عەبدولستار مەجید لەبەرەی پەیامەکەی ئۆجەلان: پێویستە تورکیا و پەکەکە گوێی لێبگرن

لەلایەن ستاندار Posted on 246 جار بینراوە

ستاندەر

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی ئەو حیزبە ستایشی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکات و ڕایدەگەیەنێت پەیامەکەی   ئۆجەلان ئاماژەی سیاسییی زۆر گرنگی تێدایە بۆ هەردوو لایەنی دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان .

دەشڵێت وەک چۆن دەرگای چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان تورکیا نەبوو بەڵکو بەغدا بوو، لەبەرەو ئەنقەرەو و تاران چوون خەڵکی کوردستان هیچی دەستنەکەوت، ئاواش کلیلی کردنەوەی دەروازە داخراوەکان لەسەر کێشەی باکوری کوردستان، نە مۆسکۆیە نە واشنتۆن، بەڵکو تەنها ئەنقەرەیە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکەێ عەبدولستار مەجید بخوێنەوە:

پەیامەکەی ئۆجەلان، ئاماژەی گرنگن !

پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی سیاسییی زۆر گرنگی تێدایە بۆ هەردوو لایەنی دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان .

پێش ئەوەی پەکەکە هیچ چاوەڕوانییەکی وەڵامی لە ئەنقەرە هەبێت، پێویستە خۆی پابەندبوون بەو پەیامەوە ڕابگەیەنێت و دەستپێشخەری بکات لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و خوێنڕشتن، کە تا ئێستا جگە لە نەهانەتی بۆ میلەتی ئێمە هیچی بەرهەم نەهێناوە .

ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان وەک سەرکردەیەکی سیاسیی پێی گەیشتووە، دەرەنجامی تێگەیشتنە لە حەقیقەت و واقیعی نیو سەدە لە خەباتی چەکداری و پێکدادانی خوێناوی و توندوتیژیی !

ئێستا ئەوکاتەیە کە ئیتر لولەی تفەنگەکان بێدەنگ و زمانی عەقڵ و لۆژیک کارا بکرێت، کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئێستا زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە پێویستی بە ئارامیی و دیالۆگ و ئاشتیی هەیە، چ لەناو خۆیدا چ لەگەڵ دەوروبەری خۆی .

وەک چۆن دەرگای چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان تورکیا نەبوو بەڵکو بەغدا بوو، لەبەرەو ئەنقەرەو و تاران چوون خەڵکی کوردستان هیچی دەستنەکەوت، ئاواش کلیلی کردنەوەی دەروازە داخراوەکان لەسەر کێشەی باکوری کوردستان، نە مۆسکۆیە نە واشنتۆن، بەڵکو تەنها ئەنقەرەیە !

پێویستە حکومەتی تورکیاش ئەم پەیامەی ئۆجەلان وەک دەرفەت لێی بڕوانێت و ڕۆڵی گەورە بداتە ئۆجەلان و ئەوەی چەندین ساڵە نەیتوانیوە بەشەڕ یەکلابی بکاتەوە، لەڕێگەی پەیامەکەی ئیمراڵیەوە جۆرێک یەکلایی بکاتەوە، کە کورد هەست بە ستەم و جیاکاریی نەکات !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.