌زاران پیاو ژن و كورو كچ و منداڵى ئێزیدى كوژران و به‌دیل گیران، یاخود كرانه‌ كۆیله‌و گوازرانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى ژێر ده‌ستى داعش.
هێشتا چیرۆكه‌ كۆتایى پێنه‌هاتبوو خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان باس له‌ هه‌ڵاتن و كشانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ئه‌و شاره‌یان ده‌كرد، فشارێكیش له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان دروستببوو، ناچار لیژنه‌ پێكده‌هێنرا له‌ باره‌ى هۆكاره‌كانى به‌جێهێشتنى ئه‌و قه‌زایه‌ به‌بێ شه‌ڕ.
له‌ دواى داگیركردنى شه‌نگال لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا له‌ لایه‌ن بارزانی و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ باره‌ى هۆكاره‌كانى به‌ده‌سته‌وه‌دانى ئه‌و شاره‌، له‌راستیدا ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ى كه‌ بانگهێشتكرابوون وه‌ك تۆمه‌تبارى جێهێشتنى شه‌نگال ئه‌وه‌ندى په‌یوه‌ندى به‌ فرۆشتنى چه‌كه‌وه‌ هه‌بوو به‌ یه‌په‌گه‌، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندى به‌ هۆكاره‌كانى شكسته‌كه‌ى ئه‌و قه‌زایه‌وه‌ نه‌بوو.
هێشتا رووداوى چۆلكردنى قه‌زاى شه‌نگال به‌و شێوه‌ خێرایه‌و به‌بێ شه‌ڕ لاى هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك مه‌ته‌ڵ ماوه‌ته‌وه‌و گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌تیش ئه‌گه‌ریش بزانرێ وا ئاسان نییه‌ بگوترێ ، به‌ڵام به‌و پێیه‌ى ئه‌و سێ كه‌سه‌ى راسته‌وخۆ به‌رپرس بوون له‌ پاراستنى ئه‌و قه‌زایه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كشانه‌وه‌ له‌ ناكاوه‌ خۆشیان سه‌ریان لێ سوڕماوه‌، به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ هه‌ستیارو دژواره‌ بگوترێ به‌هۆى سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌، هه‌رسێ سه‌ركرده‌ ته‌نها ئه‌وه‌ده‌زانن كه‌ فه‌رمانى سه‌رووى خۆیان جێبه‌جێكردووه‌و ئه‌وانیش گومان له‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و رووداوه‌ سیناریۆیه‌ك بێـت بۆ به‌ره‌وپێشبردنى دۆزى كورد.
دواى تێپه‌ربوونى ساڵێك یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ راسته‌وخۆ به‌ به‌ر پرس ده‌زانرێت له‌ به‌ ده‌سته‌وه‌دانى ئه‌و قه‌زایه‌، دواى هه‌وڵێكى زۆر له‌ به‌رده‌م بارزانى ئاماده‌ ده‌بێت و هه‌موو راستییه‌كانى تایبه‌ت به‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانى شه‌نگال بۆ بارزانى ئاشكراده‌كات و له‌و دانیشتنه‌دا راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشیش ئاماده‌یى ده‌بێت.
به‌ پێى زانیارییه‌كان ( س.ب) بۆماوه‌ى كاتژمێرێك قسه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى كردووه‌و باسى له‌ ته‌واوى رووداوه‌كه‌ كردووه‌، به‌ مه‌سعود بارزانى راگه‌یاندووه‌: ئه‌و به‌ فه‌رمانى كوڕه‌كه‌ى ئه‌و كشاوه‌ته‌وه‌و بۆئه‌مه‌ش رووى له‌ مه‌سرور بارزانى كردووه‌و ئه‌ویش پشتراستى قسه‌كانى كردۆته‌وه‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌شى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خستۆته‌روو به‌رده‌م بارزانى.
هه‌ر به‌ پێى زانیارییه‌كان هه‌ر له‌و دانیشتنه‌و له‌ دانیشتنه‌كانى به‌ر له‌ هاتنى داعش (س.ب) به‌ بارزانى راگه‌یاندووه‌ ئێزیدییه‌كان نابنه‌ كوردو پارتى، بارزانى له‌ وه‌ڵامدا پێى وتووه‌ ” من ئێوه‌م نارد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌فكارو بیروبۆچوونیان بگۆڕن”.
هێشتا به‌ڵگه‌كانى پاشه‌كشه‌و به‌ده‌سته‌وه‌دانى شه‌نگال نه‌ك بۆ راى گشتى و ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ ته‌واوى ئاشكرانه‌بووه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ هه‌ن لاى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ راسته‌وخۆ به‌ژداربوون و له‌ رووداوه‌كه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.