دڵنیایی سیاسیمان لەچیەوە دەبینین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 309 جار بینراوە

خالد گڕاوی

ئێمە کاتێک هەست بە دڵنیایی دەکەین و، زۆر ئاسودە دەبین، ئەگەر ببینین خەڵکی وڵاتەکەمان، هەرێمەکەمان، شارەکەمان، گوندەکەمان، هەموو ئەوانەی جیاواز بوونە لێمان، لەئێستادا ملکەچی داواکاریەکانمان بوونە.
کاتێ دڵخۆش دەبین کەببینین هەموو خەڵک هەمان شوناس و ئاین و هەمان مەزهەب و ئایدۆلۆژیاو بیرکردنەوەی حزبیانەی ئێمەیان قبوڵکردوە.
ئەگەرنا دەبێ دژایەتیان بکەین، خۆ ئەگەر توانامان هەبێ بێبەشیان بکەین لەمافەکانیان، یان ناچاریان بکەین مل کەچ بکەن بۆمان، خۆ ئەگەر سیاسەتی ئەو حزبانەمان بەدڵ نەبوو بیر لەوە دەکەینەوە، چۆن شاربەدەریان بکەین و لەمەملەکەتی خۆیان دەریان دەپەڕێنین و ژیانیان لێ تاڵ بکەین.
ئەگەر بپرسین ئێمە بۆ بەمشێوەین؟، ئایا ئەو سیاسەت و بیرکردنەوەیەمان دورستە؟…
بێگومان ئەم بیرکردنەوە دەرهاویشتەی خاسیەتێکی دیاری كۆمەڵگا دواكەوتووەكانە، کە عەقلی تاکە کەسی تێدا باڵادەست دەبێ، تاك عەقڵ‌و تاك لێكدانەوەو تاك جیهانبینی، لەم جۆرە كۆمەڵگایەدا مرۆڤی تاك رەهەندو ئاسۆتەسك بەرهەم دێنێت.
لەزەمینەیەکی وەهاشدا تەنیا یەك لێكدانەوە بۆ مرۆڤ‌و ژیان بوونی دەبێت، لەهەر جێگایەك چەمكی یەك، تاك، تەنیا باڵادەست بێت، مانای وایە فرەیی، كۆ، ئەو یان ئەوانی تر غائیب و نادیارن.
ئەو جۆرە کەلتورە ئێمەی وا ڕاهێناوە کە هیچ جیاوازیەک نەبینین، پێمان وایە دەبێ هەموو خەڵک لە ئێمە بچن و بەهاکانی ئێمە وەربگرن، وەک شێوەی ژیانی ئێمە بژین و باوەڕیان بە ئاین و مەزهەبی ئێمە هەبێت، ئەگەر نا ژیانیان پڕ دەکەین لە ترس و تۆقاندن و رق و کینە.
دڵمان ئیسراحەت ناکات، تا وایان لێنەکەین نەتوانن لە ژوری نووستنەکەیان و لە نێو ماڵی خۆیاندا، بەئاسودەیی چاولێک بنێن و پشوێک بەئارامی بدەن؟
بەداخەوە لەم کەلتورە، بەهای رێزگرتن لەفرە رەنگی وونە، جیاوازییەکان قبوڵناکرێن، ژیانی هاوبەشی نێوان ئاین و نەتەوەو شوناسە جیاوازەکان رەتدەکرێنەوە.
عەقڵیەتی سیاسەتکارانە، زۆر بە ئاسانی گواستراوەتەوە بۆ ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، رق و کینەی کۆنی خۆیان کردۆتە، رق و کینەی بەشێکی بەرفرەوانی کۆمەڵگا.
تا ئێستا ئێمە خاوەنی بژاردەیەک نەبوینە، بەڵکو هەموومان خاوەنی ئەو بژاردەیەین کە لەلایەن حیزبەکانەوە هەڵبژێردراوە، حیزب کەوتە شەڕەوە، هەموومان لە شەڕدا بووین، و کاتێکیش کە حزبەکان ئاشت بونەوە، شەڕی خوارەوە هەر بەردەوام بوو، چونکە ئاشتیەکە دانابەزێندرێتە خوارەوە لەئاستی باڵا قەتیس کراوە.
هۆشیاری نەتەوەیی لای تاکەکان کزە، چونکە گەشەپێدانی عەقڵیەتی حیزبی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ.
دیارە ئەم عەقڵیەتە لە ناو نوخبەی سیاسی‌و رۆشنبیرانیش بەشێوەیەكی سەخت تاكو ئێستاش باڵادەستە.
ئەو نوخبەیەی كە زمان‌و قەڵەمی هەمیشە باسی كرانەوەو فرە عەقڵی‌و فرە بۆچوونی‌و فرە لێكدانەوەیی دەكات، لە ئاستی گشتیدا رای جیاواز قبوڵ ناكات‌ و، زیاتر پیرۆزیی بەباڵای خۆی دەبڕێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.